Skip to Content

کەس بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم ..4.. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

کەس بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم ..4.. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 2, 2020 General, Literature

کەس بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم
چونکە بە شێوازێکی نامۆ عاشق دەبم..
بەشی چوارەم..

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: لە دوورەوە مرۆڤێکی داخراو دیاریت، بەڵام لە نزیکەوە هیچ دەرگایەکت نییە بۆ هاتنە ژوورەوە!! بۆچی ئەم وێنایە بەم جۆرەیە؟.
ستیڤان: هیچ شتێک لە دوورەوە ناوەڕۆکە راستەقینەکەی دیار نییە، من بۆ خۆم وەهام تاکو شتێک لە نزیکەوە نەناسم بڕیاری لەسەر نادەم. زۆرینەی باوەڕداران و بێ باوەڕوان بە ئاین هیچیان لە نزیکەوە گەوهەری ئاین ناناسن، بۆیە لەگەڵ هیچکامیان تەبا نیم.
لیزا: وەڵامی پرسیارەکەت فەرامۆش کردم، سروشتێکی سەیرت هەیە هەر پرسیارێکت بە دڵ نەبێت، وەڵامێکی بە دڵی خۆت دەدەیتەوە.
ستیڤان: تۆ لە روانگەی خۆتەوە پرسیار دەکەیت، ئەوەش مافی خۆتە. منیش لە گۆشەنیگای خۆمەوە وەڵام دەدەدەمەوە!. ئایا مافی خۆم نییە؟.
لیزا: بێگومان مافی خۆتە، بەڵام تۆ پرسیارەکانم ئیستغلال دەکەیت بۆ وەڵامێک خۆت مەبەستتە، نەک ئەو وەڵامەی من بە دوایدا دەگەڕێم.
ستیڤان: مرۆڤێکی ئایدیالیست نیم، هەموو وەڵامەکانم بەو جۆرەیە تێیاندا عەقڵ قسە دەکات. لە راستیدا حەزیشم لە پێچ و پەناکردنی زۆرە، بۆ ئەوەی چرای عەقڵ هەموو جێگە تاریکەکانی هەست رۆشن بکاتەوە.
لیزا: کەواتە ئێستا وەڵامی پرسیارەکەم چییە؟.
ستیڤان: بە دڵنیاییەوە لە نێو پرسیارەکەی خۆتدا وەڵامەکەیت دەست دەکەوێت!!. چوونکە دەشێ هەر مرۆڤێک پێش و پاش ئەوەی لە نزیکەوە دەیناسیت دوو وێنای جیاوازی هەبێت. تۆ دەتەوێ بگەیتە وێنایەکی مەلموس، کەواتە زۆرتر نزیک ببەوە، هەرچەند گرەنتی نییە ئەو کات بگەیتە وێنەی هەقیقییەکەی من.
لیزا: من دەتوانم ئێستا پێناسەیەکت بکەم.
ستیڤان: هەرچەند پێناسەکردنی من زەحمەتە، رقیشم لەهەموو پێناسە دیاریکراوەکانە، بەڵام فەرموو.
لیزا: سەرەتا خۆم رۆحێکی زۆر یاخیم هەیە، یاخیم لە خوا و ئاین و کولتوور و سیاسەت و خێزان و خانەوادە! ڤایرۆسێکم دەچمە ناو خەوە پیسەکانی دەسەڵاتدارانەوە، کابووسێکم لە زۆرداران نابمەوە، سوکرات ئاسا خەڵک گەندەڵ دەکەم و ئامادەشم بۆ هەڵقوڕاندنی جامە ژەهری دەسەڵاتداران. تەنیا دیلی قەفەزی مەعشووقم، تەنها کڕنووش بۆ عەشق دەبەم. تۆش هەمان پێناسە دەتگرێتەوە.
ستیڤان: من جیهانێکی راڤە نەکراوم، تۆش ناتوانیت بمخوێنیتەوە، هیچ کات ئەو کەسە نادۆزمەوە ئەو هێرۆگلیفیایە بخوێنێتەوە کە دەروازەی راڤەکردنمە. کێشەکەم ئەوەیە لە ژیانما کەسێکم نەبینیوە وەک خۆی لێم تێبگات. هەمیشە وێنایەکی شێواوی هزری من دەبینن، ئەگەرچی من فۆتۆیەکی ریالیست و رووتی خەیاڵدان و روانگەکانم دەخەمەڕوو!.
لیزا: ئەی تۆ بۆچی واقیعی خۆت تەڵخ دەکەیت؟!!.
ستیڤان: دەزانیت جیاوازیی من و تۆ چییە؟ تۆ دەتەوێت من بخەیتەوە ناو واقیع، بەڵام من بۆ خۆم خەیاڵم، ژیانیش بۆ خۆی خەیاڵێکە و هیچی تر! هەروەک چۆن فیلمی سینەمایی زادەی خەیاڵە، ئاوهاش ژیان کۆمەڵە ئەکشنێکە لە نێو خەیاڵدا.
لیزا: بیرۆکەکانی تۆ پڕن لە خەونی ئازادیی و بچڕاندنی زنجیرەکان. تۆ دەبێت دەرکی ئەوە بکەیت زۆرینە لە ئازادیی تۆقیون. تۆقان لە ئازادیی تێگەیشتن لە تۆی کردۆتە کارێکی مەترسیدار، بەڵام ئەوە منم لە هەموو کاتەکاندا بەرەو تۆ دێم، هەروەک چۆن تۆش هەموو ئازادیی خۆت دەکەیتە کۆیلایەتی ئەوینی من!!.
ستیڤان: من لە ژیانمدا کەس قەدی نەگرتووم، هیچ کاتێکیش هەوڵیان نەداوە لێم تێبگەن. کەسیش بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم. شێوازێک عاشق دەبم نامۆیە بە هەموو کەس، بەو هۆیەوە هەمیشە هەستم بە تەنهایی خۆم کردووە، رۆحم تەریک و وێڵ بوو لە ئەشکەوتی تەنهاییدا. رۆحیش بە مانای ئەو تەزووە موچڕکە بەخشانەی لە هەستەکانمدا دێت و دەچێت. وای چەندە بێ چارەم من.!
لیزا: هەمان هەستی منیشە، لەوەتی خۆم دەناسم بەردەکەی سیزیف پاڵ دەنێم بۆ سەرەوە، هەموو کات لێم خلۆر دەبێتەوە. وەک بوونەوەرێکی ناعەقڵانی بەم شێوەیە سوڕی ژیانی خۆم تەواو دەکەم.
ستیڤان: سیزیف بێ هیوا نەبوو، باجی هەڵەکانی خۆی دەدا، بەڵام ئێمە باجی هاتنە ژیانەوە دەدەین.
لیزا: کەواتە داستانی سیزیف دەزانیت، ئەو هەموو رەنجە و کۆتاییەکەشی تەنیا بێ ئەنجامی.
ستیڤان: چوونکە نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە، باش لە گەمەی سیزیفی تێدەگەم، ئەو هەموو ئازارە و تەحەدایە سەرئەنجامەکەی بە مەرگ کۆتایی دێت. لە هەرزەکاریدا سیزیفم بەم جۆرە ناسی: لە میتۆلۆژیاى یۆنانیدا (سیزیف) پادشاى (کۆرینس)ە کورى (ئیلۆیسى) پادشاى تیسالییە. زیۆس (خواى خواوەندەکان) لێى زویر و تووڕە دەبێ و نەفرەتى لێدەکات، بەوە سزاى دەدات رۆژانە بەشانى خۆى بەردێکى گەورە بەسەر شاخێکدا سەر بخات و لەسەر لوتکەکەى دایبنێت! ئیتر بەم شێوەیە سیزیف هەموو رۆژێک بەشان بەردێکى گەورە سەر دەخات بۆ لوتکەى چیا و ئێوارە تل دەبێتەوە بۆ خوارێ، رۆژى دوایى سەر لەنوێ بەردەکە سەر دەخاتەوە، بەم جۆرە کارەکە بەردەوام دەبێت تا کۆتایى.
لیزا: بیر لەوە دەکەمەوە، مانیفێستی نائومێدیی بڵاوبکەمەوە. مانیفێستەکەی من تەنیا چەند وشەیەکی و هیچی تر: ژیان بێتام و بی مانا و بێ بەها و تاریکییە!!. ئەمە هەمووی بوو. THE END!!.
ستیڤان: ئەوە مانیفێستی منیشە. بڕواش ناکەم لەم گەردوونەدا بوونەوەرێک هەبێت وەک من غەمبار و تەنها، ئیدی بە وەهمەکان فریو ناخۆم، من لە پەڕاوێزی هەموو شتێکدام.

لیزا: وەها تێمەگە هەموو ئەوانەی پێدەکەنن، دڵخۆشن، هەر ئەو خانمەی لە یانە شەوانەکەدا بە رووی هەمووانەوە پێدەکەنێت و گۆرانی دەڵێت، لە کۆتایی ئاهەنگی شەوێکدا بە دەنگێکی حەزین پێی وتم: هەر خەندەیەکی من لەسەر هەزارەها دڵۆپە فرمێسک رۆنراوە.

——————————————-

تێبینی: ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish