
سروە.. برایم فەڕشی
خەڵکی گەڕەکێک بووین، هاوسا، هاوتەمەن، خڕیلانە. ئەو تەنیا چاو سەوزی گەڕەک بوو. ژیانمان، گەمە، بازەڵێن، شەشخان، باڵەکەم باڵی چییە، مێشێن و پێکەنین بوو. هەرکمان قەرێ قەرێ لە یەک فێربووین و بە شوێن یەکدا دەگەڕاین و بە هەموو چەشنێک خۆمان دەگۆڕی، بۆ ئەوەی یەکتر نەناسینەوە. تەلیسمان بەسەر خۆمان دا دەکێشا، ئەو بە پەلە ڕایدەکردەوە ماڵێ و لە ژێر تەنەکە حەڵەبی خۆی دەشاردەوە و دەیتۆقاندم و جار من هەڵدەهاتمەوە ماڵ و جلی کچانەم لە بەر دەکرد و لە پشت تاقە داری گەڕەک دادەنیشتم و ئەوم دەتۆقاند. قەرێ قەرێی ئێمە، دنیایەکی پڕ لە گەمە و نواندن، جیاواز لە ژیانی گەورە گەورەکان بوو.
فێرگە لە یەکی جیاکردینەوە، ژیانی ڕۆژانەی ئێمە و گەمە و نواندن و قاقا و پێکەنین کەمتر بۆوە، ئەو دەچووە فێرگەی کچان و من فێرگەی کوڕان لەو سەری شار. هەرکمان بە قەڵافەت گەورە دەبووین و بە بوونی خۆمان، منداڵ مابووینەوە. من بۆخوێندن شارم بەجێ هێشت و ئەو لە شار مایەوە. لە پشووی نەورۆز یەکترمان دەگرتەوە و لە حەوش و حەسارو لە سەر سەربان و لە ژێر داری ناو شەقام بازەڵێنمان دەکرد و ئەوانەی ئێمەیان دەدی و دەنگی قاقا و پێکەنینی ئێمە دووانەیان دەبیست، سەریان ڕادەوەشاند.
بەسەرهاتێکی دڵتەزین منی گەڕاندەوە و وای لێهات لە بەر نەبوونی فێرگەی کچان بۆ هەموو بوارێک، هەر کمان بووینە هاوپۆل. کە لە خوێندن تەواو بووین، بەڵێنمان دا بۆ درێژەدان بە خوێندن بەرەو ئورووپا بچین. هەر کام لە لای خۆیەوە خەریکی جێبەجێکردنی کارەکانی بوو، بڕیارمان دابوو لە ڕێگای قەتارەوە بڕۆین، هەر واشمان کرد و قەتار ئێمەی لە تاران و تەورێزەوە گەیاندە باکووری وڵات و سەر زێی وان و ئەوجا ئەستانبوڵ. لەوێ سروە گوتی، من ئەچم بۆ ئیتالیا و دواتر بە یەک دەگەینەوە.
زۆرجار لە ژوورەکەی من هەرکمان چاومان دەقوچاند و بە سەعات گوێمان لە مۆتزارت و باخ و لیست و بەیت و حەیران و هۆرە و چەمەری دەگرت. ئەو حەزی لە چەمەریی بوو، دەیگوت هەست و جولە و دەنگی تێدایە. من کەوتبوومە شوێن تڕاژێدی و دڕامای ناو بەیتەکان. ئەو دەنگی خۆش بوو ، دەیگوت گەرەکمە لە ئیتالیا مۆسیقا فێربم و دەنگ هەڵبڕم، من خولیای شانۆ و دڕاما بووم و دەمویست لەم گۆمەدا مەلە بکەم. سروە پڕ لە پرسیار بوو، ڕۆژێک پرسی خودا بۆ پیاوە، بۆ ژنی نەهێناوە، بۆ خۆی شاردۆتەوە، من بۆ کچم، تۆ بۆ پیاوی؟ دوایە خۆی دای لە قاقای پێکەنین!
سروە بە منی نەگوتبوو لە ئەستانبوڵ ڕێگامان جیا دەبێتەوە. بە دوو هێڵدا پاش ئەو شەوەی هیچمان لە هوتێل چاومان نەچووە خەو، لە یەک جیابووینەوە. دیسان بە هۆی ڕووداوێک، هەڵداشترامەوە شارەکەی خۆم و هەموو شت گۆڕا و ئیسلام لەم وڵاتە زاڵ کرا. من دیسان هەڵگەڕامەوە ئاڵمان و ئەمجارە بەیادی سروە، دوو هەفتە لە ئەستانبووڵ و شەقام و کۆڵان و قەراخ دەریا و ناوبازاڕ خولامەوە و ئەوجا فڕیم بۆ فڕانکفۆرت.
دوازدە ساڵ پاش دوا دیدار، نامەیەک ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ناو سەندووقی نامەکان دووچاری ناباوەڕی کردم. لە ناو پاکەت نامە و سێ وێنە خۆیان دەنواند. یەکیان هی سەردەمی فێرگە کە بە کامێرای خۆم گرتبووم، ئەوی تر وێنەی ئەستانبول کە بە هەمان کامێرا لە سەر پردەکە گیرابوو. وێنەی سێهەم وێنەی خۆی بوو لە فیلارمۆنی شاری میلان. ئەو نامەیە کاتێک گەیشتە دەستم کە خەریکی خۆ ئامادەکردن بووم بچم بۆ فڕانکفۆرت و لەوێوە بۆ بلگڕاد و ئەوجا ئەستانبول. ئەمجارە بە قەتار نەچووم و سواری بووس بووم. کە گەیشتینە سنووری تورکیا کابرای پۆلیس لێمی پرسی بۆچی دەچی بۆ ئەستانبول؟ یەکەمجار بوو پۆلیسی وڵاتێک پرسیارێکی دروست و بەجێم لێ بکات. بەیادی ئەو ساڵە، شوێنە کۆنەکان بەسەر کرانەوە، بەڵام شوێن تەواو گۆڕابوون و بۆم تازە نەبوونەوە.
نامەکەی سروەم دەیان جار خوێندەوە، لە هەر وشە و ڕستەیەکدا ئاهەنگ و هەست و خۆشەویستی و ژیان هەبوو، وشەکان وەک ئەوەی لە سەر سەکۆی فیلارمۆنی میلان و کۆڵن بن، هاواریان دەکرد و من نەمدەتوانی وڵامی ئەم دەنگ و ئاهەنگ و هاوارە بدەمەوە. تەنیا کارێک کە کردم ئەو وێنەیەم بۆ نارد کە هەرکمان لە کاتی قەرێ قەرێ، تەلیسمان بە سەر خۆماندا کێشابوو، لە گەڵ دەستخەتێکی کۆنی خۆی.
نیوەشەو، تەلەفوون دەنگی لێ بەرز بۆوە، ساڵێک بوو بە تەنیا دەژیام، لە خەو ڕاچەنیم و منداڵێک گوتی سڵاو بابە گیان، لاڵ بووم و عەبەسراو پرسیم. تۆکێی، گوتی من کوڕی تۆم بابەگیان . ئەوە دایکم لێرە دانیشتووە، پرسیم دەتوانم قسەی لە گەڵ بکەم؟ گوتی نا. نەمدەزانی چ بکەم، لە پڕ گوتی ها قسە بکە.
شەو باش شانۆگێڕ! دڵم داتەپی. تەنیا کەس کە ئەو ناوەی لە من نابوو، ئەو بوو. نیوە شەو باش خانمی ئۆپێڕا!
هەر ئەوەندەم بۆ گوترا و بێدەنگ بووم. ئەو پاش بێدەنگبوونێکی کورت، دەنگی لێ هەڵبڕی و هاوڕێ لە گەڵ مۆسیقای موتزارت، ئۆپێڕا ئاسا چریکاندی، کراس زەردێ، کراس زەردێ…! حەپەساندمی، هەست هەموو لەشی داگرتم و خۆم لە ناو دەروون و هەستی سروەدا دیتەوە، کە لە سەر سەکۆ دەنگی دەڕوا و دەڕوا و کراسی زەردی هاوریشم لە بەر ، لە سەر ئەنگوستانی پێ نەرم نەرم دێت و دەچێ. ئەو شەوە تابەیانی سروە منی پڕ کردەوە لە منداڵی، لە خۆشی و خۆشەویستی.
جار بە جار تەلەفوونی دەکرد و دەریدەخست کە ژیانی سەر سەکۆ و ژیانی دەرەوەی سەکۆ، یەک ناگرنەوە. ئەو لە سەر سەکۆ دەیتوانی بفڕێ، دەنگی هەتا بێ سنوور هەڵکێشێ و هەستی بۆ نادیاری نادیار بەڕێ بکا. بەڵام ئەو بەری سەکۆ بۆ ئەو، پڕ لە فۆڕم و ڕەنگ و دەنگ و ماکێتی زیندووی بێ هەست بوو! سەر سەکۆ بۆ ئەو ڕێئاڵ و ڕەنگدانەوەی سروشت و ژیان و مرۆڤی پڕ لە هیوا و هەست و خۆشەویستی بوو، ئەو دەیتوانی لەو هەست وخۆشەویستییەدا بژی و بژێنێ. دەیگوت، نیچە ڕاستی گوتووە، ڕاستییەکانی ژیان و تاقیکردنەوەی مرۆڤ دەبێ بخرێتە ڕوو و دەستنیشان بکرێن. مەبەستی سروە سەر سەکۆ بوو. دیسان دەیگوت هایدیگەریش ڕاست دەکا کە دەبێژێ،،مرۆڤ دەبێ تاوتۆی بوون و هەبوونی خۆی بکات،،. سروە هەبوونی خۆی تاوتۆ کردبوو. خۆی دەیگوت،، ئەو بەری سەکۆ سڕ و سڕ و پڕ لە نامۆیی مرۆڤ لە خۆی و تەژی لە نمایش کراوە.،،
سروە خۆی لە دەنگ و مۆسیقا و کەلام و ساکارییدا دیتبۆوە، ژیانی ناو ئاسن و بینای حۆلی هەڵکشاو، دار و گوڵی پلاستیکی و سیمای دەستکرد و گەمە و نمایشی ڕۆژانە، وەڕەزی کردبوو. ئاسمان، ئاو، چەم، کێو و شاخ لە ناو شار نادیار و گووم بوون و سروشتی سەردەمی منداڵی ئەوی نادیار کردبوو. دەیگوت ،،کۆتایی هەموو هەفتان بە تەنیا ڕوو دەکەمە دەرەوەی شار و لە ناو سروشت دەنگ هەڵدەبڕم و زۆر جار لە سەر ئەو شاخانەوە هاوار دەکەم، دەچڕکێنم و سەما دەکەم.” لێرە دەنگی کپ دەبێت و بێدەنگ دەمێنێ. زۆرجار کوڕەکەی دەگاتێ و دەڵێ ببوورە بابە، حاڵی سروە باش نییە.
هەمیسان نیوە شەوێک دەنگی تەلەفوون ڕایچڵەکاندم. بابە ببوورە بەم نیوەشەوە تەلەفوون دەکەم، سروە لە دوێنێوە کە چۆتە دەرەوەی شار نەگەڕاوەتەوە، دەتوانی بێی، منیش لێرە بەتەنیام. خۆم کۆ دەکەمەوە و بەرەو فرۆکەخانە دەچم، بەرەبەیان دەگەمێ، ئاژوان بە هەڵەداوان دێت و خۆی لە باوەشمدا جێ دەکاتەوە. لەو کاتەدا دەنگی تەلەفوونەکەی بەرز بۆوە. بابۆ پۆلیس بوو، بچین.
سوار تاکسی بووین و لە دەرەوی شار لە دوورەوە قەرەباڵغی بەرچاو دەکەوت و دەیان کامێرا و تەلەفوون بەدەست دەبیندران، کە نزیک بووینەوە چەند پۆلیس و جلوبەرگ چەرمگی نەخۆشخانە، دەوری کەسێکیان دابوو کە پەتویەکی بە سەردا کێشرابوو، ئاژوان نەڕاندنی سروە، سروە! سروە وەک ئەوەی تەلیس لە سەرخۆی لابدا، پەتووی لادا و سەری هەڵێنا، سەیری ئاژوانی کرد وکە ڕووی وەرگێڕا، گەشایەوە و خۆی هاویشتە ناو باوەشم، هەستێکی ونبوو، دایگرتمەوە، لا ناکاو لێم دوور کەوتەوە و دەنگی هەڵبڕی و سەمائاسا بە کوردی لە ناو ئەو دەرو ودەشتە، چڕیکاندی و ئەو گۆرانییەی چڕی کە دەیان جار بە گوێیدا چرپاندبووم.
چەندەم پێگوتی کچێ سروە، مەچۆ بتوێنێ دووری یار و دیار ، دەتفەوتێنێ بەهارێ نامرم کچێ سروە، شادی و سەیرانە هاوینێ نامرم کچێ سروە، خەلە و خەرمانە پاییزێ نامرم کچێ سروە، گەڵا ڕێزانە زستانێ نامرم کچێ سروە، بەفر و بارانە ئەو کاتە دەمرم گوڵێ سروە، دەست لێک بەر…دانە…
لە ناکاو بەلادا دێت و بەرگ چەرمگ دەگەنە سەری و ناهێڵن بکەوێ. سروە هاوڕێ لە گەڵ سەما ئەم گۆرانییەی چڕی و دەیان کامێرا بەدەست، فلیمیان لێ هەڵدەگرتەوە و ئاژوان خەریکی وەرگێرانی گۆرانییەکەی دایکی بوو بۆ ژۆڕنالیستەکان.
هەفتەیەک کۆڵان بە کۆڵانی شار گەڕاین و لە سەر بەرزترین شوێنەکانی شار، کە شوێنی مێژوویی و پڕ لە هونەر بوون، سەیری دوور دوورەکانمان دەکرد، ئەو دەیگوت هۆوە دەبینی! ئەوجا بە چوار دەوری خۆیدا دەسووڕاو دەیگوت هۆوە دەبینی، هۆوە دەبینی؟ هەرکمان دەگەڕاینەوە بۆ جیهانی منداڵی خۆمان و ئەو کاتەی لە سەر سەربان بەیەکترمان دەگوت، هۆوە دەبینی، هۆوە دەبینی؟
لە شوێنێک لە قەراخ جۆگەیەک لە ناو شار دانیشتبووین، وتی بەیادی قاوەی کوردی، داوای قاوە دەکەم، وابزانە لە سەر حەوزێ چاومان بڕیوەتە جووتە ماسی کە سەر و خوار دەکەن. لە ناکاو بێدەنگ بوو.کە سەری هەڵهێنا فرمێسک بە لا چاویدا شۆڕ ببووە. پرسی، دەزانی چەندە دوورم، چەندە تەنیام؟ هەر دوو دەستی گرتە بەر چاوی.
ڕەنگە کەس ئەوی لەبیر نەمابێ، ئەو کەنیشکە زیت و دەنگ خۆش و ڕووگەشی چاو سەوزە، کە لە کەس نەدەچوو، لەخۆی نەبێ. کەنیشکێکی بیرمەند، باوەڕبەخۆ ، کراوە و پڕ لە پڕێنسیپی ئینسانی. ئەوەندەی لە میلان و ئیتالیا و ئورووپا ناودەنگی هەبوو، هەر ئەوەندەش لە وڵاتەکەی خۆی، بێناو مابۆوە!
چاوی لە جۆگەکەبڕیوە و لە ژێر لێو دەڵێ،
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
لە پڕ بێدەنگ مایەوە، دەستی نا ناو دەستم و گوتی بڕۆین. ئەو بێدەنگ و من بێدەنگ بە قەراخ جۆگەدا ڕێگەمان دەبڕی، لە ناکاو خۆی هاویشتە باوەشم و سەری کەوتە سەر سینگم و چاوی لە چاوم بڕی و دیسان لە بەر لێوەوە دەڵێ:
چلۆن بژیم لە شارەکەت کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟! لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە مەلی ئەوین غەوارەیە غەوارەیە غەوارەیە!
من بێدەنگم و خەڵک کە بەلاماندا دێن لە ئێمە بێدەنگتر سەیرمان دەکەن و تێدەپەڕن، کەسانێک دەیناسنەوە و سەر دادەنوێن و بێدەنگ تێدەپەڕن. سەری هەڵهێنا، چاوی لە چاوەکانم بڕی، خۆی هەڵکێشا، دەمی نایە ناو چاوم و ئارام گوتی،، ئەم ڕۆژانە دوا ڕۆژەکانی ژیانی منە، تۆ تەنیا کەسی کە بەم ڕازە دەزانی. سەرەتان هەموو گیانی داگرتووم، ئاگات لە ئاژوان بێ. ئاگات لە ئاژاون بێ، ڕاستە کوڕی تۆ نییە، کوڕی منە و من و تۆمان نییە.،، دیسان بێدەنگ دەبێ، بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوی و دەڵێ،، جلە کوردییەکانم بە کراسە زەردەکەوە بۆ تۆ بەجێ دێڵم، ئیتر پێویست ناکا بچی جلی خوشکت لەبەر کەی. ،، پێکەنی، پێکەنینێکی پڕ لە جوانی، ئەوە دوا وێنەی سروە بوو.
برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان