Skip to Content

دادپەروەری ونیشتیمان لای ئەلبێر کامۆ  …  نوسینی: ئاسۆ خالید

دادپەروەری ونیشتیمان لای ئەلبێر کامۆ … نوسینی: ئاسۆ خالید

Closed
by نیسان 30, 2018 General, Opinion

لەو سەردەمەی کە ئایدیالۆجیست و شۆڤێنیستەکان نیشتمانیان خستە پێش هەموشتێک و داوایاندەکرد قوربانی بە هەموو شتێک بدرێت لەپێناویدا ئەوەی کەئەوان بە قەدەری کۆتاییان دادەنا و وەک خاڵی جیاکردنەوەی نێوان مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی بۆیاندەڕوانی بەسەر رەگەز و نەتەوەکاندا. ئەلبێر کامۆ دێت و بەدەنگی بەرز دەڵێت دادپەروەری و ئازادی بەر لە نیشتمانن و خوازیاری ئەوەیە کە بتوانێت هەردوکیانی بەیەکەوە خۆش بوێت کاتێک نامە دەنوسێت بۆ هاوڕێ ئەلمانیەکەی لە ماوەی جەنگی جیهانی دوەمدا. كامۆ پێی وایە فەرەنسیەکان بەسەر خۆیاندا زاڵبوون بەرلەوەی بتوانن دژایەتی داگیرکاری ئەڵمانیای نازی بکەن و ئەوان دەبوایە هەموو بەها ئینسانیەکان بکەنە قوربانی تاوەک بەرهەڵستی بکەن . ئەو لە نامەکانیدا دەنوسێت “دەبێت قبولی ئەوە بکەین هەموو شت لەدەست بدەین لە کاتێکدا کە خۆشبەختیمان خۆشبوێت وبە ئەستەمی بزانین شەڕ بکەین لەکاتێکدا رقمان لە شەڕبێت و بەرەو ویرانی برۆێن و بیرۆکەی شارستانیەتی باڵامان هەبێت”.

كامۆ لەهاوڕێکەی جیا ئەبێتەوە کە بیرۆکەی نازی لە مێشکیدابوو و باوەری وابوو کە ئەلمانیا مەزنە.ئەو پێی دەڵێت کە مەزنی رەنگە خوێن و درۆبێت. ئەو هەمیشە لەوە دەترسا لاسایی نازیەکان بکەنەوە و بەها ئینسانیەکان بەلاوە بنێن بۆ شتێک کە رەنگە مرۆڤەکان لەیەک داببرێنێت و ئیتر هیچ بوارێک نەمێنیت بۆ ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیانی نێوان مرۆڤەکان. هاوڕێ ئەلمانیەکەی پێی دەڵێت کە تۆ وڵاتی خۆت خۆشناوێت کە ئەمە بۆ ماوەیەکی زۆر لەدڵی کامۆدا ئەمێنێتەوە و ئازاری ئەدات چونکە ئەو مرۆڤ و دادپەروەری و ئازادی دەخستە پێش نیشتمان. ئەو دەیگووت “خۆشەویستی وڵات لەڕێی فەراهەمکردنی دادپەروەری و راستی و هیواو کۆشش لەپێناوو ئەوەی کە خۆشماندەوێت دەبێت نەک خۆشەویستی کوێرانەی مرۆڤ بۆ تەنها هاورەگەز و هاونیشتمانی خۆی”.

نازی نەتەوەپەرست هەمووشێکی خستە پێناو بیرۆکەی خۆی بۆ رەگەز و نیشتمان و تەنانەت خوداوەند وئاینیشی بەکارهێنا بۆ ئەوەی پاڵپشتی لەو بیرۆکەیە بکات. كامۆ بۆی دەنوسێت و دەڵێت “ئێوە خواداتان ناچار کرد بەرگری لە کوشتاربکات”. لەگەل ئەوەی لە کاتی شەڕدا هاوسۆزی بۆ نیشتیمان و هاونیشتمانی بەهێزدەبێت و لەهەموو چاوەرێدەکرێت بەو چەشنە هەست بکەن و بیربکەنەوە، بەلام بۆ کامۆ ئەمە وانەبوو چونکە کەسانێک هەن باوەریان وایە کە مرۆڤەکان بە دادپەرەروی رزگاردەکرێن نەوەک بە خوێنرێژی. لای کامۆ ئەوروپای ئازادیخواز لەو شەڕە بە سەرکەوتویی دێتەدەرێ لەڕێی بەرگریکردن لە ئازادی و مرۆڤ. ئەو بۆ هاوڕێ ئەلمانیەکەی ئەنوسێت “گوڵزار و کۆترەکان و جوتیار و کێلگەکان ئەوە دەردەخەن کە شتگەلێک هەن لە خوێندان و ناکرێت بیانخنکێنیت”.

ئەو باشی ئەیزانی کە قبوڵکردنی دۆڕان وەک ژەهرخواردنەکەی سوکرات نەبوو چونکە ئەمەی دواییان خۆی هەڵیبژارد بەسەر ترس لەمەرگ و دەربەدەریدا وئەو دۆڕانەی ئەوانیش بە تەنها مەسەلەی کاتبوو تاوەکو فەرەنسی و ئەوروپای ئازادیخواز گەشتنە ئەو بیرۆکەیەی کە شەڕ ودژوەستانەوە مانای بەرگریکردنبوو لەوەی رۆژێک ئاشتی سەردەکەوێت و بەها ئینسانیەکان سەرلەنوێ بڵاودەبنەوە بەنێو نەتەوەکاندا هەرچەندە ئەوەش قوربانی زۆری ویست و خوێنی زۆری لەپێناودا رژا. لای کامۆ دۆڕان ترسنۆکی نەبوو. ئەوە جەلادو داگیرکەرانبوون لە هیواو ئومێدی قوربانیەکان دەترسان چونکە لای ئەوان روناکی مابوو روناکی سەرلەنوێ زیندووبونەوە و ژیانکردن. ئەوە شەڕبوو ترنسۆکبوو چونکە سڵی لە ژیان دەکردوەوە مەحکومی دەکرد. ئەو دەینوسی “ئێوە وێنەیەکی ناشیرنتان سەبارەت بە ئێمە بە جیهاندا و خراپترین ئازارچەشتن ئەوەبوو کە ئەوەتان دەشێواند کە ئێمە خۆشمان دەویست” بێگومان ئەوەش ئاشتی بوو.

هەمیشە کینەو توندوتیژی بێهودەییە و ئەوەی کە ئازاردەگەیەنێت بە هێزی داهێنەرانەی مرۆڤ ودووریدەخاتەوە لە خۆشویستنی جوانیەکان. ئەو جوانیانەی کە جەخت لەژیان دەکەنەوە نەک رەتی بکەنەوە. بەلای کامۆشەوە ئەمە هەروابوو. ئەو جەنگی رەتدەکردەوە چونکە دەیزانی بێهودەیەو رق و کینە لەدڵدەکات و ئەوشەڕانەش زۆربەیان بەهۆی رەگەزپەرستی و بەمەزنکردنی نەتەوەکان بەسەر یەکدیدا بەرپادەبوون. هەرگیز رازی نەبوو بە پاساو هێناوە بۆ کوشتن لەژێر هەر هۆیەکدابێت چونکە لای ئەو ژیان و خۆشبەختی دووشت بوون بەرگریان لە بوونی یەکتر دەکرد. ئەو دەیگووت`”خۆشبەختی باشترین سەرکەوتنە دژ بەو قەدەرەی بە سەرماندا سەپێنراوە”. باوەری بە سەرکێشیکردن بوو بەژیانەوە لەپێناو مرۆڤ و بەختەوەریەکەیدا وەک چۆن پرۆمیسۆس لە پێناو مرۆڤ سەرکەشکیکرد بە دزینی ئاگر لە خوداوەندەکان بۆی و قبوڵی سزای خۆی کرد کە بۆ هەمیشە داڵەکان بێن جگەری لە هەناو دەربێنن کاتێک بەشاخەکەوە بەسرابوەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish