Skip to Content

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-38- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-38- ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 17, 2022 General

فلاشباک


بەشی سی و هەشت

ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر چواری و نیوی دوانیوەڕۆ، بە دیپۆرتکراوی گەڕاومەتەوە سلێمانی. ئێستا لە هۆڵی میدیای پێشووم کە ئێستا بووەتە ناوەندی چالاکی لاوان، لە ژوورەکەی “ئەرکان عەلی” دانیشتووم، ئەو پیانۆ ئەژەنێ، منیش ئەم دێڕانە یادداشت ئەکەم. “نیاز عومەر” گوێی گرتووە. باسی سنوورداشی خۆمم بۆ کردن، چۆن دەریا لە شەوێکی هێمندا لێمان شێت بوو، یەکەمجارم بوو بچمە ناو دەریا، کەچی شەپۆلەکان زۆر تووڕە بوون، ئاسمانیش لە شەپۆل تووڕەتر و تاوە تەرزەیەک خەریکبوو زەورەقەکەمان ژێراوژوور بکا. بەهەزارحاڵ گەیشتینە کەنارێک، بەڵام پۆلیس نیوەی وەجبەکەی ئێمەیان دەستگیر کرد، کە من و “ئاسۆ عوسمان” لەناو دەستگیرکراوەکاندا بووین، دوای چوار رۆژ لە زیندان پۆلیسی تورکی رادەستی زاخۆیان کردینەوە و ئێستاش لە سلێمانیم. ئەوەی بەسەرمان هات ماددەی خاوی رۆمانێکە یان فیلمێکی سینەمایی.
لەگەڵ گەیشتنم بە شار، ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکردیان کردم بۆ ماوەی سێ رۆژ، پاشتر بەکەفالەت ئازادیان کردم، مەرجی ئەوەشیان بۆ داناوم کە هەموو رۆژانی “دووشەممە و پێنجشەمە” لە هۆبەی رامیاریی ئیمزا بکەم، سێ رۆژیشە هەموو رۆژێک کەرتی ئاسایشی رزگاری ئەنێرن بە شوێنما و لێکۆڵینەوەم لەگەڵ ئەکەن. ژیانم لە ژێر کۆنترۆڵە، کەس ناوێرێ نزیکم بێتەوە، رۆژانە کاتەکانم لەگەڵ “هاوژین مەلا ئەمین” و “ئاسۆ عوسمان” ئەبەمە سەر. هاوژین ئێستا ناوبانگێکی باشی هەیە بە تایبەت پاش ئەوەی لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بریندار کرا لەسەر نووسینەکانی و یەکێتی پاسەوانی ئەکەن، ئەوەش بۆ ئەم دۆخەی من باشە. جیا لەوەش دوێنێ ئێوارە “محەمەد عەدنان”م بینی کزۆڵە ببوو لە سەهۆڵەکە، سەمون و چای ئەخوارد، بە دەنگێکی نووساوەوە وتی لەوانەیە رۆژێ ئەم سەموونە وشکەش نەمێنێ. “قسەکەی حەمە، ئاسۆی تووشی تاسان کردووە”.
نیوەڕۆش کاتێک “ئەرکان” لێی پرسیم سەعات چەندە؟ کاتژمێرەکەی دەستم داکەند و کێشام بە زەویدا و شکاندم. وتم کێ پێوەری بۆ کات داناوە؟ بۆ ئەبێ ئێستا سەعات دوو بێت بۆ سەعات شەش نییە؟. کات بۆ ئێمە هەر یەک شتە. ئەوە کات نییە ئەڕوا و تێدەپەڕێ، ئەوە ئێمەین ئەڕۆین و تێدەپەڕین!. زەمەن شتێکی وەستاوە، مرۆڤە وەهمیانە ساڵەکان و وەرزەکان ئەژمێرێ، ئەگەرنا هیچ تێناپەڕێ جگە لە تەمەنی خۆی. ئەرکان وتی: ئەمەی کردت شتێکی ناماقووڵە، بەڵام شێتییەکی جوانت تیایە. منیش بە تووڕەییەوە لەبەردەم دەرگای ناوەندی لاوان، هاوارم کرد: دژی هەر لۆژیکێکم. دژی عەقڵانییەتم. دژی رایگشتیی و ئەکادیمیام. دژی هەر شتێکم زۆرینە پێیان راست بێ، کێشەم لەگەڵ خودی خۆشم هەیە ئەو کاتەی ناکەومە پارادۆکسەوە.
هەوڵ ئەدەم جارێکی تر لەم وڵاتە دەربازم بێت، خەریکە تووشی پارۆنیا ئەبم! هەست ئەکەم لە هەموو لایەکەوە چوار دەورم بە سیخوڕەکان تەنراوە. هەروەک چۆن “رۆسۆ” هەستی ئەکرد تارماییەکان شوێنی کەوتوون، منیش هەمان هەستم هەیە. ژیانم کۆنترۆڵ کراوە، بچمە دەرەوەی شەستی ئەبێ ئاسایش ئاگادار بکەم و رەزامەند بن. پێرێ لەگەڵ گروپێک گەنج لە باخی گشتیی دانیشتبووین و باسی فەلسەفە و مودێرنێتە و رۆشنگەریمان ئەکرد، زوو زانیم چوار دەورمان پڕ بووە لە سیخوڕ، بۆیە دانیشتنەکەم جێهێشت، دواتر هاوڕێکانم دەستگیر کرابوون. ئێوارەکەشی لەگەڵ “رێباز حەمەجەزا” یەک لیتر “جنی ئەبوشەبقە”مان بردە چەقچەق، بەڵام سیخوڕەکان نەیانهێشت بە دڵمانەوە بنووسێ، چەند ئەلکهولمان خواردەوە سەرمان مێروولەشی نەکرد. ئاخ.
بەرنامەم هەیە، لە هەر کوێیەک بم، دەست بکەم بە نووسینی کتێبێک بە ناوی “گۆران و نوێکردنەی شیعری کوردیی”. ئەگەرچی “گۆران” شاعیری بەهار و سروشتە، فۆرمی کارکردنی لە شیعردا سەر بە قوتابخانەی ریالیزمە، بەڵام رۆڵی ئەو لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا قابیلی فەرامۆشکردن نییە. وەلێ ئێستا من رەشبینی باڵی بەسەر رۆح و دەروونما کێشاوە، کە هەر پێرێ بە “رێباز”م وت “گەشبینی تلیاکی گەلانە.. هیوا، وەهمی گەمژەکانە ژیان تەنیا بریتییە لە تاریکی ئەوەی پێشان وجودییەکان دەیانووت لە تاریکی زگی دایکمانەوە بۆ تاریکی ژیان پاشان بۆ تاریکی گۆڕ”. یان وتم “ئەڵێن ژیان بریتییە لە چرکەساتی خۆش و ناخۆش. بە زمانە میللییەکەی ئەڵێن ژیان خۆشی و ناخۆشییە. من ئەتوانم گەواهی بدەم لەسەر هەزار ناخۆشی ژیان، هەرچی خۆشییەکەشە من نەمبینیوە وەلێ زۆرم بیستووە”.
هەر ئێستاش بەم چەند دێڕە کۆتایی بەم درێژدادڕییە ئەهێنم، قفڵکردنی بابەتێک ئەبێ بەجۆرێک بێ دەرگا بۆ بیرکردنەوە بکاتەوە:
یەکەمجار کە من خۆم کوشت، هەموویان سەرقاڵی ژیان بوون
هەموو لە منەوە فێری خۆکوشتن بوون
بەڵام کەسیان وەک من نەیانزانی بۆچی خۆیان دەکوژن

29-8-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 130-134 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish