Skip to Content

زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 17, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی ھەشتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: بەبڕوای خۆم گرنگ بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ و جوانە، نەک رووخساری جوان، ئاخر بیرکردنەوەی جوان ئەزەلییە، ھەرچی رووخساری جوانیشە کاتی و ناجێگیر. وەک خۆم لە بیرکردنەوەدا تۆ دەبینم، رووخسارتم زۆر بۆ گرنگ نییە، ھەمیشە جوانی رێژەییە، بەڵام جوانی بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو تیۆرە. مرۆڤ بەمێشکی دەتوانێ بگاتە جوانی و رەھەندی ون و ئیستاتیکی بیرکردنەوەی کەسێکی دیاریکراو، چاو لەم بوارەدا رۆڵی نییە یان کەمترین رۆڵی ھەیە.
خۆم: کێشەکە مرۆڤی ئێمەیە، پیاوی کورد ژن وەک جەستە دەبینێت، لە بەرامبەریشدا مێینە وێنای پیاو وەک گورگێک دەکێشێت. ئەمەش سوچی ژن یان پیاو نییە وەک تاکەکەس، بەڵکو تاوانەکە لە ئەستۆی سیستمی پاتریارکییە.
من: پیاوی ئێمە “واتە پیاوی رۆژھەڵاتی- الشرقی” ھەمان سەگەکەی پاڤلۆلە، کاتێک گوێی لە سەدای ژن یان دەنگی ھەستی دەبێت خێرا لیکێکی سێکسیی بە شەویلگەیدا دێتە خوارەوە. ژنی ئێمەش پیاوان لە شێوەی مافیاکانی فرانک کۆستێلۆ دەبینن کە بێ ویژدانانە جوانیان دەکرۆژن و جەستەیان تاڵان دەکەن و چێژیان لێ دەدزن.
خۆم: کەواتە ژن و پیاو مەحکومن بە خۆشەویستی یەکتر. پێویستە ئامادە بن لەگەڵ یەک وەک توخمی جودا بەرەو یەک چارەنووس بڕۆن. ئارتەر رامبۆ لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت: پێویستە سەرلەنوێ خۆشەویستی دابھێنینەوە. لەو دنیای بێ رەنگەی خۆشەویستی تێدا نەماوە، وەرە با ئێمە پێکەوە مەشخەڵی خۆشەویستی ھەڵبگرین.
من: ئالان بادیۆ وای دەبینێت خۆشەویستی دووبارە داھێنانەوەی ژیانە. ھەموو رۆژێک لەگەڵ تۆ بە فۆرمی جیا جیا سەرقاڵی داھێنانەوەی ژیانم، مانای نوێ لەسەر جەستەی بە بەردبووی ژیان ھەڵدەکۆڵم. ماندوو نابم، پیر نابم، تەنانەت نامرم تاکو بە خۆشەویستییەوە خەریک بم، ئاخر مرۆڤ تاکو خۆشەویستی بکات نە پیر دەبێت، نە دەمرێت. ئەمێستا ھەموو بوونی خۆمم گرێداوەتەوە بە خۆشەویستییەوە، ھەروەک دێڕێک لە گۆرانییەکەی “جۆ داسین” دەڵێم “ئەگەر تۆ نەبووبایت، پێم بڵێ بۆچی من ھەبم؟”. ئێمە دەبێت پێکەوە ژیان دابھێنینەوە.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ شتێک لەسەروو خۆشەویستییەوە نابینم، بەڵام ھێشتا لە گرێدانی خۆشەویستی و سێکس پێکەوە دەسڵەمێمەوە!!، پێموایە سێکس خۆشەویستی ناپارێزێت و نایگرێتە خۆی بەڵکو خاڵی کۆتایی بۆ دادەنێت.
من: ئەمە ھەمان ئەو روانگەیەیە “ژاک لاکان” پێداگریی لەسەر دەکات، ئەویش پێیوایە خۆشەویستی و سێکس دوو پێدراوی دژ بە یەکترن، بەڵام دروست پێچەوانەکەی راستە، ئەگەرنا لەم کاتەدا خودی خۆشەویستی دەبێتە رەوشێکی سۆفیگەرانەی رووت!. خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو، سێکس واتاداری دەکات، چون سێکس تەنیا پرۆسەی منداڵ خستنەوە نییە، یان ھەمان ئەو کردەیە نییە ئاژەڵەکان ممارەسەی دەکەن.
خۆم: خۆشەویستی زۆر جار سەرچاوەی گریانە، جەنگێکە لە ناوخودی خۆماندا، ھیچ کات ئاسایش و جێگیریی لە خۆ ناگرێت، بەڵکو لە ئاکامدا بەختەوەرییەکی سەیری تێدایە کە تەنیا ئەوانەی خۆشەویستی دەکەن چێژ لەو بەختیارییە تاڵە وەردەگرن!!. دەشێت بڵێم بەختەوەریی خۆشەویستی لەوەدایە کەسێتییەکی مازۆخیمان بۆ دروست دەکات. ھەموو عەزابەکانی نێو خۆشەویستی لە دواجاردا دەبنە یادەوەریی شیرینی تەمەن.
من: خۆشەویستی ئەو یاقووتەیە ھەموو کەس دەینێتە ژێر پێی، بەڵام من ھەمیشە لەسەر تەوقە سەرم دامناوە!. خۆشەویستی ئەو جوانییەشە زۆرینەی خەڵک لە توێی داستان و کتێبەکاندا پێشوازیی لێدەکەن، یان پێیان خۆشە وەک دیاردەیەکی سینەمایی بیبینن و نایانەوێت خۆیان بچنە ناو ئەو یارییە ئاگرینەوە، بەڵام من خۆم پاڵەوانی ئەو داستانەم و رووداوەکانی بە دەستی خۆم تۆمار دەکەم، بە خوێنی خۆیشم کتێبی ئەو گەمە ئاگرینە دەنووسمەوە.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ ھێندە سەرقاڵە بە رووکاری دەرەوەی ژیان، ھیچ کاتی نەماوە گوێ لە دەنگی ناوەوەی خۆی بگرێت. ھێندەش سەرقاڵە بە ژیانێکی میکانیکییەوە، کاتی نییە لەو خەونانە تێبگات ھەموو شەوێک دەیانبینێت.
من: بێگومان مرۆڤی زیندوو ھەمیشە ھۆکارێک بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، ئەویش توانای خەون بینینە! کارەسات ئەوەیە مرۆڤ خەونی نەمێنێت یان توانای خەونبینین لە دەستبدات، لەم چرکەساتەدا ژیان پووچترین کردەیە.
خۆم: بە پێی ئەفسانەکان خەون پڕۆژەیەکە بۆ ئایندە، بە مانایەکی تر ئەوە خەونە پێتدەڵێت ژیان چی لە ھەگبەدا بۆ ھەڵگرتوویت و دەبێت بە دوایدا بڕۆیت!!. تەنانەت ھەموو ئیپۆسەکانی خۆشەویستیش سەرەتا ھەر خەونێک بوون.
من: رەنگە پێت سەیر بێت بڵێم لە خەونی سەرەتای مندا ژنێک ھەبووە، تازە ناسیوومەتەوە!. خەون زمانێکی جیھانیی ھەیە و ھاوبەشە لەنێوان تێکڕای مرۆڤەکاندا. وەک ئەریک فرۆم باسی دەکات: زمانی خەونی مرۆڤی سەرەتایی، یان زمانی خەونەکەی فیرعەون کە لە کتێبی پیرۆزدا ھاتووە، یاخۆ زمانی خەونی کەسێکیش لە شتوتگارت یا نیۆیۆرک بێت ھەر یەک زمانن. زمانی خەونەکانی من شیعرن، لە دەرەوەی خەونیش ئەوەی بە خۆشەویستی ئەو ژنەوە دەمبەستێتەوە شیعرییەتی ئەو خەونانەیە ھەموو شەوێک دەیانبینم. فرۆم جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھیچ نوستنێک بێ خەون تێناپەڕێت. زیادەگۆیی نییە بڵێم ھەموو شەوێک خەونی پێوە دەبینم و بە زمانی شیعر دەیدوێنم.
خۆم: رەنگە ئەو ژنە لە دۆخێکی دۆشداماوییدا بڵێت بۆچی دەبێت ئەو کەسە بم لە خەونەکانی تۆدام؟ ئەم رێکەوتە زۆر سەیرە. ناڵێم جێگەی بڕوا نییە، بەڵکو جێگەی سەرسوڕمانە!!.
من: بۆ خۆشم حاڵەتێکی ناوازەیە. بڕوام نەدەکرد کەسێک لە دووری دوورەوە ھەموو شەوێک میوانی ناو خەونەکانم بێت، لەوە زیاتریش بەو خێراییە ببێتە بورکانی گڕگرتووی ناو مێشکم، ھەرچی بنووسم باسی ئەو بکات، بۆ ھەر کوێ بڕۆم لەگەڵمدا بێت، بیر لە ھەرچی بکەمەوە بەو دەستپێبکات و ھەر بە ئەویش کۆتایی بێت!!.
خۆم: زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە، تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە، نووکە ھەم شۆک و ھەم بێدەنگم لەبەرئەوەی نازانم چی بڵێم. کاتێک بەر ھەندێک راستی لەیادکراو و نەبینراو دەکەوین دەکەوینە دۆخی لاڵبوونەوە.
من: ھەموو کات بیستنی ھەقیقەت تووشی شۆکمان دەکات، لە سۆنگەی ئەوەی راستیی ئەوە نییە بە چاو دەیبینین، بەڵکو مێشک دەیناسێتەوە. تێدەگەم بە چیدا تێدەپەڕیت، لەگەڵ ئەمەشدا دووبارەی دەکەمەوە خەونی سەرەتام دواندنی ژنێک بوو بە زمانی شیعر، ھەنووکە ئەو ژنە لە بەردەممدا وەستاوە و پڕ بە چاوەکانم نیگای دەکەم!.
خۆم: سەیرە! زۆر سەیرە!!. ئەمە رووداوێکی سەیری ژیانمە، لە شێوەی سەرسوڕمان و ھەستم تێبگە.
من: خۆم پێشبینی ئەوەم دەکرد خۆم و خەونەکانم و قسەکانمی پێ سەیر بێت، ئەوەش جێی پرسیار بێت چۆن وا بە خێرایی بەرەو رووی چووم، بەڵام ئەمە بۆ من خەونێکی دێرینە و بۆ ئەویش رووداوێکی زۆر تازە!. ئەگەر لە دواکەوتنم بپرسێت، لە سەرەتاوە بەھۆی سیاسەتەوە خۆشەویستیم لە خۆمدا کوشت، ئێستا “سێبەری یۆنگ” بەسەرمدا زاڵ بووە و پێمدەڵێت ئەو دەمامک و خۆ بەھێزنیشاندانەت فڕێ بدە، خۆت بدە بە دەمی شەپۆلی خەونەکانتەوە کە رووەو یار دەتبات!. لە ئێستادا دڵخۆشم بەوەی خەونێکی مەزن و پێنووسێکم ھەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک ھیچی تریان نییە جگە لە گەدەیەکی گەورە و گیرفانێکی قووڵ.
خۆم: تۆ دەزانیت من ترسنۆکم بەرامبەر خۆشەویستی؟، تووشی نەخۆشی فیلۆفۆبیا بووم.
من: خۆشەویستی چالاکییەکی مرۆڤانەیە بەو پێیەی خۆشەویستی بەو تانوپۆوە تایبەتە بە مرۆڤ، بۆیە ئاساییە ترس و راڕایش لە ئارادا ھەبێت. منیش تاکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نارسیستیانە خۆشەویستیم کردووە!. ھەموو دەزانین لە میتۆلۆجی یۆنانیدا نارسیسۆس ئەو گەنجەیە لە ئاوێکدا وێنەی خۆی دەبینێت و ئاشقی خۆی دەبێت. میلان کلاین پێیوایە نارسیسۆس کاتێک سەیری ئاوەکەی کردووە پێیوابووە سەیری جیھانی دەرەوە دەکات، لە راستیشدا خەیاڵی لای ئەو خۆشەویستە بووە ناسنامەکەی لە خۆیدا دۆزیوەتەوە. بۆیە ھەمیشە وێنای ئەوم لە خودی خۆدا دۆزیوەتەوە.
خۆم: ناسینەوەی بۆ وا دواکەوت؟ چۆن و بە چیدا دەزانیت ئەو ژنەی ناو خەونەکانت ئەوە و یەکێکی تر نییە؟.
من: کات مەسەلەیەک نییە، گرنگ ئەوەیە ناسیمەوە و لەناو حەشاماتێک ژندا جیام کردەوە، لە مێژە دەستم بە گەڕان کردووە بە دوایدا، لە زۆر شوێن ھاوشێوەی ژنی ناو خەونەکەم بەرچاو کەوتووە، لەسەر رێگام زۆر ژنی تر ویستویانە خۆیان بەو ژنە بناسێنن، بەڵام وەک رووبارێک لە رۆشتن بە دوایدا نەوەستاوم، ئەمێستا ئەو رووبارەی چەندان ساڵە بەرەو باوەشی دەریای ئەو بەڕێوە بوو، ھێمن ھێمن رژاوەتە ناوییەوە، خۆی لەناویدا ون کردووە، تەنانەت وازی لە سروشت و ناوی خۆی ھێناوە. دەستی لە ھەموو شتێک ھەڵگرتووە، تەنیا شوێن دۆزینەوەی ئەو خەونەی کەوتووە.
خۆم: ھیچم نییە بۆ وتن، جگە لە واق وڕمان بە دیار وشەکانتەوە. ئاخر دەکرێت لەم حاڵەدا چیم ھەبێت بۆ وتن؟.
من: منیش وا ھەست دەکەم خەون لەناو خەوندا دەبینم. تۆ دیقەت بدە ھەموو توێژینەوە زانستییەکانی فرۆید لە بارەی سێکسەوەیە، کەچی خۆی کەسایەتییەکی شەرمنی ھەبووە، بە راددەیەک نەیتوانیوە ھەستی تایبەتی خۆی بۆ ئەو ژنە دەرببڕێت جێگەی سەرسامی بووە. منیش لێ تێمای سەرەکی نووسینەکانم ژنە، بەڵام ھەمیشە شەرمێکم ھەیە لە ژن، وا خەریکم لەگەڵ ئەودا بەسەر ئەو شەرمەدا زاڵ ببم، ھەوڵدەدەم جڵەوی خۆم شل بکەم، تا دڵم بە دەنگی بەرز قسەی بۆ بکات. دەمەوێت سەرنجی لەسەر زارم لاببەم کاتێک بۆی دەدوێم، بەڵکو خوازیارم ھەست بە ترپەکانی دڵم بکات، چەندە خێرا لێدەدەن، چەند دەنگی لێدانیشیان بەرزە.
خۆم: شتێک ھەیە لە تۆدا ھەرچەند دەکەم بۆم راڤە ناکرێت، تەنیا ئەوەندە دەزانم ھێزی کێشکردنت زۆر ھەراشە. ئەوەتا سێوی دڵی ئەو ژنە کاتێک لە داری بێزاریی بووەوە، لە بری بەرزبوونەوە بەرەو ئاسمانی غەمگینی، بەربووەوە ناو کۆشکی ئارامیی تۆوە. ھەروەک جارێک ئەو ژنە پێی وتبوویت: بەدەر لەم فاکتە کە لەسەر خۆم دەیزانم، دەمەوێت گوێم لە دەنگی ھەستت بێت سەبارەت بە من!.
من: سەرەتا ژن وەک پارچەیەک لە جوانی دەبینم، کەچی ئەو لەسەرو ئەو جوانییەوەیە، ئەم ھەستەی خۆمم پێ ئەنالیز ناکرێت. پێشتر بە ھەندێک شتم وتووە جوان کە زۆر لە خوار جوانی ئەوەوە بوون، ھەنووکە ناکرێت بە ئەم و ئەو شتانە وەک یەک و بە یەک ریتم بڵێم جوان، ئەو میتا جوانییە. ھەندێک شتی بچووک ھەبوون خۆشمویستوون، ئێستا ئەو بەو ھەموو خۆشەویستییەوە لە وجودمدا ھەیە، ناکرێت بە ھەمان ئەندازەی ئەو شتە بچووکانە خۆشم بوێ، پێویستی بە میتا خۆشەویستییە. دەبێت شێوازێکی باڵا لە خۆشەویستی دابھێنم تاکو بتوانم پێی بڵێم بەو فۆرمە تایبەت و بێ وێنەیە خۆشم دەوێیت. ئەو لەسەروو جوانییەوەیە، منیش دەبێت لەسەروو خۆشەویستییەوە خۆشم بوێت.
خۆم: کەواتە بۆ ئەو ھەستە بژی بەرامبەر بەئەو ھەتە، بۆ بەردەوامی ئەم خۆشەویستییە مەمرە. لەبەرئەوەی لە چەندین وێستگەدا دەتبینم بەرامبەر مەرگ لاوازیت، دەبێت نەمریت تاکو حکایەتێکی گەورەی خۆشەویستی دەنووسیتەوە.
من: ئەوە ئارەزووی منیشە. جیا لەمەش ژیان کەی ھێندە خۆشە بۆی بپاڕێمەوە و مەرگیش کوا ھێندە سامناکە لێی بتۆقم؟، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خۆشەویستی و بە خۆشەویستی دەژیم. بیرت نەچێت زۆر ناخۆشی تر ماوە بیبینم کە لە مردن تاڵترن، بۆیە مەرگ ئەوەندە میھرەبان نییە وەھا زوو ببێتە میوانم، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بەو تفتییەی خۆیەوە بە قەندی خۆشەویستی شیرین دەکەم.


٢٢-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دە و چارەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد

Previous
Next
Kurdish