Skip to Content

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-40- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-40- ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 25, 2022 General

فلاشباک

بەشی چل

رقم لە قەرەباڵغییە، رێگە بدەن تەنها بم و لەگەڵ وەسوەسەکانی خۆما بژیم، ئەو وەسوەسانەی مێشکیان خواردوم. رقم لە ژیان نییە، بەڵام مەرگیش نابوغزێنم، هەندێ لە هاوڕێیان سڵ لە بۆچوونە پووچگەراکانم ئەکەنەوە، بەڵام بۆ راگرتنی دڵی هیچ کەس دەستکاریی سروشت و روانینی خۆم ناکەم. ئێستا دێن رەخنەم لێ ئەگرن و ئەڵێن بە هەموو هێزت داکۆکیت لە کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیست ئەکرد، ئێستاش کەوتوویتە رەخنە و ئاستێکیش لە دژایەتی، جا ئەوە کەی نەنگییە بۆ من؟. بەڵکو نیشانەی ئەوەیە هێشتا زیندووم، مرۆڤ بۆ ئەوە نەهاتووە وەک مانگا بلوەڕێ، مرۆڤی زیندوو ئەو کائینەیە گومان ئەکات و یاخی ئەبێت. هەڵە ئەکات بەڵام کۆڵ نادا، هیچ شتێک هەقیقەت نییە، وەک زاناکانی فیزیا ئەڵێن هەموو ماددەیەک لە دۆخی ئاساییدا هاوبەرگەیە. واتە تێکەڵەیەکە لە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ. خەتەرترین جۆری ئینسان ئەوانە بە ناوی هەقیقەتەوە قسە ئەکەن.
هۆشیاریی ترسناکە، چوونکە واتلێدەکات شۆخی بە هەقیقەتە وەهمییەکان بکەیت. فەرموو کابرایەکی مانگاپەرست لە هیندستان تێبگەیەنە، کە مانگاکەی ئەو نەک خودا نییە، بەڵکو خولەی قەساب رۆژی سەد دانە لەو مانگایانە سەرئەبڕێ و “عەباس ئەبوشوارب”یش بە کەباب و تکە دەرخواردمان ئەدا. بە پێی میتۆلۆجییە ئاینییەکانیش یەکەمین تاوانی مرۆڤ خواردنی سێوی مەعریفەی بەهەشت بوو، چوونکە لەگەڵ بە ئاگاهاتنەوەیدا بە ژیانی سەر زەوی سزادرا، کەوابوو هۆشیاریی و ئاگایی بەڵا گەورەکەی مرۆڤن. خوداکان و پیاوانی ئاین، هێندەی هەموو شت لە مرۆڤی هۆشیار ئەترسن. ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری هەقیقەت ئەزانن هەمیشە سڵ لە کەسانی وەک “سپینۆزا” ئەکەنەوە. لگاوچییەکانی لگاوخانەی سیاسەت هەمیشە لە تاکی هۆشیار ئەترسن. ئەوەی پرسیار و گوومان نەکات، پێی خۆش بێ یان نا، بەشێکە لە مێگەل. ئەو مێگەلەی “سۆن تزۆ” لە پەڕاوی “شەڕ”دا بەر لە چەندین سەدە، بە پێویستی ئەزانێ شوانێکیان هەبێ و بەدڵی خۆی لێیانخوڕێ!.
کاری من، خوێندنەوەیە بۆ کەشفی دنیا، لە رێگەی ئەو گوومان و پرسیارانەی لە کتێبەکانەوە سەرمایەگوزاری لەسەر ئەکەم. لەو رۆژانەش بۆ هاوڕێیەکم نووسیبوو “بەو چاوە ماندووانەمەوە نیهلیزمی ژیان ئەبینم، بە کاسە سەرێکی پڕ ئازارەوە جیهان بەو پووچییە هەڵدەسەنگێنم، من بۆ ئەوە خوڵقاوم گوومان بخەمە سەر هەموو پیرۆزییەک، هاتووم بۆ ئەوەی چیلکە رادەم لە شارە زەردەواڵەی کۆنەستی گشتی”. ئەمڕۆ لە کاتی گەڕان بەناو کتێبەکانما، پارچەیەک نووسینی خۆم دۆزییەوە کە پێموایە دوو ساڵێکە نووسیوومە بۆ یار، لە نامەیەکیشدا بۆم ناردبوو، ئەگەرچی لە حاڵەتی تووڕەییدا یادگارەکانی نێوانمانم لەناوبرد، بەڵام هەنووکە دووبارە لە کۆکردنەوەیاندام، لێرە ئەینووسمەوە بۆ ئەوەی لە فەوتان رزگار بێ.
“من رقم لە گەشبینییە، رووبەری تاریکیی زیاتر لە رووناکییە دەستکردەکان دەبینم، بەڵام شتێک لای من کە مانایەکی دابێت بە ژیانم، وجودی تۆیە. ئەوە لە هەموو سەرمایەیەکی دیکە بۆ من گرنگترە. عەشق هیچ یاسا و رێسایەکی نییە، بەپێچەوانەوە عەشق شکێنەری یاسا و رێساکانە. عەشق بناغەیەکی ئەقڵانی نییە، خۆ هەر کات ئەقڵانییەت هاتە ناو پرۆسێسەکەوە ئیدی دوا بزمار بدە لە تابووتی عەشقەکەت. باوەڕێکی ئەزموونکراو هەیە کە دەڵێ یەکەم عەشق و یەکەم مەعشوق بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. کەوایە تۆ بۆ هەمیشە دەمێنیتەوە. من لە دەرەوەی تۆ بایەخ بە شتێکی تر نادەم، هەرچەندە سەروکاریم لەگەڵ خوێندنەوە و سیاسەت، کاتی منیان بە فیڕۆداوە کە هەقوایە تەرخانی بکەم بۆ تۆ. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشم دەوێی بۆ ئەبەد تەنانەت لەنێوان عەشقی تۆ و مەرگی خۆمدا، رێگەی سێهەم شک نابەم، بۆیە لە دوای عەشقی تۆ، مردن بۆ من شەربەتە و خەڵاتێکی شاهانەیە”.
ئێستا واز لە ئەشقبازیی ئەهێنم، ئەگەڕێمەوە ناو دنیای مامۆستا هەمیشەییەکەم، ئەویش جیهانی فریدریک نیتشەیە. خۆم سەرقاڵ ئەکەم بە خوێندنەوەی کتێبێکی بە ناوی “ما وراء الخیر والشر”. هەفتەی پێشتریش کتێبی “ژینۆلۆژیای رەوشت”ەکەیم خوێندەوە. بۆ ئەوەی فێری گوومان و یاخیبوون بیت، فەرموو وەرە لە رۆحی شێتانەی “نیتشە” تێبگە، ئەو شکێنەری بتەکانە، مامۆستای راسان و خەباتکردنە دژی “مەیموونەکەی ناخمان”. هەر بۆیە لە ستایشی ئەودا ئێستا ئەم دێڕانە ئەنووسم:
سڵاو مامۆستا نیتشە
دوو شتت وەک وانەی هەموو ژیانم فێرکردم:
یەکەم: لوتبەرز بم لە ئاست گەلۆر و جاهیلەکاندا
دووەم: شانازیی بە رۆحی سەرکەشی خۆمەوە بکەم
سوپاس بۆ تۆ مامۆستا نیتشە
6-9-2001

—————–

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 138-142 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish