سەعاتێکی بێدەنگ.. شیعری نەوزاد بەندی
مانەوەم لێره،
وەک کەوتنە خوارەوەی قەڵەمێک بوو ، بۆ پشت کەوانتەرەکە ..
- + +
بە تەنیشت ڕۆژەکاندا،
ژیانم بەسەر برد ..
تۆ بڵێی خوا محاسەبەم بکا ؟
- + +
منداڵیی زۆربەمان،
بە ڕیش و سمێڵەوەیە..
باوکی زۆرینەمان،
باڵاندۆری هەبوو،
لە شەق تێهەڵدانمان..
- + +
عەسرێکی باراناویی،
هەستمکرد هەناسه ساردم..
ئەو لەرزەی چووە دڵمەوە،
بە پەنجا ساڵ نەهاتە دەر ..
ئێرە جێگای ڕیسایکلینی شاعیر و هونەرمەندانە ..
- + +
کە تۆ به ئوتومبیلەکەت تێپەڕیت،
من لەسەر تەنەکەی خۆڵەکە دانیشتبووم ..
کە سەدام ڕوخا و ئوتومبیلێکی علوجم کڕی،
تۆ لە هۆڵندا، لە بازاڕی گوڵ بووی..
- + +
هەموو شەوێ،
کەناڵی بازرگانە موڕتاحەکان،
نێرینەکان ئەخەسێننەوە و
مێینەکان لاقە ئەکەنەوە ..
- + +
نازانم ئەو خەڵکە بە دیار چییەوە دانیشتوون ؟
وەک ئاردە داری دارتاشخانە،
لە بەر پێی چەند عەیبدارێکا،
کەڵەکە بوون ..
- + +
جاران لە دژی نادادیی،
کورد ئەچوونە شاخ ..
ئێستا لە دژی نادادیی،
کورد ئەڕۆن بۆ عەمرە ..
- + +
تەمەن تەواو ئەبێ و
هێشتا
لە فرۆشگایەکی دەستی دوو
ڕێکەوتم نەکردی ..
ووڵات پڕ بووە لە لەگزس و عەرەبانە ..
- + +
تێرمیناڵێکی خۆڵاویی ..
کۆمەڵێ گەشتیاری بێتاقەت ..
هەندێکیان
بۆ کەبابخواردن هاتوون و .
هەندێکیان بۆ کەباب فرۆشتن ..
هەندێکیان بۆ دۆلار دیار نەمان ..
هەندێکیان بۆ قەل خواردن ڕۆشتن ..
- + +
زەوی ڕوکن بۆیه گرانە،
لە دراوسێیەک قوتارت ئەکا ..
- + +
ئەو خەڵکە چەند حەزیان له دابڕانە،
دوو ئەوەندە حەزیان لە قەڵەباڵغییە ..
- + +
ژیان ئەوەندە بێ قیمەت بووە،
لەوە ئەچێ دنیا
تەنها دۆناڵد تڕەمپی تیا بژی.
- + +
تازه ناتوانم پیاسه بکەم ..
بە شیعر شەقامێکت بۆ ئەنێرم ..
لەگەڵ کۆمەڵێ هەنگاو ..
بۆ خۆت شتێکیان لێ دروستکە ..
- + +
ژیان تارماییە ،
هەر بۆیە جوانترین شت،
ئەو شتانەن کە دەستمان نەکەوتوون ..
ئازیزترین کەس ئەوانەن
قەت هەنگاوێکمان لەگەڵدا نەناون ..
قەت نانێکمان لەگەڵدا نەخواردوون ..
