Skip to Content

میوانخانەخوێ… حسن حسێن

میوانخانەخوێ… حسن حسێن

Closed
by ئاب 16, 2020 General, Literature

  • ناچم و لە دوی ناگەڕێم. هەموو دونیا قسەم بۆ بکات، خۆم دەزانم دایکم رەدووی میوانەکە نەکەوتووە. بە بێ ئەوەی سەرم لەسەر شەتڵەکان هەڵبڕم، ئاوا وەڵامی مامم دەدەمەوە .
  • ئاخر خاوەنی ئەم عەقڵ و بیرکردنەوەیە بوویت، بۆیە حاڵی ئەم ماڵە بەم رۆژە گەییشت. ئەگەر هێندە سەرت بەسەر کتێباندا شۆڕ نەکردبایەوە و تۆڵەی کاکمت لەو میوانانە کردبایەوە، ئەوا هیچ کام لە میوانەکان چاویان نەدەبڕییە دایکت و …. مامم وا دەڵێت. من دەست لە چاندنی شەتڵەکان هەڵ دەگرم و بە تووڕەییەوە قسەکەی پێ دەبڕم.
  • بەسە مامە! لەمە زیاتر ناوی دایکم مەزڕێنە. دایکم هەتک کرا. هەر لە قەهری ئەوەیش خۆی ون کرد، کە میوانەکان دڵپاکییەکەیان قۆستەوە. ئەو میوانانەی بە چاوساغی تۆ روویان لە ماڵی ئێمە کرد.
    مامم بە تووڕەییەوە ژوورەکەی دایکم بە جێ دەهێڵێت. هەفتەیەکە ژاوەژاوی دیارنەمانی دایکم نەبڕاوەتەوە. خێزان هەموو عەوداڵی دایکمن. چ جێیەک نەماوە نەیچنێ، نەخۆشخانە، پۆلیسخانە، مەیتخانە، ئوتێل، گەڕاج، پارکەکان تەنانەت بندیوار وکەلاوەکانیشی لە دو گەڕاون. یەک دەڵێ: رەدووی یەکێک لە میوانەکان کەوتووە. ئەوی دی دەڵێ: سەری خۆی هەڵگرتووە. دەڵێن کوژراوە. دەڵێن فڕێنراوە. دەڵێن و دەڵێن و دەڵێن. تەنیا من نەبێت کە خەریکم ژوورەکەی دایکم بە باخچەیەکی چکۆلە دەکەم و پەیین و شەتڵ و ئینجانەی بۆ دەبەم. هەندێك پێیانوایە ئەمە لووتکەی خەمساردیمە. هەندێکیتریش ئەمە بە سەرەتای لە دەستدانی ئاوەزم لێک دەدەنەوە.
    کاتێک دایکم لە لایەن کابرای میوانەوە دەستدرێژی کرایە سەر و هەتک کرا؛ هەمووان دەیانویست بیکوژن. تەنیا من بووم رێگریم لێ کردن و بۆ یەکەمینجار هەڕەشەی خوێنڕشتنم کرد. ئەوان دەیانووت. ئەگەر خۆی گفت و سۆزی پێی نەدا بێت، ئەوا میوانەکە ناتوانێت، دەستپێشخەری بکات. هەمووان لە ترسی بەرەورووبوونەوەی کابرای میوان، خۆیان لەوە گێل دەکرد کە ئەم میوانە ئەتوارحیزانە سڵ لە لاقەکردنی دایک و خوشکی خۆشیان ناکەنەوە.
    لە چاندنی شەتڵەکان و رێکخستنی ئینجانەکان دەبمەوە. سەرنجێکی ڕەفەکە دەدەم. پاشان پەردەی سەرتاقەکە هەڵ ئەدەمەوە و تەماشای کەلوپەلەکانی ناوی دەکەم. وەک ئەوەی ترسم لە ئاشکرابوونی نهێنییەک هەبێت، بە خێرایی پەردەکە دادەدەمەوە و ئاوڕێک بۆ دواوە دەدەمەوە.
    دایکم دەیگێڕاوە:” هێشتا تۆ لە دایک نەبوویت، لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا ئەو میوانانە لە دەرگەیان دا. بە قسەی خۆش و شیرین دەرگەکەیان بە باوکت کردەوە. ئیدی هەر ئەو دەرگەکرانەوەیە بوو.”
    وا نیوسەدە زیاترە دەرگەی ماڵ هەر وا بە کراوەیی ماوەتەوە و دانەخراوەتەوە. میوان لەم ماڵەدا خۆیان داکوتاوە و هەر لێرەیش ژنیان هێناوە و مناڵیان خستۆتەوە. میوان ئارامی و ئۆقرەیان لەم ماڵە بڕیووە. من لە بیرم نایەت، دایکم بۆمی دەگێڕاوە، کە باوکم هەر فریای ئەوە کەوتووە نان پەیدا بکات و بە قوڕگی ئێمە و میوانەکانیدا بکات. کەچی ئەوان هێندە چاوبرسی و بێچاووڕوو بوون کەوتوونەتە دزینی مریشک، قەل و قازی ماڵە دراوسێکانیش.
    کاتێکێش میوانەکان زیادیان کرد و بەسەر دراوسێکاندا دابەش بوون؛ کۆڵانەکان و پاشان گەڕەکشاریشیان پڕ کرد. ئیدی دزییش بە شتێکی ئاسایی بوو. سەرەتا منداڵەکانیان فێرە دزین کرد. بەڵام هێشتایش هەر خواردن و خواردنەوە بەرگەی نەدەگرت. تا وای لێ هات هەموومان لەبەر خاتری میوانەکان بە ئاشکرا دزیمان لە یەکتر دەکرد. کاتێکیش سکیان تێر دەبوو، ئینجا دەکەوتنە وێزەی ژن و کچی کۆڵان و گەڕەک و چەندین منداڵی زۆڵیان پێ خستنەوە. ئێستاکە ئیدی کەس نازانێ کێ میوانە و کێش خانەخوێیە؟ کێ دزە و کێش ساحێبماڵ؟
    دەنگی قاقای میوانەکان لە هەیوانەکە دەژنەووم. ئاخۆ دەبێ بە چی پێ بکەنن؟ من لە بیرم نایەت دوایینجار کەی بوو پێکەنیم. ئاخر ژیانی من بە هۆی ئەو میوانانەوە بە تەواوی لە جدییەتدا نوقم بووە. من هەمیشە بیرم لای ئەوە بووە چۆن ئەم ماڵە لە میوان پاک بکەمەوە. دەست و دامێنی براو خوشکەکانم بووم؛ بەڵام سوودی نەبوو. هانام بۆ هاوڕێ و دراوسێکان برد تا لە کۆڵانەکە وەدەریان نێین. هەندێکیان گاڵتەیان بە قسەکانم دەهات. هەندێکیشیان رووبەڕووم دەیانووت باشە؛ تەگبیریان لەگەڵ دەکردم و پلانیان لەگەڵ دادەنام. کەچی شەوانە سفرە و خوانیان بۆ میوانەکان دەڕازاندەوە، دەبوونە ساقییان و قەحبەیان بۆ لە ژوور دەکردن.
    دەنگەدەنگ و قاقای میوانەکان لە هەیوان و حەوشە و ژوورەکانی تر نابڕێنەوە. من هێشتا لە ناوەڕاستی ژوورەکەی دایکما راوەستاوم. ژیان خۆی بە ژوورا ئەکات.
  • هەر ئێستا بچۆ جانتای خۆمان و مناڵەکان بپێچەوە.
  • بەم شەوە؟
  • ئا، ئەی بە رۆژی رووناك؟
  • خەڵک چیمان پێ ئەڵێت؟ تۆ وەکو سۆراخێکی دایکت نەکرد، ئەی چاوەڕی ناکەیت تا شوێنەوارێکی دەرکەوێت؟
    لەم قسانەداین هەست بە نەرمبوونی زەوییەکەی ژێر پێی چەپم دەکەم. شوێنپێکەم وردەوردە چاڵ دەبێت. قاچم دەجووڵێنم. بەڵام قاچم زیاتر رۆ دەچێت. هەست دەکەم توانام بەسەر قاچما نامێنێت. گڵی زەوییەکە بە تەواوی قاچم دادەپۆشێت. هەوڵێک و دووان و سییان، بەڵام سوودی نییە. وا لاقیشم لە دوی خۆی دەبات. ژیان دیمەنەکە دەبینێت، دەتۆقێت. دەیەوێت هاوکاریم بکات لە دەرهێنانی قاچ و لاقی چەپم، بەڵام بێهوودەیە. لەم کاتەیا زەلامێک، کە نازانم ئەویش یەکێکە لە میوانەکان یان خاوەنماڵە تازەکەیە، بە دەم دەنگەدەنگەکەی من و ژیانەوە خۆی بە ژوورا دەکات. ئەویش هەوڵمان لەگەڵ ئەدات. بەڵام لاقم زیاتر رۆ دەچێت و خەریکە دەگاتە ئەژنۆم. ئەو بە خێرایی تەورێک لە بەرپشتێنەکەی دەردەهێنێت و وەک ئەوەی تەوروەشاندن پیشەی بێت، بە یەک لێدان ئەژنۆم لە لاقم جیا ئەکاتەوە. بەرچاوم تاریک ئەبێت، یا تاریکی باڵ بەسەر ژوورەکەدا دەکێشێت، نازانم.
    هەفتەی رابردووە، هەر لەم ژوورەدا و لەگەڵ دایکما دانیشتووم و چا دەخۆینەوە. پێی دەڵێم حارس نیزامەدین لە پیلانێکی میوانەکان ئاگاداری کردوومەتەوە، کە بە نیازن منیش وەکو باوکم شوێنبزر کەن و (ژیان)ی هاوسەریشم وەکو تۆ هەتک بکەن.
    حارس نیزامەدین هاوڕێی دێرینی تەلەبایەتیمە. لە قۆناغی ئامادەیی، دووساڵ لەسەر یەک تەختە دادەنیشتین. هەر لەسەر ئەو تەختانە لە وانەی فیزیادا وێنەی خەونەکانمان دەکێشا. لە وانەی کیمیادا وێنەی ئازادیمان دەکێشا. لە وانەی زیندەوەرزانیدا وێنەی سنگی رووتی ژنان. لە وانەی زماندا گۆرانییە حەزینەکانمان دەنووسییەوە. بەم جۆرە بۆ هەر وانەیەک تێمایەکمان دیاری کردبوو تا وێنەکەی بکێشین یا خەیاڵەکەی بنووسینەوە. لە دوای شەشی ئامادەیی ئەو چووە کۆلیژی پۆلیس و ئێستا سەرهەنگی پۆلیسە. منیش هەموو شتێک بووم و هیچیش نەبووم. هەموو کارێکم کرد و هیچیشم نەکرد. سەرەڕای ئەو ساڵانە بەڵام لەگەڵ حارسدا پەیوەندیمان وەکو خۆی ماوەتەوە. هەر هەفتەی رابردوو بوو ئەو پێی گووتم:
  • ئاگاداربە میوانەکان لە بنکەی پۆلیس دۆسیەیان بۆ دروست کردوویت و بەڵگەی زۆریان لەسەرت داتاشیووە. ئەوان کاربەدەستانی وڵاتیان لە تۆ پڕ کردووە. دەڵێن تۆ هەر بەوەوە نەوەستاویت کە رێزی میوانەکان ناگریت و بەردەوام دەمەقاڵێتانە. هەروەها خەڵکی فێر دەکەیت کە ناوی ئەم شارە بۆ گەڕەکشار بگۆڕن. ئەمەیش لای ئەوان خیانەتێکی گەورەیە. چون بچووککردنەوەی شارەکانی وڵات بۆ ئاستی گەڕەکشار، سووکایەتییە بە پیرۆزییەکان. بۆیە ئاگات لە خۆت بێت.
  • بەڵام ئەم شارانە هەر سیمای گەڕەکیان هەیە هەتا شار. شارنشینی و ژیانی شار لە سایەی ئەو میوانە شەلاتی و شەقاوانەدا تا ئەندازەی ژیانی ناو گەڕەکێک تەسک بۆتەوە. خەڵکی لە ترسی گێچەڵی میوانەکان ناوێرن لە نێوان ناو ئەم گەڕەکشارانەدا هاتوچۆ بکەن.
  • هەتیو! من خەمی تۆمە. تۆ ئێستایش وەکو سەردەمی ئامادەیی لێی دەخوڕیت.
    دواقوم لە چایەکە دەدەم و سەرنجی دایکم دەدەم. هەرگیز ئەوم بەو ماتییە نەبینووە. منیش خەمیکی قووڵ دامدەگرێ. هەردووکمان وا تەماشای یەکتر دەکەین، وەک ئەوەی دوادیدار و دووایین نیگاگۆڕینەوەمان بێت.
  • ڕۆڵە گیان! من شوێنبزربوونی سەرداری ماڵەکەمم بینی و هیچم پێ نەکرا. من هەتککرانی خۆمم بینی و هیچم لە دەست نەهات. تکات لێ دەکەم با جەرگسووتانیش نەبینم. با هەتککردنی ژیانی بووکیشم نەبینم. لێرە مەمێنە و بڕۆ. دایکم بە دەم هەڵڕشتنی فرمێسکەوە وا دەڵێت.
  • بۆ کوێ بڕۆم؟ چۆن تۆ بە جێ دەهێڵم؟ من بە خەمەوە وا دەڵێم.
  • منیش نامەوێ دوای تۆ لەم ماڵەدا بە بێکەسی بژیم . خۆ تۆ لێرە بیت یان نا، تازە من هەتک کراوم. دڵنیام دوای تۆ بەردەوام من و ژیان هەتک دەکەنەوە. بۆیە باشترین شت ئەوەیە بەرلە رۆیشتنت لەم ژوورەی خۆما بە زیندووێتی بمنێژیت. ئەگەر بەر لە مردنم زیندەبەچاڵم کەیت، دڵنیابە کە نامرم.
    هەفتەی رابردوو بوو هەر لەم ژوورەیا بێئەوەی کەس بزانێت دایکم زیندە بەچاڵ کرد. کارەکەم زۆر بە خێرایی ئەنجام دا. تەنانەت ماچی یەکتریشمان نەکرد، نەکا سۆزمان بجووڵێت و پلانەکەمان هەڵوەشێتەوە.
    لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا لەگەڵ ژیان و هەردوو مناڵەکەماندا، هەر بەو دەرگەیەدا کە نیوسەدە زیاترە دانەخراوەتەوە دەچینە دەرێ. کۆڵان تاریک، گەڕەکشار کش و مات. لاقی چەپم خوێنی لێ دەچۆڕێت. بەڵام دەڕۆین، دەڕۆین و خۆشمان نازانین بۆ کوێ. مناڵەکان خەمی ئەوەیانە، میوانەکان بە دڵۆپە خوێنەکانی لاقما، شوێنپێکانمان بدۆزنەوە. بەرلین ٢٥. ٧. ٢٠٢٠

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish