وێناکردنی جیهان لای سڵاڤۆمیر مرۆژێک و یۆژین یۆنێسكۆ.. زاهیر عەبەڕەش
مرۆژک و یۆنسکۆ دوو نوسەرن سەر بە ڕیبازی ئەبسوردن، ئامانج ئەوەیە چۆن دەتوانین بەراوردی هەردوو نووسەر بکەین کە چۆن هەست بە جیهان دەکەن، چۆن مەرگ لە شانۆنامەکانیان ڕەنگ دەدەنەوە؟ چونکێ بیرۆکەی مردن کە بە ڕوونی لە شانۆنامەکانی هەردوو نووسەردا ئامادەیە. بە بەڵگەهێنانەوەی هەندێک لە بەرهەمەکانیان تیشک دەخەمە سەر جیاوازی و لێکچوونە سەرەکییەکان کە چۆن گرنگی بە مەرگ تەوەرە سەرەکییەکان دەدەن؟
شانۆی پوچگەرایی (ئەبسورد)، زاراوەیەکە کە لەلایەن مارتن ئێسلینەوە خراوەتە ناو تیۆری ئەدەبیەوە، شانۆیەکە، لە ڕێگەی وازهێنانی لە ئامرازە عەقڵانییەکانەوە هەوڵدەدات بێمانایی بوونی مرۆڤ پیشان بدا، چونکە ئیمە هەمیشە و هەردەم ناتوانین بەشێوەیەکی عەقڵانی لە ژیان تێبگەین، دەربڕینێکە بۆ ناتەواوی دۆخی عەقڵ . لە دامەزرێنەرانیدا نووسەرانی وەک یوجین ئیۆنێسکۆ، ساموێل بێکێت و ئارسەر ئادامۆڤ هەن، کە بەناوبانگن بە وێناکردنی بێمانایی و تێنەگەیشتنی جیهان. لە ڕاستیدا ئەم نووسەرانە کە پێشەنگن و شتی هاوبەشیان هەیە وەک: پچڕانێک لەگەڵ شانۆی نەریتی، کە کۆتایی شانۆنامەکە و چارەسەرکردنی هەموو ململانێکان لە یەک خاڵدا کۆدەبنەوە. شانۆنامەکانیان واز لە کۆتاییە پێشبینیکراوەکان دەهێنن و هەموو یاساکان پشتگوێ دەخەن، خوێنەران و بینەران سەریان لێ دەشێوێ و ناتوانن پێشبینی گەشەسەندنی پڵۆت، دیمەنەکان و ڕوداوەکان بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شانۆی ئەبسورد مرۆڤێکی ونبوو و بێدەسەڵات لە ململانێیەکی هەمیشەیی و بێمانادا لەگەڵ چارەنووسیاندا نیشان دەدات. ئەم بەرهەمانە بارودۆخی مرۆڤ لە بێمانایی خۆیدا بەجێدەهێڵن و خۆیان لەو پرسیارە چارەنووسسازە بەدوور دەگرن: ئایا لە بنەڕەتدا بێمانایە یان نا؟ دەمەوێت بەراوردکردنی شانۆی یوجین ئیۆنێسکۆ لەگەڵ شانۆی سلاڤۆمیر مرۆژێک بکەم. بە تایبەتی دەمەوێت تیشک بخەمە سەر جیاوازییە ڕوونەکانی جیهانبینی لە نێوان شانۆنامەکانی ئەم دوو نووسەرە، هەروەها ئەو بیرۆکە هاوبەشانەی کە لە بەرهەمەکانیاندا دەبینرێن.
دوای خوێندنەوەی وردی شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دەتوانرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دڵەڕاوکێ یان ترسێکی دیاریکراو تایبەتمەندییەکی دیاری شانۆنامەکانی ئیۆنسکۆیە. سەرچاوەی شانۆی ئیۆنێسکۆ لە ئازارەکانی مرۆڤدایە کە بەردەوام بیر لە مردن دەکاتەوە و لە بوونی فانی خۆی یاخی دەبێت، لە هەمان کاتدا درک بەوە دەکات کە بەرخۆدانەکەیان بێهودەیە، چونکە تەنها بە شکست کۆتایی دێت. تاڕادەیەک لە هەموو شانۆنامەیەکدا خوێنەر لەگەڵ تەوەری مردن و بێمانایی ژیان و بێهودەیی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە چارەنووسی خۆی دەجەنگێت. پێدەچێت ئیۆنێسکۆ باسی ئەم تەوەرانەی کردبێت چونکە “نیهیلیزم، یاخیبوون و نەفرەتەکان هەموو ئامرازەکانی ئەون بۆ پێناسەکردنی خۆی، بۆ ئازادکردنی هەموو تارماییەکانی ناوەوەی خۆی . بۆ تێگەیشتنی زیاتر چاکە ئەگەر پەراوێزەکان بخوێنرێتەوە هاوکارێکی باشە بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی چەمکەکان.
جهیانبینی لە شانۆنامەکانی یۆژین ئیۆنسکۆدا:
وەک نموونەیەک لەم وەسوەسەیە بۆ مەرگ وخاڵی لە بوون (١)”بۆشایی ئۆنتۆلۆژی”، شانۆنامەی کورسی(٢) شەن و کەو دەکەین، کە تیایدا ئیۆنێسکۆ باس لە مانای گومان بۆ ژیان و بێمانایی ژیان دەکات. ڕوداوەکانی ئەم شانۆنامەیە، لە دوورگەیەکی دابڕاودا ڕوودەدات کە پیرەژنێک و پیرەمێردێکی ساڵانێکی زۆرەپێکەوە دەژین. پیاوە پیرەکە پێی وایە پەیامێکی چارەنووسسازی بۆ جیهان هەیە، وتارەکەش سەبارەت بە کرۆکی ژیانە بەڵام خۆی ناتوانێت بە ڕوونی دەریببڕێت، چونکە ئەو بەهرەیەی نییە، بۆیە بانگهێشتی وتاردەرێکیان کردووە بۆ ئەوەی پەیامەکەی بۆ بگەیەنێت. سەرەتا کۆمەڵێک چیرۆکی جیاواز دەگێرنەوە، کە ڕەنگە هەندێکی دروستکراوی مێشکی خۆیان یان ڕاستی بن، باس لە تەوەری جۆراوجۆر دەکەن، کە دەشێت ڕەنگدانەوەی ژیانیان بێت بە خەم و خۆشییەکانیەوە بە واتایەکی تر جەوهەری ژیانیانە.
لە پەرەسەندنی دیمەنەکان کۆمەڵێکی زۆر میوان بانگ دەکەن، میوانەکان دەست دەکەن بە گەیشتن بەڵام هیچ لە میوانەکان نابینرێن. ئەوان لەگەڵ میوانەکان باس لە ژیانیان دەکەن و ئەو وتارە گەورە و گرنگەی کە بەم زووانە دەیبیستن، ژن و مێردەکە زیاتر و زیاتر کورسییان بۆ ئەم میوانە خەیاڵیەکان دەهێنن، تا سەر شانۆکە تەواو بە تەواوی پڕ دەبێت لە کورسی.
پیرە پیاو بۆ میوانە قەدرگرانە نەبینراوەکان و بۆئیمراتۆری نەبینراو دەڵێت هاوڕێی ئازیزم، گرنگی بەڕەنگدانەوەی بیر و مێشکم بۆ نەوەکانی دوای خۆم بەجێدەهێڵم، ئەوان فەلسەفەکەم بۆ جیهان ئاشکرا دەکەن. لە کۆتاییدا وتاربێژی ڕاستەقینە دەگاتە شوێنی خۆی، بەڵام ڵاڵەو توانی قسەکردنی نییە توانای پەیوەندیکردنێکی ماناداری نییە. لە کۆتایدا باوەڕبوون بەوەی کە چیرۆکەکەیان دەگێڕدرێتەوە ژن و پیاوەکە هەردووکیان خۆیان لە پەنجەرەکانەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە بۆ ناو ئاوەکەوە.
لە بەرامبەر مردندا، هەردووکیان هەمان ئاواتیان هەیە، بە ئاگایی بێت یان نا، ئەوان دەڵێن کە ئەوان نەمرن بەڵام بەبێ ئاسەوار، باوەڕیان وایە دوای ڕۆشتنیان شتێک بەجێ دەهێڵن ئەوان دڵنیا بوون لەوەی مردنەکانیان بێهودە نەبوو، قەناعەتیان هەبوو کە وتاربێژ ئەرکەکەی ئەوان بەجێدەهێنێت. وتارە گرنگەکەی ئەوان لە بارەی ژیانەوە بەو خەڵکە دەڵێت.
بەدرێژای شانۆنامەکە کۆمەڵێک میوان دێن بەڵام هیچیان لە لایەن بینەرانەوە نابینرێن تەنها زادە خەیاڵی پیرەمێرد و پیرەژنەکەن، هەرچەندە کورسی زۆر دادەنرێت بۆ میوانەکان، بەڵام کەسێکی ڕاستەقینە نییە لەسەریان دانیشێت. دانانی ئەو هەموو کورسیە گرۆتێسکە، شتێکی بێمانایە بە شێوەیەکی کۆمیدی زیادەڕەوی دەکرێت کاتێک شانۆکە پڕ دەکرێت لە کورسی بەتاڵ بۆ ئەو کەسانەی کە بوونیان نییە. ئیۆنسکۆ دەنووسێت: تا کورسیەکان زۆر تر بن بەتاڵی زۆرتر دەبێت، تا کورسیەکان زیاتر پانتایی داگیر بکەن لەسەر شانۆکە مەسافەی هیچ و نەبوون زۆرتر دەبێت. لە ڕێگەی زۆربوونی کورسییەکانەوە، ئامادەنەبوون درێژ دەکرێتەوە، تەواوی فەزای شانۆ کە نوێنەرایەتی تەواوی فەزای جیهانە.
دەکرێت تەوەری دەقەکە پەیامی دوو کەسی پیر نەبێت بۆ مرۆڤایەتی کە هیچیان نەکردووە لە ژیانیاندا، پەژارەی ناخیان نەبێت، بەڵکو پەیامێکی دی بێت کە هەستی پێ بکەن بزر بوونی خەڵک، ئیمپراتۆر، خواوەند و حەقیقەت بێت، ئاماژەی بەتاڵییەکی موتڵەق و بۆشایی ئۆنتۆلۆژی بێت.
دەشێت ئەم میوانانە هێمای تەنیایی و بێمانایی ژیان بێت بۆ پوچی پەیوەندییە مرۆییەکان، بۆ هەوڵی پوچی مرۆڤ بۆ گرنگی بوون و گوێ لێگرتن ودروستکردنی خەیاڵ بۆ هەڵهاتن لە ڕاستی. بەڵام خەونەکەی ئەوان و وتارە خەیاڵیەکەی لەبەردەم میوانانێکی نەبینراودایە و ناراستەقینەن، بۆیە چاوەڕوانییەکانی پیرەمێردەکە بەدی نایەت.
کۆتایی شانۆنامەکە نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چۆن کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە مردن، بەرامبەر بەم هێزە کوشندەیە کە ئاگادارێتی بەڵام ناتوانێت خۆی لەگەڵدا ئاشت بکاتەوە. مرۆڤ ناتوانێت خەیاڵ بکات کە نەبوونی لەم جیهانەدا مانای چییە و لە بەرامبەردا غروری بڕیاردەدات کە دەبێت شتێک لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت، بۆ ئەوەی بێهودە نەمێنێت.
شانۆنامەی کورسی ئاماژەی ئەوە دەکات کە چۆن هەموومان لە نێوان سنووری ئەزموونەکانماندا قفڵ کراوین، وەک ئەوەی لە شکستدا بین و هەموو کردارێکمان بە بەنزینی مەکینەی گاڵتەجاڕی هەڵدەسوڕێت و بە بێهودەیی کۆتایی دێت، تێکەڵەیەکی سەرلێشێواوانەی کارەسات و کۆمیدیە. چۆن زمان هەندێک جار شکست دەهێنێت لە گەیاندنی مانای ڕاستەقینە.
یەکێکی دی لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ بە ناوی (جاک یان ملکەچ کردن) (Jacques ou la soumission ) (٣)
جاک یان ملکەچکردن شانۆنامەیەکی ئەبسوردە کە لە ساڵی ١٩٥٥ ئیوجین ئیۆنێسکۆ نووسیویەتی، شانۆنامەکە باس لە جاک دەکات کە گەنجێکە کە ڕەتیدەکاتەوە شوێن داواکاری و نەریتی بنەماڵەکەی بکەوێت. خێزانەکەی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن هاوسەرگیری بکات و وەک هەموو کەسێک ڕەفتار بکات. ئەوان دەیانەوێت ملکەچی یاساکانی کۆمەڵگا بێت و درێژە بە شێوازی ژیانی خێزان بدات. ئەو ژنەی کە خێزانی جاک دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ جاک بکات ناوی ڕۆبێرتا ـــ یە ، ئەم کچە کەساییەتیەکی نامۆیە، لە ڕووخسار و هەڵسوکەوتدا وەک کەسێکی واقیعی ئاسایی سەیر ناکرێت – ئیۆنێسکۆ دەیکاتە شتێکی بێمانا و نزیکە لە گرۆتێسک بۆ ئەوەی نیشان بدات کە داواکارییەکانی کۆمەڵگا چەندە دەتوانن سەیر و گرۆتێسک و بێمانا و دەستکرد بن، ڕۆبێرتا کچێکی بێدەنگ و نامۆ، هەلسوکەوتێکی نامۆی میکانیکی هەیە، زیاتر لە هێمایەک دەچێت نەک مرۆڤێکی ڕاستەقینە، لە ڕوخساریشدا سێ لوتی هەیە.
سەرەتا جاک بەرهەڵستی دەکات پاشان، خێزانەکە فشارێکی زۆری لەسەر دروست دەکەن، دایکی دەگری، باوکی توڕە دەبێت، خزمەکانی هەوڵی ڕازیکردنی دەدەن، ناوی دەزڕێنن هەموو شتێک دەکەن تا جاک ڕازی دەکەن هاوسەرگیرییەکە بکات
لەم دەقەدا بە بەکارهێنانی ناوی یەکسان بۆ کارەکتەرەکان و بە بەستنی دەمامک، یەکپارچەیی و یەکسانیی کۆمەڵگا ڕا دەگەیەنێت، مرۆڤەکان کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دەشارنەوە، چونکە لە کۆمەڵگادا مرۆڤ دەبێت ڕۆڵێک بگرێتە ئەستۆ، ئەو ڕۆڵەش تەنها گویڕایەڵیە بۆ گروپ، واتە دەمامک دابنێت. لە نێو هەموو کارەکتەرەکاندا جاک لە شانۆنامەکەدا تاکە کەسە کە دەمامک ناپۆشێت، لەم دەقەدا پاڵەوان ناوی جاکە یان وینی پوو، چونکە بە تەنیا کەسایەتی و تاکایەتی خۆی (بۆ ساتێک) دەپارێزێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خێزانەکەی ناتوانن وەریبگرن، ناتوانن لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ڕێکبکەون کە کوڕەکەیان دەیەوێت جیاواز بێت. سەرەتا خێزانەکە بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ڕازیکردنی جاک دەدەن کە ئەو کەسە بخوازێت کە خیزانەکەیان بۆی دیاری دەکەن، پەنا دەبەنە بەر تۆمەت و چەندان فێڵ، جاک هەست بە گۆشەگیری دەکات، هەست دەکات هیج کەسایەتیەکی نەماوە، لە دوا جاردا دەڵێت حەزم لە پەتاتەیە بە تامی گۆشتی بەراز، هەڵبەت بۆ هەر زمانێک وەربگێڕدرێت بە ئیدیۆمی ئەو زمانە لێکبدرێتەوە، کە بە مانای چار نییە دەبێت وەک ئەوان بیر بکەمەوە، لەبەر ئەوە من بە (مەرگ لە گەڵ عەواڵا جەژنە) دەیگۆڕمە سەر زمانی کوردی، دەقیروسیا منیش وەکو ئەوان.
لە تێکستەدا زۆرجار کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی سەیر و میکانیکی و دووبارەبوونەوە قسە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن زمان دەتوانێت بەتاڵ و بێمانا بێت کاتێک مرۆڤەکان تەنیا ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دووبارە دەکەنەوە.
سانت توبی ڕەخنەگر “دەڵێت ئەوە بەهۆی فشارەکانی باوک و دایکی جاك ـــ وە نیە کە ئەو مل کەچ دەبێت بەڵکو ئەوە بە هۆی لاوازی جاکەوەیە. بە واتایاکی دی دەتوانین بڵێین کە ئەم دەقەی ئیۆنسکۆ ئاگادارمان دەکاتەوە ، سەبارەت بەو ڕاستییەی کە کە خۆبەدەستەوەدان بە فشاری کۆمەڵایەتی بە واتای دەستبەرداربوون لە تایبەتمەندییە مرۆڤ خۆی، لەدەستدانی بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاکەکەسی، مرۆڤ بە ناوزڕاندن لەکەدار نابێت بەڵکو بە خۆ زەلیل کردن ترسنۆکی عەیبدار دەبێت وهیچ کەرامەتێکی نامێنێت، پەیڕەوکردنی ئەم یاسایانە تەوا بێمانان. کە تاک زەلیل و ڕیسوا دەکات و هیچ سوبجەتێکی نامێنێت. لەبەر ئەوە شانۆنامەکە نوێنەرایەتی یەکێک لەو قوربانییە دەکات کە قوربانییەکەی بۆ کۆمەڵگە تەواو بێمانایانە، چونکە ناوزڕاندی ژیانی ئەو خیانەت نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو خۆی بە ئیمتیازاتی بچووک ڕازی دەکات، ئەوەش کە سەرەتای زنجیرەیەکی بێکۆتایی مامەڵەیەکی ترسنۆکانە و زەلیلکردنە. لەوێدا خێزان وەک هێمایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەکارهاتووە . ئەوان بڕیار دەدەن کە جاک چۆن بژی و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئەو دەدەن. ئیۆنسکۆ دەڵێت ئەم جۆرە کۆمەڵگایە پێی دەوترێت کۆمەڵگەی عەوام یان جەماوەری.
لە لای ئێۆنسکۆ مردن بریتییە نیە لە فەنابوونی جەستە، بەڵکو نەمانی ئیرادە، ئەوە مەرگی حەتمیە.
ئەگەر جەوهەری شانۆنامەی “جاک یان ملکەچ کردن”، لە مردنی تاکدا بدۆزرێتەوە، کە پێویستە بۆ چوونە ناو کۆمەڵگا، ئەوا دەقی شانۆنامەی (٤)” کەرکەدەن” نوێنەرایەتی فۆرمێکی تری مردن دەکات، مەرگێکی ڕۆحی، کە لە ئەنجامی قبوڵکردنی بێ مەرجی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەم دەقەدا، ئیۆنێسکۆ مێتافۆرێک، ئاماژەیەکی زۆر ڕەمزی بەکاردەهێنێت ئەویش ئەوەیە گۆڕینی مرۆڤە بۆ کەرکەدەن، ئەوەش بۆ دەربڕینی ئەو کاریگەرییەی کە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری و فاشیستی لەسەر مرۆڤ هەیەتی. ئیۆنێسکۆ بە وەسفکردنی دیاردەکانی وەک بێ کەسایەتیکردن، خۆفریودان و خۆگونجاندن لەکۆمەڵدا، پەیامێک دەگەیەنێت کە دواجار مۆدێلێکە بۆ تێگەیشتن لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، نەخۆشییە ئایدیۆلۆژییەکان کە دەرئەنجامی مێژوویی کارەساتباریان هەیە،
دەقی شانۆیی کەرکەدەن وەک لە زۆربەی شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆدا سەرەتایەکی بێزارکەری هەیە، ڕوداوەکانی ئەم دەقە شانۆییە لە شارۆچکەیەک ڕودەدات کە تێیدا کە مرۆڤەکان دەبن بە کەرکەدەن، سەرەتا بە گفت و گۆی هەردوو کارەکتەر ژان سەرزەنشتی بێرەنژێ هاوڕێی دەست پێدەکات بەهۆی شێوازی ژیانی بێباکییەوە، چونکێ بێرەنژێ گرنگی بەژیانی خۆی نادات، سەرەتایکی مۆنۆتۆن و وەرسکەری هەیە، بەڵام لە ناوکاو ئەم هاوسەنگی و مۆنۆتۆنی ژیانە بەهۆی دۆخێکی دیاریکراوەوە تێکدەچێت ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار کارەکتەری ژان کەرکەدەنێک دەبینێت بە شەقامەکەدا دەڕوات، دەڵێت: کەرکەدەنێک، بەدوایدا کچە شاگردەکە هاوار دەکەت: کەرکەدەنێک تا خەڵکانی زیاتر کەرکەدەنەکان دەبینن وردە وردە خەڵکی شارەکە لە مرۆڤەوە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن. لە کۆتاییدا تاڕادەیەک هەموو کۆمەڵگاکە ئەم گۆڕانکاریە قبوڵ دەکەن و تەنانەت وای لێدێت خەڵک سەرسام دەبن پێی، کارەکتەری سەرەکی بێرەنژێ پیاوێکی تا ڕادەیەک نائارامە تاکە کەسەکە ڕەتیدەکاتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و ببێت بە کەرکەدەن، دوا پیاوە کە بە نائومێدیەوە بەرگری لە مرۆڤایەتی خۆی دەکات.
لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە، کارەکتەرەکان تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، ئەوانیش پاراستنی کەسایەتی و تاکایەتی خۆیان، یان وەک مەڕ شوێن گایەل بکەون و بگۆڕدرێن بە کەرکەدەن. هەندێک لە کارەکتەرەکان بەشەوقەوە بەرەو پیری ئەو گۆڕانکاریەوە دەچن، بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە ئارەزووی دەستبەرداربوون لە سروشتی مرۆڤایەتی خۆیان دەبن. بۆ نموونە دیزی سەرسامە بە دەرکەوتنیان، وەک خودا سەیریان دەکات، پێی وایە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە هیچ شتێکی تر، زۆر بەشەوقەوە حەز دەکات ببێت بەو بوونەوەرە ، ئەم وزە نائاساییە کە لەم بوونەوەرەی دەوروبەرمانەوە دەدرەوشێتەوە، کارەکتەری دەیزێ هۆکارێکی هەیە، ئەو بە سادەیی، هیوادارە ببێتە کەرکەدەن تا بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات و ببێت بەهاوڕیان و قسەیان لەگەڵ بکات یان قەناعەتیان پێبکات بگەڕێنەوە بۆ دۆخی مرۆیی، یان شێوەیەکی تری ژیان بدۆزینەوە لەگەڵ ئەواندا پێکەوەبین، سازشکارانەتر بیردەکاتەوە. ئیۆنێسکۆ لێرەدا شتێکی گرنگمان پێدەڵێت، دەیزێ پێی وایە ئەگەر خۆی لەگەڵ جەماوەردا بگونجێت، دەتوانێت بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی خۆی بپارێزێت. بەڵام شانۆنامەکە ئەوە دەڵێت کە کاتێک خۆت بەدەست عەقڵیەتی مەڕ یان ئایدۆلۆژیای مەڕەوە دەدەیت، خۆت دەگۆڕیت. کارەکتەری دەیزی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانکارییە نادات.
بەڵام بێرەنژی بەرەنگاری پرۆسەی بوون بە کەرکەدەن دەبێتەوە. دەڵێت: من بەرگری لە خۆم دەکەم لە دژی هەموو جیهان!بەرگری لە خۆم دەکەم لە دژی هەمووان! من دواهەمین کەسم، تا کۆتایی پیاو دەبم! تەسلیم نابم!” بێرەێنژی دەستبەرداری مرۆڤ بوونی خۆی نابێت، تەنانەت بۆ ساتێکیش ناتوانێت ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات.
ئیۆنێسکۆ نیشان دەدات کە بەرەنگاربوونەوەی قەرەباڵغی پێویستی بە قارەمانێتی نییە بەڵکو لە سەرووی هەمووشیانەوە مرۆڤ ویژدانی خۆی و بیرکردنەوەی خۆی دەپارێزێت.
ئیۆنسکۆ لە شانۆنامەی کەرکەدەن کە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا ئەم تێکستەی نووسیوە کە شیکارییەکە بۆ دیاردە ئایدیۆلۆژییەکان کە دەتوانێت کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبێت، کە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ سنووردار دەکات شێواندنی ئەخلاقی مرۆڤە.
ڕەخنەگر و نووسەری فەرەنسی سانت تۆبی ئاماژە بەوە دەکات لە ، شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ شانۆییەکی مردن و دۆزەخە، پاڵەوانەکانی وەک ( نالێ پوو ) ورچەکە خوریەکەی فیلم کارتۆنی منداڵانە ناتوانێت بەرەنگاری ئەو فشارە کۆمەڵایەتییە بێتەوە کە بەرەو ڕوی دێت، لە کۆتاییدا ملکەچی داواکارییەکانی دەوروبەری دەبێت. ملکەچ بوونی ئەو داواکاری و یاسایانە کە تەواو بێ مانان ، بێ ماناییەکەی ملکەچبوونە بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگا، ئەوەش هەر مەرگە، کە بیرکردنەوەیەکی دەستەجەمعیان هەیە وەک نموونەی مەرگ لەگەڵ عەواڵدا جەژنە. ئەوەش تەواو لەدەستدانی شێوازێکی تاکەکەسی بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنە.
ئیۆنێسکۆ ئیلهام لە ئەزموونەکانی خۆی لە ڕۆمانیا لە ساڵانی ١٩٣٠ وەرگرتووە، کاتێک زۆرێک لە خەڵکی دەوروبەری دەستیان کردووە بە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە فاشیستییەکان. دۆست و هاوڕێ و تەنانەت و ڕۆشنبیرەکانی دەبینی کە چۆن دەخزانە ناوفکری فاشیستییەکانەوە بینی کە بیرکردنەوەیان گۆڕدراوە و هەموویان وەک یەک بیر دەکەنەوە.
ئیۆنێسکۆ دەڵێت: کە شانۆنامەکە تەنها باسی سیاسەتی ڕاستڕەو یان چەپ نییە، بەڵکو باسی مەیلی مرۆڤە بۆ وازهێنان لە بیرکردنەوەی خۆی. دەکرێت ئەم شانۆنامەیە وەک شرۆڤەیەک بۆ کۆنفۆرمیزم وبزووتنەوەی جەماوەری بێت کە و چۆن مرۆڤەکان دەتوانن مرۆڤایەتی خۆیان لەدەست بدەن کاتێک کوێرانە پەیڕەوی لە ئایدۆلۆژیایەک دەکەن.
هەرچەندە پاڵەوانی شانۆنامەکە بێرەنژێ دردۆنگە کە ئایا وەک ئەوان بیربکاتەوە یان نا، چونکە بە تەنیا دژی هەموو کۆمەڵگا وەستاوە. لەگەڵ زیاتر و زیاتری خەڵک بوون بە کەرکەدەن، گومان لەخۆی دەکات خۆی بە بەرپریسیار دەزانێت، ڕەنگە خۆی هەڵەبێت. هەست بە تەنییایەکی زیاترو شێت بوون دەکات، نائارام و ماندووە
لە تێکستەکەوە بێرەنژێ دەڵێت: من جوان نیم، کەرکەدەنەکان جوانن ، من هەڵە بووم، چەند حەز دەکەم وەکو ئەوان بم . بەداخەوە قۆچم نییە، نێوچەوانی تەخت چەند ناشرینە ( چاکەتەکەی ددەکەنێ یەخەی کراسەکەی دەکاتەوە، لە ئاوێنەکەوە سەیری سنگی خۆی دەکات) سنگم لووسەو ئای لەم لەشە سپی و پڕ لە مووە! چەند حەز دەکەم پێستێکی ڕەق و وشکم هەبێ… ( هەوڵ دەدات لاسایی کەرکەدەن بکاتەوە) ئاە، ئاهە، مڕڕڕڕ، نەخێر (زیاتر دەمڕێنێ) مڕڕڕ چەندە بێ مێشکم ( لە ناکاو ڕادەپەڕێ) قیروسیا دژی هەموو خەڵک بەرگری دەکەم، ، تفەنگەکەم لەکوێیە! ( سەیری وێنەی سەری کەرکەدەنەکان دەکات) دژی هەموو خەڵک بەرگری لە خۆم دەکەم.
ئەمەش بەو مانایەیە کە پاڵەوان مرۆڤایەتی هەڵدەبژێرێت تی خۆی و بیرکردنەوەی خۆی دەپارێزێت تەنانەت ئەگەر بە تەنیاش بێت.ئیۆنێسکۆ ویستویەتی نیشانمان بدات کە وەستانەوە بەرامبەر جەماوەر چەندە قورسە، چەند قورسە وەک ماسی مردوو دوای شەپۆل بکەویت، بەڵام چەندە گرنگیشە.
بۆیە کەرکەدەن هێمای ئەوەیە کە چۆن مرۆڤەکان توشببن بەدرمی ئایدۆلۆژیاکان واز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆیی خۆیان بهێنن. ئەمەیە شانۆنامەکە دەکاتە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی مرۆڤ و بیری سەربەخۆ. پووچگەرایی ئەم دەقە پێمان دەڵێت
ــ کۆمەڵگە چۆن دەتوانێت ببێتە گۆمەڵگەیەکی ناعەقڵانی.
ــ تاکێکی بیرکەرەوە چەندە هەست بە تەنیایی دەکات.
ــ مرۆڤەکان، چەند بە ئاسانی، نائاسایی ئاسایی دەکەنەوە.
مەرگ لای مرۆژێک و ئیۆنسکۆ
دەقە شانۆییەکانی ئیۆنێسکۆ بەهۆی ئەو تەوەرانەی کە باسی دەکات و دیدگای نێهلیستییەکەی، دەتوانرێت بە “شانۆی مەرگ” ناوببرێت. هەردوو ئیۆنێسکۆ و مرۆژێک لەو نووسەرانەن کە شانۆنامەکانیان هەوڵدەدەن سەرنجمان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان ڕابکێشن. لە کاتێکدا شانۆی ئیۆنێسکۆ بەم دیدە ڕەشبینی و نەهلسیتیەوە دەناسرێتەوە دەتوانرێت بە شانۆی مەرگ ناوزەند بکرێت چونکێ بەڕەشبینی کۆتایی دێت، بەڵام ناتوانرێت هەمان شت لەبارەی شانۆی مرۆژێکەوە بگوترێ. بێ گومان بیرۆکەی مردن یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆی مرۆژێک، وەک چۆن لە دۆخی شانۆی ئیۆنێسکۆدا هەیە، بەڵام جیاوازی بنەڕەتی نێوان شانۆنامەکانیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەوەرەدایە، بۆ ئیۆنێسکۆ مردن شتێکی ترسناکە. بەڵام لای مرۆژێک گرۆتێسکە .
ئەم حەز کردن بە مردنە ترسناکە. گرۆتێسک و مەرگ لە کولتوری پۆلۆنیادا ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوری پۆڵۆنیادا هەیە، چونکێ ئەوان مەرگ یەکسان دەکەنەوە دیوی دووەمی خەباتکردن، ئەوان مردنیان لە شەڕدا پی باشترە وەک لە ژیانی داگیر کاری، هەروەک لە کولتور و زمان و فەرهەنگی کوردیدا گوێمان لێی دەبێت کە دەڵێت توخوا ئەمە ژیانە مردن باشترە لەم حاڵە. ئەم دەستەواژە کوردییە لە کولتوری ئەوان و لای مرۆژک پیادەکرێت ، لە لای مرۆژیک لە شەڕدا مەرگ هەیە لە پێناوی ژیاندا بەڵام مرۆڤ شەڕێکی بێ سود دەکات. کورد قسەیەکی هەیە کە دەڵێت شەڕکردن بۆ ژیان شەڕێکی خۆتڕێنە، چونکە مرۆڤ دەیدۆڕێنێت. ئەم چەمکە دیدی سڵاڤۆمیر مرۆژێکە بۆ مەرگ، بەواتای شانۆنامەکانی هەردوو نووسەر ترس لە بینەر و خوێنەرەکانیاندا دەوروژێنن، بەڵام مرۆژێک بە پێچەوانەی ئیۆنێسکۆ، دەیەوێت سەرقاڵکردنیان بکات.
کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک مانا لە مردندا دەدۆزنەوە، کە پێیان باشە لە شەڕدا بمرن بۆ ئەوەی بژین، کە مردنەکەشیان هیچ دەسکەوتێکی تێدا نیە، ئەم دیدە تا ڕادەیەک شکڵێکی فەلسەفی و کولتوورییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بیرۆکەیەک لە مێژوو و ئەدەبیاتی پۆڵەندا هەیە، شەرەف، قوربانی و شەهیدبوون، و شەڕکردن سەرەڕای بێهیوایی، لای ئەوان واتا لە مردندایە، واتە مرۆڤ لە ڕێگەی قوربانیدان یان بە مردن بۆ شتێکی گەورەتر مانا دەدۆزێتەوە. بۆیە ماسلۆڤسکی دەڵێت ئەم بیرۆکەیە لە هەمان کاتدا تەواو تاریکە یان توندڕەوانەیە، دەمەوێت ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەم کولتوری مردنە لای پۆڵۆنیەکان لە چییەوە هاتووە، ئەم دیدەش ئاماژەیە بۆ مێژووی شەڕ و داگیرکاری و ڕاپەڕینەکانی پۆڵەندا. هۆنراوەیەکە هەندێک جار لە شێوەی کۆراڵێکدا یاخود نمایشێکی موسیکاڵی دەوترێتەوە، بەناوی ڤارشاوانیسکە Warszawianka (٥) گۆرانییەکی نیشتمانپەروەرانەی رۆمانسی گەلی پۆلۆنیایە کە لە ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٣١ دژی ئیمراتۆریەتی ڕووسی لە سەر زمانی خەڵک بوو، ئەوەی گرنگە ئەم گۆرانیە نەریتێکی گەورەی شۆڕشگێری لای پۆلۆنیەکان دروست کردووە، بە دیوێکی تردا بووە بە تەرزی بیرکردنەوەی مرۆڤی پۆلۆنی. جگە لە دیووە شۆڕشگێریەکەی دیوێکی مەرگدۆستی هەیە، لە کولتور ونەریتە بەربڵاوەدا پۆلۆنیەکان کە پێی وابوو باشترە بە شەڕ بمرێت نەک بەبێ ئازادی و شەرەف و مانا بژی. بەڵام پرسیار ئەوەیە “کێ مردنی لە شەڕدا لە ژیان پێ باشترە” شاعیری فەرەنسی کاسیمیر فرانسوا دیلاڤین لەبارەی ڕاپەڕینی پۆڵەندا دژی ڕووسیا و بیرۆکەی ڕۆمانسی دەڵێت: قوربانی، نیشتمانپەروەری، قارەمانێتی و شەهیدبوون.
ئەو کەسەی لە ژیاندا دەمێنێتەوە ئازاد دەبێت،
ئەوەی بمرێت لە ئێستاوە ئازادە.
ئەم تێکستە هیوای ئازادیە، داهاتوو بۆ زیندووەکان، بەڵام مردووەکان بە ڕزگاربوو دادەنرێت. لە
ڕستەکە گوزارشت لە پارادۆکسێک دەکات، چونکە کەسی مردو ئازادە، بیرکردنەوەیەکی زۆر ئاسایی ڕۆمانسی و نیشتمانپەروەرانەی پۆڵەندییە. مرۆژک مامەڵە لەگەڵ ئەم گرتۆێسکی مردنە دەکات، لەگەڵ ئەم پارادۆکساڵەدا بەنجە نەرم دەکات. خەبات کردن بۆ هیوا کۆتاییەکەی بێ هیواییە.
لە مانای ئەم دێڕە دوو ئاستی ئازادی هەیە، زیندووەکان هیوای ئازادی داهاتوویان هەیە، ئەو کەسەی لە ژیاندا دەمێنێتەوە ئازاد دەبێت، ئازادی لە داهاتوودایە، دوای خەبات، دوای سەرکەوتن، دوای ئازارەکان. بەڵام ئەو کەسەی دەمرێت لە ئێستاوە ئازادە، بەواتای مردوو بەمەرگی خۆی ئازادییەکەی بۆ خۆی هێناوە، بەڵام زینددوەکان دەبێت چاوەڕی بکەن.
ئەم دێرانە هەم فەلسەفی و تراژیدییە. بەواتای مردن مرۆڤ ئازاد دەکات، بەڵام لە چی؟ چەوساندنەوە، ترس، ئازار چەشتن، کۆیلایەتی و ژێردەستەیی مێژوو. گۆرانیەکە مردنمان لێدەکاتە ئازادییەکی ڕەها. تا لە شەهید بوون نزیک بینەوە لە ئازادییەکی ڕەها نزیک دەبینەوە، ماسلۆڤسکی ئەم بیرۆکەی مەرگە بە مرۆژێکەوە دەبەستێتەوە.ئەو پێی وایە شانۆی مرۆژێک شوێنەواری ئەم نەریتە پۆڵەندییە هەڵدەگرێت کە مرۆڤ گیری خواردووە، مێژوو دڕندەیە و ژیانکردن لە ژێر سیستەمی تۆلیتاریدا بێمانایە، بەڵام بیرۆکەی کەرامەت لە ڕێگەی خەبات و قوربانیدانەوە هەیە ئەویش مەرگە.
ماسلۆڤسکی هەوڵدەدات پیشانمان بدات کە ئەم بیرۆکەیە لە درامای مرۆژێکدا ئامادەیە، هەرچەندە لە ڕوکەشدا تەنانەت کاتێک لە ڕێگەی ئیرۆنی و نوکتەی بێمانایەوە دەربڕدراوە.
پوچگەرایی لای مرۆژێک:
لای مرۆژێک پوچگەرای و ئەبسورد تەنیا فەلسەفی نییە کە وەک لای ئیۆنێسکۆ یان بێکتدا هەیە، بەڵکو مێژوویی، سیاسی و نیشتیمانییە و پەیوەستە بە ئەزموونی پۆڵەندی جەنگ و داگیرکارییەوە. لە شانۆنامەکانی هەردوو مرۆژێک و ئیۆنێسکۆدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە فاتالیزمێکی(٦) دیاریکراو دەبینەوە کە هەرگیز لە دیوە مرۆڤایەتیەکەی جیاناکرێتەوە، (فاتالیزم بە واتای باوەڕبوون بە چارەنووس ) پرسی کۆیلەکردن، چەمکی دەسەڵات کە لەبەردەمیدا مرۆڤەکان بێدەسەڵاتن و ناچارن گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەکانی بن، تەنانەت فەرمانە بێماناکانیش، لە شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بەتەواوەتی ئەم چەمکە ئامادەیە.
لەم دەقەدا دوو کارەکتەرهەن پیاوی یەک و پیاوی دوو، کە نازانن لە کوێن و بۆچی گەیشتوونەتە ئەم شوێنە نادیارە، لە ژوورێکی داخراودا دەبنە دیل و ناتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخی خۆیان بکەن. لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەدا مرۆژێک لە دەقەکەدا پرسی ئازادی دەوروژێنێت، بەو پێیەی هەمیشە کردەوەی ئەم کارەکتەرانە لە ژێر کاریگەری تێگەیشتنیان لە ئازادیدایە؛ بۆیە دەتوانرێت ئەم دەقە وەک چیرۆکێکی کۆیلەکردن لێکبدرێتەوە، کە قوربانییەکان بە بەکارهێنانی چەمکی یەک ڕەنگی ستێرئیۆتیپی (٧) ئازادی هەوڵدەدەن کەرامەتی خۆیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی بێ کەسایەتی و بێبەزەییدا بپارێزن. بەڵام لە قوڵ بوونەوەی دەقەکەدا تێگەیشتنێکی ترمان بۆ ئازادی کەشف دەبێت.
مرۆژێک ڕوداوەکان و دۆخەکە لەم دەقەدا بەکاردەهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەمکی ئازادی و پەیوەندی مرۆڤ بە دەسەڵات و کۆنترۆڵەوە. خودی کردارەکە گرنگ نییە لە شانۆنامەکەدا، بەڵکو چۆن کاردانەوەیان دەبێت ئەوە گرنگترە و جەوهەری کێشەکەیە.
مرۆژێک پێمان دەڵێت کە کردەوەی خەڵک لە ژێر کاریگەریەکاندا چ ڕەنگێک وەردەگرێت و چ کاردانەوەیەکیان دەبێت. لەو دۆخانەدا چۆن لە ئازادی تێدەگەن؟ ئایا ئەوەی هەیە ئامادەن قبوڵی بکەن؟ چۆن کاردانەوەیان دەبێت کاتێک کەسێکی تر دەسەڵاتیان بەسەردا دەگرێت؟ لەو شوێنەدا کە ئەم دوو کارەکتەرەی تێدا دەژین ئازادی مانای چییە؟
لەم دەقەدا دەتوانرێت ئازادی بە شێوازی جیاواز لێکبدرێتەوە:
یەکەم ئازادی دەرەکی، ئازادی دەرەکی بریتییە لەو شتانەی کە لە دەرەوە دیارن، کە مرۆڤ توانای جوڵە و بڕیاردانی خۆی لەدەست خۆیدا نییە، بۆنموونە توانای ڕۆشتن بۆ ئەو شوێنەی کە دەتەوێت، کەسەکە ناتوانێت شوێنەکە بەجێبهێڵێت، ئەوانی تر بڕیار لەسەر یاساکان دەدەن. ڕێگرتن لە وتنی ئەوەی دەتەوێت، کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردنەکانی خۆت لە لایەن کەسانی ترەوە، جا دەسەڵات بێت یان لە زینداندا بێت. وەک لە دەقەکەدا دیارە، کارەکتەرکان ئازادی دەرەکی لەدەست دەدەن چونکە لە ژوورەکەدا گیریان خواردووە، لە یاساکان تێناگەن و دەستێک، دەسەڵاتێکی نەبینراو دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ بکات.
دووەم ئازادی ناوەوە، ئازادی ناوەوە زیاتر دەروونی و فەلسەفییە، واتە توانای بیرکردنەوە بۆ خۆت، پاراستنی کەسایەتی خۆت، دەستبەردار نەبوون لە کەرامەتی خۆت و نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە کە نەتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی مێشکت بکات.
مرۆڤ لە ژێر سایەی ڕژێمێکی توتالیتایری و دیکتاتۆریدا پێویستی بە دوو جۆر خەبات هەیە، ئەم شەڕە دەبێت لە دوو بەرەوە ڕووبدات بە پلەی یەکەم لە دژی نەیارانی ناوەوەی خۆت، پاشان نەیارانی دەرەوەمان، کارەساتی هەرە دڵتەزێن ئەوەیە کۆیلە لە ناوەوەدا تووشی دووکەرت بوون بێت، کە ئاگاداری چەوساندنەوەی ناوەوە نەبێت، دوژمن بتوانێت هەستەکانی داگیر بکات. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، دەسەڵات توانی هەموو خاکی کوردستانی باشور داگیربکات، بەڵام نەیتوانی هەستی هەموو مرۆڤی کورد کۆنترۆل بکات. لەمەوە فرێری پێمان دەڵێت، “مەترسی داگیرکردنی هەستی مرۆڤ زۆر ترسناکترە لە خاکەکەی. ” دەشێت مرۆڤ زیندانی بێت بەڵام بیرکردنەوەی ئازادەنەبێت، لە زەمەنی دیکتاتۆریەتدا وتنی ئازادی یاساغە، بەڵام هەڵبژاردنی بیرکردنەوەی ئازادی تاک بەدەت خۆیەتی.
ئەو دوو پیاوە کاردانەوەی جیاوازیان هەیە بەرامبەر بە دیل بوون و ئەمەش شێوازی جیاواز نیشان دەدات کە مرۆڤەکان مامەڵە لەگەڵ ستەم یان بارودۆخی بێمانایدا دەکەن. مرۆژێک گرنگتر لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ستەمکار پرسیارێکی فەلسەفیتر سەبارەت بە ئازادی مرۆڤ بە گشتی دەکات.
هەر بۆیە ئەم تەوەرە لە شانۆنامەکەدا زۆر گرنگە کە ئازادی چۆن دەبینرێت مرۆژێک نیشانی دەدات کە مرۆڤەکان کاردانەوەی جیاوازیان دەبێت کاتێک ئازادییان لێ دەسەندرێتەوە. کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن، لە دۆخەکە تێبگەن، خۆیان بگونجێنن؟ یان ڕێگەیەکی لۆژیک بدۆزنەوە بۆ ئەم دۆخەیان؟ نووسەر لە دواجاردا ئەم پرسیارەمان لێدەکات کەی مرۆڤ واز لە ئازادبوون دێنێت؟.ئەویش تەواو هاوڕایە لەگەڵ پاوڵۆفرێری چونکێ لە نمایشەکەدا ئازادی ئەوکاتە نامێنێت کە زیندانی کراو واز لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بهێنێت و قبوڵی ئەو زیندانیە بکات و بەڵگەیەکی لۆژیکی بۆ بدۆزێتەوە کە ئەوە مەترسیتدارترین کۆیلایەتییە.
مرۆژێک جیاوازی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە لە هەڵوێستەکانیاندایە بەرامبەر بە ئازادی دەکات، یەکەمیان بە شێوەیەکی پاسیڤانە لێی تێدەگات، بەڵام دووەمیان بە شێوەیەکی چالاکانە. نووسەر بەبێ ئەوەی لایەنگری بکات ئەم دوو بۆچوونە دژبەیەکانە دەخاتە ڕوو. لە ئەنجامدا کەسی یەکەم “ئازادی ناوەوە”ی ڕەها هەڵدەبژێرێت، بەڵام پیاوی دووەم ناتوانێت لەگەڵ لۆژیکی پیاوی یەکەمدا هاوڕا بێت، پێی وایە ئەنجامدانی کارێک تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لەم ژوورە. بەم شێوەیە دوای داخستنی دەرگاکە، بە دیوارەکانیشەوە لێی دەدات، تەنانەت “خۆی خۆی نیشان دەدات کە ڕاوچییە
پیاوی یەک: گوێبگرە با شتێکت پێبڵیم، ئێما ناتوانین بە هیچ شێوەیەک دەرەوەی خۆمان بگۆڕین
پیاوی دوو: جا بۆ بیگۆڕین کەی ئەوە ئیشی ئێمەیە
لە درێژەی دەقەکەدا پیاوی دوو دەڵێت:
پیاوی دوو: من وەک تۆ نیم باوەڕم بە ئازادی دەرەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، پلان و وردبینییەکانی هەردووکیان بێهودەی و بێمانایی دەسەلمێنن، جا ئەو کردارانەیان کە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، لەبەردەم دەسەڵاتێکی باڵاتردا هیچ مانایەکیان نییە. چونکێ هەردووکیان هەمان چارەنووسیان دەبێت
لە دەقەکەدا دەستێک لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە فەرمانیان پێدەکات، ئەم دوو کارەکتەرەکە دەستیان کەلەپچە دەکرێت و هەمیشە لە ژێر فەرمانی دەستدا دەمێننەوە. گرنگی ئەم دەستە لە دەقەکەدا چییە؟ ئێمە دەزانین شێوازی ئەم جۆرە نووسینانە تایبەتە و بونیادێکی کلاسیکی نییە، بۆیە دەتوانرێت بە چەندین شێوە بوونی ئەو دەستە لێکبدرێتەو، بێگومان نووسەر بەڵگەی ڕوونمان پێشکەش ناکات، ئێمە نازانین ئایا قسە لەسەر چارەنووسی بوونی مرۆڤ دەکات یان باس لە هەندێک یاسای کۆمەڵایەتی دەکات؟ کە بۆ مرۆڤ ناڕۆشنە.
کێشەی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر مرۆڤایەتی.
بۆ باسکردنی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان چەند نموونەیەک دەهێنینەوە لە لای هەردوو نووسەر کە هاوبەشیەک دەبینرێت لە خستنە ڕووی پەیمانە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم دوو شانۆگەرییە جیا دەکاتەوە، ڕێبازەکەیانە شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ پرسەکەدا و وێناکردنی کارەکتەرەکانە، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە شانۆنامەی ( جاک و ملکەچ بوون ــ کەرکەدەن) ی ئیۆنسکۆ و (تانگۆ و ڕووتبوونەوە) ی مرۆژک بەنموونە دەهێنینەوە.
تەوەری سەرەکی لە شانۆنامەی (جاک و ملکەچبوون)ی ئیۆنێسکۆدا، لەدەستدانی تاکگەرایی و ملکەچبوونی تەواوەتییە بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگا، تەنیا لە پێناوی تێکەڵ بوون و پەیڕەوکردنی یاسا کۆمەڵایەتیەکانە، لەم دەقەدا تاک تەنیا بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ بێت، دەبێت ئەسمیلە بێت و بتوێتەوە و خەسڵەتەکانی خۆی ون بکات.
هەروەها لە شانۆنامەی تانگۆدا پرسی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکانیش ئامادەییەکی زۆری هەیە و دەتوانرێت بەڕوونی دەستنیشانی بکەین، بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم دوو شانۆگەرییە لەیەکتر جیا دەکاتەوە، شێوازی مامەڵەکردن شێوازی کارکردنە لەگەڵیان چۆن وێنای خەڵکەکە دەکەن. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکەی ئیۆنێسکۆ تەنیا گرووپێکی یەکسان و یەک ڕەنگن، هەموویان نزیکەی هەمان تایبەتمەندییان هەیە، کارەکتەرەکان تەواو لە یەکتر دەچن، کارەکتەرەکان جەماوەرێکی بێناو بێ کەسایەتین. ڕەنگە تاکە جیوازی نێوان کارەکتەرەکان جیاوازی نیوان تەمەنیان بێت هێندە لەیەک دەچن.
لێرەدا دەمەوێت باسی شانۆنامەی تانگۆ بکەم باسی چی دەکات بۆ ئەوەی خوێنەر بەرچاو ڕوونیەکی هەبێت تا زیاتر ئاشنای کارەکتەرەکان و ببین چونکی دونیا بینی کارەکتەرەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت بە پێشاندانی پوچگەرایی لە لای نووسەرەکەی و ئەو دۆخەی کارەکتەرەکان تییدا دەژین هەروەها چۆن بینای درامی شانۆنامەکە ڕۆنراوە.
یەکێک لە بەناوبانگترین شانۆنامە درێژەکانی مرۆژێک “تانگۆ”یە کە توخمەکانی شانۆی ئەبسورد تەواو ڕەنگدەداتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی لە ساڵی ١٩٦٤ لە گۆڤاری دیالۆگ، “تانگۆ” بە خێرایی ناسنامەی نێودەوڵەتی (لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا) بەدەستهێنا. مرۆزێک لە شانۆنامەکەدا ڕەخنە لە ململانێی نەوەکان دەگرێت و لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی ئەبسوردیەوە، باس لە خێزانێکی پشێو شیرازە بچڕاو دەکات کە کوڕەکەیان ئارتور، خێزانێکی نەریتی و رێک و پێکی دەوێت، بەڵام کۆتاییەکەی بە کوشتنی کوڕەکەیان کۆتایی دێت، مرۆژێک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی بەکارهێنای توندوتیژی و داڕمانی ئەخلاقی و کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و ترس لەدەسەڵات دەردەبڕێت.
دواجار ڕەهەندی سیاسی و دیدێکی ورد و سادە بۆ کۆمەڵگا لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا پێشکەش دەکات. ڕەخنەیەکی ورد لە دیدی ئایدۆلۆژیا دەگریت، تەنانەت باشترین ئایدۆلۆژیای ئامادەکراو شیاوی ئەوەی هەیە بگۆڕدرێت بۆ تۆتالیتاریزم و دڕندەیی دەسەڵات، وەک لە کۆتایی شانۆنامەکەدا دەردەکەوێت.
تانگۆ شانۆنامەیەکی سێ پەردەییە ڕوداوەکان لە ماڵی خێزانێکی ڕووناکبیر ڕوودەدات کە تێیدا هیچ ڕێسایەک و هیچ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی تێدا نەماوە. (ستۆمیل) ی باوک و (ئێلیۆنۆرا) ی دایک، پێشتر شۆڕشگێڕ بوون و هەموو بەها کۆنەکانیان شکاندهوە. بەڵام ئەم ئازادییە بێسنورە بووە هۆی ئاژاوە و بێ دیسپلینی و بێ ڕێکخستن.
ژوری میوان شوێنێکی زۆر شپرزەو شپڕێوە، هیچی بەسەر هیچەوە نییە هیچ هاوسەنگیەک و گونجاندنێک لە دانانی کەل و پەلەکاندا نیە، چەند شتێک لە ژوورەکەدا هەیە وەک جلی بووکێنی کاڵبووەوە، گالیسکەیەکی منداڵان، تابوتێک، ئەسکەمیلێکی کۆن، مێز ێک و چەند کورسیەک هەر دانەی لە ڕەنگێکە، شتگەلێک کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیاواز، هەموو ئەمانە ئاماژەیە بۆ خراپ بوونی کۆمەڵگا، لەم ماڵەدا سێ نەوە دەژین. کارەکتەرە سەرەکییەکان: ئارتور، گەنجێک کوڕی ستۆمیل، ستۆمیل باوک، ئێلینۆر دایک، یوجینیا داپیرە، یوجین باپیرە، ئالا دەزگیرانی ئارتور، ئێدی خزمەتکار.
نەک هەر دانانی کەل و پەلەکان هیچ گونجاندنێکی تێدا نییە بەڵکو پەیوەندیەکانیش، پەیوەندیەکانیش ناجۆرە، ئێدی خزمەتکار، پەیوەندی خۆشەویستی هەم لەگەڵ ئێلۆنورا دایکی ئارتور هەیە و هەم لە ژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئالای دەزگیرانی ئارتور. ئازادییەکی ڕەها بێ هیچ قەید و مەرجێك هەیە، هەر ئەم ئازادییە بێ مەرجەیە خولق و بیرکردنەوەی ئارتوری مەشغوڵ کردووە و تووشی کێشەی دەکات.
سەرەتای دەستپێکی پەردەی یەکەمی شانۆنامەکە، یوجینی پاپیرە و یوجینیای داپیرەو ئیدی خزمەتکار بە جل و بەرگێک دەبینرێن کە لایەق بە تەمنی ئەوان نیە، زۆر گەنجانەیە، خەریکی یاری کاغەزن و جارجارەش دەخۆنەوە، ئارتوری گەنج دەگەڕیتەوە کۆستیمێکی لەبەردایە جیاواز لە جل و بەرگی ئەوان، دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە نێوانیان، ئارتور داپیرەی، ئارتور هەوڵ دەدات ئەو پشێوییەی لە ماڵەکەدا هەیە ڕاست بکاتەوە.
ئامانجی سەپاندنی بەها نەریتیەکانە، هەولی هاوسەرگیرییەکی ئاسایی و سونەتی دەدات لەگەڵ ئالای خۆشەویستی، لە پەردەی دووەمدا ئارتور دەیەوێت یۆجینی باپیرەی ڕازی بکات لەوەی بە شێوەیەکی سونەتی ڕیورەسمی ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ ئالادا ڕێکبخات و هاوکاری بێت، وەک پیشاندانێکی ڕوکەشی و نیشانەیەکی دەرەکی ئامانجەکەی بۆ ئەو سیستەمە نوێیەی بەهاکان کە دەیەوێت دروستی بکات.
لە پەرەسەندنی ڕوداوەکان، داپیرەی دەمرێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فکری توندو تیژی و مردن لای ئارتور گەڵاڵە بێت کە هۆکارێکە بۆ سەقامگیری و دیسپلین، دواتر هەوڵدەدات باوکی قەناعەت پێ بکات کردەوەیەکی توندوتیژی دژی ئیدی بەکاربهێنێ، چونكی پەیوەندی لەگەڵ دایکی هەیە، کە هەموو خێزانەکەش بەم پەیوەندیە دەزانن، لەقسەکردن لەگەڵ باوکی بۆی ڕوندەکاتەوە کە کوشتنی هیچ بەرهەمێکی نابێت ئارتور پێی دەڵێت بە کوشتن ڕودای گەورە دروست دەکەیت، باوکیشی لەوەڵامدا پیی دەڵێت کارەساتی گەورە لە ئێستادا نەماوە ئەوەی رودەدات هەموو مەخسرەیە.
ستۆمیل خۆی بە نووسەری ئاڤانگارد دادەنێت، بەرەنگاری هەوڵەکانی ئارتورر دەبێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە نەوەی ئەوان بوو، ڕاپەڕینیان کرد و کە هەموو نەریتە کۆنەکانیان ڕووخاندووە و ژیانێکی ئازادی بۆ ئارتور و نەوەکانی داهاتوو دروستکردووە.
لە پەردەی سێیەمی شانۆنامەکدا، ڕێکخستنی ماڵەکە کەمێک دەستکاری کراوە و ژوورەکە ڕێک و پێکتر کراوە، پلەی ئێدی Eddie بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی خزمەتکاران، ئالاـ ی دەزگیرانی ئارتور جل و بەرگی سپی بوکێنی لەبەرکردووە، چاوەڕێی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیە، بەزەبری توند و تیژی ئارتور وا هەست دەکات پلانەکەی بەیارمەتی ئێدک بێبەجێکراوە، بەڵام ئارتور بە سەرخۆشی لە ئاهەنگی دوارۆژی سەڵتی دەگەڕێتەوە bachelor party ( ئاهەنگی دوا رۆژی سەڵتی نەریتێکە لە زۆربەی وڵاتان هەیە ، ئەو ڕۆژە لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانیەوە دەبێت و کاتێکی خۆش دەبەنە سەر و سوپرایزی بۆ دەکەن ) باس لەوە دەکات کە چاکسازییەکانی بە پێچەوانەوە جێبەجێکراوە، بیرۆکەکەی کە بنەمای نەزمە نوێیەکەی پێکدەهێنێت دەسەڵاتی ڕەهایە و بەنیازە بە یارمەتی ئێدی ئەم دەسەڵاتە بەکاربهێنێت، پاشان دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە دواجاردا ئارتور بەدەستی ئیدی خزمەتکار دەکوژرێت، ئێدی دەبێت بە سەروەری ماڵەکە، هەموو خێزانەکە بە ئامادەییەوە خۆیان ڕادەستی حوکمڕانی ئیدی دەکەن. بە سەمایەکی تانگۆ کۆتایی بە شانۆییەکە دێت کە هێمای سەرکەوتنی هێزی بێ فەهەنگ و دیکتاتۆرییە، یۆجین لەگەڵ خزمەتکارەکە سەمای تانگۆ دەکات.
لە شانۆنامەی تانگۆ ململانێی نێوان نەوەکان میحوەری بەرهەمەکە پێکدەهێنێت، بە پێچەوانەی کارەکانی ئیۆنێسکۆ کە جەختکردنەوەیە لەسەر لەیەکچوونی ئەندامانی کۆمەڵگە و بێتوانان لە سەرپێچیکردنی ڕێککەوتننامە کۆمەڵایەتییەکە. پەیمانی کۆمەڵایەتی لای مرۆژێک لە تانگۆدا لەسەر یاخیبوونە ڕۆنراوە، مرۆزێک لە ڕێگەی کارەکتەری ستۆمیلەوە پێمان دەڵێت کە تەنانەت چۆن ناتەبایی تەواو دەتوانێت ببێتە نۆرم و شتێکی ئاسایی.
بەدرێژایی شانۆنامەی تانگۆ ڕووبەڕووی ململانێیەکی نەوەکان دەبینەوە، نەوەی ستۆمیل لە دژی نۆرمەکان یاخی بوو، ستۆمیل و کارەکتەرەکانی تر پێیان وایە “یاخیبوون بەردی بنەڕەتییە کە پێشکەوتنی لەسەر بنیات دەنرێت، تا یاخیبوونەکە فراوانتر بێت، بینای بنیاتنانی کۆمەلگە فراوانتر دەبێت” لای ئەوان، بەو مانایەیەش خێزانەکەیان بیرۆکەی پێشکەوتنی و هەموو سیستەمی خێزانیان لەسەر ڕاپەڕین بنیات دەنێن. بەواتا کۆمەڵگا بە یاخیبوونی خەڵک لە یاسا کۆنەکان گەشە دەکات، بەبێ ڕاپەڕین هیچ پێشکەوتنێک نییە، تا زیاتر نۆرمەکانی کۆن بشکێنیت، گۆڕانکارییەکە گەورەتر دەبێت. لای مرۆژێک ئەم شێوازە جۆرێک ئیرۆنییە، لە شانۆنامەی تانگۆدا، مرۆژێک پێمان دەڵێت کە ڕاپەڕینی بەردەوام دەتوانێت زۆر دوور بکەوێتەوە لە ئامانجەکەی و کاتێک هەموو شتێکی کۆن دەڕوخێنرێت ڕێکخستن و بەهاکانیش نامێنن و ئیتر کەس نازانێت چی گرنگە، ئازادی دەبێتە ئاژاوەگێڕی. تەواوی شانۆنامەکەی تانگۆ دواتر دەرئەنجامەکانی ئەو بیرۆکەیە نیشان دەدات.
بەڵام یاخیبوونی ئارتور لە شانۆنامەی تانگۆدا تەواو جیاوازە، ئەو ئێستا کۆنفۆرمیستە،(٨) یاخی بوونی ئەوە پەیوەستە بە نەبوونی یاساوە، چونکە ئەو خۆیشی و دەوروبەر و خێزانەکەی لە پێشدا تەواو دژە کۆنفۆرمیست بوون، خێزانەکەیان هێندە خۆیان ئازاد کردووە کە هیچ بایەخێک بۆ نۆرم و ئەخلاق نەماوە و مۆراڵ داوەشاوە. پێیان دەڵێت ناتوانم خۆم بپارێزم لە یاخیبوون لە تۆ، لە دژی داڕمانی ئێوە و لە خراپەکاریتان.
ئەو ئازادییە ڕەهایە خۆشبەختی نییە بۆ کوڕەکەیان کە دایک و باوکی بانگەشەی بۆ دەکەن. شێوازی ژیانەی خێزانەکەیان وایکردووە کە ئارتور هاوسەنگیەکی دەرونی و دەرەکی نەمێنێت، ئەو لە جیهانێکدا دەژی کە هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە و هیچ نەریتێک نەماوە، خێزانەکەی پێیان وایە ئەمە بە واتای ئازادی، مۆدێرنیتە، بەختەوەری. بەڵام ئارتور هەست بە پێچەوانەکەی دەکات، نادڵنیایی، بۆشایی و بێ سەروبەری. دەقەکە پێمان دەڵێت کە ئازادی تەواو نابێتە هۆی بەختەوەری هەروەها خەڵک پێویستیان بەڕێکخستن و نۆرمەکان و سەقامگیری و بەها ڕوونەکان هەیە. ئارتور بەدوای فۆرمێکی نوێدا دەگەڕێت، بیرۆکەیەکی نوێ بۆ جێبەجێکردن، بەڵام نازانێت چۆن و چی بکات، چ بیرۆکەیەک باشە . هەموو پێشنیارەکان ڕەتدەکاتەوە، چونکە دەیەوێت شتێکی نوێ دروست بکات، نەک لە شتێکەوە دەستپێبکات کە پێشتر هەبووە. جارکی تر ڕاپەرینێک دژی ئەو ڕاپەڕینە بکات کە پێشتر کردیان.
تێگەیشتنی ئارتور لەو ساتەدا دێت کە داپیرەی دەمرێت. سەرسام دەبێت بەو ڕاستییەی کە مردن هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە، گەردوونییەتی مردن، کەس ناتوانێت لە مردن ڕزگاری بێت، مردن تاکە یاسای ڕەهایە کە هەموو کەسێک دەگرێتەوە. بۆ ئارتور کە بە نائومێدیەوە بەدوای فەرمان و بنەما جێگیرەکان دەگەڕا، بەڵام مردن لەناکاو دەبێتە تاکە شتێکی تەواو دڵنیا و گشتگیر، تێدەگات کە ئەو سیستەمە ئایدیالە تەواوەی کە بەدوایدا دەگەڕا لە سەر بنەمای توندوتیژی و مردن دروست دەبێت، یەکێک لە دیالۆگەکانی (مەرگ لەناو تۆدایە، وەک باڵندەیەک لەناو قەفەسێکدا، ئەوە کاری منە تەنها ئازادی بکەم). بەم شێوەیە مرۆژێک نیشانمان دەدات کە چۆن خەبات بۆ ڕێکخستن دەتوانێت لەبری مانای ڕاستەقینە یان ئازادی بە هەڕەشە و توندوتیژی کۆتایی پێبێت. مرۆژێک لەم دەقەدا پێمان دەڵێت کە زۆر کۆنتڕۆڵکردن خراپە، بەڵام بێسنووری تەواو وێرانکەریشە.
بەڵام لە کۆتاییدا ئارتور دەبێتە قوربانی سیستەمەکەی خۆی، کوشتنی ئارتور دەتوانێت هێمای “بەتاڵکردنەوەی فۆرمی بیرۆکەکان” بێت، دوای ئەوەی ئێدی ئارتور دەکوژێت، پاشاندا ئیدی و یوجین لەسەر مەرگی ئارتور سەمای تانگۆ دەکەن، کە لە یاریەکی نا عەقڵانی دەچێت، کە خاڵی بێت لە هەموو مەعقولیەتێک. سەما کردنی تانگۆ کە خۆی هەم ناونیشانی دەقەکەیە و هەم بەکارهێنانی سیمبوڵی و ڕەمزی فەلسەفیە لە شانۆنامەکەدا چونکێ کارەکتەری ئێدی ئارتور دەکوژێت، هەر ئەویش سەمای تانگۆ لەسەر لاشەی ئارتور دەکات، لە بری ئەوەی مردنی ئارتوری کوڕیان ببێت بە کارەساتباری خەم و پەژارە بەڵام ئەوان سەما دەکەن، لاشەی ئارتور هێمایە بۆ کەوتنی بیرۆکەکان و ڕێکخستنەوەیان، کاتێک ئێدی سەرکردایەتی سەماکە دەکات، ئەوە نیشان دەدات کە ئێستا تەواوی دۆخەکە و خەڵکەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودان، بەم شێوەیە تانگۆ دەبێتە هێمای دەسەڵات و باڵادەستی. تانگۆ لە ڕاستیتیدا بریتییە لە سەمایەکی ڕەسەن و کولتوری ڕۆشنبیری، شتێک کە پێویستی بە فۆرم و دیسیپلین هەیە، فۆرمەکانی بە کولتوور ماونەتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاستەقینەیان لەگەڵ ئارتوردا مردووە، ئێستا لەلایەن ئێدیوە سەما دەکرێت کە بازاڕیترین وبەدڕەوشترین ودڕندەترین کەسی ناو شانۆنامەکەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە دیمەنی کۆتایی دەقی تانگۆ زۆرجار هەم وەک ئیرۆنی و هەم تراژیدی و هەم بە ڕەشبینیەکی قوڵ سەیر دەکرێت. شانۆنامەکە پیشانمان دەدات کە چۆن کۆمەڵگایەک کە هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و یاساکاندا نییە، لە کۆتاییدا دەڕوخێت و دەسەڵات بۆ بەهێزترینەکان بەجێدەهێڵرێت نەک “ڕاستگۆترینەکان”
بەم شێوەیە، هەردوو ئیۆنێسکۆ و مرۆزێک باس لە بابەتگەلێکی هاوشێوە دەکەن سەبارەت بە بارودۆخی مرۆڤ و ئارەزووی بەردەوام بۆ ئازادی، بەڵام هەریەکەیان لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لێی نزیک دەبنەوە، شانۆنامەکانیان جیاوازی نێوان دیدگاکانیان تەواو ڕوون دەکاتەوە. مرۆڤایەتی لە دەقەکانیاندا بەردەوام خەبات دەکات لە دژی هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئازادییەکەی بەرتەسک دەکەنەوە، جا چ ئایدیۆلۆژی بێت یان کۆمەڵایەتی. بەڵام ئیۆنێسکۆ سەرنجی لەسەر پشێوی و بێمانایی بوونی مرۆڤ و دڵەڕاوکێکانێتی، لە کاتێکدا مرۆزێک زیاتر سەرنجی لەسەر هۆکارەکانی ئەو دڵەڕاوکێیانە دەبێت. ئەم بیرۆکانە لە ڕێگەی کارەکتەری ئەبستراکت و ڕەمزییەوە دەردەکەون. بۆیە دەتوانین بڵێین شانۆی ئیۆنێسکۆ و درامای مرۆزێک، لە دونیابینیەکانیاندا، کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا جیاوازن.
———————————————-
پەراوێزەکان
(١) ئۆنتۆلۆژی، ئەم وشەیە ناوی لقێکە لە فەلسەفە کە دەکۆڵێتەوە لەوەی: چی هەیە؟ (چی بوونی هەیە) چ شتانێک بەراستی “هەن” جۆری بوون و مانای بوون چییە. زۆرجار “بەتاڵی ئۆنتۆلۆژی” زیاتر بە شێوەیەکی مەجازی بەکاردەهێنرێت، هەستێک کە هیچ شتێک مانای ڕاستەقینە و بوونی نییە. کە شتێک، ناسنامە، ناوەڕۆک یان مادەی ڕاستەقینە ی تێدا نییە. حاڵەتێک کە مرۆڤ ئەزموونی دەکات هەست بە بەتاڵی و ناڕاستەقینە و بێ بناغەیی ژیان، جهیان و دەکات. بۆ نموونە گەر کەسێک بە کەسێکی گوت: هەست بە بەتاڵی و بێ مانای دەکات. کەسێک دەڵێت ژیانم بێمانایە، ئەمە دەتوانرێت بگوترێت “بۆشایی ئۆنتۆلۆجی”
(٢) کورسییەکان (Les Chaises) لەلایەن Eugène Ionesco لە ساڵی 1951 لە پاریس نووسراوە. لە ٢٢ی نیسانی ١٩٥٢ لە Théâtre Lancry لە پاریس بۆ یەکەمجار نمایشکرا و لەلایەن سیلڤاین دۆمەوە دەرهێنرا. دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەم دەقە نووسراوە کە زۆرێک لە نووسەران هەستیان بەوە کرد کە جیهان بووەتە شتێکی تێنەگەیشتن و مرۆڤەکان بە زەحمەت مانا لە ژیاندا دەدۆزنەوە. ئیۆنێسکۆ ویستویەتی تەنیایی مرۆڤ، پووچی کۆمەڵگا نیشان بدات، ئەمەش هێمای پەیوەندی نەکردنی مرۆڤە، هەستکردنە بە بەتاڵی و گەڕان بەدوای مانا لە جیهانێکی ئاژاوەگێڕدا. ئەمڕۆ بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی ئیۆنێسکۆ دادەنرێت و یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. تێکەڵاو یەکە لە نوکتە، دڵتەنگی و فەلسەفە و بارودۆخی ناماقوڵ لە یەک کاتدا.
(٣) شانۆ نامەی (جاک یان ملکەچکردن ) باس لە گەنجێک دەکات بە ناوی جاک کە ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی و یاساکانی کۆمەڵگادا بگونجێت. خانەوادەکەی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن کە وەک هەموو کەسێک بیربکەرەوە و پەیڕەوکردنی نەریتەکان و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە بکات کە بۆی دیاریکراوە. و بەپێی داواکارییەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار بکەن. سەرەتا جاک بەرەنگاریان دەبێتەوە و هەوڵدەدات کەسایەتی خۆی بهێڵێتەوە. بەڵام خێزانەکە بەردەوام فشار دەخاتە سەری، هەنگاو بە هەنگاو دەست دەکات بە خۆبەدەستەوەدان. هەر بۆیە شانۆنامەکە ناوی “ملکەچبوون”ە. لەم دەقەدا لە هەندێک وەرگێراندا بە جاک نووسراوە لە هەندێک شوێندا بە کوبوش.
(٤) دەقی شانۆیی کەرکەدەن د. موحسین ئەحمەد عومەر لە زمانی فەرەنسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردەم بڵاویکردۆتەوە.
(٥) لێرەدا م. ماسلۆڤسکی M. Maslowski, ئاماژە بەگۆرانیەکی درامی ڕۆمانسی پۆڵۆنی دەدات بە ناوی وارسزاویانکا Warszawianki کە زۆربەی کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە ئاماژەدانە بە بیرۆکەی ئەم گۆرانیە پۆڵۆنیە کە پەیوەست بە خەبات و یاخیبوونەوە
گۆرانی ڤارشاوانیسکە Warszawianka گۆرانییەکی نیشتمانپەروەرانەی رۆمانسی گەلی پۆلۆنیایە کە لە ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٣١ دژی ئیمراتۆریەتی ڕووسی لە سەر زمانی خەڵک بوو، تێکستی گۆرانیەکە لە لایەن شاعیری فەرەنسی کاسیمیر فرانسوا دیلاڤین Casimir François Delavigne نووسراوە پاشان تێکستەکە لەلایەن کارۆل سیێنکیڤیچەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی پۆڵەندی ئاوازی بۆ دانرا و کرا بە گۆرانی، چەخماخەی ئەم گۆرانیە هەموو پۆلۆنیای گرتەوە، بۆ هەموو ناڕازەیەتیەک خۆپیشاندران ئەم سرودەیان دەگوتەوە تا وایلات بوو بە نەریتی بیرکردنەوەی خەڵکی پۆڵۆنیا. هەرچەندە سرودەکە دژ بە داگیر کاری ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بوو، هەستێکی شۆڕسگێرانەی هەبوو بەڵام پڕ بوو لە هەستی مردن و مردن دۆستی، کە بووە سەرچاوەی بیرکردنەوەی خەڵک. جێ ئاماژەیە ئاوازی ئەم سروودە ئەنارشیستەکانی ئیسپانی ١٩٣٦بەکاریانهێان بە تێکستی خۆیان تێکەڵ بە تێکستە فەرەنسیەکە هەڵبەت هۆنراوەکە زۆر دوور و درێژە نزیکەی بە ١٥٠ دێر دەبێت بەڵام من تەنها ئەو شەش دێرەم لێکردووە بە کوردی،
ئەمە ڕۆژی خوێن و شکۆمەندییە،
ڕۆژی قیامەت بێت!
هەڵسە پۆڵەندا، زنجیرەکانت بشکێنە،
ئەمڕۆ سەرکەوتن یان مردنی تۆیە!”
پۆڵەندای خۆشەویست،
بەمەرگی خۆمان هێزی داگیرکاری دیوەکە دوا دەخەین
هەرکەسێک بژی ئازاد دەبێت و هەرکەسێک بمرێت لە ئێستاوە ئازادە
(٧) فاتالیزم بە واتای باوەڕبوون بە چارەنووس – ئەو باوەڕەی کە هەموو شتێک کە ڕوودەدات لەلایەن چارەنووسێکی حەتمی یان دەسەڵاتێکی باڵاترەوە پێشوەختە دیاری کراوە. فاتالیست پێی وایە مرۆڤەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر داهاتوویان هەبێت یان ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕن، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵوێستێکی پاسیڤ کە مرۆڤ بەبێ شەڕکردن ئەوەی ڕوودەدات قبوڵ دەکات. تایبەتمەندییەکانی فاتالیزم: فاتال: ئەو بیرۆکەیەی کە داهاتوو پێشتر نووسراوە. بێدەسەڵاتی: ئەو باوەڕەی کە کردەی مرۆڤ لە گۆڕینی دەرئەنجامدا بێمانایە. پێچەوانەی ئیرادەی ئازادە: ئەو باوەڕەی کە ئیرادەی ئازاد وەهمێکە. پەیوەندی بە شکستخواردنەوە: دەتوانێت دەستلەکارکێشانەوە لە بەرامبەر ناخۆشیدا (دۆڕانی دەروونی) لەخۆبگرێت. لە فەلسەفەدا فێرکردنێکە کە داهاتوو پێشوەختە دیاری کراوە، بەبێ گوێدانە ئەو هەڵبژاردنانەی کە دەیکەین. جیاوازە لە دیتەرمینیزم لەوەی کە فاتالیزم زۆرجار جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرئەنجامەکە وەک یەک دەبێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ئێمە چی دەکەین، لە کاتێکدا دیتەرمینیزم سەرنجی لەسەر هۆکار و کاریگەرییە.
(٧) وشەی ستریئۆتیپ بە واتای بیرۆکەیەکی گشتی و تەعمیم کراو بۆ هەموو شتێک، دەربارەی گرووپێک لە خەڵک، نەتەوە، ڕەگەز، یان کەسێک، کە زۆرجار بەبێ ناسینی تاکەکانیان دروست دەکرێت، بۆنموونە کاتێک خەڵک وا دەزانن هەموو ئەندامانی گرووپێک هەمان خاسیەت هەیە، ئەوە ستریئۆتیپە، وەک هەموو فەرەنسییەکان رۆمانسین، هەموو کورد میواندۆستە، ئەم قسانە زۆرجار ڕاستی تەواو نین، چونکە مرۆڤەکان جیاوازن.
(٨) کۆنفۆڕمیست conformare وشەیەکی لاتینیە کەسێکە کە بۆچوون و بەها و ڕەفتاری خۆی لەگەڵ نۆرمەکانی باو و زۆرینەی ناو گروپێکدا دەگونجێنێت.
