
بێدەنگیم هەڵبژارد.. سەلام عومەر
ویستم باس لەو قڵیشە گەورەیەی چینایەتی بکەم کە حکومەت درووستی کردوەو خزیوەتە نێو ناخی کۆمەڵگاوە و تادێ فراوانتر دەبێ ، تادێ زەقتر دەبێتەوەو بۆتە دیاردە و هەژارەکان دەهاڕێ، بەڵام بێدەنگیم پێباشتر بوو.
ئەوجا خەریكبوو چیرۆکی هەبوو نەبوو پەرلەمانێک هەبوو بگێڕمەوە و بشیدەمە بڵندگۆکان و لە زەغەتەکان بڵاوی کەمەوە، بەڵام گوتم نەکو بەو هەبوو نەبووە، بەرئاگردانیان بیربێتەوە و هێندەی دی بچنە خەوێکی قوڵەوەو هەر هەڵنەستنەوە، بۆیە بێدەنگیم هەڵبژارد.
بەتەویا بووم باس لە مووچە پاشەکەوتکراوەکان و لێبڕاوەکان و وەستانی تەڕ،،،فیعەکان و تێبڕینی لە سەدا حەوتەکەی بەغدا و نەدراوەکان بکەم، دژەتیرۆر و قەڵغان بەدەست و ریزە کۆستەرو تۆمەتە زۆرەکانم بیرکەوتەوە، بێدانگیم پێباشتربوو.
وێجا حەزم لێبوو حیکایەتی حکومەتێکی ئێکسپایەر و پێشنیاری هەڵبژاردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ ڕای گشتی بنووسمەوەو پێیان بڵێم دەنگی ئەوخەڵکەتان بۆ خستە گۆمی ناکۆکیەکانتانەوە و خنکانتان، کەچی دەمی خۆم گرت و قەراقوپم لێکرد.
دواتر نیەتم بوو هاوار بکەم و باسی بێدەنگی شەقام و بەحزبی كردنی پەروەردەو دادگاو قوتی خەڵك و بەکۆمپانیا کردنی نەخۆشخانە حکومیەکان بكەم ، بەڵام بێمنەتی دەسەڵاتم بیرهاتەوە کە بەرامبەر هاوڵاتیانی هەیەتی گوتم نا…نەبا درۆنێکم بۆ بنێرن و هەلا هەلامکەن، ئیدی بێدەنگیم پێباشتر بوو.
هەروابێتەوە تەمام وابوو بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا باس کەم، وەک ئاو و تەندروستی و کامیراکانی هاتوچۆ و ئەوانی دی و بڵێم هەموو سێکتەرەکانی ژیان دراونەتە بازرگانەکان، ئیدی حکومەتمان بۆ چییە؟ تەنیا ژمێریارێک بەسە، کەچی ئەو جەلەشیان بێدەنگیم هەڵبژارد.
خۆ زۆری نەمابوو چیلكەیەك بە گوی وشكی ۳۳ ساڵ حکوڕانیدا بکەم و بڵێم دوای دەیان کۆبوونەوەو هاتوچوون، دوای دابەشکردنی داهاتی سەرزەوی و بنزەوی، دوای تۆخکردنەوەی زۆنە سەوز و زەردەکان، هێشتا ناتوانن وەزارەتەکانی حکومەت بەناوی حزبەوە دابەشکەن؟ هێشتا پشکەکانتان پێکەمە و هەموویتان بۆ خۆتان دەوێ و بەتەمان وەک برا دوای دەیان ساڵ فیفتی فیفتی بەفیتی دەرودراوسێ بژیەننەوە، بەڵام گوتم نەبا بۆنی ناخۆش خوێنەران هێڕکات ئەویشم نەكرد، ئەرێ گەلۆ بێدەنگی باشتر نییە؟؟؟؟؟؟