Skip to Content

حوکمەتی هەرێمی کوردستان و دیکتاتۆریەت و گەندەڵی.. لوقمان ئابڵاخی

حوکمەتی هەرێمی کوردستان و دیکتاتۆریەت و گەندەڵی.. لوقمان ئابڵاخی

Closed
by كانونی دووه‌م 25, 2024 General, Opinion


هەر لە سەرەتای دروستبوونی حوکمەتی هەرێمەوە، ووڵاتە ئیقلیمیەکان پلان و بەرنامەی داڕێژراویان هەبوو بۆ لەناوبردنی ئەم حوکمەتەی کە دوای ٢٥ ساڵیش حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان هەر بە حوکمەتە ساواکەی هەرێم وەسفیاندەکرد.
ڕژێمەکانی تورکیا، ئێران و سوریا هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بە جدی کاریانکرد بۆ شتسکتپێهێنان و لەناوبردنی ئەو کیانە کوردیەی باشووری کوردستان کە ئەوان بە مەترسیان دەزانی بۆ ڕژێمەکانیان چونکە هەبوونی کیانێکی بەو شێوەیە کە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەبێت و سەرکەوتوو بێت، لۆبیکردن دەبوو بۆ دروستکردنی هاوتای ئەو کیانە لە باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ناو ئێراقیشدا ڕژێمەکەی سەدام حسێن هەر لە هەوڵی جدی لەناوبردنی ئەم کیانەدا بوو کە لەسەر داوا و بە یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی٣١ ی ئابی ١٩٩٦ سوپاکەی هێنایە پایتەختی هەرێمەوە بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێت ئەم کیانە کیانێکی لاواز و هیچ لەبارانەبوو و شکستخواردووە و هەر کاتێکیش بیەوێت تێکی دەشکێنێت.
سەرباری هەموو ئەم پیلانگێڕی دوژمنایەتیەی ووڵاتە ئیقلیمیەکان و دژایەتیکردنەی حوکمەتی هەرێم، لە هەمانکاتیشدا ئەو هەموو فرسەتە مێژووییانەی کە لە باشووری کوردستاندا بۆ دروستبوونی بناغەی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان لە ئارادا بوو، حیزبەکانی کوردستان هەر هەموویان بە بێ جیاوازی، بەڵام پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم، لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییانەدا نەبوون و لەباریان برد.
نەک هەر ئەمە بەڵکو حوکمەتی هەرێمی کوردستانیش کە خودی ئەو دوو حیزبە خۆیان بەڕێوەیان دەبرد، حوکمڕانیان دەکرد و وەکو مانگایش سامانە نیشتمانیەکەیشیان دادەدۆشی، شکستیان پێهێنا کە ئێستا وایلێهاتووە لە قاوغێکی بەتاڵ زیاتر چیدیکە نیە و ووردوخاشبوونیشی تەنها مەسەلەی کاتە و هیچیتر.
هەر لە سەرەتاوە ئەوان لە جیاتی:
یەکگرتنیان بۆ دروستکردنی حوکمەتێکی تەکنۆکراتی موئەسەساتی؛
بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری؛
یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیەک کە تەنها وەلائی بۆ خاک و خەڵکی کوردستان بێت و ڕاهێنان و ئامادەکردنیان بە باشترین شێوە بەتایبەتی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان ئامادەبوون ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ؛
بایەخدان بە زانست و خوێندن و خوێندنی باڵا بە شێوەیەکی ڕاست و دروست و پێشکەوتووانە؛
دروستکردنی زمانی ئەدەبی یەکگرتووی کوردی کە ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی کورد ئامادەبوون تەنانەت بە خۆبەخشیش کاری بۆ بکەن بەو مەرجەی ڕێگریان لێنەکرێت و ڕەنجی فەرهادیان پێنەدرێت؛
ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەشێوەیەکی مۆدێرن کە کشتوکاڵ وپیشەسازی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر بەشێوەیەک کە هەموو سەرچاوە سروشتی و کشتوکاڵیەکان بەشێوەیەک بەکاربهێنرێت کە پێویستی بە هاوردەکردنی هیچکام لەو بەرهەم و کاڵایانە نەبێت کە لە ئێران و تورکیاوە خراپترین کوالیتیەکەیان دەنێرن بۆ کوردستان؛
بایەخدان بە ژینگە و بە گەشتوگوزار، بە هونەر و هونەرمەندان، بە وەرزش و وەرزشەوانان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو و یەکگرتوو کە مرۆڤ تیایدا مافەکانی پارێزراوبێت و سیما سڤیڵ و شارستانیە ڕاستەقینەکەی کورد بۆ جیهان بخەنە ڕوو،
بناغەی قەوارەیەکی دیکتاتۆریان بەم هەنگاوانەی خوارەوە دانا:
١-هەڵگیرساندنی شەڕێکی خیانەتکاری درێژخایەنی براکوژی کە سوتەمەنیەکەی خوێنی گەنجانی کوردستان و ئەنجامەکەی دڵشکاندن و دروستکردنی نائومێدی بوو لە ناوخۆ و لای دۆستەکانی کورد وە سەرەتای ئیفلیجکردنی ئەو پەرلەمان وحوکمەتە بوو کە هیوا و ئامانجی خەڵکی کوردستان بوو وە چاوەڕوانی ئەرێنی و بە دامەزراوەییبوونی لێدەکرا. ڕێگە ڕاست وڕەوانەکە و دڵسۆزی و خزمەت بە کوردستان لەوەدا بوو کە ئەو گەنجانە نەبوونایە بە سووتەمەنی ئەو شەڕە بەڵکو بەکاربهێنرانایە بۆ دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.
٢-بە حیزبیکردنی هەموو دامەزراوە سەربەخۆکانی وەک خزمەتگوزاری شارستانی، هێزی پۆلیس و هێزی ئاسایش و سەربازی و بەکارهێنانیان بۆ خزمەت بەرژەوەندیەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان.
٣-چەواشەکردنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە کە زۆرجار لە خودی حکومەتی هەرێمەوە دەبوو.
٤-ئەوان دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لە بنەماڵەکانیاندا قۆرخکرد و هیچیان بۆ چێک و باڵانس نەهێشتەوە، واتا پەرلەمان و دەزگا حکومیەکانیان گەندەڵ و ئیفلیچکرد و خستیاننە خزمەت بەرژەوەندی بنەماڵە و حیزبەوە.
٥-سەرکوتکردن و سەرکۆنەکردنی ڕەخنەگران، ڕووبەڕووبوونەی توندوتیژانە بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان و ڕا جیاوازەکان. ئەوان ئازادی ڕادەربڕینیان لە پرێس و لە خەڵکەکە بە شێوەیەک قەدەغەکردوە کە هەر کەسێک بوێرێ ڕەخنە بگرێت، بە تاوانی ڕێکخراو(الجریمة المنظمة) کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت و دواییش سومعەی دەشکێنن.
لە باشترین سیناریۆشدا، بە تاوانی فابریکەکراو زیندانی دەکرێن.
٦- چەواشەکردنی خەڵکە بەشمەینەت و لاوازەکان و پەراوێزخستنیان و بێشەرعیەتکردن و پشتگوێخستنی پێویستی و داوا ڕەواکانیان. بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان، بەردەوام خەڵکەکەیان لەسەر بنەمای جیاواز، حیزبایەتی، ناوچەگەری، ئایین، ڕەگەز، و..هتد، کردوە بەگژیەکدیدا و بێئاگاکردنیان بەشێوەیەک کە خۆیان بەردەوام سامانی نیشتمانی دیزە بە دەرخونە بکەن و بۆیشیان بچێتە سەر.
٧- پێشێلکردنی یاساکانی هەڵبژاردنەکان ، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، هەڵبژاردنەکانیش پاک وبێخەوش نەبوون، ئازادانە نەبوون، دادپەروەرانە نەبوون و بێڕێزی بەرامبەر دەنگدەران دەکرا و هیچ کاتێکیش بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردنەکان جێبەجێنەکراون.
٨-لە کاتێکدا کە موزایەدەی سەقامگیری و ئاسایش بەسەر کۆمەڵگاوە دەکەن، خۆیان بەردەوام خەریکی دروستکردنی جیاوازین و خەریکی دابەشکردنی خەڵکن و هانی توندوتیژی دەدەن. سەیرلەوەدایە کە سەرکردەی ئەو دوو حیزبە لە پێشبڕکێدا بوون بۆ ڕێکخستن و یەکگرتنەوەی نێوماڵی عەرەبی شیعە و سوننە و دروستکردنەوە ئەو ئێراقەی کە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە شکستخواردوو و ناسەقامگیر بوە و سیاسەتی عەرەباندنی پیادەکردووە لە باشووری کوردستاندا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە نێو ماڵی کوردی بەهۆی ئەو شەڕە شوومە وێرانکەرە ناوخۆییەی کوردستانەوە کە ئەو دوو حیزبە بەرپایانکردبوو، کوردستان پەرت و دابەشکرابوو بۆ دوو زۆن کە وەکو موڵکی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەکانیان و حیزبەکانیان بەکاریاندەهێنا.
٩-بوون بە کۆیلەی ووڵاتە ئیقلیمیەکان و جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئەوان لە کوردستاندا لە پێناوی پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتەکانیان. لە ڕاستیدا دروستبوونی ئەو هەموو حیزبە ئیسلامیە ئیخوانی و سەلەفیانە بۆ پەرەپێدان و گەشەپێکردنی ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان کە بەشێک بوو لەو پلانەی ووڵاتە ئیقلیمیەکان بۆ شکستپێهێنانی حوکمەتی هەرێم بەتایبەتی لەو کاتەدا کە هەردوو ووڵاتە ئیقلیمیەکە ئاگری شەڕی براکوژیان بە پێدانی چەک و تەقەمەنی بە حیزبەکانی ئەو دوو بنەماڵەیە بەتینتر دەکرد کە قەیرانی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دروستکرد و قەرانێکی سیاسی درێژخایەنی لە کوردستاندا هێنایە کایەوە. ووڵاتە ئیقلیمیەکان و ووڵاتانی کەنداوی عەرەبیش سەرچاوەی دارایی ئەو حیزبە ئیسلامیانە بوون، لە ڕێگەی ئەو یارمەتیانەوە ئەو حیزبە ئیسلامیانە لە کوردستان گەشەیان کرد و سەلەفیەت و ئایدیۆلۆجیای ئیخوانی و ئیسلامی سیاسیان لە کوردستاندا بڵاوکردەوە کە مەبەست لێی دروستکردنی ئەسپی تەروادە و ڕێگرتن بوو لە پێشکەوتن و گەشەکردنی کوردستان.
١٠-دروستکردن و گەورەکردن و زۆرکردنی قەیرانەکان بە ئەندازەیەک کە خەڵک تەواو بێهۆش و بێئاگا و بێدەسەڵات و زەلیل بن وە لە کۆتاییدا ئەمەندە نائومێد بن کە خۆبدەن بەدەست ئەو بارودۆخە ناهەموار و نائاسایی وسەختەی کە ئەو حیزبانە بە بەکارهێنانی حوکمەتی هەرێمەوە خوڵقاندوویانە.
١١-هاوردەکردنی کرێکاری بیانی و بەکارهێنانیان بۆ ڕێگرتن لە خەڵکی کوردستان و ناچارکردنی گەنجان کە ڕێگەی هات و نەهات بگرنە بەر، کوردستان بەجێبێڵن و کۆچی هەندەران بکەن.
١٢- دروستکردنی چینێکی تەمەڵ بەناوی کارمەندی بندیوار بۆ بێدەنگکردن و کۆیلەکردنی ئەو چینە، هەروەها بۆ دیزە بە دەرخونە کردنی گەندەڵیەکی زۆر بەناوی مووچەی بندیوارەوە کە لە دواییدا مامۆستایان و مووچەخۆر و کارمەندە ڕاستەقینەکان و بەشی خوێندنی گشتی باجەکەیان دا و زیانێکی زۆر گەورەیشی گەیاند بە ژێرخانی ئابووری باشووری کوردستان.
١٣-نەهێشتنی بەها نیشتمانی، نەتەوەیی و خێزانیەکان.
١٤- لە پێناوی سپیکردنەوەی پارەدا بە عەرەباندنی کوردستان لەڕێگەی یەکە جێنشینەکانەوە.
١٥- لە دەستدانی هەموو ئەو خاکە کوردستانیانەی کە بە گەمژەیی سەرکردە کوردەکان نازناوی (ناوچە جێناکۆک)ەکانیان بەسەردا دابڕا و شەرعیەتی خاوەندارێتیە کوردیەکانیان خرانە ژێر پرسیارەوە.
وە هەر هەموو ئەو هەنگاوانەمان بینیوە کە لە کوردستاندا لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا پیادەکراوە.
کارەسات لەوەدایە کە حوکمەتی هەرێم کە ئاواتی خەڵکی کوردستان بوو، نەک تەنها لە باشووری کوردستاندا بەڵکو لە هەموو پارچەکانی تری کوردستانیش، پێکهێنەرەکانی ئەو حوکمەتە کە خودی حیزبەکان خۆیان بوون، هۆکاری سەرەکی بێڕیزیکردن بەرامبەری، لاوازکردنی و شکستپێهێنانین.
هیچ شتێک نەماوە ئەو حیزبانەی کوردستان ناشرین و قێزەونی نەکەن وە مافی ئەوەیان پێبدات شانازی پێوەبکەن. ئەمجارە هەموو ڕووداوەکان لە سایەی شۆڕشی تەنکۆلۆجیا و ئێنتەرنێتەوە لە ئارشیفی دیجیتاڵدان و هیچ پاساوێک دادیان نادات.
هەموو ئەو هەوڵانەی دوژمنانی کورد کە پارە، کات و ووزەیەکی زۆریان بۆ تەرخانکرد بۆ داگیرکردنی کوردستان، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی و بۆ شکاندنی کارەکتەر و دەروونی تاکی کورد و نائومێدکردنیان، بە درێژایی مێژوو شکستیان هێنابوو بەڵام ئەم حیزبانەی کوردستان هەموو ئەو خەون، ئامانج و ئەجێندایانەی دوژمنانی کوردیان لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا هێنایەدی و جێبەجێکرد.
حیزبەکانی کوردستان، لە ئاستی پیرۆزی خوێنی شەهیدان و قوربانیەکانی ئەنفال، کیمیاباران و کۆمەڵکوژیەکانی دیکەی باشووری کوردستاندا نەبوون، لە ئاستی هەموو ئەو چەوسانەوە و نەهامەتی و ئازار و ئەشکەنجانەدا نەبوون کە خەڵکی کوردستان لەسەر دەستی دوژمنانی کورد ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
هەموو کار و کردەوە و ڕەفتار و ئاکارەکانی حیزبەکانی کوردستان هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی حوکمەتی هەرێمی کوردستانە کە ئەویش خواست و ئامانج و ئەجێندای دوژمنانی کورد بووە بۆ ئەوەی بڵێن کورد توانای خۆ بەڕێوەبردنی نیە و شایانی خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری و حوکمڕانی دەوڵەتی نیە بۆیە پێویستە هەمیشە ژێردەستی تورک و عەرەب و فارس بن.

لوقمان ئابڵاخی
٢٥/١/ ٢٠٢٤

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish