Skip to Content

ژوورێکی سپی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

ژوورێکی سپی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

Closed
by ئاب 14, 2026 General, Poems
image_print

لە باخێکدا
پەپوولەیەک لە گوڵێکەوە هەڵدەفڕێ بۆ گوڵێکی تر
سڵاوی ڕەنگاوڕەنگ لە گوڵەکان دەکات
ئیمزای ماچ و خۆشەویستی
لەسەر ڕوومەتی یەکە یەکەی گوڵەکان دەکات
گوڵەکان کێن!
گوڵەکان هاوڕێکانمن
گوڵەکان دراوسێکانمن
گوڵەکان ئەوانەن نایانناسم
گوڵەکان ئەوانەن ڕقیان لێمە
گوڵەکان مرۆڤن، مرۆڤ
پەپوولەکەش دڵی من..
تا شاری شادیتان دێم
تا گۆڕەپانی ئاهەنگەکانتان دێم
حەز دەکەم چاوم بە پێکەنینتان ئاو بدەم
دەستە تەزیوەکانم
بە تەزووی نێولەپتان گەرم بکەمەوە
سەبەتەی دڵم
پڕ بکەم لە هەڵووژەی دڵخۆشیتان
ئەگەر هاتن،
ژوورێکی سپییم هەیە، هیچ پاسەوانێکی نییە
بۆ ئەوەی بتوانم باوەشتان بۆ بکەمەوە
بۆ ئەوەی بارانی هاتنتان
تەپوتۆزی تەنیاییم بنوێنێتەوە
تەنها چەکەکانتان با لە دەرەوە بێت
تەنها خەنجەرەکانتان مەهێننە ژوورەوە
تەنها پێڵاوەکانتان،
جوێنەکانتان
نیفاقەکانتان
ڕقەکانتان
تووڕەییەکانتان
درۆکانتان
دەمامکەکانتان،
با لەودیوی دەرگا کراوەکەم بێت
ئەگەر هاتن
با باوەشتان پڕ بێت لە ڕاستگۆیی
با دەستتان کراوە بێت بۆ سڵاوە گەرمەکان
با جانتای دڵتان بەتاڵ نەبێت لە خۆشەویستی
با دەستتان وەک وەرزی بەفرانبار ئاشتی دایپۆشیبێت
ئەوها هیچ ڕۆژێکمان لە تەمەن خەسار نابێت
‌ئەوها خەونمان لە خنکان دوور دەخەینەوە
ئەوها بۆشاییەکانمان
بە عەتری مرۆڤبوون پڕ دەکەینەوە
ئەوها ئازارەکانمان زەڕبی سفر دەکەین
ئەوها سەرمان لە ئامێزی یەکتریدا
میوەی دڵنیایی دەگرێت…

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
Error! Filename not specified.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next