Skip to Content

شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، کتێبێکی گرنگ و ناوەڕۆک دەوڵەمەند.. ستەم خامۆش

شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، کتێبێکی گرنگ و ناوەڕۆک دەوڵەمەند.. ستەم خامۆش

Closed
by كانونی دووه‌م 25, 2024 General, Kids Literature, Literature

کە باسی شیعری منداڵان دەکرێ، ئەوە زۆر ئاسان دێتە پێش چاو، وەک بڵێی هەموو کەسێک دەتوانێ بینووسێ، بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە، کە هەرگیز ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە نووسین بۆ منداڵان پێش هەموو شتێک، لێزانیی و بەرپرسیاریەتییە، هەروەها شارەزابوونە لە: (هزر، زمان، دەروونی منداڵ)، بۆیە زۆرێک لەوانەی شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.
شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس (زیاد ڕەشاد قادر)، بە سوود وەرگرتن لە (١٠٠) سەرچاوەی کوردی و عەرەبی، کتێبی (شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا) نووسیوە، لە سەرچاوە کوردییەکانیش سوودی لە هەردوو دیالێکتی (سۆرانی و کرمانجی) بینیوە، ئەو کتێبە لە بنەڕەتدا تێزی ماستەری نووسەرە، بۆیە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە. ئەگەرچی وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کاتی گۆڕینی توێژینەوەکەی لە کرمانجییەوە بۆ سۆرانی هەروەها گۆڕینی لە ئەلفبای لاتینییەوە بۆ عەرەبی، هەندێ بڕگە و تایتڵی دەستکاری کردووە.
کتێبەکە جگە لە گرنگیی ناوەڕۆکەکەی، لە ڕووی دیزاین و وێنەی بەرگ و جۆری کاغەزەکەی، زۆر باشە و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ.
شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، کتێبێکە مێژووی نووسینی شیعری منداڵانی کورد، بە شێوەیەکی ورد و زانستیی دەخاتە بەر چاوی خوێنەرانی کورد، دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ تێگەیشتن و سوود وەرگرتن لە ژانری شیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورددا لێی بڕوانرێ، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی گەرەکیانە لەبارەی ئەدەبی منداڵان شارەزایی باشتر پەیدا بکەن، یاخود ئاگاداری سەرەتای دەستپێکی نووسینی شیعر منداڵان بن لە ئەدەبی کوردیدا.
زیاد ڕەشاد قادر، بەر لەوەی توێژینەوە لەبارەی ئەدەبی منداڵان بکات، پێشتر شیعری بۆ منداڵان نووسیوە و پێشینەی هەیە لە خزمەتکردنی منداڵان، ئەمە جگە لەوەی ماوەیەک بەڕێوەبەری نووسین و دواتر بووەتە سەرنووسەری گۆڤاری (جگەرگۆشەکان)، کە لە ماوەی دەرچوونیدا (٢٧١) ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە و دیدەی منداڵانی پێ ڕۆشن بووەتەوە، بۆیە «زیاد ڕەشاد قادر» جێدەستی دیارە لە خزمەتکردنی ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی منداڵانی کوردیدا.
نووسەر، لە پێشەکی و لە لاپەڕە (٩)دا دەڵێ: ((ئەم باسە جگە لە پێشەکییەک، لە دەروازەیەک و شەش بەش و ئەنجامگری پێکهاتووە)).
لە لاپەڕە (١٣، ١٤، ١٥و ١٦)دا لە بەشی دەروازە، بەناونیشانی (منداڵ و قۆناخەکانی ژیانی منداڵ)، زۆر بە وردی باسی چەمک و پێناسەی منداڵی کردووە.
لە بەشی یەکەم بەناونیشانی (چەمک و تایبەتمەندی و دیرۆکی ئەدەبی منداڵان)، لە لاپەڕە (١٧ تا ٤٧) ئاوڕی لە چەند کتێبێکی ئەدەبیی منداڵانە و چەند نووسەرێکی جیهانیی داوەتەوە، پاشان چەند ناونیشانێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش دەکەونە پێش چاو، لەوانە: (ئەدەبی منداڵان، پێناسەی ئەدەبی منداڵان، قۆناخی بەر لە سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان، پەیدابوونی ئەدەبی منداڵان له دونیادا، ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەوران، نووسەرانی منداڵان و منداڵانی نووسەر، تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منداڵان، هونەرەکانی شیعری منداڵان، شیعری فێرکردن، شیعری گاڵتەو گەپ)، بۆ هەر یەک لەو ناونیشانانەی سەرەوە، بە جوانیی لەبارەیانەوە دواوە و ڕاڤەی پێویستی بۆ کردوون.
لە بەشی دووەم (١٩٢٠ – ١٩٥٠) کە لە لاپەڕە (٤٨ تا ٩٧)ی بۆ تەرخان کراوە و ئەو ناونیشانانە دەبینرێن: (ئەدەبی منداڵانی کورد لە سەرەتاوە تا ئێستا، فۆلکلۆری کوردی و ئەدەبی منداڵانی کورد، ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورد، ئەزموونی ئەدیبی منداڵانی کورد).
دواتر باسی چەند نەوەیەک دەکات، کە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕیان لە زارۆکان داوەتەوە.
هەر لە بەشی دووەمدا، لە لاپەڕە (٦٥) نووسیویەتی: ((ئەم قۆناخە لە نیوەی دووەمی سەتەی حەڤدەیەمەوە دەست پێدەکات، واتە لە (ئەحمەدی خانی)یەوە دەست پێدەکات تا بیستەکانی سەتەی بیستەم)).
لە نەوەی یەکەمدا باسی ئەو شاعیرانە دەکات: (ئەحمەدی خانی، مەلا خدری ڕواری، شیخ مارفی نۆدێ، مەولەوی).
لە نەوەی دووەمدا (١٩٢٠ – ١٩٥٠): ئەو ناوانە دەکەونە پێش چاو: (زێوەر، پیرەمێرد، مەلای گەورە، عەبدوڕەحمان بەگی بابان “بابە” موفتی پێنجوێنی، شاکر فەتاح، عەلائەدین سەجادی، حوسێن حوزنی موکریانی، عەبدولواحید نووری، بێکەس، شێخ نووری شێخ ساڵح، دڵدار، عەونی، کامیران بەدرخان، جگەرخوێن…).
لە نەوەی سێیەمدا (١٩٥٠ – ١٩٧٠): دەڵێ: ((ئەم قۆناخە لە «گۆران»ـەوە دەست پێدەکات)).
دواتر ئاماژە بە چەند ناوێکی دیکە دەکات، وەک: (ئیبراهیم ئەمین باڵدار، هەژار، کاکەی فەللاح، فەرەیدوون عەلی ئەمین، ع.ع. شەونم… هتد).
لە نەوەی چوارەمدا (١٩٧٠ – ١٩٩١): ئاماژەی بە چەند ناوێک کردووە، کە ئەوانیش لەسەردەمی خۆیاندا خزمەتیان بە ئەدەبی منداڵان کردووە.
لە نەوەی پێنجەمدا (١٩٩١ – تا ئێستا): دەڵێ: ((دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر زێتر قەڵەم و دەنگی تازە دەرکەوتن)).
ئاماژەی بە ناوی زیاتر لە (٤٠) شاعیر و نووسەر کردووە، کە توانیویانە لە ساڵی (١٩٩١)ـەوە تا ئێستا خزمەتێکی باش بە ئەدەبی منداڵان بکەن و زۆر شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، لەو کۆمەڵە ناوەی کە ئاماژەی پێکردووە، نووسیویەتی: ((ئەمین محەمەد بە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و جیاواز لەگەڵ منداڵان دەئاخفێت))، بۆیە لە بەشێکی تایبەتدا زیاتر لەبارەی «ئەمین محەمەد»ەوە دواوە.
بەشی سێیەم: لەو بەشەدا «زێوەر»ی شاعیری بەسەر کردووەتەوە، کە لە لاپەڕە (٩٨ تا ١١٤)ی بۆ تەرخان کردووە، جگە لە ژیاننامەکەی، لێکۆڵینەوەی لە چەندان شیعری کردووە و بە وردیی لەبارەیەوە دواوە.
بەشی چوارەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (١١٥ تا ١٤٤)ی بۆ تەرخان کراوە، «گۆران»ی شاعیری بەسەر کردووەتەوە و نووسیویەتی: ((ئەو یەکێکە لە پێشەنگە دیارەکانی نوێکردنەوەی شیعری کوردی لە سەتەی بیستەمدا، هەروەها جێدەستی دیارە لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورددا)).
بەشی پێنجەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (١٤٥ تا ١٧٤)ی بۆ تەرخان کردووە و باسی «لەتیف هەڵمەت»ی شاعیر دەکات، تێیدا قسە لە زمانی شیعریی هەڵمەت دەکات بۆ منداڵان، هەروەها لە چەندین نموونەی شیعرییدا دەیەوێت ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە ئەو شاعیرە لە پاڵ ڕۆڵ و ناوبانگی تایبەتی خۆی لە ئەدەبی گەوراندا، هەروەها لە ئەدبی منداڵانیشدا پێشەنگ و داهێنەرە.
بەشی شەشەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (١٧٥ تا ٢٠١)ی بۆ تەرخان کردووە و باسی ژیاننامە و توێژینەوەی بۆ چەندان شیعری «ئەمین محەمەد» کردووە.
هەرچەندە ئاماژەی بەناو و بەرهەمی چەندان شاعیر کردووە، کە ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان داوەتەوە، بەڵام هەر چوار شاعیر (زێوەر، گۆران، لەتیف هەڵمەت و ئەمین محەمەد) بوونەتە جێگەی بایەخ و زیاتر لایان لێ کراوەتەوە و زۆرتر لەبارەیانەوە دواوە، چونکە لە تێزی ماستەرەکەی نووسەر، ئەو چوار شاعیرە بە نموونە هێنراونەتەوە.
لە هەموو بەشەکان زۆر بە وردی باسی کۆمەڵێک شاعیری کردووە، کە لە سەردەمی خۆیاندا شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕیان لەو بوارە گرنگە داوەتەوە، ڕەخنەی لە بەشێکیان گرتووە و سەرنج و تێبینی لە چەندان شیعر هەیە.
لە ئەنجامگری، دەڵێ: ((هەموو ئەو شاعیر و چیرۆکنووسانەی کورد کە تاکو تەرا بەرهەمی منداڵانەیان نووسیوە یا چەندین کۆشیعر و کۆچیرۆکیان بۆ منداڵان بڵاو کردووەتەوە، هیچیان نووسەر و شاعیری تایبەت بە منداڵان نەبوون)).

دوا وتە:

  • وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کە کتێبێکی پێویست و پڕ بایەخە بۆ ناسینی شیعری منداڵان، چونکە پێمان وایە ئەو کتێبە گرنگیی خۆی هەیە بۆ کتێبخانەی کوردی و گەشەسەندنی زیاتری ئەدەبی منداڵان، بۆیە شایانی لێکۆڵینەوەی زیاترە.
  • ئەو کتێبە لە (٢٢١) لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە و بە زمانێکی سادە، بەڵام بە ئەکادیمی نووسراوە و لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندیی، زۆر باشە، چونکە نووسەر خۆی شارەزاییەکی باشی لەو ڕووەوە هەیە.
  • بە هەر هۆکارێک بێ نەیتوانیوە دەستی بە هەموو ئەو بەرهەمە چاپ کراوانە ڕابگات، کە بۆ منداڵان نووسراون، بەڵام تا ڕادەیەکی باش کۆمەڵێک ناوی ناسراو و دیاری لەو کتێبەدا جێکردووەتەوە و هەندێکیان وەک پێویست ناسراو نین، وە چەندان شاعیری ناسراوتر و خاوەن بەرهەمی جوانتر، ناویان لەو کتێبە تۆمار نەکراوە.
  • هەرچەندە ناوەندێکی چاپەمەنیی و بڵاوکردنەوەی ناسراوی، وەک (دەزگای چاپ و پەخشی نارین) لە ساڵی (٢٠٢٣)دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام چەند تێبینی و سەرنجێکمان لادرووست بوو، لەوانە:
  • ژمارەی سپاردنی لەسەر نییە، کە پێویست بوو هەبێ.
  • تیراژەکەی نەنووسراوە، بەڵام بە زارەکیی بە نووسەریان گوتووە، کە (٥٠٠) دانەیان لێ چاپ کردووە.
  • شوێنی چاپ، نەنووسراوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish