Skip to Content

رۆژژمێری دڵێکی ھەپروون.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

رۆژژمێری دڵێکی ھەپروون.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 9, 2024 General, Poems

لە ھەرزەکارییدا بە نیگایەکی گەرم
بانگم کردیت بۆ بینینی
دنیای پەمەیی خۆشەویستیم
رووت وەرگێڕا و گووتت
خۆشەویستی درۆیەکی رەشە
بە رۆژە سپییەکانمەوە دەئاڵێت
لە گەنجیمدا بە مەستییەکی شێتانە
سووتاو بە گڕی عەشقێکی داگیرساو
بانگم کردیت بۆ گوێگرتن
لە قاسپەی کەوی عاتیفەم
بەدەم وەنەوزدانەوە گووتت
خۆشەویستی ھەورێکی رەشە
لە ئاسمانی شێتییەوە دەبارێت
لە زەمەنی باڵادەستیی ئاوەزدا
کێ حەز بەم گەمە ناعەقڵانییە دەکا؟
لە کامڵیدا، ئەو ئانەی بەفری زەمەن
کلو کلو
بەسەر قەترانی ریشما دەبارێت
لە مەیخانەیەکی بێدارەوە
مەستترین پیاوی دنیا سەمات بۆ دەکات
گۆرانییەکی بزێو لە قورگیدا سەرھەڵدەدا
قریشکەیەکی غەریبە
لە کشوماتییەکی سەیردا
گوێیەکانت
بە لۆکەی رەتکردنەوە دەئاخنیت
بە کەمێک غرورەوە دەڵێیت
ئەم گۆرانییە عاشقانە
بەرامەیان ھێندە ناخۆشە
بۆنی گۆرەوییەکانی باوکمیان لێدێت
لە نەخۆشیدا بەدەم دوا نرکەی
سوێرترین ژانی رۆژگارێکی ھەڵکورماوەوە
شەکراوی شیعرێکت پێشکەش دەکەم
بانگ دەکەم
بۆ سەر جۆگە ھەنگوینییەکانی
ئەو خەونانەی تۆ دەبینن
بە پێکەنینێکی دەستکردەوە دەڵێیت
ناتوانم ئەو خەونە پووچانە لێکبدەمەوە
بە مەکرێکەوە بەسەرما دەقیژێنیت
ناکرێ خەونی گوڵ خەزان بێت
ئاخر خۆشەویستی پایزی شادمانییە
لێکردنەوەی حەرامترین سێوی بەھەشتە
لە پیریدا
بەدەم کێشانی سیگاری بیرەوەرییەوە
لە چاوەڕوانی شیعرێکی ناوەختدا
پیرەمێردێک بە ھەمان گڕوتینی سەرەتاوە
ترێی وشە دەگوشێت
شەرابی شیعری لێ دروست دەکات
دوایین رازەکانی خۆیت بۆ دەدرکێنێت
لچێکی لێ ھەڵدەقرچێنیت و دەڵێیت
ئەی پیری ئاخیر شەڕ
ھەموو تەمەنت
راکردن بوو بە دوای وەھمدا
دوای کڵاوی بابردووی عەشق کەوتیت
خۆشەویستی وڕێنەیەکی دووڕووە
لە جیھانی مندا جێگەی نابێتەوە
کەوشەکانت دادەکەنیت تا ماندوو دەبیت
سەروپۆتەڵاکی شیعرەکانم دەکوتیتەوە
دەفتەری خەونەکانم
ھەنجن ھەنجن دەکەیت
ئاگر لە رەزی خەیاڵەکانم بەردەدەیت
منیش بەدیار تارماییەکەتەوە ئێشک دەگرم
بیر لە کۆتایی ئەم کۆتاییە دەکەمەوە
لە مردندا
ئەو دەمەی دەبمە نیشتەجێی گۆڕ
ھەست بە تەنیایی دەکەم
چیتر سەرچڵییەکانم لەگەڵم نین
چیتر راکردووی دوای شەبەنگی تۆ نیم
چیتر پەنجەرەیەکم نامێنێت بۆ روانین
چیتر کراسی مەراق لەبەر ناکەمەوە
چیتر مۆتەکە بەرۆکی خەونەکانم ناگرێت
چیتر غلۆر نابمەوە بۆ نێو دۆڵی ساویلکەیی
تۆ ئەوکات سەرتاپا رەش دەپۆشیت
بە چەپکێک گوڵی سپی سادەوە
شەقاو دەھاویت بۆ سەر گڵکۆکەم
بانگم دەکەیت، دەقیژێنیت و دەڵێیت
ئەی عاشقترین پیاو، شیعرت
راژەندنی بێشکەی شەوە تەنھاکانمە
خۆشەویستیت پاسپۆرتی سەفەرمە
بۆ نێو کەژاوەی گەنجی و
ئەو زەمانەی دنیا بەدەممەوە پێدەکەنی
دە ھەستە دەستی تەزیوت بێنە
لە نێو کورەی دڵمدا گەرمی بکەوە
چاوە بەھارییەکانت ھەڵبھێنە
تەژی دەکەم لە شۆخترین کلی نیگا
باوەشی بێ نازت ئاوەڵا بکە
بۆ ھەتاھەتایە لە ئامێزت دەمێنمەوە
من ھەر بێدەنگم، بێدەنگ، بێدەنگ
ئیدی ھۆشت دێتەوە بەرخۆ
وەک پیرەژنێکی دۆشداماو
سەیری کاتژمێرەکەی دەستت دەکەیت
دەزانی کات زۆر درەنگ بووە و
ئەوەی لە باوەشت گرتووە
تەنھا کێلی قەبرێکە

٢٢-٩-٢٠١٤
ئەڵمانیا – کۆڵن
ئونی کیلنیک – نھۆمی ھەشتەم
ئەمڕۆ دووەم رۆژی پایزە و شیعرەکەم رەنگی خەزانی گرتووە
یەکەمین قەسیدەشە پاش نەشتەرگەرییەکەم نووسیبێتم

Previous
Next
Kurdish