Skip to Content

‌‌ قەیرانی دەسەڵات لە هەرێم و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا .. عدنان کریم

‌‌ قەیرانی دەسەڵات لە هەرێم و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا .. عدنان کریم

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2020 General, Opinion, Slider

بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی نوێی شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی هەموو پێوەرەکان ڕەنگدانەوە وکاردانەوەیە لە بەرانبەر شکستی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێمبە گشتی و بەتایبەتیش لە بواریر دابینکردنی سادەترین مافی هاووڵاتیان کە بریتیە لە دانی ئەو مووچە کەمەی کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵک بە مەمرە ومەژی ژیانیان پێ ڕایی ئەکرد. ئێستا بۆ هەمووان دەرکەوتووە کە هیچ ڕیفۆرم و چاکسازیەک ناتوانن ئەم دەردە سەرەتانیە چاەسەر بکەن کە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و سەرچاوە و هۆکاری هەموو قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردستانە..
گەر ئەم دەسەڵاتە و هێزە پێکهێنەرەکانی ساڵانـێک بەناوی کوردایەتی و لەڕێی هەڵدانەوەی لاپەڕەی یادەوەریە تاڵەکانی خەڵکی کوردستان لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا ئەیتوانی فریوی خەڵک بدات و ئەوە بکات بەبیانوویەک بۆ درێژەدان بە هەڵڵووشینی سامانی وڵات و سەپاندنی هەژاریەکی کەم نموونە وسیستمێکی دەسەڵاتدارەتیی مافیایی و سەرکوتگەر بەسەر خەڵکدا، ئەوا دەمێکە ئەو باوکەیان مرد و ئەو شانۆگەریە تەماشاچیی نەماوە.
( مەسەلەی کورد )، لانیکەم لە ئێستادا ، ئەو مانا و مەفهوومە سیاسیەی جارانی نەماوە لە کەلتووری سیاسیی ئێستای خەڵکی کوردستاندا. ئەمڕۆ ( کوردایەتی ) وەکووو چوارچێوەیەک کە هێزە ناسیونالیستەکانی وەکوو پارتی و یەکێتی مەسەڵەی کوردیان تیا پێناسەئەکرد، لای جەماوەری خەڵک وەکوو سیاسەتێک تەماشا ئەکرێ بۆ تاڵانی سامانی وڵاتەکەیان لەلایەن کۆمەڵێک مافیاوە کە ڵە چەند حیزبدا کۆبوونەتەوە.

کوردایەتی لە دیدی زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوە لەمڕۆدا یانی دەسەڵاتی هەندێ بنەماڵەی سەرداری حیزبی کە لە سایەی قوربانی و تراجیدیەکانی گەلێکدا بوون بە ملیاردێر لەڕێی کردنی سیاسەت بە بازرگانیەکی سیاسی. بەواتایەکی تر ئێستا وەکوو تایبەتمەندیەکی ئەم قۆناغە کوردایەتی لە سایەی تاقیکردنەوەی تاڵی نزیکەی سی ساڵی ئەم پێڕە سیاسیەی وڵاتدا ڕووت بۆتەوە و مکیاجەکانی دەیان ساڵەی سڕاونەتەوە و بەناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە خۆی ئەنوێنێت: ڕەوت و بیر ونەریت و بزووتنەوەیەکی سیاسیی کۆنەپەرست ودژی خەڵکی کە قوربانی و یادەوەریە تراجیدیەکانی گەلی کوردی بەکار هێناوە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتێکی چەوسێنەری هاوشێوەی بکوژانی کوردی لەچەشنی بەعس.

تایبەتمەندیەکی گرنگی ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسیی کوردستانی عێراق لەژێر ئەو ڕاستیەدا خۆی حەشارداوە وبەهەڵسان لەو ڕاستیەوە زۆر لایەنی تری ژیانی سیاسیی ئەم قۆناغەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە. ڕسوابوونی کوردایەتی، بەو مانایەی پێشوو، بەرهەمی چالاکیی فکریی هیچ تاقمێک نیە لەناو شەقامی کوردستانی ولەڕیزی خەڵکدا. ئاکامی هۆشیاریەکی فکریی ڕووت و تاوتوێ کردن و بەراوردکاری نیە لەگەڵ تاقیکردنەوە و مێژووی وڵاتاندا، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی تاقیکردنەوەی نزیکەی سی ساڵی خەڵکە لەگەڵ کۆمەڵێک هێزی سیاسیدا کە هاووڵاتی و هاونیشتمانیی کوردستانیان تا سەر ئێسقان ڕووتاندۆنەوە و ڕەجاڵیان کردووە و گەر دەنگی ناڕەزاییشیان بەرزکردبێتەوە بەبەکرێگیراو و ئامرازی دەستی ئەم و ئەو ناوزەدکراون یان وەکوو ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ یا وەکوو ئەم چەند ڕۆژە وڕێک وەکوو سەردەمی بەعس، لە خوێندا هەڵکێشراون و ڕۆڵەکانیان گوولەباران کراون.

گەر قۆناغێکیش ئەم تاقمە سیاسیە خوێنمژ و تاڵانچیە ویستبێتیان بەناوی دیموکراسی و پەرلەمانەوە هەمان سیاسەت درێژە پێبدەن، واتە بە دەستێکی ئاورێشمین سیاسەتی تاڵان و بڕۆ و دەسەڵاتی ناشەرعیی خۆیان بپارێن، ئیتر ئەم سیناریۆیەش دەمێکە لە دیدی خەڵکەوە ڕسوا بووە. پاش فەشەلی پرۆژەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە، لە ڕوانگەی خەڵکەوە پەرلەمانیش وەکوو شوێنێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتی سێ حیزبی دژ بەخەڵک وشانۆیەکی فریودانی خەڵک و چەواشەکاری ودیکۆرێک بۆ شاردنەوەی هەمان سیاسەتی تاڵان و بڕۆ و سەرکوت وشوێنێکی تری سەربار بۆ بەرجەستیکردنەوەی گەندەڵی، هیچ مانایەکی تری نەماوە.

بەوپێیە خودی تێکشکانی ئابڕووی ئەو دوو دامەزراوە ماددی ( واتە پەرلەمان ) و مەعنەویە ( واتە کوردایەتی )، مانایەکی تری نیە جگە لەقڵپ بوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو جەمسەرەی کایەی سیاسیی وڵات، واتە دەسەڵاتداران و خەڵک، وبەدیهاتنی ئاڵوگۆڕێکی چۆنایەتیی گەورە بەسەر ئەو پەیوەندیەدا. لەو قۆناغە بەدواوە، گەر خەڵک ملیشی بەدەسەڵاتی ئیئتیلافی و هاوبەشی پارتی و یەکێتی و گۆڕان دابێت، ئەوە بەیوەندیی بەوە هەیە کە خەڵک توانای بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی نەبووە نەک بەهۆی بڕوای بە هیچیەک لە فریوکاری و چەواشەکاریکانی دەسەڵات.
لە قۆناغی ئێستادا و بەتایبەتیش لە دوا شکستی مانۆرە ئابڕووبەرانەکەی ڕیفراندۆمەوە، تا هاتووە شوێنەوارێک بۆ ئەو جەمسەرە هاوبەشە نەماوەتەوە کە دەسەڵات ئەیتوانی بەهۆیەوە، بەتایبەتی لە وەرچەرخانەکان و بڵندبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵکدا، وەکوو چەکێک لە جبەخانەکەی بۆ فریودان و چەواشەکردنی خەڵکی ناڕازی بیخاتەگەڕ کە ئەویش بریتیە لە چەکی کوردایەتی . دەسەڵات بەهەموو پێکهێنەرەکانیەوە، لەڕێی سوودوەرگرتن لە دروشمی کوردایەتی و یەکڕیزی ناوماڵی کورد و یەک چارەنووسیی هەموو گەلی کورد، توانی تا چەند ساڵێک پێش ئێستا زۆرینەی خەڵک فریو بدات و بەدەیان پاساو هەم دەسەڵاتێکی ملهوڕی زۆردار بە نرخی دیموکراسی بەخەڵک بفرۆشێتەوە و هەم سامانی وڵات بکات بە گیرفانی چەند بنەماڵەی دەسڕۆیشتوودا ولە هەمان کاتیشدا سیاسەتی سک هەڵڵووشین و هەژاریەکی کەم وێنە لە جیهاندا بەسەر زۆرینەی خەڵکدا بسەپێنێت.

ئەمڕۆ ئیتر هەموو ئەو وەهمانەی ساڵانێک بەناوی چاکسازی و بەربەرەکانێ لەگەڵ گەندەڵیدا لەلایەن دەسەڵات و هێزە پێکهێنەرەکانی و میدیاکانیەوە بڵاوئەکرانەوە، بوون بە بڵقی سەرئاو. دەسەڵات نەک هیچ جۆرە چاکسازیەکی لە سیستمی ئابووری ولە بواری بودجە و سیستمی خەرجی و داهاتەکاندا نەکردووە، بەڵکوو ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە وبەئاشکرا درێژەڕی بە تاڵانیی سامانی وڵات داوە کە دواترین نموونەکانی ڕاگەیاندنی قەرزاریی ۲٨ بلیۆنی بوو لە زمانی مەسروور بارزانیەوە.
چەندین ساڵە سەرەڕای ئەوداهاتانەی ناوخۆ کە پێک دێت لە نرخی فرۆشتنی ڕۆژانەی ٥۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە پەنجا ساڵیەکەی سەرانی دەسەڵات لەگەڵ تورکیا و سەدان هەزار بەرمیلی قاچاخ و داهاتی ملیار دۆلاریی گومرک و خاڵە سنووریەکان و هەروەها ئەو بڕە زۆرانەی پارە کە لە بەغداوە هاتوون، جگە لە دەیان بابی تری داهاتی ناوخۆی وەک ڕسووم و باج وداهاتی کۆمپانیا و دائیرەکان، کەچی مووچەی هاووڵاتیان نزیک بۆتەوە لە ئاستی بڕینی یەکجاری و بەو پێیەش ئیفلیج بوونی بازار و سەرجەم پرۆسەی چالاکیی ئابووری و کار و ژیان زۆرینەی هاووڵاتیانی کوردستان.

بەپێی هەموو پێوەرە ئابووریەکان و شایەدیی دەیان جاری چەندین ئەندام پەرلەمان، داهاتی ناوخۆی کوردستان بەبێ هاتنی یەک دیناریش لە بەغداوە ئەتوانێت مووچەی کارمەندان و گشت مووچەخۆرانی کوردستان بە ستانداردی پێش ساڵی ۲۰۱٤ دابین بکات. جگە لەوە، هەموو کەسێک ئەو ڕاستیە باش ئەزانێت کە حکوومەتی هەرێم بۆیە پابەند نابێت بە ڕێکەوتنە دووقۆڵیەکەی لەگەڵ بەغدا چونکە لە ئێستادا قازانجی زیاتر ئەچێتە حسابی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە.
پابەندبوون بەو ڕێکەوتنە لەگەڵ بەغدا بواری دزی و تاڵانیی سێکووچکەی دەسەڵات کەم ئەکاتەوە بۆیە بە کردەیەکی ماتماتیکیی سادە وبەراوردکردنێکی سادەی قازانج و زیان بۆ سەرانی دەسەڵات، ئەوان ڕێگەی پابەند نەبوون بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا هەڵئەبژێرن و بەوەش تاوانی بڕینی مووچە ئەخەنە ئەستۆی حکوومەتی ناوەندی و کۆڵێک موزایەدەی کوردایەتی و درۆ و دەلەسەی شەڕ لە پێناوی مووچەی خەڵکیشی پێوە ئەکەن.
ئێستا لەدوای پەسەندکردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق و هەڵوێستی تووندی زۆربەی فراکسیۆنە عێراقیەکان بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێم و سیاسەتی دەستی دەستی پێکردن لە لایەک و تەقینەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان لە لایەکی ترەوە، بواری مانۆر لەبەردەم دەسەڵاتەکەی ماڵی بارزانی و هەردوو هاوپەیمانەکەی تەسکتر بۆتەوە. بۆیە سەرانی ئیئتیلافی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەبەرانبەر ئەو ئەزمەیەدا کە تێیکەوتوون خەریکی داشتنی پلانێکی نوێ و تاقیکردنەوەی مانۆرێکی ترن کە پێئەچێ ئەڵقەکانی لەم جەمسەرانە پێکهاتبێت:

یەکەم: دەسەڵات جارێکی تر وگەر لەڕێی سەرکوتەوە ئەم زنجیرە ناڕەزایەتیەی پێ خامۆش نەکرێتەوە، بۆ ئارامکردنەوەی خەڵک بەڵێنە کۆنەکانی لەگەڵ بەغدا زیندوو ئەکاتەوە تا ئومێدی چاری مووچە لای هاووڵاتیانی هەرێم ببووژێنێتەوە و لەوێشەوە خۆپیشاندانەکان بڵاوە پێبکات یا تووشی چەند دەستە و بەرەیی بکات.
چالاککردنەوەی هێڵی گفتوگۆی هەولێر – بەغدا تەنیا مانۆرێکی پارتیە بۆ خۆقوتارکردن لە هەر سێ فشاری یەکێتی و گۆڕان، فشاری هەڵسانی جەماوەری و فشاری حکوومەتی ناوەندی.
شانسی سەرکەوتنی ئەم مانۆرە ئەمڕۆ لەگشت کاتێکی پێشووتر کەمترە ونە جەماوەری ناڕازی و نە حکوومەتی ناوەند بڕوایان بە بەڵێنەکانی پارتی نیە وەکوو بڕیاردەری سەرەکیی دەسەڵات و خاوەنی سەرەکیی ئەم مانۆرە.
ئەم ڕێگەیە تاقیکراوەتەوە و پارتی بەدەستی ئنقەست لە ۲۰۱٤ بەدواوە شکستی بە پێنج ڕێکەوتن هێناوە لەگەڵ بەغدا. جگە لەوەش زۆربەی ئاماژەکانیش نیشاندەری ئەوەن کە مەسەلەکە لەدەستی پارتیشدا نەماوە و تورکیا بڕیاردەری ئەسڵیی پشتی پەردەیە لە مەلەفی نەوتدا.

دووەمین کارتی دەسەڵات بە ئەندازیاریی پارتی بریتیە لە تووندکردنەوەی پەیوەندیەکانی سێ کوچکەی دەسەڵات و وادارکردنی یەکێتی و گۆڕان بۆ گرتنەئەستۆی بەشی زیاتری لێپرسراوەتی لە قەیرانەکاندا و تووندکردنەوەی برغوەکانی دەزگای شەق و شڕی دەسەڵات لەم ڕێگەیەوە لەبەرانبەر بەخشینی شیرینی و ئیمتیازاتی زیاتر بە گۆڕان و یەکێتی و ئارامکردنەوەی گلەییەکانیان و بژاردنەوەی بەشەکانیان لەو بوارەدا. گلەییەکانی گۆڕان و یەکێتی لەوەدا کورت ئەبنەوە کە پارتی جومگەکانی دەسەڵاتی زەوتکردووە، بەشی شیاوی پۆستی بەوان نەداوە، تاکڕەوانە و بێ ئەوان بڕیار ئەدا، مەلەفە ستراتیجیەکانی وەکوو نەوت و هاوچەشنەکانی کۆنترۆڵ کردووە و …. تاد. ئەو فایلانە هەمیشە پارتی لای خۆی گلی داونەتەوە بۆ بەکارهێنانیان وەکوو ئامرازی فشار و سات و سەودا و ڕاگرتنی باڵانس و گەمەی دەسەڵات لە بەرانبەر یەکێتی و گۆڕاندا وتا ئێستاش سەرکەوتوانە لەو گەمانە هاتۆتە دەر.

سێیەم: فایلێکی تری دەسەڵات بۆ کاتی قەیرانە گشتیەکان سیناریۆی حکوومەتی بنکە فراوانە. ئەو هێزانەی لە حکوومەتی ئێستای مەسرووردا بەشدار نین ، یەکگرتوووو و کۆمەڵ ونەوەی نوێ و شیوعی و چەند لایەنی بچووکی تر، هەم لە قۆناغەکانی تردا ڕۆڵی دارشەقی ئەم دەسەڵاتەیان گێڕاوە و لەبنیاتنانی ئەم دەسەڵاتەدا بەشداربوون، هەمیش هەڵوێستەکانیان لەبەرانبەر کابینەی ئێستادا لە ووردە گلەیی و ئامۆژگاریی دۆستانە تێنەپەڕیوە. بەو مانایە ئەمانیش لە دیدی دەسەڵاتەوە هێزی ئیحتیاتی ئەم دەسەڵاتە و زەخیرەی جبەخانەکەی ئەون کە ئەکرێ لەکاتی پێـویستدا وەکوو دەسکێش بەکاربهێنرێنەوە بۆ ئارامکردنەوەی تووڕەیی خەڵک و ڕازاندنەوەی دیکۆرەکەی دەسەڵات. هەر بۆیەش بێهوودە نیە کە خەڵکی تووڕە و ناڕازی بنکەوبارەگاکانی ئەوانیش بێبەش ناکات لەپەلامار و نەفرەتی خۆی.

چوار: کە قەیران بەردەرگا بە هێزە پێکهێنەرەکانی دەسەڵات ئەگرێ ئەوان لەناو خۆشیاندا ئەکەونە پاشقولگرتن لەیەکتری. پارتی ئەیەوێ بە وریاییەوە زۆنی زەرد بکا بە زبڵدانێک بۆ فڕێدانی ئەو قەیرانانەی دەسەڵات کە خۆی بەرهەمهێنی یەکەم و هەروەها سوودمەنی یەکەمیشە لێی. لەولاشەوە یەکێتی و گۆڕان کە بەبەرچاویانەوە هێزە ئەمنیەکانی زۆنەکەی ژێر دەسەڵاتیان خەڵکی ناڕازی لەگۆماوی خوێندا نووقم ئەکەن، موزایەدەکی دیموکراسی و ئازاری پەرستی بەسەر پارتیدا ئەکەن و خوێنی ڕژاوی خەڵک بەدەست هێزە ئەمنیەکانی ژێردەسەڵاتیانەوە ئەکەن بە بابەتی لاف و گزافی ئازادیی ڕادەربڕن لە زۆنی سەوز و ئەوە ئەدەن بەچاوی پارتیدا.
ئەو گەمە قێزەونە شتێک نیە جگە لە پاشقولگرتن و ئێسک شکاندنی یەکتر بۆ دەسکەوتنی بەشی زیاتر لە دەسەڵات و پۆست و سامانی دزراوی وڵاتەکە.
پارتی لەو ڕووەوە لە مەوقعیەتێکی تایبەتدایە. لەلایەکەوە بەزەبری ئاگر و ئاسن و چاوترساندن تا ئێستا ئارامیەکی شەق و شڕی لەزۆنی زەرد بەرقەرار کردووە و ئەیەوێ وا بنوێنێت کە ئەم قەیرانە تایبەتە بە زۆنی زەرد و لەولاشەوە دەیان ژووری عەمەلیاتی خستۆتە گەڕ تا ئاگری ئەو ناڕەزایەتیانە نەپەڕێتەوە بۆ زۆنی زەرد.
پارتی زۆر باش ئەزانێت کە دەسەڵاتەکەی لەسەر بورکانێک لە ڕق و تووڕەیی پەنگەوەخواردووی خەڵک ڕاوەستاوە. گەر ناڕەزایەتیە بەردەوامەکانی سلێمانی و گەرمیان تەنفیسێکیان بۆ ئەو ڕقە پەنگەوە خواردووەی خەڵک پێکهێنابێت، ئەوا ڕقی ئەستووری پەنگەوەخواردووی جەماوەری بادینان و هەولێر گەر بتەقێتەوە هیچ بەڵێن و مانۆرێک داینامرکێنێتەوە.

پێنج: درێژەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستا و ڕادیکال بوون و فراوان بوونەوەی وبوونی بە فاکتەری بڕیاردەری سەرەکی لە دیاریکردنی چارەنووسی قەیرانی ئێستای دەسەڵاتدا، دەرگا بەسەر زۆر ئەگەردا ئەکاتەوە.
هەم چالاک کردنەوەی پلانی لامەرکەزیەکەی سەرانی زۆنی سەوز و هەم دابەشکردنەوەی دوو ئیدارەیی دەسەڵات و هەم ڕێکەوتنی جیاجیای هەردوولا لەگەڵ بەغدا و هەم لەهەمووشی گرنگتر پەنابردنی هاوبەشی هێزەپێکهێنەرەکانی دەسەڵاتی هەرێم بۆ بژاردەی سەرکووتی سەرتاسەری و شەڕی سەرانسەری لە بەرانبەر خرۆشانی جەماوەریی خەڵکدا، بەکراوەیی ئەهێڵێتەوە.

هەموو سەرە داوەکانی قەیرانەکەی دەسەڵاتیش ئەچنەوە سەر یەک گرێێ سەرەکی: ئایا بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ڕەوای ئێستا ئەتوانێ بەسەرکەوتوویی پێ بنێتە هەنگاوی دووم ،؟ ئایا سنوورەکانی زۆنی سەوز و زەرد چۆن لەڕێی سەرتاسەریکردنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستاوە پووچەڵ ئەکرێنەوە و یەکپارچەیی جوغرافی و سیاسیی کوردستان لە پاشماوەی ئەم دوو هێزەی دەسەڵات پاک ئەکرێتەوە؟ ئایا تەفاعولاتەکانی ئەم بزووتنەوەیە چوارچێوەیەکی گونجاوی داینامیک وبزێو بۆ ڕێکخستنی خۆی ئەدۆزێتەوە؟ هەماهەنگیی شار و شارۆچکەکان دەستەبەر ئەکات؟ داخوازی و ئامانجی خۆی و شێوازەکانی گەیشن پێیان جەم و جۆرئەکات؟ لەوکاتەدا خرۆشی شۆڕشگێڕانی خۆی ئەباتەسەر لەهەمان کاتدا خۆی دوورئەگرێ لەسەرچلیی ئەکوژم ئەبڕم و کاری پەرچەکرداری فەناتیک؟ ناوماڵی خۆی دوورئەگرێت لە ئایدیۆلۆجیای تووند و تیژ و نایەڵێت حەوشە و ماڵەکەی بکرێ بەمەیدانی تەکفیر و تەحریم؟ لەهەمووشی گرنگتر چۆن ڕایەڵەکانی پەیوندی و خەباتی هاوبەش لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی شارەکانی عێراق بەرقەرەر ئەکا و ئەیکات بە سەرجاوەیەکی هێز بۆ حۆی؟
دەیان خولیا و ترس و دڵەڕاوکێ تێکەڵ بە چارەنووس و هەنگاوەکانی ڕاپەڕین و بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئەبن.

هەرچۆن وتاری دژە عروبی لە خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبیدا گەر بە تەنیا بیگری نیشاندەری مۆدێلێکی تازەی هۆشیاریی لاوانی چەندین وڵات بوون کە بزووتنەوە عروبیکان زووخاویان کردبوو بەگەروویاندا، بەڵام دواتر ئەو بزووتنەوانە بوون بە خۆراکی ئیخوان موسلمین و هێزە تووندڕەوە ئیسلامیەکان کە لە زۆر ووڵات بەکارەسات کۆتایی هات و ستەمکارێکی ڕسوای گۆڕی بە ستەمکارێکی تر بە سیمایەکی دۆستانی درۆیینەوە، بەهەمان چەشنیش نابێ شکاندنی تەوقی کوردایەتی وەکوو ئایدیۆلۆجیی فەرمیی دەسەڵاتی کوردی بکرێ بە دەستاوێزی هیچ بزووتنەوە وێایدیۆلۆجیەکی فریودەری تر.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی رەوا و بەرهەقی خەڵکی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی چەتە و تاوانباری هێزەکانی کوردایەتی تانها ئومێد و ڕێگەی ڕزگاریی ملیۆنەها خەڵکە لە دەست ئەم دەسەڵاتە چەوسێنەرە. ئەم بزووتنەوەیە هەنگاوی یەکەمی خۆی سەرکەتووانە دەسپێکردووە بەڵام ڕێیەکی درێژیشی لەبەردەمدایە. خاڵی هەرە بەهێزی تا ئێستای ئەم ناڕەزایەتیانە ئەوە یە کە وکوو زمانحاڵی زۆربەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەسەڵاتدارەتیی هێزەکانی سی ساڵ تا ئێستا بە هۆکاری سەرەکیی بەدبەختیەکانی خۆی ئەزانێت و بە زمانێکی پاراو پێداگری لەسەر نەمانی سەرجەم پایەکانی ئەم دەسەڵاتە ئەکاتەوە.
درێژە پێدان و تەفاعولاتەکانی لەمەودوای بزووتنەوەی جەماوەریی ئێستای کوردستان کە سنووری عەقڵی ئیسڵاحگەرا و وەهمی چاککردنی دەسەڵاتی ئێستا تێپەڕاندووە، ئەتوانێ بە چاوساغی و عەقڵێکی کراوە، پێ بنێتە هەنگاوەکانی داهاتووی و ئاسۆی سەرکەوتنی دوورمەوداشی بدۆزێتەوە.

عدنان کریم
دیسەمبەری ۲۰۲۰

Previous
Next
Kurdish