Skip to Content

ئەدەبی پۆست هۆلۆکۆستی کەنەدی.. ڕیچاڵ کۆرن

ئەدەبی پۆست هۆلۆکۆستی کەنەدی.. ڕیچاڵ کۆرن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 2, 2022 General, Literature

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

هۆلۆکۆست؛ کردەی جێنۆسایدی نزیک بە شەش ملیۆن ئینسانی جوولەکە بوو لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی، ئەمە جگە لە پێنج ملیۆن قوربانی تر کە سەرجەم دەکاتە یانزە ملیۆن.. ئەم کردەوە دژی ئینسانییە لە ساڵی ١٩٤١ دەست پێدەکات و لە ١٩٤٥ کۆتایی پێدێت. ئەو کوورانەی بۆ مرۆڤ سووتاندن دروستکرابوون، هەر مرۆڤەکانیان نەدەسووتاند، بەڵکو داهێنان و شارەزایی و لێهاتوویی و زمانناسیی و زانست و فەلسەفە و هونەر و ئەدەب و وەرزش و کلتوور و مێژووییان دەسووتان. ئەو نووسەرە جوولەکانەی لەم سەردەمەدا ژیان و بەهەرهۆیەکەوە بێت ڕزگاریان ببوو و پەرشوبڵاو لە وڵاتانی ڕووسیا و ئەمریکا و ئەوروپا دەژیان، توانیان درێژە بە پەیامی کۆمەڵایەتی ئەدەبیی خۆیان بدەن. ئەم نووسەرانە بە نووسەرانی پۆست هۆلۆکۆست ناوزەد دەکرێن. نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرە جوولەکانی پۆست هۆلۆکۆست توانیان نەک هەر تەنها لە ئیسرائیل، بەڵکوو لە زۆر وڵاتدا بەتایبەتی لەوڵاتی باکووری ئەمریکا خۆیان ڕێکبخەن و دەستگیرۆیی نووسەرانی تری جوولەکە بدەن، کە ڕیچاڵ کۆرن یەکێکە لەو نووسەرانەی بەهۆی ئەو دەستگیرۆیی و سەپۆرتەوە گەیشتە کەنەدا و لە مۆنتریاڵ جێگری دەبێت و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات.

ڕیچاڵ کۆرنی شاعیر و نووسەری کەنەدیی، بەڕەچەڵەک جووکەلە و بەڕەگەز پۆڵەندیی و یدیی زمان (١)لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٨٩٨ لە پۆڵەندە لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە دەست بەشیعر نووسین دەکات. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەم،خانەوادەکەی دەچنە ڤییەنا و ساڵی ١٩٨١ دەگەڕێنەوە پۆڵەندا. هەر لەو ساڵە (١٩١٨) دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە زمانی یدیی لە ڕۆژنامەکانی ئەوکات، کە ڕۆژنامەی جوولەکەکان و سۆشیالیستەکان بوو. ساڵی ١٩٢٨ یەکەم کۆمەڵە شیعر بەناوی گوند و ساڵی ١٩٣٧ دووەم کۆمەڵە شیعر بەناوی گوڵاڵە سوورەکان و ساڵی ١٩٣٦یش یەکەم کتێبی نووسین(پەخشان)ی خۆی لەژێر تایتڵی خاک چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٤١ لەسەروبەندی داگیرکاری ئەڵمانیا بۆ رووسیا، ڕیچاڵ لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی یەکێتیی سۆڤییەتەوە لەگەڵ نووسەرە جوولەکەکانی تر دەگوێزرێتەوە بۆ ئوزبەکستان و پاشان لە شاری مۆسکۆ دەگیرسێتەوە. ساڵی ١٩٤٦ دەگەڕێتەوە پۆڵەندا و ساڵی ١٩٤٨ دەچێتە مۆنتریاڵ لە کەنەدا. ساڵی ١٩٤٨ چوارەم کتێبی خۆی بەناوی ماڵ و بێخانەولانەیی) بڵاو دەکاتەوە. ڕیچاڵ وەک شاعیری یدیی پۆست هۆلۆکۆست، یانزە کتێب بەزمانی یدیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ١٠ لە کتێبەکانی وردەگێردرێنە سەر زمانی ئینگلیزی.(٢)

ریچاڵ و شیعر
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری ڕێچاڵ کۆرن ئەوەیە کە دەقەکانی کورت و چڕ و خاوەن تەکنیکێکی بەرزن کە بەبەروارد بەو مێژووەی شیعرەکەی تیا نووسراوە، دەتوانیت وەک شیعرێکی مۆدێرن و هاوچەرخ ببینیت. شاعیر لەڕێگەی خەیاڵ و چەند وێنەشیعرییەکەوە دەگەڕێتەوە ئەودیو سنوورەکانی شیعر یان خەیاڵ و لەوێشەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور یان نزیک. ڕابردووی منداڵی خۆی و بانگ کردنەوەی ئێوارانی دایکی .

لەودیوی شیعرەوە بێستانێک هەیە
لە نێویدا ماڵێک هەیە
سەری بەپووش و سێ دار ئەناناس گیراوە
سێ پاسەوانیش بێ ورتە ئامادەباش ڕاوەستاون

لەودیوی شیعرەوە باڵندەیەکی
قاوەییەکی زەردباو و سینگ سوور هەیە
گشت زستانێک دەگەڕێتەوە و
چەشنی خونچەی نێو دەوەنێکی ڕووتەن خۆی هەڵدەخات

لەودیوی شیعرەوە ڕێگایەک هەیە
باریک هەروەکو تاڵەقژ
کە ونبوویەک بە پێ خاوسی و بە بێ خشپە
بەو ڕێیەدا هەنگاو دەنێ

لەودیوی شیعرەوە شتگەلێکی جوان ڕوو دەدەن
تەنانەت لەم ڕۆژە هەورە غێمەیەشدا
ئەم ساتە بریندارە، هەناسەی تایەکی توند
لە شووشەی پەنجەرە دەدا

لەودیوی شیعرەوە دەشێ دایکم پەیدا ببێ و
لە نێو دەرگاکەوە بوەستێ و نقوومی بیرکردنەوە ببێ
پاشان هەروەک جاری جاران بانگم بکاتەوە
تێر یاری نەبووی ڕۆڵە گیان ئەی نابینی ئەوا شەوە.(٣)
ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئەم خانمە شاعیرە دیارە بەتەنها هەر نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی نییە، هەرچەندە وەک جەین دەڵێت ( لای ڕیچاڵ کۆرن یادەوەری تا ئاستێکی بەرز، بریتییە لە ڕابردوویەکی هەڵاتوو.) (٤) بەڵام ئەم ڕابردووە ، ڕابردوویەکی مردوو نییە، بەڵکوو ئینسان و کارەکتەرەکان لەنێو وشە و ڕستەکاندا هەناسە دەدەن و دەژێن. ئەو هۆلۆکۆست دەکات بە ناسنامەی خۆی و لەوێشەوە نامە و پەیامەکانی دەدات بەگوێی ئینسانییەت.
بەرد بارانت کردم خودایە
لەگەڵ هەواڵی کارەساتبار و هۆلۆکۆست
تا ڕووخسارم لەنێو خۆڵدا دەنێژم و
زمانم لاڵ دەبێت.(٥)
ڵاڵبوونی زمانی شاعیر ،ڵاڵبوونی شیعرە لای شاعیرێک کە پەیوەست بێت بە مەسەلە گرنگەکانی ئینسان و ژیانەوە. لای ڕیچاڵیش کە دەربازبووی گەورەترین کوشتارگا بوو لەمێژووی مرۆڤایەتی ، بێدەنگبوون لەو تاوانە گەورەیە لاڵبوونی شعر و مردنی شاعیرە.

ئەم خانمە شاعیرە لەساڵی ١٩٨٢ لە کەنەدا بەیەکجاری ژیانئاوایی لە پەناهەندەیی و شیعر و نووسین دەکات. دوای مردنیشی چەندین کتێبی دەربارە دەنووسرێت و بایەخی شایستەی خۆی پێدەدرێت.(٦)

———————————

پەراوێز و سەرچاوەکان
(١)زمانی یدیی زمانی گروپێکە لە جوولەکە ئەشکەنازییەکان کە دەکەونە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا وئیسرائیڵ و باکووری ئەمریکا کە بە ئەلفوبێی عیبری دەنووسرێت و زمانی عیبریش نییە. یدیی واتە جوولەکە. هەرچەندە ڕەگی مێژوویی ئەم زمانە دیار نییە، بەڵام بەزۆری کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە سەدەی دەیەمدا وەختێک جوولەکەکان لە فەرەنساو ئیتاڵیاوە بەرەو ئەڵمانیا کۆچ دەکەن زمانەکەشیان کە گرێدراوی ژیانیانە لەگەڵ خۆیان دەگوازنەوە و دەستی پێوە دەگرن.
https://jewishpubliclibrary.org/rachel-korn/portfolio/bibliography/2-
3-The Poet’s Craft
Robert J. Ireland
Printed in Canada, 1987 p 239.
4-Canadian Jewish Women’s Poetry by Janis Rapoport
Canadian Woman Studies
Volume 16, Nubmer 4 page 127.
5-https://www.inspirationalstories.com/poems/encounter-rachel-korn-poems/
6- https://en.wikipedia.org/wiki/Rachel_Korn

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish