Skip to Content

لێکدان.. چیرۆک: نەوزاد بەندی

لێکدان.. چیرۆک: نەوزاد بەندی

Closed
by نیسان 18, 2024 General, Literature

ئاخر توخوا ئەمەیش بوو بە چیرۆک ؟
ئەو بەیانییە پشوو بوو ، نەمزانی بە هۆی چییەوە پشووە ، چونکە پشوو ئەوەندە زۆر بوون ، ئەبێ بەدوادا چوونی بۆ بکەیت ..وای لێ هاتووە بەرپرسێ قازێک بخوا و لەلای بەتام بێ ، ئەو ڕۆژە ئەکرێتە پشوو ،ناوێکی لێ ئەنرێ ، ڕۆژی قاز ..قازە بەچێژەکەی خاوەنشکۆ ..قازی قازان ..داستانی قازقازۆک ..قازە خێرلەخۆ نەدیوەکە ….
لەناو جێدا پاڵم لێدابۆوە ، ژوورم تاریک کردبوو ، بەتەما بووم ئەو ڕۆژی قاز و شتە بکەم بە ڕۆژی خەو ..ئێ لە سەردەمێکداین ، پاڵکەوتبی پارێزراوتریت لەوەی دانیشتبیت ..دانیشتبیت ، ژیانت پارێزاوترە لەوەی بە پێوە ڕاوەستابیت . . لە ماڵەوە بە پێوە ڕاوەستابیت ، فیشەک کەمتر ئەتدۆزێتەوە تا لە دەرەوەی ماڵ بە پێوە ڕاوەستابیت ..
بەڵام چی ئەڵێی لەگەڵ لیستی بازاڕ کردندا ؟ هەر هێندەم زانی لە لاپەڕەیەکی حەوت سانتم پان و بیست سانتیم درێژدا ، ناوی کۆمەڵێک بابەت نووسراون ، کە ئەبوو بیانکڕم : پاککەرەوەی شوف سێ لیتر و نیویی ، خوێی هیمالایا ، ترۆزی ترشیات ، دوو دەسک کەرەوز و دەسکێک مەعدەنۆس با گەڵاکانی تۆخ نەبن ، دەسکێشێکی لالە با میدییەم بێ ، سەمونی حەجەری ، زیرە ، گشمیش ، دەرمانی فەلافل ، عەمبە ، ساسی فێ فێ ، لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 ، کیسی خۆڵ ، پەڕۆی سیحریی ، دوو پاکەت ئاو ، نیو کیلۆ قەیسی ، دوو کیلۆ و نیو گوڵەبەڕۆژە ..ماسیحەیەکی سنکی مەتبەخ …..
ئەو لە قەیەفەری سەری کردبوو بە هێلانەی مریشکەکانا و لەبەر خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بوو : ئەک پاڵتان نەگەڕێ مریشک ، لە دوانزە هێلکەوە هاتۆتە سەر سێ هێلکە ..
ئیتر بە پشتا و پشتا بە خێرایی لە هێلانەکە هاتە دەرەوە ،کەفەڵی بەر نووکی بتڵە غازێکی ژەنگاویی کەوت ، کە نیوە وەستاو ، وەستێنرا بوو ، هاواری لێ بەرز بۆوە :پێکرام ..خۆم ڕۆ !
من بە کاوەخۆ هەستامە سەر پێ و ..لیستی بیست سانتیم پان و حەوت سانتیم درێژم خستە ناو پانتۆڵی کاوبۆکەم کە به پشت دەرگاکەدا وەک کەوڵی ڕێویی هەڵواسرا بوو ، جا بیرم کردەوە ئەم جۆرە لاپەڕەیەم لە کوێ کڕیوە ؟ هەرچەندم کرد بیرم نەکەوتەوە ..
چوومه بەردەم ئاوێنەکە ، تەماشایەکی خۆمم کرد ، پیاح چەند ناشیرینم ..پێستێکی تاریک ، پەڵەی سوور لەملاولاوە ، زبرییەک وەک ئەو شەقامانەی پارێزگاری نوێ ئەیڕنین و هەتا بڕیاردان لەسەر بودجەی ساڵی نوێ بەجێی ئەهێشتن ..تەماشایەکی ڕیشی نیو ملیمیی ماش و برنجی خۆمم کرد ، بیتاشم یان نەیتاشم ؟ بڕیارم بۆ نەدرا .. بیرم کردەوە ، جاران بە چ عەقڵێکەوە هەوڵی یەکبینەی دڵداریم دابوو ؟ ئاخر گەنەڵە ی بستە باڵای وورگ ئاوساوی بێ ملی پێست مارمێلکەی دەنگ قۆڕە قۆڕ ، کچ حەز له چ شوێنێکت بکا ؟ ئەڵێی هامەریت و درۆن لێی داوی ..
ئاتە که گوێی له هاواری خۆم ڕۆ بوو ، به پەلە میزەڵییەکەی کرده شانی و بەرەو لای هێلانەکە هەیپێی لێکرد ، سەنگەری گرت ، شکی نەما دوژمنەکانیان فرسەتیان لێهێناوه و تلاندوویانەتەوە ، بۆنی بارووتی نەکرد ، جا کە تەماشای دوو دڵۆپ خوێنی خوار دۆخینی کرد که بە شەڕواڵه سپیەکەیەوە دیار بوون ، ووتی بە کەلامی خوا کوڵەوەیباب گەستوویەتی !
ــکچێ کوڵەوەیبابی چی ؟ دەملار .. بتڵه غاز قنگی دڕیم ..ئەمه چ سەگبابێ ئەم غازەی ئەئاوا داناوە ؟
دوو هێلکەیان به سەروچاویدا شکابوون ، دانەیەکیان به سڵامەتیی به دەستی چەپیەوە بوو ، له حاڵێکدا سەر و پۆتەڵاکی له هەوێرێک ئەچوو ، کارەبای بە سەردا کوژابێتەوە و ئامێری هەویرکارییەکە له گەڕ وەستابێ .
ـــ بەردت لێ وارێ ، ئەوە بۆ ئەوەنە جرپنی ؟ غازم لاونیو داناوە ، خاڵیی بوو ، خستمە ناو تەشتێ سەهۆڵ ، ساوەرێکی پی هەڵکوڵێنم ..
من بە بێ تەراش و شانەکردن لە ماڵ دەرچووم ، تەماشای ئوتومبیلەکەم کرد ، خۆڵ دایپۆشیوە ، تومەز خۆڵبارینە ، هەر خێرا لووتم چوزایەوە ،پاودەری گڵە سوور بەری خۆری گرتبوو ، ئەتووت هەندێ فیلمی هیندییە کە خۆڵەپەتانێ ئەکەن و گۆرانی خۆش خۆش ئەڵێن .. بە خێرایی چومە ناو ئوتومبیلەکەم ، جامەکانم باش قەپات نەکردبوو ، داشبۆرد و ستێرنەکە ئەتووت بە تایبەت خۆڵە سوورت لێ پرژاندوون ، هەر لە خۆمەوە حەزم کرد لەسەر خۆڵی داشبۆردەکە هەندێ پیت و وشە بنووسم بە یادی جاران کە خۆشنووس بووم ، (مامۆستا سەید موحسین ، مامۆستای خۆشنووسیی …. ) ، گوێم له دەنگی خێزانم بوو ئەیووت هێشتا لەناو سەیارەکەدایت ؟ بە تەمای کەی بڕۆی ؟وا نیوەڕۆیە ..
ئاتە بۆنی بارووتی نەکرد ،بەڵام هاوسەری دەمەونخون لێی کەوتبوو ، یەک تاک هێلکەی بە دەستەوە بوو ، دوو هێلکە بەسەر و ڕیشیدا تەقی بوون ، سەر و کەللەی لەو هەویرانە ئەچوون کە لە نیوەی شێلاندا کارەبا بڕاوە و ئامێری هەویرەکه لە کارکردن وەستاوە ..
ووتی کچێ فیشەکی چی ؟ ئەو بتڵە غازە چ سەگبابێ لەویا دایناوە ؟ قنگی دڕیم ، بەردت لێ وارێ ..
ئاتە به بێ خواستی خۆی قاقایەکی لێ دا کە زیاتر له قوقەی کەڵەشێرێکی نەخۆش ئەچوو ، پێی ووت دۆخینت بپسێنه بزانم زامەکەت قوڵە یان پێست داماڵکانە ؟
ووتی کچێ دۆخینی چی ؟ لاچۆ ..هاوار بە ماڵم .. هەر ئەوە مابوو مریشکە بێخێرەکانت بە دەنووک یەکاڵام کەنەوە ..
من سلفم لێدا و یەکڕاست پێم لە سکلێتەر نا ، ئوتومبیل چەند مەترێ ڕۆیشت و کەوتە خوتە و بۆڵە ..ئێ خۆ ڕاستە دەمەو بەهارە بەڵام کەش و هەوا هێشتا ساردە ، بە بێ گەرمکردن ئوتومبیل چۆن ئەڕوا ؟ حەماوە لە خوار سفرەوەیە . . ناچار لەبەردەم ماڵی سەعیدی سێموچە بەجارێ ، ئوتومبیلەکەم ڕاوەستاند و دام بە بۆش .. نزیکەی پێنج خولەک ڕاوەستام ، لەو ماوەیەدا تەماشای ڤایبەر و مەسنجەری مۆبایلەکەم کرد .. ئەو نامانەی بۆیان ناردبووم ، هەموویان نوکتە بوون .. نوکتەی بێ تام ، مانگایەک ڕایئەکرد بە دوای پشیلەیەکا .. پیاوێک سەر و ڕیش و برۆی خۆی تاشی بوو ، نوسیبووی وایش هەر قۆزم ..دوو پاسکیلسوار ، پیتزایەکیان پێ بوو ، لێی نووسرا بوو ، دەبڵ نەبوو ، پارەکەی مەدە .. کچێ بە دەنگێکی ناخۆش گۆرانی با بچینە سەر وەیسی ئەووت ..
ئەو بە کاوەخۆ هەستایەوە ، دوو دڵۆپ خوێن لە شەڕواڵە سپیەکەیەوە دیار بوون ، ئەتووت بۆرە مار گەستوویەتی ..لە داخا ئەو هێلکەیەی کە بە دەستیەوە بوو ، هەتا هێزی تیایە ماڵی بەسەری ئاتەدا .. ئاتە کە لینجاوی هێلکە بە ڕوخساریا هاتە خوارەوە ، دەهری بوو ، کوڵە گسکێک هات بە دەستیەوە ،تا هێزی تیا بوو تێی گرت ، بەری نەکەوت .. ناچار گرماندی : ئەک کرمەڕێز بی ، شێتە شەش تڕ ، ئەو هێلکەیەت بۆ پیا ماڵیم ؟ خێری هێلکەیەکت نییە ، وەڵا .. تڕکەنی دەغەزاری بۆگەن ..!
وویستم پێی لێ نێم ، سەعیدی سێموچە بەجارێ ،دەرگای ماڵی ترازاند ، سڵاوێکی گەرمی لێکردم ، منیش سڵاوم سەندەوە ..سەعیدی سێموچە بەجارێ ، وەک ئەوەی تەکسی ڕاگرتبێ ، دەرگای سەکنی کردەوە و لە تەنیشتما دانیشت ..کۆکەیەکی بۆ کرد و ووتی ببوورە تۆزێ تاخیریش بووم ! ..منیش نەدەکرا هیچ بڵێم ، دراوسێیە ..هەندێ دراوسێ وەک گونی قۆڕ وان ، بیانبڕی هەر وەی ، نەیانبڕی هەر وەی ..
ووتم : نا نا ڕێک لە کاتی خۆیدا هاتی ..
پێم بە سکلێتەرا نا سەیارە وەک کێچ دەرپەڕی .. سەعیدی سێموچە بەجارێ ووتی : ئەمە مەکینەی چەندە ؟
ووتم : بیست و تۆربۆیە ..
قڕقێنەیەکی ناخۆشی دا بۆنی پیاز و کەوەری دوێنی شەو هات بەسەرما ،
ووتی : خوا لێت نەسێنێ ..
من وامزانی مناڵەکانم ئەڵێ ، ووتم لەگەڵ مناڵەکانی تۆیشا !
ئەو نەیزانی چی بە ئاتە بڵێ ، یان ڕاستتر نەیدەزانی کاردانەوەی ئاتە وا خێرا و دەمارگیرانەیە ، هەر بۆیه بایدایەوە و ووتی : کچێ خواقەزا ، سوعبەتم لەگەڵدا کردیت ، بۆ ئەوەی چاو کارت تێ نەکا ئەو هێلکەیەم پیا کێشای ، خەڵک لاندکروزەر ئەکڕن پێش هەموو شتێ دوو سێ هێلکەی پیا ئەکێشن لەبەر چاو و نفوس ..
ئاتە لەو کاتەدا کە زەردێنەی هێلکەکە ئەڕژایە ناو سوخمەکەیەوە ووتی : شەرت بێ بە کوێخا مارفی برام بڵێم سوارت بێ ! ، وا ئەزانی بێکەسم ؟ وەرە زەلام هاتووم قنگی بۆ عیلاج کەم ، هێلکە بارانم بکا ..
ئەو هەرچۆنێ بێ ئاتەی ڕازی کرد کوێخا مارفی برای تێ نەگەیەنێ ، وەعدی کراسێکی ئاودامان شینی پێدا ..جا لە پڕێکا بیری کردەوە کە ئەبێ بچێ بۆ سلێمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا ، کۆبوونەوەیان هەیە لەسەر گاداری و بیری ئیرتیوازی و ئەو زەوییانەی ئەکەونە ڕاستە شەقامەکە ، نابێ کشتیاری تیا بکرێ ، دەسەڵات بە نیازه بیانکا به تاوەر و مۆڵ و پڕۆژەی بازرگانی و ناوچەکە ببوژێنێتەوە ..
هەر ئەوەنەی بڵێی یەک دوو ، ڕاپەڕی و دەستێ جلی قۆپچەی قاوەیی میلداری هەبوو ، پۆشی .. ئەتووت ئەو کەفەڵە بەوەوە نەبووە کە نوکی بتڵی غازی ژەنگاوی، سمی بووی ..
پیکابی بابەهانی بە گەڕ خست و وەک تێسکەی تفەنگ ، ڕووە و سلێمانی تێی تەقاند ..تۆز و خۆڵی برد بە ئاسمانا ..
لە کاتی ئوتومبیل ئاژۆتنا ، تەماشایەکی سەعیدی سێ موچە بەجارێم کرد ، هەستم کرد لاجانگەکانی تەرازوو نین ، لا جانگی لای چەپی هەتا خوار نەرمانی گوێچکەی هاتبوو ، کەچی ئەوەی لای ڕاستی ،لە ئاستی هایلێکسەکەدا قەل کرا بوو ..
پێم ووت : کاک سەعید ئیش و کار چۆنە ؟
ووتی : موچە دابەشکرێ باشە ، دابەش نەکرێ ، به قوڕ گیراوە ..!
ئەم سەعید سێ موچە بەجارێیە ، خۆی موچە خۆر نەبوو ، ئیشی جوملەی گوێنی و گوریس و بەنی ئەکرد ، جارێکیان پەیامنێری کەناڵێک به گیری ئەهێنێ و جۆرەها پرسیاری سەیر و سەمەرەی لێ ئەکا ، یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە : ئایا بە ڕای تۆ ئەم حوکمەتە چۆن لەگەڵ خەڵک ئاشت ئەبێتەوە ؟
سەعیدی گوێنیفرۆش سەر و حەج وتبووی : ئەم حوکمەتە هەتا سێ موچە بەجارێ دابەش نەکا ، خەڵک خۆشی ناوێ !

پەیامنێرەکەیش لە پڕ بینەرترین تیڤیدا ئەم ڕایەی سەعیدی گوێنیفروش بڵاو دەکاتەوە و لە جیاتی بڵێ بەڕای کاک سەعید ئەبێ حوکمەت سێ موچە بە جارێ دابەش بکا ، جا ئەتوانێ میللەت ئاشت بکاتەوە ، ئەڵێ : بەڕای کاک سەعید سێ موچە بەجارێ دابەش بکا ، جا ئەتوانێ خەڵک ئاشت بکاتەوە .. ووشەی ( ئەبێ حوکمەت )ی لە نێوان سەعید و سێ موچە بەجارێکدای لە بیر چوو بوو بیڵێ ، بەو جۆرە ، سەعید ، نازناوی سێ موچە بەجارێی بەسەردا دابڕا ..خێزانی پێی وتبوو بە ڕای من (سێ موچە بەجارێ ) لە ( گوێنیفرۆش ) خۆشترە ..
ــقەزیه خۆشی و ناخۆشی نییە ، قەزیەکە ئەوەیە بە بێ ئەوەی لە ژیانما دینارێ موچەم وەرگرتبێ ، ئەم سێ موچەیەم پێوە چەلب کرا ..
ئەو بە بابەهانەکەوە خۆی کرد بە سلێمانیدا ، ژمارەکەی علوج بوو ، ترسی لە کامێرای تیژ ڕەوی و شت نەبوو ..
من لە شەقامی مەولەوی سەعیدی سێ موچه بەجارێم دابەزاند ..
ئەو گەیشتە تێرمیناڵی شارەزوور ..لەوێ بۆنی کەبابخانەیەک هات بەسەریدا ، بەرگری پێ نەکرا ، لە گوێ شەقامێکا بابەهانی پارک کرد و خۆی کرد بە کەبابخانەکەدا ..
من ئوتومبیلەکەم لای مزگەوتی کانێسکان پارک کرد و به پیادە چوومە مارکێتێک کە زۆربەی کەل و پەلەکانی ناو لیستی لاپەڕەی حەوت سانتیم پان ، بیست سانتیم درێژی لێ بوو ..
ئەو ، دوای دوو شیش کەباب و شیشێک گورچیله و دوو شیش جگەر ، چایەکی ئەبوو هێلی هەڵدا و سویچەکەی کردەوە بە بابەهانەکەدا .
من چوومەوە ناو ئوتومبیلەکەم ، چێکێکی لیستەکە و کەل و پەلەکەم کرد ، تەنها لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 م دەست نەکەوتبوو ..چوومە سایدی ئەو بەر ، بەرەو گەڕەکی ئاشتی ڕۆیشتم .
ئەو بابەهانەکەی به سابونکەرانا ، غل کردەوە ..
من گەیشتمە لای فولکەی میوەفرۆشان .
ئەو شەقامی مەولەوی بڕی ، له کۆتایی شەقامەکەدا ، پۆلیسێکی هاتوچۆ ڕایگرت ، ووتی : ساڵانە و مۆڵەتەکەت ؟
ــ پێشمەرگەی دێرینم ..
ــ کەرکوکتان جوانە ، حەسەن پلایس گاڵەی پێکردن دابەزە ..
ئەو دەهری بوو ، دابەزین و یەخەی پۆلیسگرتنەکەی پێکەوە بوون ، وەک شۆڕەبی ئەیهێنا و ئەیبرد ، شڵەقاندی ، دەستی برد چەکی کرد ، دەمانچەیەکی تۆپڵی دەسک عاجی بەلاقەدەوە بوو .. کۆمەڵێ گەنج کە هەموویان ئینزیلاقیان هەبوو ، بە شەلەشەل گەیشتنە سەریان ، بۆ ناوبژی نا ، تەنها بۆ تەماشاکردنی ئەو شەڕە خۆشە …پۆلیسەکە ئەیویست شتێ بڵێ ، نەیئەتوانی ، وەک ئەوەی گوێزێکی شیلیی لە قوڕگیدا گیری خواردبێ ..ئەو ووتی : سوپاسی خوا بکە کە کۆبوونەوەی ئەرز و ئاوم لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە ، ئەگینا وازم لێ نەدەهێنای ، ویستی دەمانچە تۆپڵییەکە بکا بە لاقەدی خۆیدا ، پەشیمان بۆوە ، پێش ئەوەی بیداتەوە ، شانەکەی ترازاند ، تا فیشەکەکانی دەربێنێ ، نەبادا فرسەتی لێ بێنێ و لە بابەهانەکەدا بیکوژێ ..تەماشا ئەکا فیشەکی تیا نییە ، سەیرێکی کرد و ..بە بزەیەکەوە ووتی :
ــ فیشەکیشت پێ نییە تڕە ..
پۆلیسەکە ویستی بڵێ دوێنێ شەو لە یادی ئازاد کردنی مەعەسکەر خالیدا ، تەقاندمن ..
بەڵام گوێزە شیلییەکەی قوڕگی نەیهێشت ..
من گەیشتمە چوار ڕێیانی ئەمنە سوورەکە ، لەوێ لە فرۆشگایەک ڕاوەستام ، لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 ی نەبوو ، ووتی بڕۆ بۆ دارە سووتاوەکە ..
ئەو بە گەڕەکی عەقاریدا هاتە خوار
من گەیشتمە ئاستی باڵەخانەی یو ئێنی کۆن .
ئەو بە ڕاستە شەقامەکەی یوئێن دا وەک بروسکە تل بۆوە
من وویستم یو تێرن بکەم
ئەو بواری نەدام و لە چەمەلەغی پشت سەکنی دام ، ئوتومبیلەکەم خولایەوە ..
کە دابەزیم ، ئەبینم ئەو بە تالیبەرێکەوە خەریکە بەرەو ڕووم دێت ..
منیش بە پەلە ناو ئوتومبیلەکەم گەڕام ، تەنها پاکەتێ کلێنکسم دۆزییەوە .
ئەو تالیبەرەکەی بەرز کردەوە بیکێشێ بە تەپڵی سەرمدا ، منیش پاکەتە کلێنکسەکەم ئاڕاستەی وورگی ئەکرد ..
لە ناکاو ووتی : شامیل !
سەرنجێکم دا ، ئاوێکی سارد کرا بە گیانما ، ئۆی خۆ ئەمە عوزێرە !
تالیبەرەکەی فڕێ دا ، زرنگەی تالیبەرەکە کە بەر زەوی کەوت ، شکی ئەوەی لە لا نەهێشتم کە بە یەک لێدان ، کۆتاییم پێ هاتبوو ..
باوەشی پیاکردم :
ــ شامیل گیان ! خەجاڵەتم .. ئەوە تۆ لە کوێی ئازیزم ؟ چەند ساڵە بۆچی وونی ؟
سی و شەش ساڵ پێش ئەو بەرواره عوزێرم لە کاتی خزمەتی سەربازیدا ناسی ..ئەو کاتەیش هەر وا شێتۆکە بوو ، وەک تیر دەردەچوو ..بەردەوام لە کۆتایی ڕێڕەو و دەرگاکاندا تامپۆنی لەگەڵ عەرەبەکاندا ئەکرد ، لە حاڵێکدا ناوچاوی عەرەبەکانی شین ئەکردەوە و (ئەیا با ..و ئەیا وێلی ) لە عەرەبەکان بەرز ئەبۆوە ، کەچی عوزێر بە شەق و مستەکۆڵە بەرئەبووە گیانیان و پێی ئەووتن : چاوتان نییە ؟ سەگباب ..گوێرەکەن ؟؟
ئەرەوەڵڵا به ناوی عوزێرا بیرم کەوتەوە ، ئەو کاغەزە حەوت سانتیمیە هی ئامێرێکی ئەمەریکی بوو ، فەرمانگەکەمان کڕیبووی ، پرنتەرەکەی ئەو جۆرە کاغەزەی بۆ دەبوو ، پڕ یەک لۆری لەو کاغەزەی لەگەڵدا هاتبوو ، ئامێرەکە یەک هەفتە ئیشی کرد و سووتا ، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەیدەزانی چی لە پڕ یەک لۆری تۆپە کاغەز بکا ، هەر فەرمانبەرێ پڕ دوو گوێنی تۆپە کاغەزی حەوت سانتیمی دایە ..ناوی ئامێرەکە بە ( عوز ) دەستی پێدەکرد ، ناوەکەی ناڵێم نەک بەڕێوەبەری کارگێڕیمان تووشی لێپرسینەوە ببێ .
ئاخر توخوا ئەمەیش بوو بە چیرۆک ؟؟

Previous
Next
Kurdish