Skip to Content

دوا نامه‌ی گابرییل گارسیا ماركیز.. و: نەژاد عزیز سورمێ

دوا نامه‌ی گابرییل گارسیا ماركیز.. و: نەژاد عزیز سورمێ

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2022 General, Poems

( ئەمە دوا نامەی ڕۆماننووس گابریل گارسیا ماركیز به‌ره‌نده‌ی خه‌ڵاتی نۆبل
بۆ هاوڕێ و خۆشەویستانی ، دوای ئەوەی بڕیاری دا واز لە نووسین بێنێ ..
نامەكە دەقێكە نزیك لە شێوازی ڕۆمانەكانی بە مەودا واقیعی و ئەفسووناویەكانییەوە
تا نامەیەكی ڕووت .
بەڵام لە هەمان كاتدا خاڵی نییە لە ساوی شیعر ، لە تاقیكردنەوە و ئەزموونێكی بە پیت و
تژی نهێنی و ژیان لێتكانه‌وه‌ ، دوور له‌ شكۆی به‌تاڵی بێ شكۆفەوه‌ سەرچاوەی گرتووە..
سادە ، قووڵ ، پەل هاوێشتوو .. پایز ئارا ، بەڵام هەمیشە ژیان لەبەر بینایی . )
وه‌رگێڕ

ئەگەر خوا حەزی لێبووایە ، لە بیری بكردبووایە من بووكەشووشەم و
شتێك لە ژیانێكی دیكەی پێ ببەخشیبام ، بە هەموو هێزمەوە
دەكارم دەهێنا .
ڕەنگە به‌ تەواوی ئەوە نەڵێم بیری لێ دەكەمەوە ، لێ بێگومان بیر لە
هەموو ئەوە دەكەمەوە كە دەیڵێم ..
شتەكان بەهای خۆیانیان دەدەمێ ، نەك وەك ئەوەی دەینوێنن
بەڵكو وەك ئەوەی چیان لێ دەسەنگرێتەوە .
كەم دەنووم و زۆر خەون دەبینم . تێدەگەم هەر خوولەكێك چاومان
لێك دەنێین ئەوە دەگەیێنێ زیانی شەست چركەمان لە نوورێ
لێ كەوتووە .
دەڕۆم كە ئەوانی دی تێدا دەوەستن و بێدار دەبم كە هەموو
نووستوون .
ئەگەر خوا حەز بكا ژیانێكی دیكەم پێ ببەخشێ ، جلوبەرگی سادە
دەپۆشم و لەسەر خاك پاڵ دەكەوم نەك هەر بە جەستەی ڕووت ،
بەڵكو بە ڕۆحی ڕووتیشەوە ..
بۆ هەموو خەڵكیشی دەسەلمێنم چەند هەڵە دەكەن بڕوایان وایە
كە پیر دەبن عاشق نابن ، بێ ئەوەی بزانن ، ئەو دەمەی پیر دەبن
لە عاشقاتیدا دەوەستن .
منداڵان باڵیان دەدەمێ بەڵام لێیان دەگەڕێم بە تەنێ فڕین فێربن ،
پیران فێردەكەم مەرگ لەگەڵ پیربووندا نایێ بەڵكو بەهۆی
لەبیرچوونەوەدا دێ .
ئادەمزادینە!
زۆرتان لێ فێربووم .
فێربووم هەموو دەیانەوێ لەلووتكەی چیادا بژین ،
نازانن نهێنی بەختیاری لە پێهەڵگەڕانیدایە .
فێربووم كۆرپە كاتێ بۆ یەكەمجار پەنجەی باوكی دەگرێ
وا دەگەیێنێ تا هەتایێی گرتووە . فێربووم مرۆڤ تەنیا ئەوكاتە
مافی خۆیەتی لە سەرەوە سەیری ئەوی دی بكا كە پێویستە
یارمەتی ڕاوەستانێی بدا .
زۆر شتتان لێ فێربووم! بەڵام كەمێكی سوودی بۆ من هەیە چونكە
كاتێك لە جانتاكەم دادەندرێن من خواحافیزیم لە ژیان كردووە .
هەمیشە ئەوە بڵێ هەستی پێدەكەی و ئەوە بكە بیری لێ ده‌كه‌یه‌وه‌ ..
ئەگەر بمزانیایە دوا جارە بە نوستوویی دەتبینم بەوپەڕی هێزەوە
لە ئامێزێم دەگرتی و لە خوا دەپاڕامەوە بمكاتە پاسەوانی ڕۆحت .
ئەگەر بمزانیایە چەند خوولەكی دواییە تۆی تێدا دەبینم دەمگوت:
(خۆشم دەوێی) و بە شەرمەوە خۆم لەوە نەبان دەكرد كە تۆ
ئەوەت دەزانی ..
هەمیشە سبەی هەیە و ژیان هەلمان دەداتێ كاری چاتر بكەین ،
بەڵام ئەگەر من هەڵەبم و ئەمڕۆ دوا ڕۆژم بێ ، پێم خۆشە بڵێم
خۆشم دەوێی ، هەرگیز لەبیرت ناكەم ، چونكە سبەی بۆ گەنج و
پیر مسۆگەر نییە ، ڕەنگە ئەمڕۆ دواجار بێ ئەوانە ببینی
خۆشت دەوێن ..
زیاتر چاوەڕوان مەبە! ئەمڕۆ كارێك بكە چونكە سبه‌ی له‌وانه‌یه‌
نەیێ ، بێگومان لەو ڕۆژە پەشیمان دەبییەوە بۆ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك
وەختێكت تێدا نەدی ، یا بۆ باوەشێك ، ماچێك ،
یان سەرقاڵی ئەوە بووی دوا هیوای خۆتیانی بۆ بنێری .
ئەوەی خۆشت دەوێ لە نزیك خۆتی بهێڵەوە ، بە گوێیاندا بچرپێنە
تۆ پێویستت بەوانە ، خۆشت بوێن و بایەخیان پێ بدە و وەختێكت
با هەبێ دەستەواژەی وەكو: تێت دەگەم ، بمبەخشە ، بەیارمەتیت ،
سوپاس و هەموو ئەو وشانەی خۆشەویستی كە دەیانزانی .
كەس تۆی بە بۆچوونەكانت بە بیر نایەتەوە ، كەواتە بۆ هێز و
حیكمەتی دەربڕین تكا و تەمەننا لە خوا بكە و بۆ برادەر و
خۆشەویستانت بسەلمێنە : ئەوان چەند لای تۆ گرینگن .

له‌ https://www.nawaret.com/%D8%B2%D8%A7%D9%88%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%A1/%D8%B1%D8%B3%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D9%88%D8%AF%D8%A7%D8%B9-%D8%BA%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D9%8A%D9%8A%D9%84-%D8%BA%D8%A7%D8%B1%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%B2
كراوه‌ به‌ كوردی .
• كاتی خۆی له‌ ژماره‌ی ڕۆژی 3-12-2012 ی ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر)
‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ .

Previous
Next
Kurdish