په‌یڤینی هه‌ردوو هزرڤانی فه‌ره‌نسی ئه‌دگار مۆران و ریجیس دۆبرێ
وه‌رگێڕان: ئه‌مین بۆتانی
ئێستا “ئه‌دگار مۆران” ی له‌دایكبووی 1921 و “ریجیس دۆبرێ” ی له‌دایكبووی 1940 زۆرترین ئاماده‌گییان له ژیانی هزری و رووناكبیریی فه‌ره‌نسیدا هه‌یه. مۆران هه‌میشه به دۆبرێ ده‌ڵێ:” برا گه‌وره بچكۆله‌كه‌م”.. “دۆبرێ” ش؛ به مۆران ده‌ڵێ:” برا بچكۆله گه‌وره‌كه‌م”. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی نه‌وه‌یه‌ك ناوبڕی نێوانیانه، به‌ڵام هه‌ردووكیان هاوخه‌م و هاوخه‌باتن و چه‌ندین پرسی هزری و سیاسی و فه‌لسه‌فی و تیۆری كۆیانده‌كاته‌وه. ئه‌دگار مۆران له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا په‌یوه‌ندیی به بزوتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاریی دژ به داگیركاریی نازیه‌كانه‌وه كرد. له ساڵی 1954 به‌هۆی وتارێكیهوه له پارتی كۆمۆنستی فه‌ره‌نسی ده‌ركرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی دژ به هه‌ژموونی كۆڵۆنیالستی پیشاندابوو و له‌گه‌ڵ سه‌رخستنی شۆڕشی جه‌زائر دا بوو.
له‌وساوه مۆران زیاتر بایه‌خی به‌لایه‌نی لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دا و ئه‌و مژاره‌ی داهێنا كه ناوی نا “هزری ئاڵۆزكاو”، كه لهمیانیهوه ده‌یویست چه‌ندین پرسی سه‌رده‌می نوێ چاره‌سه‌ر بكا. له‌گه‌ڵ رۆڵان بارت له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی سه‌ته‌ی رابردوو گۆڤاری ” به‌ڵگه‌كان”ی ده‌ركرد، دواتریش گۆڤاری ” په‌یوه‌ندیه‌كان” له‌سه‌ره‌تای شێسته‌كان. له نه‌وه‌ته‌كانیش مۆران بووه لایه‌نگری سه‌وزه‌كان كه به‌رگرییان له ژینگه ده‌كرد و په‌رتووكی ” زه‌وی – نشتیمان”ی نووسی.
ریجیس دۆبرێ له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا له‌سه‌ره‌تای شێسته‌كانی سه‌ته‌ی رابردوو به‌ره‌و كووبا رۆیشت به ئامانجی پاڵپشتیكردنی ڤیدل كاسترۆ و چێ گیڤارا. و ئه‌و كاته‌ی گیڤارا جه‌نگی پارتیزانی له پۆلیڤیا به‌رپا كرد، دۆبرێ په‌یوه‌ندی پێیه‌وه كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه گیرا و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ خرایه زیندانه‌وه. له سرووشی ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌ی خۆی په‌رتووكێكی نووسی به ناوی “شۆڕش له ناو شۆڕشدا” كه دواتر بووه په‌رتووكی پیرۆزی چه‌ندین بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی چه‌كداریی له سه‌رانسه‌ری جیهان. كاتێك سۆسیالسته‌كانیش له هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌هاری ساڵی 1981 ی فه‌ره‌نسا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا؛ ریجیس دۆبرێ بووه راوێژكاری سه‌رۆك فرانسوا میتیران. له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی رابردووش‌دا چه‌ندین په‌رتووكی هزری و وێژه‌یی بڵاوكردۆته‌وه كه مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه له سه‌ر ئاستی فه‌ره‌نسا.
له ژماره 2875ی دووه‌م هه‌فته‌ی دیسێمبه‌ری 2019، هه‌فته‌نامه‌ی “لۆبس”ی فه‌ره‌نسی په‌یڤینێكی فره‌وانی نێوان ئه‌دگار مۆران و ریجیس دۆبرێ سه‌باره‌ت به‌چه‌ندین پرس و مژارێكی گه‌رم بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌مه چه‌ند لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و په‌یڤینه به‌چێژ و ورووژێنهرهیه (حهسسوونه ئه‌لمسباحی/ له فه‌ره‌نسییه‌وه: له ماڵپه‌ڕی ئیلاف بڵاوكراوه‌ته‌وه):
• ئایا بۆمان هه‌یه داوا له‌هه‌ر یه‌كێكتان بكه‌ین شیكردنهوهیهكمان بداتێ سه‌باره‌ت به په‌یڤی “شۆڕش”؟
ئه‌دگار مۆران:
شۆڕش له فه‌رهه‌نگی “لاروس” مانای گۆڕانكارییه‌كی له‌پڕ و توند ده‌به‌خشێ له پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وڵه‌ت. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش ئه‌و كاته دێته كایه‌وه كاتێ گرووپێك دژ به ده‌سه‌ڵاتێك یاخی ده‌بێ و ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست و ده‌شیپارێزێ”.
به‌روبوومه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه به مانا گشتیه‌كه‌ی. به‌ڵام شۆڕش به نسبه‌ت منه‌وه به چه‌ند پیتێكی زه‌ق ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كاتێك په‌یوه‌ندییم به كۆمۆنستهوه كرد، مانای هێنانه‌ئارای دنیایه‌كی نوێ ده‌دا كه تێیدا سته‌می مرۆڤ دژ به مرۆڤ نه‌مێنێ. شۆڕش ئه‌وسا بۆ من به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌م مانایه‌كی سۆفیگه‌رانه و ئایینی و پێغه‌مبه‌رانه‌ی هه‌بوو. شۆڕش ده‌چووه نێو فۆرمێكی لاهووتیی مه‌سیحیانه، كه “مه‌سیح” تێیدا پرۆلیتاریای پیشه‌سازی و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بوو. “ماركس” ی هێمای هێزی نه‌قۆڵای زانستیش “ئیسحاق”ه نوێیه‌كه‌ی بوو.
شۆڕش له‌و ساته وه‌خته یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا؛ به‌و مانایه بوو كه سته‌مدیده‌كانی سه‌ر زه‌وی؛ هه‌ژموونی داگیركه‌ران و ده‌ستدرێژیكاران وردوخاش ده‌كه‌ن و له شوێنی ئه‌ودا حوكمڕانییه‌كی رزگاریخواز بۆ گشت مرۆڤایه‌تی داده‌مه‌زرێنن. ئه‌و لایه‌نه ده‌روێشی و سۆفیگه‌رانه‌ی شۆڕش به‌لای منه‌وه مایه‌ی دڵخۆشی و سه‌رسامییه‌كی یه‌كجار زۆر بوو. ئه‌و وشه پیرۆز و رزگاركه‌ره بریتی بوو له:” به‌م ئاماژه‌یه سه‌رده‌كه‌وی” وه‌ك چۆن له راڤه‌كردنه لاتینیهكهدا هاتووه.
ئه‌مڕۆ كێ ده‌توانێ د‌رك به‌و مانایانه‌ی “ره‌هایی و راستی و جۆش‌وخرۆش”هی وشه‌ی شۆڕشی سه‌ته‌ی بیسته‌م بكا؟ هه‌تا ئه‌و رادده‌یه‌ی كه مه‌لیۆنان كه‌س به‌هۆیه‌وه مه‌ستبوون و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و ئایینه گه‌وره‌ی كۆمۆنیزم بۆ رزگاركردنی جیهان. ئه‌وه‌بوو كۆمۆنیزم له‌گه‌ڵ شۆڕشی قوتابیان له به‌هاری ساڵی 1968 و سه‌ركه‌وتنی ما‌و تسی تۆنگ؛ نه‌شئه‌ی گوشادیی دایگرت، به‌ڵام به‌هۆی لاچوونی په‌رده و ئاشكرابوونی راستییه‌كان له باره‌ی ره‌وشی چین و ڤیه‌تنام و كامبۆدیا و كووبا؛ جۆشهكه دوای ساڵێك دامركایه‌وه.
ئه‌مڕۆش ئه‌و وشه‌یه ته‌نانه‌ت لای ئه‌و كه‌سانه‌ش نه‌ماوه كه دژمنی سه‌رسه‌ختی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریین؛ به حزبه‌كه‌ی ترۆتسكییشهوه كه به درێژایی هه‌فتا ساڵ به‌یداخی شۆڕشی جیهانی به‌رز كرده‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وشه‌ی شۆڕش له‌و بارگه به‌هێز و ته‌قێنه‌ره بهتاڵكرایهوه، ئه‌مڕۆ ده‌شێ له خزمه‌تی خودی سه‌رمایه‌دارییدا بێ، له‌وه‌ش زیاتر له خزمه‌تی هه‌ر شتێك‌دا بێ.
به بیركردنه‌وه له‌وه‌ی شۆڕش ناتوانێ گونجانی ته‌واو بێنێته ئاراوه و ناشتوانێ هه‌موو كێشه و ململانێكان ئاسایی بكاته‌وه (كه گرنگ و پێویستن بۆ خودی دیموكراسی)، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه من به‌و وشه جادوویی و ئه‌فسانه‌ییه مه‌ست و حه‌یران بووم، هه‌تا ئه‌و رادده‌یه‌ی سهرسامیهكهم وایلێكردبووم شۆڕشی “پیترۆگراد”م وه‌ك رووداوێكی راسته‌قینه ده‌بینی كه له فیلمی “ئۆكتۆبه‌ر”ی لانشستایندا به‌رجه‌سته كرابوو، ئه‌وه‌بوو له میانی یه‌كه‌مینجار مانه‌وه‌م له لینینگراد؛ زۆر سه‌رسام بووم به زرێپۆشی ” كازێوه” و كۆشكی زستانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ستالینیزم و دواتر لینینیزم منیان بێهیوا كرد، من هه‌ر به‌رده‌وام له‌و بڕوایه‌دا بووم كه شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر هه‌وڵێكی بێهاوتا و داستانێكی پێغه‌مبه‌رانه بوو له پێناو رزگاریی مرۆڤایه‌تی، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم كه لینین بڕیاریدا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی رێگا له‌به‌رده‌م شۆڕشی ئه‌وروپی و جیهانی خۆش بكات.
ئه‌مڕۆكه‌ش ته‌نانه‌ت له شكستهێنانیشیاندا كه لینین قوربانیده‌ری ئه‌وانیش بوو، به جۆرێك له جۆره‌كان تروتسكی و چێ گیڤاراش دوا موژده‌ده‌ر و دوا قاره‌مانی شۆڕشی جیهانیین.
سرووده شۆڕشگێڕیه‌كان ئێمه‌یان سه‌رمه‌ست ده‌كرد و له‌به‌ر ده‌نگ و ئاوازه‌كانی ده‌كه‌وتینه هه‌له‌كه‌سه‌ما. به‌ر له‌وه‌ی ببمه شۆڕشگێڕ و به‌ر له‌وه‌ی جه‌نگ ده‌ست پێ‌بكا، به گرووپێكی بچووكی موزیك سه‌رسامبووم كه گۆرانیه‌كانی “فهرسۆفی” و “به‌ره‌ی سوور” و “كۆمێنتارن”یان گوتبوو. من ئێستاش ئه‌و سروودانهم خۆشده‌وێ به تایبه‌تی “فرسۆفی” (كه دوا به‌ندی به چه‌ند ریتمێكی شێوه ئایینی به‌كۆتا دێ)، هه‌روه‌ها سروودی “گیانبازه رووسه‌كان” و ” ئنتهرناسیوناڵ”. ئه‌و سه‌رسامبوونه‌ی من وه‌ك خۆی مایه‌وه هه‌تا دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بیروبڕواكهشم.
ریجیس دۆبرێ:
براده‌رێكی ره‌به‌نی بهنهدیكتیی؛ ئه‌وه‌ی له‌لا دركاندم؛ كه براكانی له ناو دێر هه‌رگیز له‌باره‌ی خوداوه قسه ناكه‌ن ته‌نیا ئه‌و پێنج جاره‌ی په‌رستش نه‌بێ له رۆژێكدا؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش كه ده‌یانه‌وێ داوای لێبوردن له په‌روه‌دگار بكه‌ن. به درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی “مه‌شق”م له‌سه‌ر شۆڕش ده‌كرد، هه‌رگیز ئه‌وه‌م له بیر نیه رۆژێك پرسیاری مانای وردی ئه‌و وشه‌یه‌م لێ كرا بێ. ئه‌و كاته‌ش كه له‌گه‌ڵ ڤیدل كاسترۆ له ساڵی 1966 ده‌ستم به‌هه‌موار و راستكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسی په‌رتووكی “شۆڕش له ناو شۆڕشدا” كرد، كێشه‌كه‌مان ئه‌وه‌بوو چۆن شۆڕش بكه‌ین، نه‌ك چۆن شۆڕش به‌رپا بكه‌ین به مانا فره‌وانه‌كه‌ی. بۆیه هه‌میشه ده‌توانین وه‌ڵام بده‌ینه‌وه كه شۆڕش ” ئه‌و كرداره توندئامێزهیه به ئامانجی به‌رپاكردنی گۆڕانكاریی نه‌ك هه‌ر له رهنگوڕوخساری حكوومه‌تدا به‌ڵكو له ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا”. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م پێناسه‌یه به‌س نیه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌نی و ته‌ماوییه. چار نیه؛ ده‌بێ بێباوه‌ڕ بیت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی خودای تاك و ته‌نیا پێناسه بكه‌ی.
ئه‌و وشانه‌ی به پیتی پان نووسراونه‌ته‌وه له نموونه‌ی ئازادی و كامه‌رانی؛ چانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه باشتر وه‌ك گۆرانی بسترێن له‌وه‌ی كه وه‌ك قسه بگوترێن. شۆڕش به “خه‌ون” ده‌ست پێده‌كا. ئه‌وه‌ی كه خه‌ونیشه پێش ئه‌وه ده‌كه‌وێ كه لۆژیكییه. پرسیاره راسته‌قینه‌كه‌ش كه خۆی ده‌سه‌پێنێ به‌م شێوه‌یه:” چ گۆرانیه‌ك له گوێماندا ده‌گوترێ كه له ته‌مه‌نی بیست ساڵیداین؟ و فرمێسك له چاوانمان ده‌بارێنێ؟”. تۆش ئه‌ی ئه‌دگار مۆران ئه‌وه‌ت به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان له یادداشته‌كانت تۆمار كردووه له ساڵی 1944. ئێواره‌یه‌ك له ژووره تاریكه‌كه‌م، چرایه‌ك له‌سه‌ر مێزی ئۆفیسهكهمه، رادیۆ كراوه‌ته‌وه، گوێبیستی بانگه‌وازه خۆشه‌كه بووم له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی “كه‌شتییه خێوه‌كه” ئه‌وه‌ی كه وژدانمی به ته‌واوی دیل و داگیر كردبوو. “سه‌رده‌می چواله”ش به رێژه‌ی زیاتر؛ ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه پێموابوو یه‌كێكه له مارش و سرووده‌كانی “كۆمۆنه”. به‌ڵام موچڕكه راسته‌قینه‌كه ئه‌وه‌ی گرووپی ڤۆكاڵی سووپای سوور بوو. بێجگه له‌وه “سینهماتاك”یش هه‌بوو له‌گه‌ڵ یانه‌ی سینه‌ما.
“بۆتمكین”، “ئه‌لكسانده‌ر نیڤسكی”، “زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن؟”،…سكرین و شاشه‌ی بچووك ئه‌و هێز و سیحره‌ی سكرینی گه‌وره‌ی نیه به ره‌ش و سپی. ئێمه خه‌سڵه‌ت و تایبهتمهندییهكمان هه‌یه… تۆ ساڵانی یه‌كه‌می سه‌رده‌می سینه‌ما ژیای، منیش ساڵانی كۆتایی. به‌ڵكو باشتره بڵێین كه ئێمه تێكه‌ڵی بووین و كارلێكمان له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو. هۆڵه تاریكه‌كه ده‌توانێ حه‌ز و ئاره‌زووی به‌شداریی و جۆشی هاوبه‌شمان بداتێ، نه‌ك قهنهپهی ساڵۆنی ماڵه‌وه، هۆڵه‌كه په‌لكێشمان ده‌كا به‌ره‌و ” ئێمه یه‌كگرتووین”ی هیوا و مه‌به‌ست. داستانی شۆڕش به هێزێكی زۆره‌وه تاك بۆ ناو ئاپۆرای كۆمه‌ڵ ده‌با. ژه‌نه‌راڵ دیگۆل ده‌یگوت بیرۆكه‌ی فه‌ره‌نسا ئه‌وه‌یه كه” هه‌ست زیاتر له ئه‌قڵ و ئاوه‌ز ئیلهامم پێده‌به‌خشێ”. ئای كه ده‌به‌نگییه، ئای كه راڤه‌كردنێكی خراپه ئێمه‌ش وه‌ك پارێزگار و كۆنزێرڤاتیڤهكان نركه‌ی هیوا له غیره‌یه‌كی تۆڵه‌ستێنی نابووت چڕ بكه‌ینه‌وه.
ئه‌فسانه ئه‌و درۆیه نیه بۆ خاتری دڵی خۆمانی بكه‌ین. به‌ڵكو ناوێكه سه‌رله‌نوێ ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه و ده‌یده‌ین به بیروباوه‌ڕێك. ئه‌فسانه‌ش سه‌رناگرێ ئه‌و كاته نه‌بێ كه ناوی خۆی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێ. “ئێمه بڕوامان وابوو”، یان “ئه‌و كاته‌ی بڕوامان ئه‌مه و ئه‌وه‌ی دی بوو”. له ئێستادا بێجگه له كرستیانهكان كه‌سی دی نیه به ده‌نگێكی به‌رز بڵێ:”من له‌و بڕوایه‌دام- یان من پێموایه”. سه‌ته‌ی نۆزده‌یه‌م بڕوای به كۆماریزم هێنا، سه‌ته‌ی بیسته‌میش بڕوای به شۆڕش هێنا. به‌ڵام سه‌ته‌ی بیست و یه‌كه‌م بڕوای نه به‌و و نه به‌وی دی هه‌یه، ئه‌و بڕوای به ئابووری هه‌یه. ئه‌مڕۆكه‌ش ئێمه ده‌زانین كه رێژه‌ی نه‌شونماكردن پرانسیپی هه‌ر شتێكه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌داخه‌وه ئه‌ویش بڕوایه‌كه وه‌ك بڕوایهكانی پێشوو.
• ئه‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ی فه‌ره‌نسا به شۆڕشه‌وه!؟
ئه‌دگار مۆران:
بزوتنه‌وه‌ی ئه‌و مانگرتنه مه‌زنانه‌ی ئێستا فه‌ره‌نسا به‌خۆیه‌وه ده‌یانبینێ؛ ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی روویان داوه له: جه‌زائر، عیراق، لوبنان، چیلی، ئكوادۆر و هۆنكۆنگ. به‌ر له‌و شه‌پۆله‌ش بزوتنه‌وه‌ی “ئێله‌گ زه‌رده‌كان” به‌رپا بوو. له ده‌ره‌وه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك، له‌هه‌مان كاتدا سه‌رهه‌ڵدانه‌كان هاوبه‌شن له‌وه‌ی گشتیان یاخیبوونن دژ به رێژیمگه‌لێكی دكتاتۆری گه‌نده‌ڵ. له‌لایه‌كی دی و له زۆر دۆخدا؛ ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه دژ به ئایدۆلۆژیای لیبرالیزمی نوێ بوون، ئه‌و لیبرالیزمه نوێیه‌ی ههژموونێكی شێتانه‌ی قازانجی سه‌پاند و چینی كاركه‌ر و چینی ناوه‌ڕاستی ته‌فروتونا كرد.
بۆیه مێژوونووس ناتوانێ یاده‌وه‌ری “به‌هاری گه‌لان”ی ساڵی 1848 بیر خۆی نه‌هێنێته‌وه كه له كۆنگره‌ی ڤیه‌ننا پایه‌كانی سستمی كۆنزێرڤاتیڤی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌وروپای نێو سستمی پاشایه‌تی لهبهریهكههڵوهشاندهوه. ئه‌وه‌بوو له سه‌قڵیه و سویسرا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا و مه‌جه‌ر شه‌پۆلێك له سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشگێڕانه روویاندا كه هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نشتیمانی و دیموكراسی و ته‌نانه‌ت سۆسیالزمیش بوون. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌كان سه‌ركوتكران، به‌ڵام ئه‌و بزوتنه‌وه یاخیبوونانه رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو له رزگاركردنی گه‌لان.
ئه‌مڕۆ ئه‌و شه‌پۆله جیهانییه گوزارشت له یاخیبوون و خواستێك ده‌كه‌ن، به‌ڵام شۆڕشگێڕانه نین به واتای راسته‌قینه‌ی وشه. له كاتێكا سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی ساڵی 1848 ئامانجێكی روونیان هه‌بوو كه دیموكراسییه‌ت بوو دژ به سستمه سته‌مكاره‌كان، كه‌چی ده‌بینین سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی ساڵی 2019 ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه دیموكراسییه‌ت به‌خۆیه‌وه ده‌یبینێ؛ له‌و كاته‌ی سستمگهلێكی نوێی ده‌سه‌ڵاتخواز بره‌و ده‌سێنن و دێنه‌پێشه‌وه.
ریجیس دۆبرێ:
ئێمه ئێستا له ساڵی 1848دا نین؛ ئه‌وه چاتر. له فه‌ره‌نسا گازی فرمێسك‌ڕێژ ده‌یان كه‌س ناكوژێ، هه‌ندێ كه‌س له‌گه‌ڵ بره‌وی رووناكبیریی نووسراودا ناویان له دیمه‌نه‌كه‌دا نه‌ما له نموونه‌ی میشلی و برۆدۆن و لامارتین. له‌وانه‌یه له‌سه‌رمان پێویست بێ هه‌مواری ئه‌و دیده نه‌گۆڕه‌ی جاران بكه‌ین.
هه‌تا ئێستاكه تووڕه‌بوونێك هه‌بوو سه‌ری كێشا بۆ یاخیبوون، له‌وانه‌یه بیرۆكه‌یه‌ك شۆڕشێك هه‌ڵگیرسێنێ. هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانیه‌ك هه‌بوو له نێوان بیرۆكه‌یه‌كی كرده‌نی مه‌یدانی و بونیادێكی رووناكبیریی ئاینده‌خواز و نێوان سه‌رهه‌ڵدانی لانهوازانێك له ئێستادا. له‌وانه‌شه ئه‌مڕۆ سۆنگه‌ی سێیه‌می مێژوویی هه‌بێ له دوورمه‌ودا بۆ حه‌تمییه‌تی ئه‌و یه‌كسانیه‌ی ناكرێ پاشه‌كشه‌ی لێ بكرێ. له سه‌ته‌كانی ناوه‌ڕاستدا له دیهاته‌كان سه‌رهه‌ڵدانی جوتیاران هه‌بوو به سه‌رپه‌رشتی ئنجیل. له سه‌رده‌می نوێش شۆڕشی شه‌رواڵ سوور كورته‌كان هه‌بوو به سه‌رپه‌رشتی منه‌وه‌ره‌كان. ئه‌مڕۆش له سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنێته، سه‌رهه‌ڵدانی شاره بێهیواكان هه‌یه به سه‌رپه‌رشتی بۆشایی ئایدیۆلۆژی تایبه‌ت به قۆناغی مێژوویی. له‌وانه‌یه پرۆژه‌كه بێت، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌وه‌ی هه‌یه؛ ره‌تكردنه‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش خاڵێكی باشه نه‌ك بۆ پاشه‌كشه‌كردن؛ به‌ڵكو بۆ پێشكه‌وتن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر جورئه‌تی ئه‌وه‌م هه‌بێ قسه‌یه‌كی له‌مجۆره بكه‌م.
• توندوتیژیی له سیاسه‌تدا… به بۆچوونی تۆ هه‌تا چ رادده‌یه‌ك ده‌كرێ پاساوی بۆ بهێنینه‌وه؟
ریجیس دۆبرێ:
به‌ده‌ر له تیرۆر، ده‌كرێ پاساو بۆ توندوتیژیی بهێنینه‌وه. ده‌وڵه‌تانی به هه‌ژموون خۆیان له توندوتیژیی لاناده‌ن و به فره‌وانی ئه‌و فڕۆكه و مووشه‌كانه به‌كار دێنن كه زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر ده‌گه‌یه‌نن له‌سه‌ر ئاستی گه‌ردوون. به‌ڵام پێشه‌نگه شۆڕشگێڕه‌كان بڕیاری مه‌رگی خۆیان ده‌ده‌ن كاتێك توندوتیژیی و كوشتن پیاده ده‌كه‌ن. به‌رخودانی چه‌كدارییش ره‌وا نیه ته‌نیا له‌و كاته نه‌بێ كه دژ به داگیركه‌ر؛ یان سستمێكی سته‌مكار بێ. له‌و كاته‌ی له ئه‌مه‌ریكای لاتین گه‌ڕامه‌وه؛ هه‌رگیز بیرۆكه‌ی گرتنه‌به‌ری توندوتیژیی به خه‌یاڵمدا نه‌هاتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له سایه‌ی دیموكراسییه‌تدا زامن و مسۆگه‌ركراوه. چه‌پایه‌تی رادیكاڵیش له فه‌ره‌نسا هه‌میشه هه‌ستێكی قێزلێبوونه‌وه و بێزراوی ده‌دامێ. ئه‌مڕۆكه‌ش من بڕوای رههام به هێز هه‌یه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (هه‌ر وه‌ك پۆل ڤالێری گوته‌نی) لاوازیی هێز بڕوابوونه به‌وه‌ی كه هیچ شتێك نیه بێجگه له هێز.
هه‌روه‌ها من بڕوام به كودێتای سه‌ربازیی نیه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كودێتایه خۆی له‌خۆیدا سه‌رنه‌گرتن و شكستهێنان ده‌گه‌یه‌نێ. ده‌نگدان و پرۆسه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌شێ له دوو كات و سێ جووڵه‌دا ئاگره‌كه دامركێنێته‌وه. هه‌ڵشاخانی مه‌ده‌نی و مانگرتن و یاخیبوون و سه‌رهه‌ڵدان و به‌رگریی نه‌رێنی و هه‌موو ئه‌وانه ئامرازگهلێكی شیاون؛ هه‌تا ده‌گاته به‌رخودانی ئاشتیانه‌ی به شێوازی مه‌هاتما گاندی كه قوربانیدان و له‌خۆبردوویی و بوێریی جه‌سته‌یی و جورئه‌تی ئه‌خلاقیی زیاتری گه‌ره‌كه له‌وه‌ی پێویستمان پێیه‌تی بۆ شكاندنی روودیوارێكی شووشه‌یی؛ یان دزینی بانكێك (…..).
ئه‌دگار مۆران:
من پاساوم بۆ توندوتیژیی سیاسی نه‌هێناوه‌ته‌وه؛ به‌ڵكو پیاده‌م كردووه وه‌ك به‌شێكی پیس و پۆخڵی هه‌ر خانه‌دانێك (ده‌سته پیسه‌كان/ جان پۆل سارته‌ر).
من هه‌میشه خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و بزوتنه‌وانه زیاد ده‌بێ كه ئه‌و توندوتیژیه بۆماوه‌ییه‌ی گاندی و ” زینده كردار” ره‌تده‌كه‌نه‌وه؛ له نموونه‌ی هه‌ندێك له “ئهلتارناتیبا” یان “دامركانه‌وه‌ی یاخیبوون”. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من وام لێكدایه‌وه كه سه‌رهه‌ڵدانی ئاشتیانه‌ی سووریا له‌لایه‌ن سوپاوه سه‌ركوتكران بۆ ئه‌وه‌ی رێچكه‌ی توندوتیژیی بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام من سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و توندوتیژیهم نه‌كرد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له بارودۆخی تایبه‌تی سووریا بووه جه‌نگێكی ناوخۆیی ئایینی و جیهانی؛ به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی ده‌ره‌كی. هه‌موو بڕیارێك گره‌وكردنه، گشت كردارێكیش به‌رژه‌نگ و مومكنه و به په‌رچه‌كردار به‌ستراوه‌ته‌وه، به گوێره‌ی ئه‌و بواره‌ی تێیدا روو ده‌دا.
زۆربه‌ی بڕیاره مێژووییه‌كان له‌لایه‌ن هێزگه‌لێكی ناپێشبینیكراوهوه دراون. ئه‌و شۆڕشانه‌ش زۆرن كه په‌رچه‌كرداری نه‌رێنی و كۆنه‌په‌رستانه ده‌خه‌نه‌وه. له‌هه‌ندێ دۆخیشدا بۆی هه‌یه كردارێكی ئاشتیانه توندوتیژییه‌كی چاوهڕێنهكراوی لێ بكه‌وێته‌وه. له دۆخی دیكه‌شدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كردارێكی توندوتیژ سه‌ربكێشێ بۆ ئاشته‌وایی. مێژوو له دیدێكی ماركسی-شكسپیریانه وابه‌سته‌ی لۆژیكێكه تێكه‌ڵ به وڕێنه، كه تێیدا سنووره‌كانی هاتوهاوار و توندوتیژیی له‌گه‌ڵ ئه‌قڵانییه‌تێكی ئاڵۆزكاو به‌ناویه‌كدا ده‌چن و ناناسرێنه‌وه. ئه‌مه‌شیان پاساوێكی دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی توندوتیژیی بكه‌م و ره‌تی بكه‌مه‌وه.
————————————————————————–