Skip to Content

خۆشەویستی سەماکردنە لەسەر ئاگر.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

خۆشەویستی سەماکردنە لەسەر ئاگر.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2024 General, Literature

ھەمیشە ھەروا بووە, کۆتایی عیشق تاریکی و تێکشکانێکی گەورە بووە, عیشق ھەرگیز کۆتایی نییە، واتە کۆتاییەکی پڕ شادیی و کەیف و خۆشی. بە پێچەوانەی ریتمی سینەماوە عیشق ماراسۆنە بەرەو مردنی ئەبەدیی, عیشق نغرۆبوونە لە دەریای وەھم و خەیاڵ و داڵغە بەدینەھاتووەکان. عیشق چیتر نییە جگە لە ئازار، بەڵام بەدەستی جەلادێکی بێڕوحم کە ھیچ بەزەییەک لە دڵیدا نییە, ئەگەر بتەوێت عاشق بیت پێش ھەرشتێک پێویستە شێت بیت، چونکە ئەقڵی ئاسایی توانای بەرگەگرتن و بڕینی ئەو ھەموو کۆسپ و کەندەڵانانەی نییە, ھەرگیز توانای ئەوەی نییە, دەبێت خۆت خاڵی بکەیتەوە لە ھۆش, دەبێ لە سەوداسەریدا بژیت, دەبێت بەو بڕیارە بەرەو رووی بچیت کە دەتەوێ بەرەنگاری لەشکرێ یان سوپایەک سەرباز ببیتەوە, ئەگەر ئەم بڕیارەت نەدابێ ھەروا ئاسان نییە لافی عاشقبوون لێ بدەیت. خۆشەویستی لە ژیاندا قورسترین بارە, ئاخر خۆشەویستی لێوانلێوە لە مازۆخیەت, لێوانلێوە لە بێھۆشی, لێوانلێوە لە سووتان لە مەعشووقدا, ونبوونە لە خۆشویستراودا, گەڕانە بە دوای خۆتدا لە ئەشکەوتە تاریکەکانی دڵی یاردا, گەڕانە بە دوای نەمریدا. بۆ ئەوەی عاشق بیت پێویستە ھەندێک لە شێتی, ھەندێک لە یاخیبوونت تێدا بێت، ئەگەرنا ھیچ ساتێک ناتوانی بەو پلەیە بگەیت, ئەمە رەھایە و رێژەی نەگۆڕە بۆ ھەتاھەتایە.

لە جەژنی کریسمسدا

لاوە گەنجێکی خۆشڕوو, دڵپاک, ھەست بەرز, ھەژار و کەمدەرامەت, لە بنەماڵەیەکی ئاینی ئیسلامی گەورە بووە, بەڵام لاوە ھەمیشە بە چاوێکی یەکسانەوە لە دین و باوەڕەکان دەڕوانێ و تا راددەیەکیش مەیلی چەپایەتی لە کەللەی داوە. بەڵام سەرسامبوونی بە مەسیحییەت و عیسا شتێکە بە ھیچ شێوەیەک نایشارێتەوە, ئەمە وای لێ کردووە لە بۆنە و یاددە ئاینییەکاندا سەردانی کەنیسە بکات، بێ ئەوەی ھیچ لە رێوڕەسمەکان بزانێت. لاوە بەیانییەکی زوو لە پێش زۆربەی دیانەکانەوە ھاتە کەنیسە, بەڵام وەک ئەوەی فریشتە بیخاتە دڵییەوە چاوی گێڕا تا لەسەر بەژن و باڵای (لیندا) ئیستی گرت, ئەو کەشە ئاینییەکەی لە خۆی و کچە گۆڕی بۆ کەشێکی عاشقانە, ھێدی ھێدیش خۆی نزیکی خستەوە تا چووە بەردەمی و بە کوردیی سڵاوی لێکرد و ئەویش بە سریانی وەڵامی دایەوە!. لاوە ھیچ نیگەران نەبوو, بەڵام دوای تەواوبوونی کەشە ئایینیەکە و بڵاوەکردنی دیانەکان, لاوە کەوتە شوێن لیندا تا توانی ماڵیان بدۆزێتەوە و دواتر بەھۆی دۆزینەوەی ماڵەکەیانەوە قوتابخانەکەشی دۆزییەوە و بەم ھۆیەشەوە توانی ھەموو نھێنییەکانی ئەو کچە بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات. لیندا بێئاگایە لەوەی کوڕێکی موسڵمان قومارێکی ئێجگار گەورە دەکات لەسەری, بەو جۆرە کەوتە دوای عەشقێکی تەواو فاشیلەوە.

بەڵێ خۆشەویستی

یەکەم جار لاوە توانی لە رێگەی قوتابخانە لیندا بگرێت و بە روونی پێی بڵێ خۆشمدەوێی!, بەڵام ئەمە لای ئەم کچە بڕیارێکی تەواو بێ عەقڵانە بوو, ھەرچەندە جێگەی ھەڵوەستەکردن بوو بەلایەوە, دەیزانی ھاتنی ئەم گەنجە بۆ ناو ژیانی شتێکی ئاسایی نییە و چارەنووسەکان شتی لەو جۆرە زۆر پێکەوە دەبەستنەوە, بێجگە لەم جارە لاوە زیاتر لە بیست جاری تر بە ھەمان شێوە، ھەروەک ئەوەی بۆ یەکەم جار بێ رێگەی لە کچە گرت و داوای خۆشەویستی لێ کرد. تا لیندا گەیشتە ئەو باوەڕەی لە قووڵایی دڵی ئەو کوڕەدا رستەیەک ھەیە ئەویش ئەمەیە: لیندا من تۆم خۆشدەوێت.

منیش تۆم خۆشدەوێ

سەرئەنجام دوای ئەوەی لیندا بۆی دەرکەوت ھەروا ئاسان نییە، بێ وەڵام بمێنێتەوە لە بەرامبەر کەفوکوڵی ئەم کوڕە گەنجەدا, تووشی دڵەڕاوکێ و شڵەژانێکی دەروونی بووەوە, نەیدەزانی بەشێوە ژیانە ئاساییەکەی خۆی ملی رێگە بگرێت یان یاخی بێت و لە پێناوی عەشقدا سەرچڵی بکات. ئەو خۆشەویستیی لاوە لە دڵیدا چرۆی کردبوو، بەڵام دەیزانی رێگەی بە یەکگەیشتن ھەروا سانا نییە و لەو جیاوازییە کولتوورییەی نێوانیان تەواوێ حاڵی ببوو, رۆژان رۆیشت و ھات، لاوە زیاتر سوور بوو لەسەر خۆشەویستی لیندا، ھیچ باکی نەبوو لە ھەر تەگەرە و گرفتێک کە دەھاتە پێشی, تا دواجار لە ئێوارەیەکی ساماڵی بەھاردا لە کاتێکدا زەردەپەڕ بەرەو تاریکیی ملی رێی گرتبووە بەر. جڵەوی شل کرد بۆ ئەو ھەستەی دەمێک بوو لە دڵی لینداشدا چەکەرەی کردبوو، بۆیە بە لاوەی وت: منیش تۆم خۆشدەوێت.

ویستی قەدەر

لە کتێبە پیرۆزەکاندا باسی ئەوە کراوە ھەموو مرۆڤێک قەدەری خۆی ھەیە و ژیانی لە چوارچێوەی ئەو قەدەرەدا دەخولێتەوە. لیندا و لاوە قەدەریان جیاوازە بەڵام دەیانەوێت بیکەنە یەک, خۆ شەڕکردنیش, لەگەڵ ئەو قەدەرەدا کارێکی دۆنکیشۆتانەیە, ھیچ ئەنجامێکی نابێ جگە لە سەرکێشییەکی دۆڕاو. ئەو دوو گەنجە گەیشتنیان بەیەک ئاسایترین کردە بوو، بەڵام ئەو بەربەستە بێ مانایەی بە ناوی جیاوازیی دینەوە قووت کرابووەوە ژیانی ئەو دوو عاشقەی بە دۆزەخ سپارد. ھێشتا لە وڵاتی قەدەرە رەشەکانی ئێمەدا شتێکی لەو جۆرە رووی نەداوە, بەڵام لاوە دەیگووت خۆ من لە شێخی سەنعان موسڵمانتر و زاھیدتر نیم ئامادەم لەپێناوی عەشقدا تەنانەت ببمە زەندیک. بەڵام ئەمانە ھەموو گوزارەی ناو ئەندێشەیەکی پڕ لە عیشق بوون، ئەگەرنا لەسەر زەمینی واقیعدا کارێکی ئەستەم و بڤە بوو. ھەموو قەدەرەکان دژی بەیەکگەیشتنی ئەم دوو لاوە بوون, ھەموو ھەوڵەکانیان بێ سەرەنجام بوو, دواتریش ویستی قەدەر بەسەر ویستی عەشقدا زاڵ بوو.

دابڕان

ھەروەک وتمان لیندا و لاوە سەر بە دوو نەتەوە و دینی جودا بوون، ئەمەش بووە خاڵی ھەرەسھێنانی عەشقەکەیان, بنەماڵەی ھیچکامیان ئامادە نەبوون کارێکی لەو جۆرە پەسەند بکەن، تەنانەت لیندا ھەر نەیدەوێرا لە ماڵەوە باسی خۆشەویستی کوڕێکی موسڵمان بکات، چونکە دەیزانی تووشی گەورەترین کۆسپ و ناڕەحەتی و ئازار دەبێتەوە. لاوە دەیزانی نەک ھەر ئەوەی ببێتە دیان بەڵکو ئەگەر ببێتە قەدیس ھیچ شتێکی بۆ ناکرێ، بۆیە ناچاربوو بە وەھمیی و لای خۆیەوە درێژە بە عیشقەکەی بدات. ئیدی کولتووری جیاواز کارێکی کرد سەرئەنجام عەشقەکەیانی کاڵ کردەوە, لیندا گەڕایەوە بۆ دۆخی ئاسایی, بەڵام لاوە بووە گەنجێگی تووڕەی ھەڵەشە و نائارام و تا راددەیەکیش بەرەڵا کە خووی بە خواردنەوەی ئەلکھولەوە گرتبوو، بە بەردەوامی درەنگانێکی شەو دەگەڕایەوە ماڵەوە و ھەندێ جاریش کوڕانی گەڕەکەکەی دەیانگووت موخەدەرات دەخوات و ئاگای لە دنیا نەماوە.

بەرەو سنوورەکانی شێتبوون

لاوە چونکە کەسێتی خۆی لە مەعشوقەکەیدا ون کردبوو نەیدەتوانی و ئاسان نەبوو بۆی، بتوانێت جارێکی تر خۆی بدۆزێتەوە, دایکە پرچ سپییەکەی ھەمیشە لەسەر بەرماڵ نزا و داوای ھیدایەت و ئاساییبوونەوەی بۆ لاوە دەکرد, بەڵام نەک ھەر ھیچ سوودی نەبوو, بەڵکو بارودۆخی لاوە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕۆیشت، لەگەڵ زیادبوونی تووڕەییەکانیشی، زیاتر مودمین دەبوو لەسەر خواردنەوە و حەب و شروب و ھەندێ جۆری موخەدەرات. وردە وردە ھاوڕێکانی جێیان دەھێشت و ھەریەک بەلایەکدا, تەنیا ئەوە نەبێ چەند ھاوڕێیەکی مابوو ئەوانیش بە مەستیی ناسیبوونی، باوەڕ ناکەم لە دۆخی ئاساییدا بیناسینایەتەوە, بەم جۆر و شێوازە بەردەوام بوو ھەتا ئەو کاتەی بەشێوەیەک لەڕ و لاواز ببوو, جلەکانی دڕابوون, بە لای ھەر کەسدا دەڕۆیشت وەک شێت دەھاتە بەرچاویان, زۆرێکیش لە ھاوڕێ کۆنەکانی بە دەم قاقای پێکەنینەوە دەیانگووت دنیا ئەوە ناھێنێ وەک ئەو برادەرە خۆتی بۆ شێت بکەیت, لەولاشەوە کچی دیان شوی کرد، بێ ئەوەی لاوە ئاگای لەمە بێت، چونکە بە راددەیەک لە دەوروبەر بێ ئاگا ببوو کە نەیدەتوانی تەنانەت لینداش بناسێتەوە.

سەفەری نادیار

ئەو بەیانییە کەمێک لە بەیانییەکانی تر ئاساییتر بوو, لە بەردەم گازینۆکەدا لەگەڵ (شوانە) قسەی دەکرد و دەیووت منیش دێم, وەڵڵا دێم ئەگەر بشکوژرێم. ئیتر ئاشکرا بوو لاوە دەیەوێ سەفەر بکات، بەڵام تەنیا خۆی و شوانە دەزانن. کەسیش نازانێ لاوە پارەی ئەم سەفەرەی چۆن پەیدا کرد, بەڵام ھەرچۆنێک بوو دوای سێ رۆژ لاوە بە ڕێ کەوت بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات, ھیچ کەس نەیدەزانی جگە لە (مام باپیر)ی چایچی چونکە لای ئەو باسی کردبوو, لاوە سەفەرەکەی سەرکەوتوو بوو, تا مانگی یەکەم ھەواڵی ھەبوو, بەڵام لەو کاتەوەی لاوە گەیشتە وڵاتی یۆنان و زەنگێکی بۆ (ئیدریس)ی برای لێدا، دوای ئەوە ئیتر دەنگی نەما. ئەوە شەش ساڵە کەس نازانێ لە کوێیە؟ کەس نازانێت ئایا لە ژیاندایە یان لە بەرزەخ؟!, سۆراخێک نییە بۆی, ھەروەک ئەوەی فڕی بێت. ئێستا ھەندێ کەس دەڵێن خۆی بێدەنگ کردووە و لە ئۆکرانیا دەژی. برادەرێکی تر دەڵێ: عەقڵم ھەبێت لەناو قەرەجەکانی ئیتالیایە، یەکێکی دەڵێ لەوانەیە مرد بێت، ھەشە دەڵێ خەریکی کاری نایاسایی بووە و گیراوە, بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین ھیچییان نییە، چونکە لاوە ویستی خۆی رەش کاتەوە لە لیستی کولتووری دواکەوتوودا, ویستی لە دۆزەخی ئەم وڵاتە خۆی بشارێتەوە جا گرنگ نییە لە ژیاندا بێ یان لە مردندا.

——————————————-

سەرنج: ئەم چیرۆکە بنەمایەکی راستەقینەی ھەیە و بە کەمێک دەستکاریی و گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکانەوە لە کۆتایی دیسامبەری ساڵی ٢٠٠٠دا نووسراوە. بەڵام پێنج ساڵ دواتر بڵاوم کردووە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٢٠”ی رۆژنامەی “نێوەند” لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە و پاشتر لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لاپەڕە ٤٧٥-٤٧٩ بەشێوەی کتێبی کاغەز چاپ و بڵاوبووەتەوە.

Previous
Next
Kurdish