Skip to Content

ساتیرەچیرۆک: هەڵمەتی هەڵبژاردن.. هێرش رەسوڵ

ساتیرەچیرۆک: هەڵمەتی هەڵبژاردن.. هێرش رەسوڵ

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 26, 2023 General, Literature

ناڕەزایەتیی هاونیشتمانان، بە تایبەت مامۆستا و فەرمانبەران بەردەوامیی هەبو. لە هەندێ شوێن و بەردەم بارەگای سەرەکیی حکومەت و نوێنەرانی گەل خێمەیان هەڵدا، کورسیی پلاستیکیان تێدا دانا، یان حەسیر و لەتە فەرش و کۆمباریان تێدا راخست، بە رۆژ و شەو تێیدا دەمانەوە. مۆنتاربۆی گەورە و مایکیان هێنابو، وتاری حەماسییان لێوە پێشکەشدەکرد و هوتافی ئاگرینیان دەگوتەوە.

بەو قرچەقرچی گەرمای هاوینە، کە دەتگوت خۆرەکە باوەشی بە زەویدا کردوە، چوبوە ناو قات و چاکەت و هێلەگێکی رەشەوە و بۆینباخەکەشی توند بەستبو، کورد گوتەنی “خۆی جەڕاندبو!”، ئیتر لەگەڵ تیمەکەیدا، کوچە و کۆڵان و ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی شار دەگەڕا. لە شەقامە سەرەکییەکانەوە بۆ شەقامە لاوەکییەکان، لە گەڕەکە گەورەکانەوە بۆ گەڕەکە گچکەکان، هیچی نەدەپەڕاند.

هەر لە سەری کۆڵانێکەوە کە دەچوەوەسەر شەقامێکی گشتیی، لوتی بە خێمەیەکی گەورە تەقی، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە بەردەمیدا وەستابون و هیتریش لە ناوەوەی بون.

“ئەمە خێمەیەکی خۆپێشاندەرانە، کوڕینە بۆ بەپەلە نەچینە ناویانەوە، دەرفەتە.” ئەمەی گوت و چاوەڕێی وەڵامی تیمەکەی نەکرد بەرەو ناو خێمەکە بە هوتافی “بڕوخێ دز، بڕوخێ دز” ملینا، کامێرامانەکەشی بە دوایدا رایکرد تاکو ئەو چرکەساتە تایبەتانەی جەنابی کاندید تۆماربکات و یەکسەر لە پەیجەکەی لە (فەیسبوک) پۆستیان بکا و بنوسێت: “نها.. پەرلەمانتاری ئایندە لەناو خۆپێشاندەران و لەگەڵ خەمی گشتییدا.”

بەڵام یەکسەر چەند کەسێک لێیان نزیک بونەوە و یەکێکیان بە دەنگی بەرز پێیگوت: “فڵتە فڵت، ئێرە پرسەیە، دزی چی و روخانی چی؟”

ئەو کە لە ژیانیدا دەیان هەڵوێستی روگیر و ئابڕوبەرانەی بەسەردا هاتبو یان دیبو، ئەو تەریقکردنەوەیەی ناو خێمەی پرسەکە هیچ شەمەزاریان نەکرد. بە پەلە فاتیحایەکی خوێند و بە دەنگی بەرز سەرەخۆشیی لە کەسوکاری مردوەکە کرد و خواحافیزی کرد. تەنانەت لە دەرەوەی خێمەکە بە چاو ئاماژەی بۆ تیمە هاوکارەکەی کرد کەوا کارتەکانی بانگەشە لێرەش دابەش بکەن.

چەند کۆڵانێک لەولاترەوە، لە دەستی راست لە دەرگای یەکەم ماڵیاندا نەیانکردوە، ئینجا یەکسەر بەرەو دەرگای دوەم ماڵ چون. دەرگایەکی سێ تاکی گەورە. کەمێک قەرەباڵغ دیاربو. چەند پیاوێک لەبەر دەرگاکە وەستابون.
“کوڕینە ئەمەیان پرسەیە، با خۆمانی پێداکەین و لێرەش فاتیحەیەک بخوێنین.”
تا ژوری میوانی ماڵەکە نەوەستان. فەرمو فەرمو کردیاننە ژورەوە. جەنابی کاندید بە بڕوابەخۆبونێکی زۆرەوە هەر بە پێوە دەستەکانی راگرت و بە دەنگی بەرز گوتی: “ئەلفاتیحە.”
ئەو پیاوانەی لە ژورەوە بون بە سەرسامییەوە لەگەڵ کاندید و تیمەکەیدا فاتیحایەکیان خوێند. “ئینشاڵڵا خوا عەفوی کردوە و تەمەنی درێژی بۆ ئێوە جێهێشتوە…” خەریک بو زیاتر لەسەری بڕوا، خاوەن ماڵەکە پێی بڕی: “کاکە وەڵا ئەمە پرسە نیە و خەریکم ژن بۆ کوڕەکەم دەگوازمەوە!”
ــــــــــــــــــــ
‎کانونی دوەمی ۲٠۲٠

Previous
Next
Kurdish