Skip to Content

بیرەوەریەکی نێوان من و عبدالمهیمن بارزانی لە سەر برسێتی وهێرشەکانی سەر هەولێر.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

بیرەوەریەکی نێوان من و عبدالمهیمن بارزانی لە سەر برسێتی وهێرشەکانی سەر هەولێر.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

Closed
by شوبات 16, 2021 General, Opinion

تەمەنم لە بیستەکاندا بوو، هێشتا هەر کەسانی لە خۆم گەورەترم، بە باوک و خاڵ و مام و مامۆستا دادەنا! شەرمم لە ڕیشی سپی دەکرد! وامدەزانی هەموویان دڵسۆزن بۆ من و خاک و خەڵکەکەم! لاڵ دەبووم ئەگەر کەسێکی بە تەمەنتر قسەی لە گەڵمدا بکردایە! ئەکادیمستێکی بواری ئابووری بووم، وامدەزانی بەقاڵەکەی سەر کۆڵانەکەمان، لە ئابوووری لە من شارەزاترە! باوکم و باپیرەکانمان، هێندە بێدەنگی و سەرکزی و شەرم و کەمدوویان بە پیرۆز و ڕێز دادەنا، بەرەنگاری و ڕووبەڕڕوبوونەوەیان بە شەرمهێنەر و بێ ئەدەبی لە قەڵەم دەدا! بەڵام کاتێک برسی و ڕووت و ڕەجاڵ و بێ خانەو لانەکانم بینی، جیهانی بێ شەرمیم هەڵبژارد و چوومە گژی هەموو ناڕەواییەکدا، ئەگەر باوکم و مامۆستاکەشم بێت، با درێژەی پێ نەدەین و بەرەوو لای دەسەڵاتەکی هەولێر بچین و پێش ٢٩ بیست و نۆ ساڵ!
کۆتایی ساڵی ١٩٩٢ ە، سەردانێکی هەولێرم کرد بۆ بینینی کەس و کارم، بینیم لە بارودۆخێکی زۆر نەگونجاودان، نان و خواردن نیە، سووتەمەنی نیە، کار نیە، پەنجەرەکان بە نایلۆن داپۆشراون ،لە جیاتی شووشە ! کۆڵان و بان هەمووی قوڕە لیتەیە، تا ئەژنۆت دەچێت بە قوڕدا! خەڵکی کۆمەڵگای بنەسڵاوە( بنەسڵاوە کۆمەڵگایەکی زۆرەملێ بوو، زۆرێک لە کەرکوکیەکانیان لە کەرکوووکەوە بە زۆر لە زەمانی بەعسدا گواستبووەوە بۆ ئەوێ) داوایان لە من کرد کە سبەی بێم لە گەڵیاندا و لای پارێزگار هەندێک قسەیان بۆ بکەم، ئەوە بوو منیش دڵیانم نەشکاند و سبەی بە نزیکەی هەزار ١٠٠٠ نەفەرێکەوە کەوتینە ڕێ بۆ لای پارێزگار کە ئەو کاتە ئەو بەڕێزە بوو عبدالمهیمن بارزانی( دیارە نامیلکەیەم بە دەستەوەیە لە سەر ئەو ڕۆژە بە درێژی) بەڵام ئێستا تەنها باسی ئەو جەدەل و ووتوووێژەی نێوان من و کاک عبدالمهیمن بارزانی دەکەم.

بە هەزار کەسەووە گەیشتمە بەردەم پارێزگای هەولێر، میدیا و ڕادیۆم لێ کۆ بووەووە، پۆلیس و ئاسایش وەک کاری هەمە ڕۆژەیان بە دەورماندا کەوتنە ئامادەباشیەووە، گوتیان چیتان دەوێت:
منیش گوتم: جەنابی پارێزگار
دوایی ماوەیەک جەنابی پارێزگار، بە خۆی و دارو دەستەیەووە هاتە خوارەووە و هاتە لامان، بارانیش بووو، کەسێک چەترەکەی بۆی هەڵگرتبوو، دابووی بە سەریدا تا تەڕ نەبێت
پارێزگار گووتی: بڵی، چیتان دەوێت؟
منیش گوتم: بەڕێز، ئێمە لە کۆمەڵگای بنەسڵاوە، نە نانمان هەیە، نە سووتەمەنی، نە کار، هاتووینە بەڵکو، چارەسەرێکان بکەن؟ (زۆر بە بەزەیانە و پاڕاندنەوەوە قسەم دەکرد)
پارێزگار گوتی: ئێووە تابووری پێنجن!( تابووری پێنج لە کاتی فرانکۆ، لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا هاتە کایەووە، فرانکۆی دیکتاتۆر چوار لەشکری هەبوو، دەیگووت، لەشکری پێنجەمم هەیە، بەڵام نهێنیە لە ناوخەڵکانی ناڕازیدایە، پێی دەگوترێت تابووری پێنج)
منیش گوتم: جەناب، ئەو تابووری پێنجە لە ئەنجامی برسێتی و بێ سووتەمەنی و بێکاری خەڵکەووە دروست دەبێت!
جەنابی پارێزگار، لە قسەکان تووڕە بوو ڕۆیشت، لەو ڕۆژەووە ئیتر نە گەورە ، نە ڕیش سپی، نە مامۆستا، کوێرانە لای من قەدریان نەما!
قسەیەکی کرد، من تێنەگەیشتم، بەڵام دارو دەستەکەی گوتیان دەڵیت؛ با نوێنەر بنێرنە سەرەووە
نوێنەرم هەڵبژارد لە سێ ژنی شێر هەڵکەوتوو، لە گەڵ پیاوێکی گەرمیانی قاڵ لە شۆڕشدا ، لە ماڵەووە نامەیەکم نووسیبوو، داواکارییەکانم تیادا بەیان کردبوو، گوتم قسە نەکەن، تەنها ئەم کاغەزەی بدەنێ!
نامەکەم بە تایتڵێک یا ناونیشانێک دەست پێ کردبوو، کاتی خۆی تایتڵی نامەیەکی لینین بوو بۆ قەیسەری ڕوسیا! کە دەڵێت: ئەی باوکی میللەت!(نازانم سەرچاوەکەی کامەیە ببورن)
نوێنەرەکان کاتێکی زۆریان پێچوو، لە بەر باس و خواستی نامەکە نەبوو، بەڵکوو لە سەر ئەووە بوو ، کە کێ نامەکەی نووسیووە!؟ ئەوان خاوەنی نامەکەیان دەویست!
دوایی گەڕانەوەی نوێنەرەکان، کە بەڵێنی دابوو، سووتەمەنی و خواردنیان بۆ بنێرێت، جارێکی تر نوێنەرم ناردەووە، تا هەفتەیەکی تر بە دەستمان نەگات دێینەووە! ئەوە بوو هات و ئیتر خەڵکی بە بەرنامە خواردنی پێ دەگەیشت.
با جارێکی تر بیری دەسەڵاتی کوردستانی بخەمەووە، ئەگەر دڵسۆزن و بە ڕاستی کێشەی ئەمن و ئاسایش و ژیانی خەڵکی کوردستانیان هەیە، دەبێت خەڵکی مووجە و جێگەی نیشتەجێبوون و کاری بۆ دابین بکرێت، بە ڕێک و پێکی و مانگانە لە کاتی خۆیدا، نابێت هیچ منداڵێک بێ شیر بێت، هیچ دایک و باوکێکی پیر لە سەر جادە خەوتبێت و سواڵ بکات، نابێت هیچ بێوەژنێک بێ دەرەتان و بێ مووچە بێت، نابێت هیچ نەخۆشێک بێ داو دەرمان و ئۆکسجین بێت. هەر ئەو چینی کرێکارو زەحمەتکێشەیە کە ئێوە و دواڕۆژی نەتەوەیەکیان گەیاندە ئەم ڕۆژە، بەڵام خەریکە لە بیر دەکرێن! بەڵام هەموو کاتێک ئەوان سەنگی مەحەکن و بڕیاردەرن لە سەر گوزەران و ئاسایش و دواڕۆژی هەموو کۆمەڵگا، با لە بیریان نەکەین.
ئەگەر ئەمانە چارەسەر کران و خەڵکی خۆشگوزەران بوون، ئەووە، هەموو تاکێکی کورد لە، دورترین خاڵی باشوور کە دەکاتە حەمرین، لە ڕۆژهەڵاتەووە کە دەکاتە گۆخڵان و بیارە و پێنجوێن، ، لە ڕۆژئاواوە دەکاتە شەنگال،لە باکورەووە کە دەکاتە زاخۆ دەبێتە چاوساغی ئەو نیشتمانە،دەبێتە قەڵغانی، ئامادەیە شەو ڕۆژ بە دووربینێکەووە وەک پۆلیسی نهێنی، جاسووس و بەدکاران ئاشکرا بکەن، دزو قاچاخچیەکان بگرن، پیاو کوژان داڵدە نەدەن!
بۆردومانکردنی پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ چەندین جار، ئاماژەیە بۆ بوونی، کەسانی دژ بەم هەرێمە و دەستی ناپاکی گرێدراو بە دوژمنانەووە، بوونی تابووری پێنج، بۆ مستێک پارە، یا خەڵاتێک! چونکە چاویان بە ئازادیەکدا هەڵنایات کە خەریکە تاکی کوردی دەگەیەنێتە سەر ڕۆخی ژیانێکی ئازاد و بەختەووەر. با هەموومان کار و موڵکو پارەکانمان لە گەڵ یەکتردا بەش بکەین، تا ڕق و کینە لە نێوانماندا، بوونی نەمێنێت، تاکە چارەسەری ڕزگار بوون و بەرگریە.
لەم ئەوروپایە، لە کاتی ئەم کەرەنتینەدا، دراوسێکان هەواڵ بە پۆلیس دەدەن، ئەگەر کەسێک میوانی بێت و پێشێلی یاساکانی خۆپارێزی بکات، هەر کارێکی نەشیاو خەڵکی ئەم ووڵاتە خۆیان پۆلیسن، دەزگای نهێنین، بۆیە ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگا مەرجە سەرەکیەکەی تێرییە، دەنا، کەس بەرژەوەندی دەسەڵاتێک، نیشتمانێکی ناوێت، ئەگەر برسی و بێکار و بێ خانەولانەی بکات، هیوادارم دەسەڵاتی کوردی لە گەڵ هاونیشتمانیەکانیدا ئاشت ببێتەووە و بتوانرێت ڕێگا لە کەسانێک بگیرێت مووشەک و کاتیۆشا ئاڕاستەی فڕۆکەخانە و جێگەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بکەن.


azzady22@gmail.com 16/02/2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish