Skip to Content

مهرەبانی ؛ (بڕگەچیرۆک).. جەلال قادر

مهرەبانی ؛ (بڕگەچیرۆک).. جەلال قادر

Closed
by كانونی دووه‌م 9, 2024 General, Literature

کاتژمێر یانزەوچڵ خوڵەکی پێش نیوەڕۆ. ئافرەتێکی بەتەمەن، فۆەتەیەکی شینی کاڵ بەسەرەوە بوو، گەشتیارم بوو. لەگەڵ دەرگا داخستنی تەکسییەکەم یەکسەر وتی : بە زووترین کات بمگەیەنە گەڕەکی (شۆڕجە).

  • بەسەرچاو پوورێ. خێرە ئاوا پەڵەتە؟
  • هەورێکی ڕەش بە ئاسمانەوەیە، پێدەچێت بیکات بە بارانێکی بەهێز.
  • ئینشاللە نایبارێنێت تا دەگەینە لای ماڵی ئێوە.
  • هەورەکە ترسناکە، لەوانەیە ببێت بە زریان.
    پێش بینیەکەی ڕاست دەرچوو، لە پاش چەند خوڵەکێکی دڵۆپە باران باری بەسەر جامی ئۆتۆمبیڵەکەم.
    گەشتیارەکەم بە فۆتە شینەکەی بسکە سپیەکانی شاردەوەو وتی : من خەمی کچەزاکەمە، لەپاش کاتژمێرێکیتر لە قوتابخانە بەردەبێت، نە چەتری پێیە نە قەمسەڵەیەکی زستانەی لەبەردایە
    _ کچەزاکەت چەند ساڵانە؟
  • قوربانی بم. ٩ ساڵانە، دایک و باوکی لەسەرکارن، من دایانی دەکەم.
    دڵنەواییم دایەوە : پوورێ، گەڕەکی شۆڕجە زۆر دوورنییە، دە بیست خوڵەکیتر دەگەینە جێ.
  • بە تەمای خودا، کەس نازانێت چی دێتە ڕێگامان!

لەسەر پردی ٤ پەڕینەوە، بارانەکە تا دەهات بەخوڕتر دەباری، هەوری ڕەش دونیای تاریک کردبوو، گرمەی هەورە تریشقەو تەقەی بروسکە بەرزبووەوە.
هەستمکرد قسەکانی پوورێ ڕاستدەرچوو، پێدەچوو بقەومێ و ڕێگامان لێبگیرێ.
سەرئەنجام باران بەخوڕ باری و بە ئاستەم بەرچاوی خۆم دەبینی. گڵۆپی چواری ماشێنەکەم داگیرساند و لەسەرخۆ دەمهاژووشت. گەشتیارەکەم دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوەو کەوتە نزاکردن.
لە ڕێگای پێچاوپێچدا، ئۆتۆمبیڵەکەم بەسەر یەک دوو تاسەدا کەت.
پوورێ بە نیگەرانییەوە وتی : لەسەرخۆ برا، ئەم ناوە تاسەی زۆر لێیە.
ئاوڕێکم ڵێدایەوە و وتم:
بەڵێ، ئەم جادەیە بەناوبانگە بۆ خەراپی تاسە و چاڵی قووڵ قووڵ، من سەرم سووڕماە لەم حکومەتە،پارەی هەیە بۆ جەنگ، پارەی نییە بۆ چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان
نزیک بە شۆستەی جادەکە لاوێکی تەمەن بیست ساڵانم بینی، کەروعارەبانەکەی ڕاگرتبوو، قەمەسەڵە زستانی و باراناوییەکەی بەسەر خۆی و گوێدرێژەکەی دادابوو بۆ ئەوەی تەڕ نەبن.
ئۆتۆمبیڵەکەم بە تەنیشتیانەوە ڕاوەستاند.
پوورێ پرسیاری لێکردم : خێرە برا، خۆ هیچ ڕووینەداوە؟
_ نا پوورێ نیگەران مەبە، ڵێزمە بارانە و بەرچاوی خۆم بە جوانی نابینم. باشترە یەک دوو خوڵکێک بوەستین و چاوەڕوان بین تا ئەم بارانە لێیدەکاتەوە.
پوورێ لەسەر کورسییەکەی بزواو سەری هێنایە پێش و تەماشای دەرەوەی کرد. دیمەنی کەروعارەبانەکەی بینی. بەدەنگێکی پڕ لە سۆز وتی : ئا لێرە بوەستە، ئەو حمالە دەبینی باوەشی بە گوێدرێژەکەی کردووە، ئەوە کوڕی منە، قوربانی بم، چەند مهرەبانە، هاوڕێکەی خۆی جێناهێڵێ و دەیپارێزێت!

Previous
Next
Kurdish