ڕزگاركردنی (فه‌زای گشتی) له ده‌ست فاشیزم … 1 … ڕزگار عه‌لی
به‌شیی یه‌كه‌م….
فه‌زای گشتی چییه؟ فه‌زای گشتی له مه‌جالی گشتیی‌دا به كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌گوترێت كه نوێگه‌رایی تێدا بخوڵقێت، یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه كه عه‌سری ڕۆشنگه‌ری پێیدا تێپه‌ڕ بووبێت و تێیدا بێت. بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای (ئیمانیول كانت) كه له یه‌كێك له وتاره‌كانیدا له ساڵی 1784 له (ڕۆژنامه‌ی به‌رلین) كه ئه‌و كات به‌ناوبانگترین ڕۆژنامه بوو، پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد، ڕۆشنگه‌ری چییه؟ لێره‌دا كانت ویستی له ڕێگه‌ی پرسیاری عه‌قڵییه‌وه ئینسان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی عه‌قڵگه‌را و بڕیاری عه‌قڵانییه‌ت، ئه‌مه‌ش واته گوماندانان له‌سه‌ر كه‌نیسه وه‌كو تاكه بڕیارده‌ر و ڕێنیشانده‌ری ئینسان.
دوای كانت ئه‌م چه‌مكه به دیاریكراوی له له ساڵی (1962) له لایه‌ن (یورگن هابرماس) له كتێبی ( به‌ره‌و بونیادی فه‌زای گشتی) كه شیكردنه‌وه‌یه‌كی وردبوو ده‌رباره‌ی فه‌زای گشتی و ده‌ركه‌وته‌كانی كه‌وته به‌رباس. هابرماس به گه‌ڕانه‌وه بۆ یۆنانی كۆن و ده‌ركه‌وتنی(شار) به تایبه‌تتر شاری (ئه‌سینا) كه دیموكراسێتی ڕاسته‌وخۆی بۆ حوكمكردن هه‌بوو، ئاماژه‌ی به فه‌زای گشتی و ده‌وری فه‌زای گشتی كرد.
یورگن هابرماس له‌وێدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد ئه‌م فه‌زایه واته فه‌زایه‌كی هاوبه‌ش، ئه‌م فه‌زایه ئه‌و هاوڵاتیانه ده‌گرێته‌وه كه له ناو فه‌زاكه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك بیر‌و ڕا ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه بڕیارێكی هابه‌ش، یان خۆیان به باشترین شێوازی حوكمكردن خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن، واته شعورێكی ده‌سته‌جه‌معیی هاوڵاتیانی شارێك یان شوێنێكه بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاریكراو كه پێویسته ئاڕاكانیان تێیدا به‌شدار بن بۆ به‌روپێشچوونی كۆمه‌ڵگه. ئایا ئه‌و فه‌زایه له كوێی ده‌وڵه‌تدایه؟ هابرماس ته‌ركیز له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه (فه‌زای گشتی) دابڕاوێكه له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت، واته ده‌توانین بڵێن ئه‌و مه‌ساحه‌یه كه له نێوان ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ته‌ركیز بكه‌ین ده‌توانین بڵێین ئه‌و فه‌زا زیندوو ڕۆشنگهرهیه كه زیندوێتی به كۆمه‌ڵگه ده‌به‌خشێت و ناهێڵێت كۆمه‌ڵگه له دۆخی هیچ سیاسه‌تێكی لابه‌لادا بمرێت، هابرماس ئاماژه‌ی به‌م دۆخی زیندوێتی فه‌زای كۆمه‌ڵگه دهكردو ناوی لێده‌نا(دامه‌زراندنی خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگه)، خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگه كرده‌یه‌كی ئاڕاستهكراوه و ئاینده دهخوڵێنێت، واته گۆڕینی داینهماكی كۆمه‌ڵگه بۆ خۆ ئاڕاسته‌كردن، خۆگۆڕین و خۆتازه‌كردنه‌وه له ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون و به‌شداری هه‌مووانه‌وه. هابرماس له كتێبی (گوتاری فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن) ئاماژه ده‌كات: هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر ته‌نیا پارێزگاری له خۆی بكات و له گۆڕانی به‌رده‌وام نه‌بێت كۆمه‌ڵگه نییه. واته گۆڕین و نوێكردنه‌وه جه‌وهه‌ری فه‌زای گشتین. ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد بگوازینه‌وه كوردستان ده‌توانین بڵێن فه‌زای گشتی (كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، مامۆستایانی زانكۆ، خوێنكاران، سه‌ندیكاكان، لاوان، ئافره‌تان و نووسه‌ران و مامۆستایانی ئاینی و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و هونه‌رمه‌ندان …) ده‌گرێته‌وه، واته ئه‌م چینانه‌ن كه ڕۆحی زیندوێتی به كۆمه‌ڵگه ده‌به‌خشن.
ئایا له كوردستان ڕۆحی زیندوێتی كۆمه‌ڵگه هه‌یه؟ یاخود به دیاریكراوی (فه‌زای گشتی) هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر فلاشباكێك هه‌بێت و بۆ دۆخی سته‌مكاری به‌عس بگه‌ڕێینه‌وه و له ده‌یه‌ی حه‌فتاو هه‌شتاكان، ڕاسته به‌عس له ڕووی هه‌ژموونی عه‌سكه‌ری و هه‌واڵگیرییه‌وه وجودی هه‌بوو، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیبوو له ڕووی به‌عسیزم و ئایدۆلۆژیاوه كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكات، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌و كاته ڕۆحییه‌تێكی زیندووی هه‌بوو، هه‌مووان شایه‌تی ئه‌و ڕۆحییه‌ته زیندووی (فیلم، شانۆ، سینه‌ما، شیعر، زانكۆ، گۆرانی و موزیك و بۆنه نه‌ته‌وه‌یه‌كان…) بووین، ئێستاش كاتێك درامایه‌كی كوردی ئه‌و سه‌رده‌مه لێده‌درێت كه‌سمان نییه (ئاخ) بۆ ئه‌و ڕۆحییه‌ته، ئه‌و فه‌زایه و خهیاڵكهرهی كۆمه‌ڵگه ههڵنهكێشین. جوڵانی دایناماكی ئه‌وان به ئومێدی (یۆتۆپیا) به‌رده‌وام بوونی هه‌بوو. ئه‌ی كه‌واته چی ڕوویدا؟ ئه‌و فه‌زایه چی لێ هات؟ خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگه بۆچی نییه؟ له دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌بوایه ئه‌و خه‌یاڵه زیاتر به‌رهه‌مبهاتایه، زیاتر درێژه‌ی به‌خۆی و داهێنانه‌كانی بكردایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌عس نه‌یتوانی بیكات شۆڕگێڕهكانی دژه به‌عس به‌ده‌ستی خۆیان كردیان، جه‌نگ و شه‌ڕی ناوخۆ ته‌نیا براكانی به كوشت نه‌دا، به‌ڵكو خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگه و فه‌زای گشتیشی كوشت، دوای جه‌نگ هیچ ئاسه‌وارێكی (ڕۆحی زیندوو) نه‌ما، كۆمه‌ڵگه له خه‌یاڵ و فه‌زا خاڵیبوویهوه، هه‌موو شتێك دابه‌شی دۆست و دوژمن كرا.
دۆخی كوشتنی ڕۆحی كۆمه‌ڵگه بووه قوربانی كارئه‌كته‌ره‌كانی پارتی و یه‌كێتی كه له ڕۆحی زیندوو یان خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگه تێنه‌ده‌گیشتن، ئه‌و عه‌قڵێته شاخاوییه وه‌كو بۆمبێكی ئه‌تۆمی هه‌موو شتێكی خاپور كرد. ئه‌م ته‌سه‌وره جه‌نگییه ناعه‌قڵانییه به‌رده‌وام بوو تا جه‌نگ یه‌كلایی بوویه‌وه و به‌عس ڕوخا، دواتر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی جارێكی تر هه‌ناسه‌ی به به‌ردا هاته‌وه، توانی خۆی ڕێك بخاته‌وه، توانی خه‌یاڵ بكات به سه‌رزه‌مینێكی جوانتر، توانی ڕۆحییه‌تێكی زیندوو به‌خۆی ببه‌خشێت، به‌ڵام جارێكی تر عه‌قڵێت و ئاغاكانی شاخ خۆیان له فۆڕمێكی تر نوێ كرده‌وه و تێكه‌ڵه‌یه‌كی عه‌قڵییه‌تی شۆڕشگیڕی، ئابوری سوڵتانی و ئاغاییهتی و دهرهبهگییان دروست كرد، به هه‌موویان ئیمڕاتۆرییهتێكی فاشیزمان خوڵقاند، ئه‌م بۆمبێكی ئه‌تۆمی نوێ بوو بۆ وێرانكردتی ته‌واوی فه‌زای گشتی و خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگه، مه‌ترسی گه‌وره‌ی ئه‌م بۆمبه ئه‌تۆمییه ئه‌وه‌بوو ئه‌مجاره (فه‌زایی گشتی) نه‌كوژرا به‌ڵكو گۆڕا بۆ به‌رهه‌مهینانه‌وه‌ی فاشیزم، واته فه‌زای گشتی پڕ ده‌بێت له‌و نهمرودانهی سۆمهڕو ئاشور كه هه‌زار جار له‌و نهمرودانه ترسناك ترن، پڕ ده‌بێت له‌و جاهلانهی كه هه‌زار جار له‌و جه‌هاله‌ته پێش ئیسلام ترسناكترن، پڕ ده‌بێت له‌و مه‌لایانه‌ی كه له جیاتی عه‌داله‌ت ژه‌هر به‌رهه‌مده‌هێنن و ده‌یده‌نه‌وه كۆمه‌ڵگه بۆ ئه‌وه‌ی دڵی سوڵتانی فاشیزم ڕاگرن.