Skip to Content

کورتەچیڕۆک/ پیاوی ئەستێرەکان… رەسوڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک/ پیاوی ئەستێرەکان… رەسوڵ بەختیار

Closed
by ئاب 21, 2022 General, Literature

رەنگی هەردەم هەڵبڕزکابوو، بەڵام بەردەوام پێدەکەنی، پێکەنینێک لەدڵ و دەروونی دەهاتە دەر، کاتێکیش دەستی بەقسەکردن دەکرد، بەهیچ شێوەیەک بواری بەبەرامبەرەکەی نەدەدا، ئەو مێژووی شاخ و ئاوارەیی و خۆشەویستی و کار و نووسینی هەمووی باس دەکرد، لەبیری دەچۆوە پێشتر ئەو قسانەی کردووە، بۆیە دووبارە هەموو شتێکی دووبارە بەجۆش و خرۆشەوە باس دەکردەوە، زۆرێک لەهاوڕێیانی پێیاندەگوت، پێشتر باستکردووە، بەڵام ئەو کەمێک رادەما و دەیگوت: نازانم باسمکردووە یان نا، بڕوا بکەن زۆر ماندووم، پێمخۆشە هەموو ماندووبوونەکانم بۆتان باس بکەم، ئەوەندەم دەردەسەری و ناخۆشی بینیووە، پێمخۆشە کاروانی ژیانم بۆتان باس بکەم.
هەموو جارێک ئەو قسانەی دووبارە دەکردەوە، تا وایلێهات کاتێک قسەی دەکرد، کەس لەدەوری نەدەما، بۆیە ئەوەی شارەزایی نەبوایە لەچایخانە لەتەنیشتی دادەنیشت، چونکە پیاوێک بوو لەرووخساردا بەویقار بوو.
ماوە نا ماوە خۆی ون دەکرد، ئێمەی هاوڕێی چەند ساڵەی، بۆ ئەوەی بزانین دڵی لێمان زوویر نەبووە، تەلەفۆنمان بۆ دەکرد، کاتێک وەڵامی دەدایەوە دەیگوت: دەزانم بیرم دەکەن، هەقی خۆتانە ئێوە تەمەنێکی کورت ژیاون، بەڵام من تەمەنی ئەستێرەکانم هەیە، دەتانەوێ قسەم لێوەربگرن و وتەکانم بەناوی خۆتان بڵاو بکەنەوە.
ئێمەش هیج قسەیەکمان نەدەکرد، نەوەک دڵی زوویر بێ، بۆیە تەنیا پێدەکەنین، ئەویش دەیکردە پێکەنین و دەگوت: دیار دەبم، ئێوارە لەچایخانە دەتانبینم.
کاتێک دەگەڕایەوە، هەمان بەزمی پێشتر، ئەوەی شارەزایی نەبوایە وایدەزانی شێتە و تەنیا لەپێناوی قسەکردن قسە دەکات، بەڵام ئەو هەرگیز گوێی بەو قسانە نەدەدا تەنیا باسی لەتەمەنی ئەستێرەکان دەکرد وەک ئەوەی هاوڕێی گیانی بەگیانی ئەستێرەکان بێ.
کاتێک باسی لەئەستێرەکان دەکرد بەوردی یەکە یەکەی لەیەکتر جیا دەکردەوە، بەشێک لەبابەتەکانی زانستی بوون، بۆیە جێگەی سەرنج بوو، سەبارەت بەتسۆنامی هەزار و یەک بەڵگەی دەهێنایەوە و دەیگوت: تسۆنامی سروشتی نەبوو، دەستکردی زلهێزەکان بوو، تەنیا چەندین هەزاران کەسیان نغرۆ کرد، مەبەستیان لەوێدا دامەزراندنی چەندین پڕۆژە بوو، خەڵکی ئەو ناوچانە بەهیچ شێوەیەک زەوییەکانیان نەدەفرۆشت و خۆیان نەدەکرد بەبەشێک لەو سەرمایەدارە ناقۆڵایانە، ئەوان دەیانویست بەسروشتی خویان وەک باب و باپیرانیان لەوێدا بژین، راست نییە ئەستێرەیەک رژاوە، یان داکشانی مانگ بێ، بەڵکو ئەوان بۆ تاڤیکردنەوەیەکی ئەتوومی ناوچەیەکیان خستە ژێر ئاوەو و وێرانیان کرد.
ئێمە لەنێو خۆمان ناومان نابوو پیاوی ئەستێرەکان، ئەو ناوەی لەلا گرنگ بوو، کاتێک لێمان دەپرسی: دەی پیاوی ئەستێرەکان، پێمان بڵێ هەواڵی ئەم دەڤەرە چییە؟
پێدەکەنی و بەلەخۆباییەوە دەیگوت: لەکۆتایدا گەیشتنە ئەوەی، تەمەنی من تەمەنی ئەستێرەکانە، تەمەنم ملێۆنان ساڵە، من بەنێو گەردووندا سۆراومەتەوە، ئێوەی نەزانن تەنیا چەند بابەتێکی پڕووپووچی مێژووی باس دەکەن، خۆشتان لێی دڵنیا نین قسەکانتان تا چەند راستە.
کاتێک لەقسەکانی بێزار دەبووین و هەڵیدەدایەوە: نەمگوت ئێوە تەمەن کورت و بێ ئەزموونن عەقڵتان ئەو بابەتانە قبووڵ ناکات.
بۆ ئەو هیچ کاتێک درەنگ نەبوو تا بچێتە ماڵەوە، کاتێک ئێمە پەرتەمان لێدەکرد، ئەویش وەک ئێمە ملی رێگەی دەگرت، دەمانبینی کاتێک لەگەڵ یەکێک دەوەستا، وەک ئەوەی تازە بەتازە هاتۆتە بازاڕ، زۆر جار درەنگانی شەو دەگەڕایەوە.
بۆ دواجار نەمان بینووە چەند مانگێک بەدەر نەکەوت، هاوڕێیانی هەر یەک لەلای خۆیەوە تەلەفۆنی بۆ دەکرد، بەڵام تەلەفۆنەکەی داخرابوو، هەموو دەیانگوت هیوامان وایە نەخۆش نەکەوتبێ، هیچی بەسەر نەهاتبێ، چونکە قسەکانی لەهەمووان جیاوازتر بوو.
شەوێک لەدەوری کاتژمێر دە تەلەفۆنم کرد، بەڵکو تەلەفۆنەکەی کردبێتەوە، کاتێک زەنگم لێدا زەنگ رۆیشت دوای چەند چریەک یەکێک تەلەفۆنەکەی هەڵگرت، دوای هەواڵ پرسین لەپیاوی ئەستێرەکان، وەڵامدەرەکە گوتی: من کچی ئەوم باوکم نەخۆشە و ناتوانێ وەڵام بداتەوە.
چەند رۆژێک دوای ئەو تەلەفۆنە لەهەمان کاتی شەودا، ژمارەی پیاوی ئەستێرەکان هاتە سەر شاشە، هەڵمگرت: یەکسەر گوتی : ئەوە باوکم دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکا، ئەو بەپێکەنینەوە گوتی: چۆنی دەزانم بیری باسی ئەستێرەکان دەکەی، من سوپاست دەکەم، گەلەئەستێرەکانیش شادن بەوەی لێمان دەپرسیی.
زۆر قسەی خۆشمان کرد، دواتر خواحافیزی کرد و گوتی:پێمخۆشە تەلەفۆن دەکەی، ئەو قسە خۆشانەم بۆ دەکەی.
بەڵام پیاوی ئەستێرەکان لەچایخانە و لەبازاڕ نەبیندرایەوە، هاوڕێیان زۆریان تەلەفۆنیان دەکرد، بەڵام تەلەفۆنەکەی داخرابوو،.
دوای چەند مانگێک هەواڵی کۆچی دوایی پیاوی ئەستێرەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆوە، چوین بۆ پرسەکەی لەوێدا هاوڕێیان بڕیاریاندا یادی بکەنەوە و هەموو جارێک وێنەکەی لەنێوەندی گەلە ئەستێرەیەک دابنێین.

Previous
Next
Kurdish