چه‌مكی جێنده‌ر و درۆی ئیسلامییه‌كان.. به‌ختیار محه‌مه‌د
((چه‌مكی جێنده‌ر تێده‌كۆشێ بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیردۆزه‌ی، كه ده‌ڵێ جوداوازی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان ئافره‌ت و پیاودا ده‌ستكاری حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی كراوه بۆ پاراستنی سیستمی ده‌سه‌ڵاتی باوكسالاری له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا و دروستكردنی هه‌ستێكی جه‌ماعی له نێوان ئافره‌تاندا، كه تاكه ڕۆڵی گونجاو بۆ سروشتی ئه‌وان، ڕۆڵی كابانی ماڵ و منداڵبوون و به‌خێوكردنی منداڵه)). ئا ئه‌مه ناوه‌رۆك و واتایه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی چه‌مكی جێنده‌ره، كه‌چی ئیسلامییه‌كانی كورد ماوه‌یێكه له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه هه‌ڵڵا و هه‌رایه‌كی زۆریان – له ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوه – له كۆمه‌ڵگه‌دا دروست كردووه، كه گۆیا چه‌مكی جێنده‌ر واتای به‌دڕه‌وشتیی و هاوڕه‌گه‌زخوازیی ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌م چه‌مكه‌یان به ته‌واویی له واتا زانستییه مرۆییه‌كه‌ی داماڵیوه و ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقی سێكسییان پی به‌خشیوه (تومه‌ز ئه‌وان كێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ غه‌ریزه‌ی سێكس هه‌یه، بۆیه هیستریایانه هه‌موو خراپه‌كاری و به‌دڕه‌وشتییه‌ك به سێكس ده‌به‌ستنه‌وه). له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئیسلامییه‌كان – بۆ پێوه‌ندی ئه‌رك و مافی نێوان ئافره‌ت و پیاو – به ته‌واوی باوه‌ڕیان به ئایه‌تی: ((الرجال قوامون علی النساء)) هه‌یه، بۆیه به ته‌واوی دژی ناوه‌رۆكی یه‌كسانیخوازانه‌ی چه‌مكی جێنده‌ر ده‌وه‌ستنه‌وه و شێتانه دژایه‌تی ده‌كه‌ن و له‌پای ئه‌مه‌وه خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و عه‌لمانی پێ تاوانبار ده‌كه‌ن و به به‌دڕه‌وشت و بێ ئه‌خلاق و دژه خێزانیان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هیچ مه‌لایه‌ك و هیچ بانگخوازێك و هیچ ئیسلامییه‌ك نایێ باسی حه‌قیقه‌تی مرۆییانه‌ی ئه‌م چه‌مكه بكا، به‌ڵكو به درۆ و به بوختان ده‌ڵێن چه‌مكی جێنده‌ر به واتای 12 شێوه‌ی هاوسه‌رگیری ناشه‌رعی وه‌ك زه‌واجی پیاو و پیاو، ژن و ژن، پیاو له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و ژن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و … تاد، دێ (من ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادارم و به‌دوادا چوونم بۆی كردووه، له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌م 12 شێوه‌یه‌ی هاوسه‌رگیریم به‌دی نه‌كردووه، به‌ده‌ر له گوتارێك نه‌بێ له ماڵپه‌ڕی ئه‌لجه‌زیره نێت، كه ئه‌ویش ته‌نها ئاماژه‌ی به ژماره‌كه و هاوسه‌رگیری سروشتی و هاوسه‌رگیری پیاو و پیاو ژن و ژن كردووه. واته ئاماژه‌ی بۆ 9 شێوه‌كه‌ی دیكه نه‌كردووه. به‌ڵێ له به‌ڵگه‌نامه‌كانی مافی مرۆڤی UN دا مافى هاوڕه‌گه‌زبازان پارێزراوه، به‌ڵام ئه‌مه هیچ پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به چه‌مكی جێنده‌ره‌وه نییه. ئیسلامییه‌كان لێره هاتوون درۆیه‌كی گه‌وره‌ی شاخدار ده‌كه‌ن، كاتێك چه‌مكی جێنده‌ر به دیارده‌ی هاوڕه‌گه‌زبازی و ئاكاری سێكسه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و به ته‌واوی له واتا كۆمه‌ڵایه‌تییه مرۆییه‌كه‌ی دووری ده‌خه‌نه‌وه و له‌م جه‌وهه‌ره سه‌ره‌كی و ڕاسته‌قینه‌یه‌ی داده‌بڕن. له ڕاستیدا هه‌موو ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی جێنده‌ر به‌دیهێنانی یه‌كسانییه له نێوان ژن و پیاودا؛ به‌ڵام ئیسلامییه‌كان به ڕه‌هایی دژی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ن، بۆیه هێرشی چه‌واشه‌كارانه‌ی ناڕه‌وا ده‌كه‌نه سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه و به درۆ و به بوختان ناشیرینی ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی ئیمانداری ساده و ڕای گشتی موسڵمانانی پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن).
ڕاستییه‌كه‌ی چه‌مكی جێنده‌ر پێوه‌ندی به چه‌مكی سێكسه‌وه نییه : جێنده‌ر واتای دابه‌شكاری ناهاوسه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تییه له نێوان ئافره‌ت و پیاودا (واته وشه و چه‌مكێكی ڕۆشنبیرییه و ڕه‌گ و ڕیشه‌كه‌ی له كولتوور و له داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه)؛ به‌ڵام هه‌رچی سێكسه ئاماژه به دابه‌شكاری بایۆلۆژی له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا ده‌كا (واته خه‌سڵه‌ت و چه‌مكێكی بایۆلۆژی و سروشتییه و ژن و پیاو له ڕووی ڕه‌گه‌ز و سێكسه‌وه لێكدی جودا ده‌كاته‌وه). له چه‌مكه گشتییه‌كانی جێنده‌ریشدا، چه‌مكی یه‌كسانی جێنده‌ری و چه‌مكی دادپه‌روه‌ری جێنده‌ریمان هه‌ن: یه‌كسانی جێنده‌ری به واتای ماف و به‌رپرسیاره‌تی و هه‌لی ڕه‌خسێندراوی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو دێ، كه پێوه‌ندییان به جیاوازی ڕه‌گه‌زی نێر و مێ – وه نییه. ئه‌مه‌ش به‌واتای دابه‌شكردنی یه‌كسانانه‌ی ماف و ئه‌ركه‌كان له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا دێ. دادپه‌روه‌ری جێنده‌ریش به‌واتای دادپه‌روه‌ری له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ژن و پیاو له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتنی ته‌واو له پێداویستییه‌كانیان وه‌ك مرۆڤ دێ، نه‌ك وه‌ك ژن و وه‌ك پیاو؛ چونكه ئه‌وه‌ته هه‌ر له ئیسلامدا – به‌نموونه – مافی ئافره‌ت له میراتدا نیوه‌ی مافی پیاوه؛ جێنده‌ر ده‌یه‌وێ ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه نه‌هێڵێ.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه با ئه‌وه‌ش بڵێین و با ئه‌وه‌ش له خۆمان بپرسین (پرسیارێكی حه‌قانی و لۆژیكی): ئایا هیچ پیاوێك پێی خۆشه ژنه‌كه‌ی، كه ژنی خۆیه‌تی له هه‌مان كاتدا مێردێكی دیكه‌شی هه‌بێ؟ واته ژنه‌كه‌ی ژنی پیاوێكی دیكه‌ش بێ؟ دیاره ئه‌مه بۆ ژنیش هه‌مان شته. واته ژنیش زۆری پێ ناخۆشه، كه پیاوه‌كه‌ی ژنی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌می هه‌بێ و هاوبه‌شی ئه‌و بن له بوونی مێرده‌كه‌ی. لای پیاوی موسڵمان كوفره، كه ژن، ئه‌گه‌ر هه‌ر به قسه و به گاڵته‌ش بێ، باسی دوومێردی بكا، به‌ڵام بۆ ئه‌و – به ناوی دینه‌وه و به ناوی خواوه – ڕه‌واو و ئاساییه، كه تا چوار ژنیش بهێنێ. ئا ئه‌مه لوتكه‌ی نادادپه‌روه‌رییه له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا، كه چه‌مكی جێنده‌ر ده‌یه‌وێ نه‌یهێڵێ. ئا ئیسلامییه‌كان له‌مه تۆقیون، بۆیه وا هێرشی بوختانكه‌رانه‌ی شێتانه ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌م چه‌مكه و له‌مه‌شدا ئیسلامییه‌كانی كورد ئیلهام له ئیسلامییه‌كانی عه‌ره‌ب – له قه‌ته‌ر و خه‌لیج و كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره – وه‌رده‌گرن.
تۆ سه‌یركه! له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا، هه‌موو ئیسلامییه‌كانی كورد له‌م باشووره وێرانكراوه‌دا، وه‌ك یه‌ك قه‌وانێكیان لێ ده‌دایه‌وه، كه: جێنده‌ر واتای (نوع الاجتماعی) ـه (ئه‌مه ڕاسته)؛ واتای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزانه؛ واتای دایكایه‌تی خورافه‌یه؛ واتای مرۆڤ هه‌ست به خۆی ناكا، كه نێره یان مێیه، به‌ڵكو ده‌كرێ چه‌ند ڕه‌گه‌زێك بێ، واته ژن بڵێ من پیاوم و پیاویش بڵێ من ژنم (هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بانگه‌شه‌ی بوختانكارانه‌ی ئیسلامییه‌كانه)؛ واتای پیاو له‌گه‌ڵ پیاو و ژن له‌گه‌ڵ ژن هاوسه‌رگیری بكا، نه‌ك پیاو و ژن له‌گه‌ڵ یه‌ك هاوسه‌رگیری بكه‌ن؛ واتای به‌دڕه‌وشتی و مێبازی و نێربازی و منداڵبازی و ئاژه‌ڵبازی و سه‌گبازی و كه‌ربازی و ته‌خته‌بازی و داروبه‌ردبازی و… تاد.
له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردووش‌دا، گه‌وره‌ترین درۆی ئیسلامییه‌كان و بانگخوازه سه‌له‌فییه‌كانیان بریتی بوو له‌وه‌ی، كه جێنده‌رییه‌كان دژه ئه‌خلاق و دژه ڕه‌وشت و دژه‌خێزان و دژه ئایین و هاوڕه‌گه‌زباز و نێرباز و مێبازن… ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ما و پێوه‌ری چه‌مكی جێنده‌ر هه‌موو ژن و پیاوێك و هه‌موو نێر و مێیه‌ك ده‌كه‌نه هاوڕه‌گه‌زباز و هاوڕه‌گه‌زخواز و ئه‌مه‌ش له ئاكامدا ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی جۆری مرۆڤایه‌تی، چونكه ده‌زگای خێزانی سروشتی و هاوسه‌رگیری سروشتی نامێنن و به‌مه‌ش ڕه‌گه‌زی مرۆڤ له‌ناو ده‌چێ. له‌م باوه‌ڕ و بۆچوونه‌ی ئیسلامییه‌كانه‌وه تێده‌گه‌ی، كه چۆن ئه‌وان هه‌موو به‌هایه‌كی ئه‌خلاقی و مرۆیی به ئه‌خلاقی سێكس ده‌به‌ستنه‌وه و چۆن چۆنیش فۆبیایه‌كی یه‌كجار زۆریان له هه‌مبه‌ر ئازادی سێكس له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، هه‌ر بۆیه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌موو ئازادییه‌ك بۆ تاك و بۆ مرۆڤ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
به‌ختیار محه‌مه‌د
————————–
كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه له ئه‌نته‌رنێت.