هیچ شتێک ئامادەنیە بۆ سەفەر.. بابان ئیبڕاهیم
دەمەوێت خۆم کۆبکەمەوە
بەڵام تۆ لێرەنیت
وەک بەشێک لەمن،
دابڕاویت
هەروەک ڕووناکی لەشەودا.
وەک پەرتبوویەک
لەهەموو شوێنێک جێماوم
ناگەمەوە بە منداڵیم
لەژێر سێبەری درەختەکاندا
چیلکەی خۆڵپڕژێنەکانم جێماون
هەناسەکانم لەکۆڵانەکاندا قەتیس ماون
وەک هەوا، وەک تیشکی بەیانیەک
مۆری من لەهەموو سوچێکدایە.
لەبەردەم ئاوێنەکاندا
دەبم بە دەیان بەش
دانە دانە
ڕوخساری چیرۆکەکانم دەردەکەون
سەیری ڕابردووم دەکەم و
ڕادەوەستم..
هێمنیەکانم لەو جێگایەن
کە خۆم لێی نیم
پێکەنینەکانم هێشتا لەگەروومدا ماون
لەخۆمدا و لەهەموو شوێنێکدا
گلبوومەتەوە
بەدیار خۆمەوە،
ڕادەوەستم..
دەمەوێت خۆم کۆبکەمەوە
بەڵام تۆ لێرەنیت
وەک خەیاڵەکانم،
لەژێر ئاسمانێکی تردا
کەخۆم لێی نیم.
زۆر لەمێژە لەخۆم دەرچووم
هەموو شتێک لەدەرەوەمدا بانگم دەکات
وەک تارماییەک، لەشەوێکی شپرزەدا
تاریکی دایپۆشیوم
تاریکی لەهەموو شوێنێکە.
تۆ لێرەنیت
وەک ئەوەی هیچ شتێک لێرە نەبێت
وەک ئەوەیە من لێرە نەبم
هیچ شتێک ئامادەنیە بۆ سەفەر.
من وەک شاعیرێک
هاوڵاتی جیهانم
وەک شاعیرێک
بەجیهاندا بڵاوبوومەتەوە
بەشبەشم، سەراپام ڕەنگە ونبوەکانی دونیایە
وشەیەکی پەرتم.
کەبیر لەتۆ دەکەمەوە
بیر لەهەموو شوێنێک و
بیر لە هەموو پارچەکانم دەکەمەوە
ڕادەوەستم
سەیری تەواوی ئەم شارە دەکەم
خۆمان لەهەموو جێگایەکیدا دەبینم.
ماوەیەکی زۆرە
خۆم بۆ سەفەرێکی درێژ ئامادە کردووە
بەڵام بیرەوەریەکانم
شوێنپەنجەکانم
چرکەکانی تەمەنم
لەجانتای ئەم سەفەرەدا بۆ کۆناکرێتەوە
لەبەردەم بڵێسەی جانتاکەدا
ڕادەوەستم..
هەموو شتێک لەمندا
بەرلەخۆم کۆچیان کرد
هیچ شتێک لێرە بۆ کۆکردنەوە نەماوەتەوە
بەدیار خۆمەوە کەلێرە نیە
وەک هەناسەیەک
وەک میلی کاتژمێرێک
ڕادەوەستم..
بابان ئیبڕاهیم
