Skip to Content

گۆران مەریوانی..وونبوون لە هوشیاری و بێهودەیی و ئاوێتەکردنی بوون و نەبوون-1- نزار جاف

گۆران مەریوانی..وونبوون لە هوشیاری و بێهودەیی و ئاوێتەکردنی بوون و نەبوون-1- نزار جاف

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 2, 2022 General, Literature


( 1 ـ 2 )



موزەفەر ئەلنەواب لە هەڵبەستی”ژێ لێدانەکانی شەوانە” دەڵیت:
“ئای لەو سامناکییە گوێ بگرە
لە دوای ئوقیانووسەکانی تۆقینی پڕ لە دێوەکان
قەڵایەکی بێدەنگی هەیە
لەو قەڵایە بیرێکی سامناکە
هەر وەك کۆمەڵە گۆڕێك کە لەسەر یەك بنیات کرابن
دوا گۆڕ بە نهێنی ئاراستەی زیندانێك دەبێتەوە
زیندانەکە قەفەسێکی تێدایە کە کۆمەڵە چڕینێکی لەناوچوو کۆبوونەتەوە بە دەوریدا و
پاشماوەی چۆلەکەیەك لە خۆی درگرێت کە بەر لە سێ سەدە مرداربۆتەوە
ئەوەتا روحم.”
ئەم پارچە هەڵبەتە کە بە دەگمەن لە شیعری عەرەبی نوێدا، تەداعی وئاوێتەکردنی واتا ومەبەستم بەو جۆرە دیبێت، بەڵام ئەوەی سەیرە هەرچەندە ئەم بڕگەیەی نەوابم وتووەتەوە”هەڵبەتە شیعریم ئەوم زۆر لە بەرە”، گۆران مەریوانیم بیرکەوتۆتەوە! هەڵبەتە هاوڕێی کورد و عەرەبی زۆرم هەبوون بەڵام هەمیشە گۆرانم بیر ئەکەوتەوە و، هەرگیز لام سەیر نەبوو، چونکە هیچ هاوڕێیکەم وەك گۆران خۆی لە تەلیسم و نهێنی و تەمدا نە ئاڵۆزانبوو! گۆران هەمیشە خەریکی خوێندنەوەی بە مەبەست بوو، هەمیشە میشکی لە حالەتی گەڕان و پشکنینێکی بێ ووچاندابوو، بۆیە سەرنجی زۆر راکێشام بەلای خۆیدا و، ئەوەی زیاتر سەری سوڕمانم، تێگەیشتنی لە کتێبە فیکری و وێژەییەکانی ئەو کاتە بوو کە هەمەوو ی بە زمانی عەرەبی بوون، هەڵبەتە من وەك خۆم چونکە خوێندنم بە عەرەبی بوو و شارەزاییەکی تەواوم لەو زمانەدا هەیە، زۆر لام سەیربوو کە گۆران بەو جۆرە لە عەربی تێدەگات!
گۆران لە ساڵی 1976دا، واتە لە گەرمەی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا، کاتێك پێکەوە لە لای نەخۆشخانەی ناوڕاستەوە بەرەو بەردەکی سەرا دەرۆیشتین، پێشنیاری پێکهێنانی پارتێکی کرێکاری خستەڕوو کە ببێتە ئالتەرناتیفێك بۆ پارتی کۆمۆنیستی عێراق کە ئەو کاتە بە”تەحریفی” ناوزەدمان ئەکرد. گۆران لەو کاتەدا لە تافی لاوێتیدا بوو و، ئەو جۆرە بیرکردنەوە سامناکە لە سەردەمی بەعسی دڕندەدا، بابەتێکی یەکجار سەرنج راکێش و نائاسایی بوو، کەچی بۆ گۆران زۆر بە سادەیی باسی ئەکرد، بەڵام، زۆر گرنگە ئەوەش بڵێم کە ئەو مرۆڤ ناس بوو و هەرگیز سفرەی دڵی خۆی لای هەموو کەسێك هەڵنەدەڕشت.
گۆران کە هاوڕییەتیم لە گەڵیدا دوو قۆناغێ جیاواز دەگرێتە خۆی، یەکەمیان ئەو کاتەی لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا لە چایخانەی قەڵادزییەکان بە یەکترئاشنابووین و دوو سێ ساڵی خایاند، پاشان گۆران لەناکاو پێی راگەیاندم کە وڵات بەجێدێڵێت چونکە مانەوەی واتای واژووکردنی بڕیاری مرگیبوو. قۆناغێ دووەمیش کە لە دەرەوەی کوردستان لە ساڵی 2005دا، جارێکی دی پێوەندیمان بەرقەراربووەوە.
جیاوازی لەنێوان ئەو دوو قۆناغەدا زۆر بەرفراوانە، بەڵام ئەوەی لە گۆراندا کۆیان دەکاتەوە، خوێندنەوەی بەردەوام و دەوڵەمەندکردنی ئاستی رۆشنبیری رۆژ لەدوای رۆژ.
نووسینی بابەتی رەخنەگەری و هەڵسەنگاندن، هەمیشە نووسەر رووبەڕووی جیهانێکی بەرفراوان و نائاسایی دەکاتەوە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو بابەتەی لەسەری دەنووسیت پەیوەستە بە کەسێکیەوە کە لە 10% ئاشکرایە و لە 90% شاراوەیە! هەڵبەتە گۆران کەسێکی لەو جۆرەیە و، ئەوەی وابزانێت گۆرانی بە تەواوی ناسیوە ئەوا داوای لێدەکەم بە خۆیدا بچێتەوە چونکە ناسینەوەی تەواوی ئەو هەروەك ئەو بڕگە شیعرەی موزەفەر ئەلنەوابە کە لە سەرەتادا هێنامەوە و، چاکتریشە ئەوە بڵێم کە ئەمە یەکەم جار نییە لەسەر گۆران بنووسم، بەڵکو بگرە هەمیشە ئەوەندەم لەسەر هیچ شاعیر و ئەدیبێکی دیم نەنووسیوە بەتایبەتی بە زمانی عەرەبی تا کار گەیشتە ئەوەی هەندێك لە هاوڕێیانی فارس و عەرەب ئەو کارەی منیان لا سەیربوو، بەڵام، من وەك خۆم، هەمیشە گۆران بۆ من وەك ئاسمانێکی بێ کۆتایی وابوو و هەر جارێك کۆمەڵە شتێکی نوێ و سەرنج راکێشم تیدا دەدۆزییەوە.
گۆران گەرچی قسە و باسی زۆر لە نێوانماندا روویداوە، بەڵام باشتر دان بەوە بنێم کە هەمیشە قسە و باسمان لەسەر شعیری ئەو و بابەتی فیکری و وێژەیی بووو، کاتێك گوێبیستی شیعری “پەنجەرە”ی بووم لە چایخانەی قەڵادزییەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو شیعرە بووە هۆی گەڕانم بە دووایدا کاتێك کە ساڵی 2002، هاتمە هەندەران و، تاساڵی 2005 ئۆقرەم نەگرت تا دۆزیمەوە و جارێکی دی پێوەندیمان بەرقەرار بوو و، زۆر سەرسام بوو کاتێك هەر لە سەرەتای یەکەم پێوەندیکردنی تەلەفۆنیمان داوای شیعری”پەنجەرە”م لێکرد! لەراستیشدا ئەوەی لە”پەنجەرە”دا بینیم، گۆران هەر لەسەەرتاوە لە نووسینی شیعردا خاوەنی روح و نەفەسێکی یاخی بوو و، هەردەم بە دوای بابەتی ورووژێنەربوو و عەوداڵی بوون و نەبوون و بێهودەییەکی بێ کۆتایی بوو تا دوورگەی ئارامی بدۆزێتەوە!
گۆران کەسێك نییە کە تەنها بە دوای نهێنییەکان لە دەوروبەری خۆیدا بگەڕێت بەڵکو پتر لە خۆیدا نقووم دەبووەوە و وەك حەلاجێکی کۆچکردوو بە کەشتییەکەی کۆلۆمبس دەیویست راستی خۆی و ناخی خۆی بزانیت لەسەر چی و بۆچی پێکهاتووە.
لە شیعری پەنجەرەدا گۆران دەڵێت:
“لە دووریا، لە بنی تابووتێکی بێکۆتاییا نووقمم.
ئەرێ تۆ!
پێش ئەوەی سەرم بنێیتەوە،
پەنجەرەیەکم بۆ دانێ!
با هەناسەیەکت هەڵمژم.
من
بێ هەناسەی تۆ
دەمرم!”
یاری کردن بە بابەتە دژ بە یەکەکان و ئاوێتەکردنی جیهانە جیاوازەکان، لەم کۆپلییەی پەنجەردا بە زەقی دەبینین، گۆران کاتێك داوادەکات لە تابووتی مەرگدا سەری بنێنەوە و واتا ئیدی کۆتایی ژیانێتی، کەچی بە پێچەوانەی ئەو واتایە داوادە هەناسەییکی ئەو هەڵمژێت، چونکە بێ هەناسەی ئەو دەمرێت! بەم جۆرە گۆران لە شیعرەکانت یاری بە ووشە واتا و مەبەستەکان دەکات، بەم جۆرە ئەو جیهانانەی کە هەموومان دەیانناسین نەك تەنها تێکەڵاوی یەکدییان دەکات بەڵکو جیهانی دیکەی نوێ کە خۆی دەیخولقێنێت بەو جیهانانەی ئاشکرا دەکات و دەیەوەێت بە راکێشانی پتر لە پردێك و هەروەها دروستکردنی زێتر لە ئاسمانێك رازی بوون و نەبوون هاوکێشەی ئازار و خۆشەویستی چاوەڕوانی بدۆزێتەوە.
ئەم پێشەکەییەم بۆیە نووسی تا لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەمدا هەردوو هەڵبەستی” ئیتر من باردەکەم لێرە” و”گرێ” هەڵسەنگێنم، چونکە بەبێ پێشەکییەکی لەمجۆرە ئاسان نییە بۆ خوێنەر لە شیعری گۆران مەریوانی بە گشتی و ئەو دوو هەڵبەستە بە تایبەتی، بە باشی تێبگات.

نزار جاف

Previous
Next
Kurdish