شیعر\ دوا گەشتی بێدەنگی.. وریا مەعروف
١
ئێرە وێستگەیەکی پیرە…
دیوارەکان، ڕەنگی ژەنگی ماندووبوونیان گرتووە.
هەموو ڕۆژێک، سەدان مرۆڤ دێن و
بە جانتای پڕ لە خەمەوە، لەسەر کورسییەکان دادەنیشن.
کەس ناپرسێت: “ئەم شەمەندەفەرە بۆ کوێمان دەبات؟”
تەنیا چاوەڕوانین…
چاوەڕوانیی ئەو ساتە، کە کاتژمێرە گەورەکەی وێستگە
بە لێدانێکی قورس، پێمان بڵێت:
“ئیتر کاتی ڕۆیشتنە.”
٢
ئەو ئەسپە ئاسنینە، بێ هەرا و هەیبەت دەگات،
وەک سێبەرێکی سپی، بەناو تەمدا دەخلیسکێت.
سەر دەکەوین…
هەندێکمان چاو بە پەنجەرەکانەوە دەبەستینەوە،
تا تەماشای ئەو باخانە بکەین کە تێپەڕین،
وەك ئەو گەنجێتییەی وەک تەمومژ
لە دوای خێرایی تەمەن ون بوو.
هەندێکمان تەنیا سەر دادەخەین و
دوعا دەکەین، کە نزم و بەرزیی ڕێگەکە زۆر نەبێت.
٣
ژیان، ئەو پەنجەرە پچووکەیە…
کە تێیدا دیمەنی دڵخۆشی و ناخۆشی بە خێرایی دەڕۆن.
جارێک کێڵگەیەکی سەوز دەبینین و دڵمان دەکرێتەوە،
جارێکیش چۆڵەوانییەکی وشک و بێ ئاو.
کەچی ناتوانین بە شۆفێرەکە بڵێین: “بوەستە!”
ناتوانین بۆ چرکەیەک دابەزین و
بگەڕێینەوە ناو ئەو باخەی کە تازە تێپەڕی…
ئەم شەمەندەفەرە تەنیا یەک ئاڕاستەی هەیە،
ئەویش بەرەو پێشەوە، بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەڵێن “کۆتایی”.
٤
پیاوێکی پیر لە تەنیشتم دانیشتووە،
دەستەکانی دەلەرزن و سەیری وێنەیەکی کۆن دەکات.
ئەویش وەک من، وەک تۆ،
لە وێستگەیەکی دووردا، کەسێکی ئازیزی جێهێشتووە.
هەموومان لێرە کۆچەریین،
هەریەکەو خەمێکمان کردووە بە سەرین و
بە دیار ڕێگەکەوە، خەو دەمانباتەوە.
ئازارەکە لە ڕۆیشتندا نییە،
لەوەدایە، نازانین لە کام وێستگەدا بانگمان دەکەن و دەڵێن:
“تکایە… دوا سەرنشین، پێویستە دابەزێت!”
٥
خودایە…
کە گەیشتینە دوا مەنزڵی ئەم گەشتە ماندووە،
کە جانتاکانمان لەبەر دەمماندا کردەوە،
با دەستمان پڕ بێت لە سپێتی و میهرەبانی.
با ئەو کاتەی شەمەندەفەرەکە لە ناو تەمدا ون دەبێت و
ئێمە بە تەنیا دەمێنینەوە،
یادگارییەکی ڕۆشن و
دڵێکی ئاراممان، وەک چرا بۆ مابێتەوە.
