Skip to Content

گوڵە لۆتسی نیگات.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گوڵە لۆتسی نیگات.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2020 General, Poems


کات ئەتکوژێ، بەڵام..
عەشق ناهێڵێ بمری، لە کاتێکا..
هەموو شتەکانی چواردەورت
ئەوەرن، ئەمرن، لە ناو ئەچن
فەنا ئەبن،
خونچەی لێوی مانگیش نامێنێ،
کە دیارنامێنی..
لە تەمی کاتژمێرەکانا،،
پەنجەرەیەی تەنیایی ئێوارانەتە
سکاڵایەک..
لای گەڵاوەریوەکانی ڕۆح ئەکا ،
گەرچی ئەتیشکێنێ دارستانی چاوت..
بەرامبەر ئاوێنەستانی بوونم،
ئەتیشکێنێ هاتنت..
بۆ نێو ژوری تاریکی..
پشت خۆری وشەم،،
نمەیەک بنێرە،،
تا ڕوخساری بارانی پێ ببینم ،
تۆپە شوشەی شەو تەماشا ئەکەم،
تا سۆراخی مانگی وەنەوشەییت کەم،
تا هیچ نەبێ لە نێوان تاڤگەی هاتن و نەهاتنا..
وێڵ و سەرگەردانی سەحرای بوون نەبم،،
هەرکاتێکیش پەی بەرم،،
لە چی شارێکی باران..
خۆت حەشار داوە.
نزائەکەم بۆ خواوەندی مەزنی شیعر
تەنها دەنکە ئاورینگێکت بوەرێ،
ئەبێ چی بکرێ،،
تا خۆرێک بۆ تۆ ئەبریسکێتەوە،
مەگەر نازانی…
مەلی ڕۆشتووی ئێوارە،
دیاری شنەبای تۆن لە منەوە..
تێکستی شەپۆلەکان ئەخوێنمەوە،،
تا ئەو دیو سنوری چیای فرمێسک..
بە ئاستەم لە کۆدی بێدەنگیت هۆشمەند ئەبم،
کە درەختەکان پیانۆی وونبوونتن،
هەر پیاسەیەکی پایزانە،،
لە شەوی پارچە پارچەبوونی ڕۆحیشما ،،
دروست بوونەوەیەکی ترە،،
ڕواندنی شەتڵی گوڵە لۆتسی شیعریش…
دوای چەندین مردن و وەرین،،
چنینی ئەستێرەیە لەسەر فەڕشی چاوەڕوانیت،،
با پەپولە فیردەوسیەکان،،
لە جیاتی شیعرەکان ،
سەرێکت لێ دەن،،
با سروتی خۆسوتانی خونچەیەک لە حەسرەت…
داستانی عیشقم بێ بۆت،
با دێڕی کتێبەکانی با..
نەخشەدڵت بێ لە کوێم، ..و..
بۆ کوێ ئەڕۆم،
لە چی کەنارێ وون ئەبم،،
بەڵام هەر کە تابلۆی دەریا ئەبینم ،،
غەمگینیەکی جوان ئەمگرێ،،
تا گوڵە لۆستی نیگات..
ئەپشکوتێ‌،
تا نوورت دێ،،
ئاسمان و زەمین،،،
لە کوپێ شیعرا ئاوێتە ئەبن.

وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێش
Claude Monet ) Water Lilies (

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish