Skip to Content

لە ناوەڕاستی دێڕدا.. شیعری نەوزاد بەندی

لە ناوەڕاستی دێڕدا.. شیعری نەوزاد بەندی

Closed
by ئایار 2, 2024 General, Poems

ئەو ڕۆژەی کە لێک دابڕاین
هیچ هۆکارێکی پەیوەندیی
بەردەست نەبوو ..
بە دابڕانێک دابڕاین ،
ئێستا نازانم تۆ مردوویت
یان بووی بە سەرۆک وەزیران ..
نازانیت کوژراوم
یاخود بووم بە وەزیری کشت و کاڵ ..

ئەو ڕۆژەی کە لێک دابڕاین ،
تەنانەت شەماڵ خەوتبوو ،
هەواڵێکمان ئاڵ و گۆڕ کا ..
کۆتر بایکۆتی کرد بوو
نامە جۆرێ بوو له تاوان ..
ئێستا نازانم لە سوید داتکوتاوە ،
یان لە کۆشکی فیرعەونەکان ،
نازناوت نەفەرتیتیە ..
نازانیت بووم بە پێشمەرگە ،
یان لە مۆڵێکی چۆڵ و هۆڵ ،
لە پێنج مەتر فرۆشگادا ،
مانگی هەزار دۆلار دەدەم ..

ئەو ڕۆژەی هەواڵت نەما ،
خۆر گیرا بوو ..
ئاستی ئاوی بەنداوەکان
هەڵکشا بوون ..
له لایەک خەڵک ئەخنکان و
لە لایەک شایی لۆغان بوو ..
ئێستا نازانم چوویتەتە
کەناڵێکی ڕاگەیاندن
تەنها دەمت لەکاردایە ..
یان لە ئۆنلاین ،
کاڵای دەستی دوو ئەفرۆشی .
تۆیش نازانیت
ئێستا خانەنشین بووم و
دەروازەکانی دڵم ، شەبەکە و
باڵۆن دەست بەسەری کردوون ..
یان بووم بە خاوەن کۆمپانیا و
شەو نییە خەو
بە دۆلارەوە نەبینم

ئەو ڕۆژەی کە وونم کردیت ،
گڵۆپ و تەزووی کارەبا ،
لە شەڕدا بوون ..
دووربین ،
میکرۆسکۆب ،
زەڕەبین ،
بۆ خوێی چێشت دەست نەئەکەوتن ..
ئێستا نازانم هاوسەری
جوملە فرۆشێکی ڕێی چینی ..
یان لە باخچەی ساوایانا ،
لە ژووری گێلاس ،
گۆرانی بە ئینگڵیزی ئەڵێیتەوە ..
هێشتا مێردت نەکردووە ..
تۆیش نازانیت
لە ئاوی ئیجە خنکاوم ..
یان مامۆستای ناڕازیم و
زیندان نییە جنێوم
تیا نەخواردبێ ..

ڕۆژێ بوو ،
هیچ ئوتومبێلێ قومێ بەنزینی تیا نەبوو ..
سەوڵ و بەلەم لێک عاجز بوون ..
ئەسپ و عەرەبانە
شیر و تیریان لەیەک ئەسوو ..
لە هەموو پەیوەندییەکانا ،
دەیان بازگە دانرا بوون ..
نێوان مەفرەزەیەک و مەفرەزەیەک ، مەفرەزەیەک
لە سەنگەر و بۆسەدا بوون ..
سەدان چەکدار ،
یارییان بە پەلەپیتکەی
چەک ئەکرد و
چزووی مۆڕەیان ئەچەقاند
بە ڕووی هەر شتێ بجوڵێ ..
شتی تریش …

نەوزاد بەندی

Previous
Next
Kurdish