ڕاستکردنەوەی مێژوویی- خوێنی قەرەوەیس!- نووسینی بەختیار مام حەمید (لالە بەختیار)
داستانی نەمریی قەرەوەیس ئاڵیبەگی، ئەو پیاوەی کە ئیشی زۆر کراوە بۆ شاردنەوەی ئازایی و لێهاتووییەکەی.
دەروویەکی تر بۆ دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی دوو زاتی گەورە.
سەرەتا، گێڕانەوەی باسەکە بە کورتی و سەرپێیی.
لە تەمومژی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی کورددا، هەندێک ناوی درەوشاوە هەن کە وەک تاشەبەردی بنچینەیی ناسنامەی نەتەوەیەک دەردەکەون.
هەرچەندە داگیرکەران هەوڵی تەواوەتییان داوە بۆ گومکردن و شاردنەوەی ئەم مێژووە پڕ لە پەندانەی ناوخۆی هۆزەکانی نەتەوەی کورد، یەکێک لەو ناوانە، قەرەوەیس ئاڵیوەیی(ئاڵیبەگیی)ە. ئەو کوڕی مستەفا بەگ کوڕی وەیس کوڕی عەلی بەگی جافە، کە هەمان عێل بەگی جافی ناودار و پێشبینیکاری مەزنی کوردە.
واتە قەرەوەیس پێشینەیەکی ڕەسەن و مەعریفییانەی ناو جیهانبینیی پێشبینیکارانەی کوردی هەیە.
قەرەوەیس لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمدا، نەک هەر وەک گەورە پیاو و دەمسپی، بەڵکو وەک پێشەنگ و ڕابەری عەشیرەتی ئاڵیبەگی، سێبەری شکۆ و چاونەترسیی خۆی بەسەر گەرمیان و کوێستانی کوردستانی جافداریی ئەو سەردەمەدا کێشابوو، بێگومان بە هاوکاریی برا و ئامۆزاکانی و تەواوی هۆزی جاف و هۆزەکانیتر.
جەنگاوەرێک لە دەوری دوازدە ئەستێرە
قەرەوەیس تەنها سەرکردەیەکی خێڵەکی نەبوو، بەڵکو نیشانەی ڕەسەنایەتی و بەرەکەتی نەوەداریی بوو.
مێژوو بە شانازییەوە باس لە دوازدە کوڕی ئەم پیاوە دەکات، کە هەریەکەیان وەک تیشکێکی بەهێزی ناو جاف و کوردەکان لە ناوچەکەدا دەدرەوشانەوە: (مەولان، حسێن، شاوەیس، شاسوار، محەمەد، مامک، قارەمان، کەریم، بارام، زۆراو و سان ئەحمەد و ناوێکیان دیار نیە).
لە تەک ئەم کوڕە چاونەترسانەدا، کۆمەڵێکی زۆر لە کچانی شێرهێرش و سوپایەک لە برایانی وەک (خدروەیس، خوادە، عەلیوەس، میروەیس، ئاغاوەیس، پیروەیس، شاوەیس، باوەیس_مام فایەقی مامە قادر ئەیوت: مراوەیس، مەلاوەیس، کاکەوەیسیشیان هەبووە) و چەندانی تر پشت و پەنای بوون. ئەم کۆمەڵە سوارچاکە، قەرەوەیسیان کردبووە هێزێکی لێهاتوو کە هیچ داگیرکەرێک نەیدەوێرا بە چاوی کەمەوە سەیری سنووری قەڵەمڕەوی ئەوان بکا.
یاخیبوون لە ستەمی عوسمانی و ململانێی باج
لەو سەردەمەدا کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە ملهوڕی و بەناوی (باج و پاکژوپاوەن) خەریکی تاڵانکردنی ڕەنجی دەستی کورد بوو، قەرەوەیس وەک قەڵایەکی بەرز لەبەردەمیاندا وەستا. ئەو بە دەنگێکی پڕ لە بڕواوە دەیگوت:
«ئێمە لێرە بە ئارەقەی نێوچەوانمان ژیان دەسازێنین و بە خوێنیشمان خاک دەپارێزین؛ چۆن دەبێت سەرانە بدەین بەوانەی تەنها زمانی توندوتیژی دەزانن؟» مەبەستی داگیرکەری دەرەکیی و خیانەتکارانی ناوخۆیی بووە.
قەرەوەیس وەک پیاوێکی ملنەدەر و خەرجنەدەر ناسرا؛ ئەو نەک هەر خۆی، بەڵکو هەموو عەشیرەتی ئاڵیبەگیی و تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئاڵیبەگیی لە دژی ملهوڕی عوسمانییەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی ڕاپەڕاند. ئەم یاخیبوونە و پاراستنی سەربەخۆیی سنوورەکان، عوسمانییەکانی تووشی شۆک کرد و کینەیەکی قووڵی لە دڵیاندا چاند کە بووە هۆکاری دانانی پیلان بۆ کوشتن و سڕینەوەی ناوی قەرەوەیس.
ئەو ڕۆژەی بوو بە پەند: “ڕۆژی کوشتنی قەرە”
دواجار داگیرکەران کە نەیاندەتوانی لە مەیدانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا ئەم شێرە پاشەکشە پێ بکەن، پەنایان برد بۆ پیلانی ڕەش. لە ساتێکی کتوپڕدا بە هاوکاریی دەستی خیانەتی ناوخۆیی، قەرەوەیسیان شەهید کرد. ئەو ڕۆژەی ئەم پیاوە مەزنە کەوت و کورا، وەک حەشر بووە. بەهۆی زۆریی کوڕ و کچ و برا و برازاکانی، شین و گریان و هاوکات شمشێرکێشانی تۆڵەکردنەوەکە هێندە گەورە و هەژێنەر بوو، کە دەنگدانەوەکەی هەموو کوردستانی( باشوور)ی بەتایبەت ناو جافەکان گرتەوە و دانە دانە تۆڵەیان لە خیانەتکارانی ناوخۆیی و دەرەکیی ئەکردەوە بە جۆرێک کە زۆربەی مانگەکان دانەیەکیان لە بەشدارانی پیلانەکە ئەکوشت و ببوون بە بەڵایەکی گەورە بۆ گیانی فەرمانبەردارانی عوسمانیی لەو سەردەمەدا، واتە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قەرەوەیس زۆری خایاندووە و زۆر کەس لەو پێناوەدا تەمێ کراوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا، لە زمانی کوردییدا بووە بە پەندێکی نەمر؛ کاتێک هەرایەکی گەورە و هاتوهاوارێکی بێ سەروبەر هەبێت، دەگوترێت:
«بوو بەو ڕۆژەی وا قەرەوەیسی تێدا کوژرا!»
«یەژی ئەو ڕۆژەیە وا قەرە کوژیا!»
هەروەها ئەگەر کارێک یان دوژمنایەتییەک زۆر درێژە بکێشێت، دەگوترێت: «بوو بە خوێنی قەرە، هەر نابڕێتەوە!»
ئەوترێت دوای کوشتنی بەناهەقی قەرەوەیس، براکانی قەرەوەیس و کوڕەکانی، بە کۆی دەنگ مامەیان (خدروەیس) کە پیاوێکی بەهەیبەت و ئاقڵمەند بووە، ئەکەنە براگەورەی تیرەکەیان.
ڕەگ و ڕیشەی زانست و ئەدەب.
هەرچەندە عوسمانییەکان ویستیان بە کوشتنی قەرەوەیس ڕەگی ئەم خێزانە هەڵبکەنن و ناو و مێژووی قەرەوەیش یاخی بسڕنەوە، بەڵام خوێنی ئەو لە نەوەکانیدا بوو بە تیشکی زانست و عیرفان و جیهانی ئیسلامی و کوردیی ڕۆشن کردەوە. قەرەوەیس باپیرە گەورەی دوو لە مەزنترین ستوونەکانی مێژووی کوردە:
حەزرەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی: (خالیدی ئەحمەدی حسێنی قەرەوەیس)، کە نەوەی “حسێن”ی کوڕی قەرەوەیسە و جیهانی ئیسلامی بە زانست و عیرفانی ئەو گۆڕا و سەرحەڵقەی یەکێک لە تەریقەتە گەورەکانی سۆفیگەرییە کە نەقشبەندییە.
حەزرەتی نالی: (خدری ئەحمەدی شاوەیسی قەرەوەیس)، کە نەوەی “شاوەیس”ی کوڕی قەرەوەیسە و بوو بە سوڵتانی شیعری کلاسیکی کوردی و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە گرنگیی زۆری بە زمانی کوردیی دا لە شیعر و وێژەدا.
پاراستنی مێژووی زارەکی و گێڕەرەوەکان.
ئەم زانیارییە وردانە و ئەم داستانە پڕ لە سەروەرییە، ئەمانەتێکی مێژووییە کە لە ڕێگەی مێژووی زارەکیی نەوەکانی ئەم بنەماڵەیەوە پارێزراوە. ئەم گێڕانەوەیە لە زاری پیاوە دڵسۆز و مێژووزانەکانی ناوچەکەوە وەرگیراوە، کە بریتین لە:
حاجی حەمەغەریب مەولانی، ئەبوبەکری عومەری فەقێ عەلی، فایەقی مامە قادر، ڕەحیمی قادر قازی، عومەری کاکەوڵای کاکەسەن و حاجی عەبدوڕەحمانی مام ڕەوف.
ئەم پیاوانە بە ئەمانەتەوە ئەم مێژووەیان لە فەوتان پاراستووە و گواستوویانەتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان، تا نیشانی بدەن کە کینەی کۆنی عوسمانییەکان و ئاوارەکردنی ئاڵیبەگییەکان بۆ موسڵ و تەلەعفەر و گۆڕین و دزینی مێژوویان، هەمووی باجی ئەو ئازایەتی و سەرنەنەواندنەی قەرەوەیسی یاخیی و خەرجنەدەر بووە.
خوێندنەوەیەکی سادەی ئەم باسە:
لێرەدا بە خێرایی و سادەیی تیشک دەخەمە سەر ئەو لایەنانەی کە لە دەقە مێژووییەکان و گێڕانەوە زارەکییەکاندا وەک “کۆڵەکەی هێزی قەرەوەیس” دەبینرێن:
١. پێگەی جوگرافی و ستراتیژی (قەڵەمڕەوی جافداریی جاران، گەرمیان و کوێستان)
قەرەوەیس لە سەردەمێکدا دەژیا کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی لەسەر خاکی کوردستان لە لووتکەدا بوو. ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەو (گەرمیان و کوێستانی جافایەتی) ناوچەیەکی سنووریی هەستیار بوو، تاڕادەیەک ناوچەی شەڕی عوسمانی و سەفەوی بوو، قورسبوو کە بتوانیت لەو سنوورانەدا سەربەستیی خۆت هەم وەکو تاک و هەم وەکو هۆز و هەم نەتەوەیش بپارێزی.
سەربەخۆیی نێوان دوو جەمسەر: قەرەوەیس توانیبووی جۆرێک لە “خۆبەڕێوەبەریی ڕەها” دروست بکات کە نەچێتە ژێر باری هیچ کام لەو دوو ئیمپراتۆریەتە. ئەمەش وای کردبوو ناوچەکەی ببێتە پەناگەیەک بۆ ئەو کوردانەی لە ستەمی باج و عەسکەرتارییەتی عوسمانی ڕایان دەکرد، بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمیی و نیمچەڕاگەیەندراو.
٢. فەلسەفەی “خەرجنەدەر” و ئابووریی سەربەخۆ.
وشەی “خەرجنەدەر” یان ملنەدەر کە بۆ قەرەوەیس و نەوەکانی و هەندێجار بۆ تیرەکەی بەکاردێت، تەنها وەسفێکی ڕەوشتیی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی ئابوورییە و پرسێکی سیاسیی ناڕاستەخۆیشە.
لەو سەردەمەدا عوسمانییەکان سیستەمێکی باجی توندیان هەبوو بە ناوی “تیمار و زەعامەت”. قەرەوەیس پێی وابووە کە خاکی کوردستان هی کوردە و ئەو ناوچانە بەتایبەت بۆ هۆزە کۆچەرییەکانن، بەرهەمەکەشی تەنها بۆ خەڵکەکەی خۆیەتی.
ئەم ڕەتکردنەوەی باجە، لە ڕوانگەی عوسمانییەکانەوە وەک “خیانەتی گەورە” و دژایەتییکردنی فەرمانی خەلافەت ئەبینرا، بەڵام لە ڕوانگەی قەرەوەیس و هۆزەکەیەوە وەک “پاراستنی نامووس و ڕەنج” چاوی لێئەکرا. هەر ئەمەش بوو ڕق و کینەی دەسەڵاتی ناوەندیی لێ بەرز کردەوە.
٣. سوپای خێزانی و “دوازدە ئەستێرەکە”
باسکردنی دوازدە کوڕی قەرەوەیس (مەولان، حسێن، شاوەیس و…تاد) تەنها بۆ ژماردنی نەوەکانی نییە، بەڵکو نیشانەی دابەشبوونی دەسەڵات و یەکێتیی نێوان نەوەکانە.
هەر یەک لەم کوڕانە لە ناوچەیەکدا وەک جێگری باوکیان و سەرکردەی مەیدانی کاریان کردووە. ئەمە وای کردبوو کە “ئاڵیبەگی” تەنها ناوێک نەبێت، بەڵکو ببێتە دامەزراوەیەکی سەربازی و کۆمەڵایەتی کە بە ئاسانی هەڵنەوەشێتەوە، ئەمەیش سەری ئەکێشا بۆ شتگەلی دیکەی سەبارەت بە کورد و خاک و سنوور و بابەتی باج و ئابووری……
کوژرانی قەرەوەیس بە پیلان نەک لە جەنگدا، دەیسەلمێنێت کە عوسمانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم “سوپا خێزانییە” جۆرێک دەستەوەستان بوون و بە مەترسییشیان زانیوە.
٤. “ڕۆژی کوشتنی قەرە”؛ چرکەساتی گۆڕینی مێژووی پیش و پاش خۆی و ناونان.
کاتێک ئەگوترێت ئەم ڕووداوە بووە بە پەند، مانای وایە کارەساتەکە هێندە گەورە بووە کە چوارچێوەی خێڵێک یان هۆزێک(ی نمونەی ئاڵیبەگی و جاف)ی تێپەڕاندووە و گشتیی بووەتۆ.
هەرای قەرەوەیس،
دوای شەهیدکردنی، کوڕ و برا و برازاکان، خوشکەزا و کچەزاکانی “نیمچەقیامەت”ێکیان بەرپا کردووە. ئەوان نەک هەر تۆڵەیان کردەوە، بەڵکو ناوچەکەیان بۆ عوسمانییەکان کردە دۆزەخ و ئەمەیش دیسان لە مێژوودا گوم کراوە بە مەبەست.
تۆڵەی درێژخایەن: ئەوەی کە دەگوترێت “بوو بە خوێنی قەرە، هەر نابڕێتەوە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاڵیبەگییەکان بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوون لە لێدانی بنکە و فەرمانبەرانی عوسمانی. ئەم پشێوییە وای کرد دەوڵەتی عوسمانی پەنا بباتە بەر سیاسەتی “ڕاگواستنی زۆرەملێ” و نەوەکانی ئەم بنەماڵەیە بۆ ناوچە دوورەکانی وەک موسڵ و تەلەعفەر دوور بخاتەوە و تێکەڵاوی تورکمان و عارەبی ئەو ناوچانەیان بکات بۆ ئەوەی ڕەگیان لە ناوچەی خۆیان ببڕێ و پەرتەوازەیان بکا.
٥. جێنشینی مەعریفی (لە شمشێرەوە بۆ قەڵەم)
ئەمە سەیریترین و جوانترین بەشی داستانەکەیە، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە گەرەکیان بێ لوتکەی شکان و لوتکەی سەرفرازیی بزانن. عوسمانییەکان ویستیان بە ئاوارەکردن و کوشتن، نەوەی قەرەوەیس و براکانی و تەنانەت بنئامۆزاکانی کۆتایی پێ بهێنن و بیانسڕنەوە، بەڵام:
خوێنی “حسێن”ی کوڕی قەرەوەیس، دوای دوو نەوە گەیشتە مەولانا خالیدی نەقشبەندی. ئەو کەسەی کە لە ڕێگەی “تەریقەت”ەوە توانی هەژموونی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕووی مەعنەوییەوە لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە و کورد بکاتە خاوەن بڕیاری ئاینیی و هەندێجار سیاسیی خۆی.
مەولانا نەک سنووری هۆز، بەڵکو سنووری نەتەوە و ناوچەیشی بڕی و گەیشتە هەزاران دڵ و هەزاران ماڵ و وەڵات.
خوێنی “شاوەیس”ی کوڕی قەرەوەیس، گەیشتە حەزرەتی نالی. نالی زمانی کوردیی (شێوەزاری جافی/ سۆرانی) کردە زمانێکی ئەدەبیی هێندە بەهێز کە بەرگەی هەموو شێواندنێکی زمانی تورکی و فارسی و بگرە عارەبییش بگرێ.
واتە ئەگەرچی قەرەوەیس پشووی نەدا لە پاڵ بەری ڕەنجەکەیدا، بەڵام نەوە و بەرهەمی قەرەوەیس ئاڵیبەگی، بووە هۆکارێکی گەورەی خرمەتی کورد و کوردستان و بەرهەمەکەی بۆ هەمووان بوو، پێشکەشیان بێ و شایەنیانە.
پوختەی خاڵە هەرە گرنگەکان:
ناسنامە: قەرەوەیس سمبوولی “کوردی ڕەسەن و جافی سەرکەش و یاخی”ە کە نەبووەتە پاشکۆی هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی و خیانەتی ناوەخۆیی.
بەرگری: داستانەکە نیشان دەدات کە بەرگریی کورد مێژوویەکی کۆنی هەیە و تەنها پەیوەست نییە بە سەدەی بیستەمەوە.
تۆڵەی مەعریفی: نەوەکانی قەرەوەیس (حەزرەتی مەولانا و حەزرەتی نالی) گەورەترین تۆڵەیان لە عوسمانییەکان کردەوە؛ بەوەی کە سەلماندیان کورد نەک هەر لە شەڕدا، بەڵکو لە زانست و ئەدەب و مەعریفەیشدا ئازا و پێشەنگ و سەردەستە.
ئەمانەتی زارەکی: ئەم مێژووە بە خوێنی دڵ و بە گێڕانەوەی سنگ بە سنگ پارێزراوە، کە ئەمە خۆی جۆرێکە لە خەباتی کولتووری و پێویستە بە هێواشی و وردبوونەوە و ساخکردنەوە، بکرێتە بەشێک لە مێژووی دروستی کورد و هۆزەکان.
