Skip to Content

سەمای مەرگ.. ستیڤان شەمزینی

سەمای مەرگ.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 4, 2021 General, Poems

هەموو بێ ئومێدانە لە حەوشەی ژیان وەستاوین
راوەستاوین مەرگ بمانکاتە یادەوەرییەکی بزر بوو
ژیان داڵانێکی تەسکە، جێی ئازارەکانمانی تیا نابێتەوە
سەیرە! درەنگانێ مەرگ دەروازە بەرینەکانی ئەکاتەوە
مەرگ کاتێ دێ بە هانامانەوە لە خوێناوی ژیاندا گەوزاوین
بۆن و بەرامەی نەسیمئاسای مەرگ ساتێ هەڵدەکا،
سییەکانمان پڕ بووبن لە ژەهری بێهودەیی ژیان
وەرە، ئەی مەرگ، ئەسرینی رژاومان کۆ بکەرەوە
زوخاوی لە دایکبوونمان تنۆک تنۆک داچۆڕێنە
لە دۆزەخی ژیاندا، دەستی میهرەبانیت درێژ بکە
بزماری بێ ویژدانیی رۆژگار لە لاشەمان دەربێنە
تۆ ئەی مەرگی ئازیز، لاشەکەمان بدە دەست مێروو
لە دەمی قومارچییەکانی سیاسەت وەک قەندێ دەریکە
لە حەرامسەرا و کۆشکی پڕ ئەژدیهای زەمان دەرمانهێنە
بمانێرەوە بۆ کۆڵانەکانی ئەودیوی زەمەن و وجود
تۆ ئەی مەرگی شیرین، پێناسەی خۆت ببڕە بە باڵاماندا
جیاواز لەو پێناسەی دەڵاڵەکانی نیشتمان پێیان بەخشین
غەزەل و سروودێکمان لە خامۆشی و کپبوون فێر بکە
هیچ شتێ نەیگەێنێتەوە بە سروودی خودا و ئاینەکان
ببە بە بەرمۆدای گیانمان، وەک ئەختەبووت هەڵمانلووشە
تەخت و تاراجی شادییە درۆینەکانمان بەسەریەکا تێکدە
تۆ ئەی مەرگ، زووتر لە کاتی خۆی وەرە میوانیمان
سفرەی تژی جەنگ و کابووس و خوێنمان بدڕە
فریاکەوە سن و کوللەی ژیان گوڵەگەنمی جوانیی خواردین
خێراکە گەڵاڕێزانی مرۆڤایەتییە لەم جەنگەڵەی ناوی دنیایە
گیانمان هەمووی شوێنەواری زامی قووڵی پێکەنینە
پێکەنین بەو هەقیقەتە وەهمیانەی شالوری شەڕەکانن
سەنگەری بەرگرییمان تێکشکێنە کە تەنها هەناسەیەکە
ببینە چەند سارد وسڕ و مردووانە، سترانی ئەوین ئەڵێینەوە
تۆ وەرە ئەی مەرگی شیرین، گورز بوەشێنە لە رۆحمان
ئەو رۆحەی کرمەڕێزە، بە حەز و خەونی ئەهریمانەی ژیان
گەڵای داری هەموو خولیا شەڕەنگێزەکانمان بوەرێنە
تاکو زەوی و ئەستێرەکانیش پشوو بدەن لە دەستمان
چەشنی مڵە بەربووینەتە ئاسمان، بەربووینەتە پەلکەزێڕینە
هەموو رەنگەکانمان،ـ بە رەنگی دزێوی خۆمان سواخ داوە
فریا بکەوە، وەرە سەر رێگای بەختیارییە سەیرەکانمان
ئەو بەختیارییەی لە هەستێکی ماسۆشییانەوە لە هێلکە جوقاوە
تۆ وەرە ئەی مەرگ، خەنەبەندانی چاوچنۆکیمان لێبکە شین
حەوت ملیار ئەمێبای زیانبەخشین، خۆرکەی گەردوونین
کۆمەڵێ شێرە بەفرینەن، بە هەتاوێک ئەبینەوە بە قوڕ و لیتە
فریاکەوە، ویژدانمان لە مەزادخانەی بێ ئابڕوویی فرۆشتووە
پۆلێ داڵە کەرخۆرەین، لەسەر کەلاکی تۆپیوی ژیان ئەژین
گروپێ قالۆنچەی رەشین، بۆنی زێرابی خیانەت لە هەناسەمان دێ
ئەی مەرگی شیرین، بێ بەزەییانە رەشماڵەکەمان بدە دەست رەشەبا
زەوی لە شوێن پێ پیسەکانمان، بە دیتۆڵی رەوشت بشۆرەوە
بێ بەزەییانە، رەچەڵەکی قێزەونی مرۆڤ قەلاچۆ بکە لەسەر زەمین
وەک دەرمانی مەلاریا، بارانی خوڕت بپرژێنە بەسەرماندا
لە رەشبەڵەکی درۆکانما، ملیارەها لوغم و مین بچێنە
دروێنەی رەوشتمان بکە، کە پاکیزەیی زەوی لەکەدار کردووە
کون و قوژبنی گەردوون نەماوە، پیسمان نەکردبێ
وەک شەپۆلێکی تووڕە تاکو لێواری عەدەم بمانبەرەوە
دڵی ئاسمانمان تا ئۆزۆن وەک بێژنگ کون کون کردووە
چەک و پارە تاکە زمانمانە بۆ گفتۆگۆ لەگەڵ یەکتر
ئاکار و رەوشتمان، لە تەوالێتی بۆرسەیەکدا لێ بزر بوو
نیشتمان و پەرستگەشمان تەنها پێخەفی سۆزانییەک بوو
وەرە ئەی مەرگ، بزانە ژیان چەند زەبوونە بەدەستمانەوە؟
چی جوانی بوو، تێزابڕێژمان کرد و کردمان بە سووتماک
چی فەنتازیا بوو، هەموویمان کردە کورەی ئەتۆمییەوە
چی داهێنان بوو، هەموویمان بە دۆلاری لولکراو رووپۆش کرد
چی زانستە، کردمانە جەوەنەیەکی رەشەوە بۆ کۆیلەکردنی یەکتر
چی خودا بوو، هەموویمان کرد بە یەک خودا، ئەویش دراو بوو
چی عەشقیش هەبوو، بوو بە نوکتە و حکایەتی گوێ ئاگردان
چی کتێبی دنیا بووـ، هەموویمان کردە لوولەی گوڵەبەڕۆژە
تۆ وەرە مەرگ، گڵاوبوونی زەوی لە چڵکی رەشی شعورمان بشۆرەوە
نەهێڵی کەوڵەکانمان، لەزەوی بسرەوێ، فڕێیدە حاویەی گەردوون
نەهێڵی لە پەنا درەختێکەوە بمانێژن، نەکا فێری درۆی بکەین
نەهێڵی کۆتر لەسەر گۆڕەکانمان هێلانە بکا، نەبادا بە شەوارە بکەوێ
نەهێڵی خۆر هەڵبێ لەسەرمان، ئێمە بەندەی شەوە تاریکەکانین
رۆژی رووناکمان، ئەو کاتەیە دەستمان لە خوێنی یەکتردایە
تۆ وەرە ئەی مەرگ، ئەم گاڵتەبازاڕییەی مرۆڤ بە کۆتا بهێنە
توتکە سەگی ناو هەستمان، بە پەتی دڵڕەقیت بخنکێنە
پێهەڵگرە، داهاتووی گەردوون لە مەترسیی لەناوچووندایە
مرۆڤ، مرۆڤ، دەستی ناوەتە بینە قاقای سروشت
هەنگاوەکانت خێرا بکە، بە کۆمەڵ ریشەکێشمان بکە
ئەوەتا، هەموو شت ئەبارێ، تەنیا جوانی و عەشق نەبێ
هەموو شت لێرە ئەبارێ، تەنیا مرۆڤایەتی و ماف نەبێ
ژمارەیەک قۆخی گەنیوین، باخچەمان پڕکردووە لە بۆنی ناخۆش
شووشەیەک کێم و جەراعەتی دەستی حەزرەتی ئیبلیسین
دڵی سەوزی گشت دەشتەکان ئەکەین بە بیابانی کاکی بە کاکی
خێرا وەرە ئەی مەرگ، کات زۆری بە بەرەوە نەماوە
لای مرۆڤ، کاتژمێری کۆتایی سۆز و بەهاکان و ژیرییە
کاتژمێری کۆتایی وڕک گرتنە لە حەزی وێرانخوازیی ناخمان
خێراکە، خێرا، لە مێژە کار لە کار ترازاوە، ئەدی تۆ لە کوێی؟
بۆ نایەیت شیرینی شیلکی خۆت بخەیتە ناو دەممانەوە؟
بۆ نایەیت کۆلارەی خەیاڵمان بدەی بەدەم گەردەلوولەوە؟
بۆ نایەیت، چەپەڵیمان بە ئاوی روونی خۆت بسمیل بکەی؟
خێرا وەرە، ئەی مەرگی شیرین، شاری خۆشیمان وێران بکە
ئەو خۆشییەی تەنیا لە درۆیەک زیاتر نییە و لەسەر پشتی
ملیۆنان ئادەمی تر، تەلاری یوتۆپی خۆی رۆناوە
وەرە، ئەی مەرگی شیرین، سەمای خۆت دەستپێبکە
ئێمە کۆتا جار چاوەڕێی تۆین بمانخەیتە سەما..

چاوەڕێین .. چاوەڕێین

ئەم شیعرە لە کۆمەڵە شیعری “دەستنووسێکی کۆنی عیشق” بڵاوکراوەتەوە. کە لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish