Skip to Content

قەسیدەی خەونێک لە خەونەکانمدایە.. ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی خەونێک لە خەونەکانمدایە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 3, 2021 General, Poems

خەونێک لە مندا کەوتۆتە شەپۆلدان
لەگەڵ خۆی ئەمباتەوە
ئەو خەڵوەتگایەی بۆ یەکەمین جار
کتێبەکانی عەشقم تێیدا خەتم کرد و
بۆ یەکەمین جاریش
بینم نا بە قومە ژەهری ژیانەوە
هەر لەوێش
سەرەتا بوومە ئەو پەروانە دەم بەپێکەنینەی
لاوکی بۆ گوڵە پەمەییەکانی باخ ئەچڕی و
لەگەڵ غروبدا سەری خۆی بۆ بناری تیشک هەڵئەگرت
بەیانیان پێش باخەوانەکان
باخچەکانی بێدار ئەکردەوە و
نیوەڕوانیش پرچی سەوزی بەهاری شانە ئەکرد
بوومە ئەو نەورەسە چاو خومارییە سەرەڕۆیەی
ختووکەی مانگی ئەدا و
لەئاوابوونی خۆری ئەڕوانی
سەرگوزەشتەی شەپۆلێکی ئاشقی
بە گوێی دەریادا ئەچرپاند
زۆر جاریش بەدەم تەیکردنی رێی ئاسمانەوە
لە شەنگەبییەکانی بەردەم ماڵی قەرەجێکی ئەڕوانی و
لە دیمەنی دووکەڵی ئاگردانەکان ورد ئەبووەوە
لەسەر دەفتەری خەیاڵیش
یاداشتەکانی خۆی ئەنووسییەوە
بوومە ئەو ونبووەی
لە نێو کۆڵانەکانی دڵدا بزربووم و
لە بنبەستی کوچەیەکدا
دامە پڕمەی گریانێکی بە کووڵ
بۆ ئەو رۆژانەی تەمەنم
لە دووری گێلاسی ماچەکانت بوون بە تەم
بۆ ئەو شەوانەشی
لە پشت چراخانی رۆژگاری درۆزنەوە
وەک کۆترێکی باڵشکاو
بەربوومەوە دۆڵی هەڵپڕووکانەوە
بوومە پیرە سۆفییەکی خانەقای دڵشکاویی
مووناجات و قووڵپی گریان
ئەگۆڕم بۆ قاقای پێکەنین
رەنگی زەردی پایز
لە سەوزایی بەهار هەڵئەکێشم
فەرامۆشیی دەروون
ئەکەمە سترانێکی داگیرساو
دۆڵابی خۆزگەکانم
سەراوڕێژ ئەکەم لە سەراب
رەونەقی ژیانی لاویم
لە چرچی تەمەنەوە ئەپێچم
کاسەسەرم ئەکەم
بە تەپڵەکی ئەو سیگارانەی
بە دیار رۆژە ئاڵۆزکاوەکانمەوە
هێدی هێدی ئەسووتان
فنجانی قاوەکەم
لێوانلێو ئەکەم لە خەمی شیرین
بەهەشتی خەیاڵیشم
بە ئاگری بێ تاقەتی ئەکەمە سووتماک
هۆدە چۆڵەکانی ژینم
تەژی ئەکەم لە مەیلی خۆکوشتن
بوومە ئەو موسافیرەی
نیشتمانم لە نێو جانتای سەفەرێک لە بیر چوو
ژیانیشم فەردەیەکی قورسی ژانە بە کۆڵمەوە و
عەشقم لەنێو سندووقی رزیوی دڵما بەند بووە
لەسەر هەموو شاڕێکانی شادیم
لوغمی بێهودەیی چێنراوە و
بەختەوەریی گەمە و چاوشارکێم لەگەڵ ئەکات
منیش لە تولە رێگاکانی مردنا
تووشی ژیان ئەبم
کە چیتر کەناری دڵم
بەسەر ساردوسڕیی وجوددا ناخوێنێ
بوومە ئەو رێبوارە شەکەتەی
بەدوای جوگرافیای خۆشیا وێڵ بووم
سەفەرم کرد لەگەڵ ئەو باڵندانەی لە وەرزی کۆچدا
رووەو باخە ئاڵەکانی ونبوون لە شەقەی باڵیان دا
لەگەڵ بارینی تاوە تەرزەی شوومی و نەگبەتی
چەتری دەستم رەشەبای نیگەرانیی فڕاندی
دەنکە مێووژی تاڵیم لە گیرفانی شەرواڵی زەمەن
دەنک دەنک دەرئەهێنا و دەمکردە مەزەی
پێکە تفتەکانی سەفەرێکی بێ ئەنجام
بازم ئەدا
بەسەر گۆڕە هەزار بەهەزارییەکانی جوانی و
گڵۆپەکانی غوربەتم
بۆ پەناگە تاریکەکانی شیعر دائەگیرساند
بەرلەوەشی شیعرێک بنووسم
هەزاران ئازار ئەینووسیمەوە
پێش ئەوەی رستەیەک وەک بۆڵە ترێ
لە هێشووی قەسیدەیەک بکەمەوە
سەدان گوڵ لە باخی دڵم ئەکرانەوە
بوومە ئەو قەرەجەی زەمیلەیەک خەمی نارنجیم
بە کیشوەرەکانی تەمەندا ئەگێڕا و
بێ ماندووبوون دەسکەنەی رەشبینیم ئەکرد
چنگم لە رەشترین هەسارە گیر ئەکرد و
دووباڵم لە هەڵم دروست ئەکرد
تاکو پێی بفڕم
بۆ پشتی شوێن و ئەودیوی کات،
تاکو سەرمەست ببم بە هیچ
لە هیچ زەمەن و شوێنێکیشا نەبم
بە پێنووسی گۆشەگیریی سەرگوزەشتەی
ئەو کانییە ئەگێڕمەوە لە دڵما وشکی کرد
مێژووی ئەو شارە ئەنووسمەوە
لە رۆحما بوو بە زرێبار
چیرۆکی ئەو سەفەرە ئەنووسمەوە
هەرگیز نەمکردووە
داستانی ئەو عەشقە ئەنووسمەوە
هیچ کات بەدەستیناهێنم
بیرەوەریی ئەو گۆمە ئەنووسمەوە
لە وشکانی چاوەکانما خنکا
سیڤی ئەو شاخە ئەنووسمەوە
لە چاوتروکانێکا بوو بە غوبار
بیۆگرافی ئەو شەمەندەفەرە ئەنووسمەوە
ناگاتە وێستگەی چاوەڕوانیم
بوومە ئەو نسرمەی
هیچ وەخت خۆری لێ هەڵنایە و
دڵداریی لەگەڵ ئەو دارتووە زڕە ئەکەم
هیچ چۆلەکەیەک هێلانە لەسەر دڵی ناکات و
هیچ کۆترە شینکەیەک سڵاوی لێ ناکات
نەفرەت بۆ ئەو تفەنگە رزیوانە ئەنێرم
کە وەیشوومەی شەڕن
دڵی ئەو سەربازانە ئەدەمەوە
پێش ماچێک کەوتنە بەر دەسڕێژی مردن
سەما لەگەڵ ئەو شمشێرانە ئەکەم
چەرچەفی ماندووبوون ئەدڕن
یاری لەگەڵ ئەو شنەبایانە ئەکەم
سرووشت عەزف ئەکەن
لەگەڵ ئەو رەشابانەیەش دەچمە ژوان
سەرپۆشی کەساسیم هەڵئەدەنەوە
بوومە ئەو شاعیرە کەمدووە چاو دەریاییەی
بە عەشقتان ئەناسێنمەوە
لە نیشتنەوەی کۆتری ماچ
لەسەر لێوەکانتان بە ئاگاتان ئەهێنم
چێژی رامووسانتان
لە گۆزەی شیعردا بەسەردا ئەڕژێنم
لە کۆتایی ئەمڕۆدا
بە سورەتی دڵداریی تەلقینتان ئەکەم بۆ سبەی
لەم چەرخە سۆزانییەدا
پریاسکەیەک تریفەتان لە بەردەمما هەڵدەڕژم
بێ ئەوەی کەستان هەڵپە بکەن بۆ کۆکردنەوەی
لەم سەدە کەڕەدا
پڕ گوێیەکانتان ئەکەم
لە سەدای پیانۆیەکی دڵتەنگ
لەم زەمانە لاڵەدا لە بری ئێوەش
مروەتی خۆم نیشانی میهرەبانیی ئەدەم
پڕ بە گەرووم هاواری لێدەکەم و
بانگی ئەکەم بۆ سەر سفرەی دڵڕەقی
لەم رۆژگارە سپڵەیەدا
ئاگرێک لەسەر بەستەڵەکی غرورتان ئەکەمەوە
بە تینی دیوانێک ئەتانسووتێنم
لە دەرگای واقعشەوە دەریبکەین
لە پەنچەی خەیاڵەوە
خۆی بکاتەوە بە ماڵی دەروونتانا
بوومە پاڵەوانی ئەو رۆمانەی لە هەموو شتێک ئەدوێ
تەنیا دابڕان نەبێ
باسی هەموو رەنگەکانی خۆشەویستی ئەکات
تەنێ رەنگی فیراق نەبێ
بە شان و شکۆی هەرچی مەلە هەڵئەدات
تەنیا کونەپەپووی رق نەبێ
پێناسەی هەموو مەخلووقێکی لە خۆگرتووە
جگە لە قەلەڕەشی زام
یادگاریی هەموو مرۆڤێکی لە خۆیدا جێ کردۆتەوە
تەنێ ئەو جۆرە مرۆڤانە نەبێت
تاکو ئێستاش سڵاوێکیان
لە کۆتری عەشق نەکردووە
هەموو هەڵوەرینێکی تێدا تۆمار کراوە
جگە لە هەڵوەرینی ئەو عاشقانەی لە وێستگەی یەکەمدا
لە فارگۆنی عەشق دابەزین
هەموو جۆرە شیعرێکی تێدا نووسراوەتەوە
بەدەر لەو شیعرانەی
بە خوێناوی ئەڤینداریی نەنووسراونەتەوە
چیرۆکی هەموو شەوەکان ئەگێڕێتەوە
جگە لەو شەوە نائارامانەی
بەردی تێدا ئەگیرێتە کوخە بچووکەی دڵ
پڕاوپڕە لە وەسفی “با”
جگە لەو باهۆزانەی دەفتەری دەستی
عاشقان ئەفڕێنن
لە کاتی نامەنووسینا بۆ یارەکانیان
هەموو پرسیارێکی لە خۆگرتووە
تەنێ ئەو پرسیارانە نەبێ
وەڵامەکەی بۆنی بێڕەحمیی و دۆزەخی مەنفا لێدێ
هەموو جۆرە پەرستگایەکی تیا رۆنراوە
جگە لەو پەرستگایەی
راهیبەکان وەک ئاسنگەرێک دڵی هەتاوی تێدا دەکوتنەوە
هەموو جۆرە کتێبێکی لە هەناودایە
جگە لەو کتێبەی نووسەرەکەی
لە پەسنی عەرشی سوڵتاندا نوسیوویەتی
هەموو خەونێکی تێدا ئەبینرێ
جگە لەو خەونانەی ماناکەی
سەرهەڵگرتنی گوڵە لە حەرەمی باخ
هەموو خەونێک لە نێو خەونەکانی مندا ئەبینرێ
جگە لەو خەونانەی تۆ لە من دوور ئەخاتەوە.

2017
کەنار رووباری راین

Previous
Next
Kurdish