Skip to Content

هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-ەوە هاتووینەتەدەر .. نووسینی: یوسف عزەدین

هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-ەوە هاتووینەتەدەر .. نووسینی: یوسف عزەدین

Closed
by November 24, 2020 General, Literature

{ ئەو بوونەوەرانەی کەلەپشکنەری گشتی- و – دەروونە مردووەکان- ی گۆگۆڵ-دا لەبەرچاوماندا بەرجەستەدەبێت؛ هیچ نین؟! کەهیچیش نەبن، کەواتە هەموو شتێکن!؟} ئەمیل سیۆران-١-

گۆگۆڵ ئەو ئەدیبە کەپوو باریکە قژخاوە سەرنجڕاکێشەیە، وەک لەوێنەکانی گەنجێتیدا بەبزەیەکی شاراوەی سەر لێوەکانییەوە تێمان دەڕوانێ؛ گەر پێشتر نەزانین کەئەوە هەوە، ڕەنگە بەڕوخساریدا وابزانین، یەکێکە لەنیگارکێشە وردبین و باشەکانی یەکێک لەقوتابخانەکانی وێنەکێشان. هەربۆیە ئەوانەی ئەویان لەدنیای گێڕانەوەدا بەنیگارکێشێکی بەسەلیقەو شارەزای وێنەکردنی سیما و ئاکارەکانی مرۆڤی تێکشکاو و تەریک و داماو ناساندووە، بەهەڵەدا نەچوون و بگرە دەتوانم بڵێم؛ گۆگۆڵ لەدنیای گێڕانەوەدا جۆرە نیگارکێش و نەخشێنەرێکی تایبەتی پۆرترێتی کاراکتەرە ئەنتی هێرۆ-کانییەتی، لەگەڵ ئەو ڕیتمە تراژیدییە پەردەپۆشکراوەی کەلەبەرەوپێشچوونی ڕووداوە بەڕووکەش تەنز ئامێزەکانیدا لامان ڕۆشن دەبێتەوە، بێگومان تێکەڵ بەشێوازێکی خستنەڕووی ئیغتیرابی، بەناو ڕیالیستی و کۆمێدی، بەڵام جوداو جیاواز و ترازاو لەزۆربەی چەشنە نووسینەکانی پێشووتری دنیای ئەدەبیاتی ڕوسی و بگرە جیهانیش!

مایەی پرسیاریشە کاتێک چەند بەیتە شیعرێکی پووشکین-م بیردەکەوێتەوە؛ باس لەوە دەکات هەندێک بەیتە شیعر بۆ فڕێدانە نێو ئاگر دەنووسێت؟! واتە هێندە پڕەو لەناخەوە بەدەیان فیکرەو دەربڕین و دەستەواژەو وێنەی شیعری ئێخەی پێدەگرن؛ دەتوانێت هێندێک لەو گوزارشت و دەربڕین و وێنانەی کەلەنێو دێڕو بەیتەکاندا دایان دەڕێژێت و دەیانووسێت، پێش ئەوەی کەس بیانبینێت هەڵیانداتە نێو ئاگرەوە.. بۆیە دەبێت لاشمان سەیر نەبێت، کاتێک پاش خوێندنەوەو قاڵبوونەوەمان لەدنیای گۆگۆڵ-دا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کەهەردوو فیکرەی تێکستی، پشکنەری گشتی و دەروونە مردووەکان-ی لەپووشکینەوە وەرگرتووە.. یان بابڵێین پووشکین ویستوویەتی بەرەو ئاڕاستەی ئەو جۆرە نووسینەیدا بەرێت و لەکاتێکدا خۆی بەچەشن وشێوازێکی تر نووسیویەتی و ئەمەش بەشێکە لەبلیمەتی و داهێنانی لەبن نەهاتووی زاتێکی وەک پووشکین و هەر ئەویش بووە کەهەر لەسەرەتاوە بۆتە ناسێنەری سەرەکی گۆگۆڵ و لەبواری نووسیندا دەستگیرۆیی کردووەو هەندێک لەبابەتەکانیشی بۆ بڵاوکردۆتەوە. هەر لەسەرەتاوە درکی بەبلیمەتی گۆگۆڵ؛ لەبواری گێڕانەوەدا کردووە. هەر بۆیە کاتێک گۆگۆڵ تێکستی “پشکنەری گشتی” دەنووسێت، ئەوەی لەیاد ناچێت لەزاری کەسایەتی سەرەکی تێکستەکەیەوە کەناوی خلیستیکۆف-ە، گەورەیی پووشکین نیشان بدات؛ کاتێک بۆ خۆ گەورەکردنی خۆی لای خەڵکەسادەکە، ئاماژە بەوە دەدات کەلەپترسبۆرگ تەنانەت هاوڕێی کەسایەتییەکی مەزنی وەک پووشکین-یشە-٢-
ئەوەی تا ئێستاش لەبارەی پێوەندی پۆزەتیفانەی گۆگۆڵ و پووشکین-ەوە، خراوەتەڕوو، لەلایەن زۆربەی توێژەران و ئەدیبانی ڕوسەوە سەلمێنراوە، تەنها کەسێک کەلەم یاسایە لادەدا، دەرهێنەری بەناوبانگ –ئایزنشتین-ەو ئەو پێی وابووە گۆگۆڵ هەڵگری ئێرەیی و حەسادەتێکی شاراوە بووە بەرانبەر بەپووشکین و هەر ئەوەشە وای لێکردووە، شتێکی دژ و جودا بەشێوازی نووسینی ئەو دابهێنێت؟!-٣-
بەڵام ئەم ڕاوبۆچوونەی ئایزنشتین، تا ئێستا تەنهاو تەریک ماوەتەوەو پێناچێت وابەئاسانی کەسانێکی ئەکادیمی و شارەزا، لەئەدەبیاتی ڕوسیدا؛ بچنەپاڵ ڕاست و دروستی ئەوەی ورووژاندوویەتی؟!
پێش ئەوەی بەتەواویی ڕۆبچینە نێو بابەتەکەمان و سەفەر لەتەک بەسەرهاتی پاڵتۆکەی گۆگۆڵ-دا بکەین، دەشێت کەمێک باسی ڕاستکردنەوە، یان لابردن و جێکردنەوەو تەنانەت سڕینەوەی هەندێک وشەی ناتەواو و دروستکراوی نێو دنیای ئەدەبیاتی کوردی بکەین.

هەژار-ی زمانزان و لێکۆڵەر لەبەرایی هەمبانە بۆرینە-کەیدا دەڵێت:
{ بەناوی کوردایەتی تۆخ، لەزمانە بەستەزمانەکەی، وا لاواز و پەرەوازەو بێ خودانمان بوونە مێمڵ، قل بەقل و چڵ بەچڵی زۆر بەوردی دەپشکنن و هەر وشەیەک بۆنی عارەبییەکی کۆنی یان فارسییەکی مردووی هەزار ساڵەی لێ بێت، ئەو زانا کورد پەروەرانەی پێ شێت دەبن. وەک دزێکیان لەنێو کادێن دا گرتبێ، دوشمنی ڕای ئیمانت بێ، چی پێ دەکەن! هەروا چەقۆیەو لێی دەسوێن، دەیدەنە بەر پلار و جوێن، کارێکی بەسەردا دەهێنن دۆم بەژنی خۆی نەکردبێ. ئاوڕوی وێژەری وشەکەش بەمەردەی کاوڕای پیوازفرۆش ئەوەن! مەڵێ قەڵەم! بێژە پێنوس.. مەێژە کاغەز! بوێژە تێنوس.. نەبێژ دەفتەر! بڵێ پەڕاو….}
ئیتر هەر لەدرێژەی ئەو ڕیتمی دەستکاریکردن و ئاوەژووکردن و هەڵگێڕانەوەو شێواندن و دروستکردنی زاراوەو وشەی نوێی زوبانی کوردیەشدا، کەسێک دێت و مام + وەستا.. لێک دەدات و دەیکاتە مامۆستاو بەبێ ئەوەی بیری لەوە کردبێتەوە، ئەی چۆن دەبێت هەمان وشەش بۆ مێینەش بەکاربهێنرێت؟! کەچی داخەکەم بەبێ پرسیارکردن و هەڵوێستە لەسەرکردنێکی جدی وا ساڵانێکە سەپێنراوەو بەکار دەهێنرێت!؟
کەسێک دێت و وشەیەک بەناوی ڕەخنە-وە فڕێ دەداتە نێوەندی نووسینەوەو بەبێ ئەوەی ئەسڵ و فەسڵی وشەکە ڕۆشن بێت و لەزمانی کوردیدا شوێنجێگەیەکی لەوەو پێشی هەبووبێت، کەچی تا ئێستا بڕیکردووەو ئیدی دیار نییە، کەی دەتوانین شتێکی نوێی لەجێ بەکاربهێنین.

سەبارەت بەوشەی –چی+ڕۆک-یشەوە؛ پێدەچێت بابایەکی نیمچەحیکایەتباز، لەبەروارێکی نەزانراودا هاتبێت و وشەیەکی لێکدراوی لەچی + ناوەڕۆک دروست کردبێت و لەو ڕۆژەوە گێڕانەوەی حیکایەتی بەشێوە تەکنیکییەکەی ئێستای؛ ناو نابێت چی+ ڕۆک و نووسەرەکەشی ناو نابێت، چی- ڕۆک- نووس؟!
کوردێکی بەوبەختی خاوەن سەدان حیکایەت و سەرگوزشتە و ئەفسانەو داستان و بەسەرهاتە گێڕانەوە، بێیت ناوێکی لێکدراوی دروستکراوی ناقۆڵا بەسەر کاریگەرترین ژانرێکی ئەدەبیی نیمچە ئەنتۆلۆژییانەی ئەودا بسەپێنیت.. کوردێک تەنها شوێنەوارێک لەمێژووەکەی ڕاشکاوانە مابێتەوە، زمانەکەیەتی و مانەوەی چەندین ساڵەی زمانەکەشی لەڕێی گێڕانەوەکانییەوە بووەو دەبێت بۆ نەتوانێت وەک فارس؛ کورتە داستان و داستانی درێژ یان باڵا بەکاربهێنێت.. یان گەر وشەی حیکایەت، بەجۆرە گێڕانەوەیەکی کۆن و تەقلیدی دێتە پێشچاو! خۆ دەکرا وشەیەکی کوردیی پڕ مەغزاو مانای وەک – بەسەرهات-ی لەجێی چی+ڕۆک بەکارهێنابا!؟

بۆیە وەک خۆم؛ دەمێکە پێم وایە گەڕانەوە بۆ خودی وشەی گێڕانەوە، سەرد- نێرەیتیڤ Narrative دروستترەو لەزمانی عەرەبیشدا بۆ تێکستە نوێیەکانی ئەم دواییانەی نووسەرانیان زیاتر سەردو بۆ نووسەرەکەشی سارید بەکاردەهێنرێت و ئێمەش دەتوانین ئینگلیزییەکەی Narrator بەکار بهێنین لەجێی گێڕەڕەوەو ئیدی ژانرە ئەدەبییە سەردییەکانیش لە کورتە نێرەیتیڤ و نۆڤڵێت و نۆڤێللاو ڕۆمان-دا بناسینرێت، یان بەهەر شێوازێکی تر کەجودا بێت لەوەی ساڵانێکە سەپێنراوە.
ڕەخنەگری ئەمریکی – جودیت لایبوفیتز- لەکتێبی (سەردو مەبەستدارێتی لەنۆڤێللادا) ئاماژە بەتێکەڵ کردنی نۆڤڵێت و نۆڤێللا و کورتەڕۆمان و بەکارهێنانیان وەک ئەوەی یەک شت بن دەکات! لەکاتێکدا کورتەڕۆمان کورتکراوەی ڕۆمانە و نۆڤڵێت درێژکراوەی کورتە نێرەیتیڤ-ە، بەڵام نۆڤێللا ژانرێکی تایبەت بەخۆیەتی و زیاتریش لەئەدەبیاتی ئەوروپیدا ناسراوترە وەک لەئەدەبیاتی شوێنانی ترو تایبەتە بەڕووداوە کارەساتبار و بابەتە سەرنج ڕاکێشە کاریگەرەکان، بەدەر لەو درێژدادڕی و فێڵ و تەڵەکەیەی لەنووسینی ڕۆماندا بەکاردەهێنرێت، بەمەبەستی درێژکردنەوەی؛ بەشێوەیەک کەدەبێتە حەشووکردن و داگیرکردنی قەبارەی زیاتر!
نۆڤێللا لەئەڵمانیا لەسەردەستی؛ (هنریک ڤۆن کلیست و گێرهارت هۆبتمان و تۆماس مان و کافکا)، گەیشتە ئاستێکی باڵا و لەنمونەی نۆڤێللاش؛ مەسخ-ی کافکاو -لەبارەی پیاوان و مشکەکان-ی جۆن شتاینبێک و –مەزرای ئاژەڵان-ی جۆرج ئۆرویل و –پیرەمێردو دەریا-ی هەمەنگوایی و –کۆلۆنۆێل کەسی نییە نامەی بۆ بنێرێت-ی گابریل گارسیا مارکیز، شایانی ئاماژە پێدانن.

بە هەرحاڵ با لێرەوە بگەڕێینەوە سەر بابەتە سەرەکییەکمان، سەبارەت بەگۆگۆڵ و دەشێت بڵێین، ئەوێکی بەڕەگەز ئۆکرانی، هەر لەسەرەتای نووسینەکانییەوەو تا دواییەکانی تەمەنیشی زۆر تۆختر هەست بەوە دەکرێت، پرسیارگەل و پڕۆبلمە ئینسانی و ئیشکالە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکان لەدنیای ئەودا؛ بەپلەی یەکەم جێی خۆیان کردۆتەوەو بەتایبەتیش پاش فەشەل هێنانی لەبڵاوکردنەوەی قەسیدەڕۆمانی ( هانزکولگارتن) و کڕینەوەی سەرجەم نوسخەکانی و هەڵهاتنی بۆ دەرەوەی وڵات و پاشان گەڕانەوەیی و بڵاوکردنەوەی کتێبی( شەوانە ئاهەنگ لەمەزرای نزیک دیکانکا)ی هەڵهێنجراو لەفۆلکلۆری ئۆکرانی و بەپشت بەستن بەزۆر لەگێڕانەوە حیکایەتەکانی دایکی.. بەم کتێبەشی توانی شکستی پێشووتری لەبواری نووسیندا بسڕێتەوەو جدییانە جێی خۆی بکاتەوەو ئیدی لێرەوە ئیدامە بەکارەکانی داهاتووی خۆشی بدات.

دەگمەنن؛ ئەو ئەدیبانەی کەتوانیویانە لەتەمەنێکی کورتدا وەک گۆگۆڵ، بگەنە ئاست داهێنانی شێوازێکی نوێ لەنووسینێکی ڕیالیستییانەی تژی لەتەنز و کۆمێدیایەکی هاوتا لەگەڵ بێتامبوون و وێرانبوونی زیندەگی بنیادەمان و نغرۆبوونی لەڕۆتیناتی دووبارەبوونەوەو سووڕانەوە لەنێو بازنەکانی بیرۆکراتییەت و ڕەهایی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکاندا.
کاراکتەری ئەنتی هێرۆ-ی نێرەیتیڤی –پاڵتۆ- ی گۆگۆڵ، ئەکاکی ئەکاکیڤیچ-ی فەرمانبەر، لەبوونە کۆمەڵایەتییەکەدا وەک نەبوو ئەژمار دەکرێت و هەر لەسەرەتای بەسەرهاتی لەدایک بوونییەوە، کێشەیەکی زۆر لەچییەتی ناونانییەوە پەیدا دەبێت و پاش هەڵدانەوەی تەقویمی ئەرسۆزکسی بەمەبەستی دۆزینەوەی ناوێکی گونجاو بۆی، کەچی ناو بۆ ئەو دەبێتە قاتی و لەنێو کۆمەڵێک ناوی ناقۆڵای وەک (تریڤللاو دلاوڤارکاش و بافیکاخی و فاختیسی)، بڕیار دەدرێت جارێکی تر ناوی باوکی لێبنرێتەوەو بەمەش ناوی دەبێتە ئەکاکی ئەکاکیفیچ و لەڕووسیشدا بەپیسایی دەوترێت ئەکاکی و هەروەها نازناوی خێزانەکەشی –باشمچکین- وەک لەخودی گێڕانەوەی پاڵتۆ-دا ئاماژەی پێدراوە: ( بەڕوونی و ئاشکرایی دیارە لەوشەی باشمک-ەوە وەرگیراوە، کەبەواتای پێڵاو دێت لەڕووسیدا..)-٤-
کاتێک ئەم کەسایەتییە لەتێکستە گێڕانەوەی پاڵتۆ-دا بەتەواویی دەخرێتە نێو زەلکاوی هیچ بوون و پەراوێزەو ئیدی ئاکاکی ئەکاکیڤیچ بەجۆرێک لەجۆرەکان ون دەبێت و پاڵتۆ دەبێتە کاراکتەری سەرەکی و ناکرێت لەنێو ئەو سەرما کوشندەیەی ڕوسیادا هیچ شتێک لەپاڵتۆ گرنگتر و بەئەهمیەتتر و جوانتر و گەرمتر و بەقیمەتتربێت، ئەو هەموو شتێکەو تەنانەت کاتێک –بیترۆڤیچ-ی بەرگدروو، پاڵتۆکە بۆ ئەکاکی ئەکاکیڤیچ دەدرووێت و پاش پرۆڤەپێکردن و تەواوبوون و لەبەرکردنی لەلایەن ئەکاکی-یەوە دوور و نزیک وەدووی دەکەوێت و بەشاگەشکەییەوە دەڕوانێتە ئەو توحفەیەی کەپاڵتۆیەو خۆشی وەستا بەرگدرووەکەیەتی!؟

ئیدی هەر ئەم پاڵتۆیەشە دەبێتە سەبەبکاری داوەتکردنی زۆرەملێیانەی بۆ داوەتێکی شەوانەی یەکێک لەکەسایەتییە هەبووەکانی نێو فەرمانگەکەیی و دواجار گەڕانەوەی درەنگ وەختی و دزرانی پاڵتۆکەی لەکۆڵانێکی تاریکدا!؟
پاش دیمەنی دزرانی پاڵتۆکە؛ خوێنەر خۆی لێدەبێتە کاراکتەرە بێ پاڵتۆکەو بەو سەرمایە هاوار بەچوار دەوری خۆیدا دەکات و ناڵەو سەدای دەگاتە هەر گوێیەک کەمەبەستی بێت، گوێڕادێرێت بۆ ئازاری قووڵی هەموو ئەوانەی وەک ئەکاکی ئەکاکیڤیچ، چ پاش دەردەسەرییەکی زۆر دەتوانن ببنە خاوەن پاڵتۆیەکی نوێی شایستەو چ ناشتوانن لەنێو شلۆقی یاساکانی دەوڵەت و خافڵبوون و گوێپێنەدانی پۆلیس و پاسەوانەکاندا، نەهێڵن پاڵتۆکەیان بدزرێت! کاتێکیش بێ پاڵتۆ دەمێنێتەوەو بەمەبەستی دۆزینەوەی دەگاتە لای –کەسایەتییە گرنگەکە- و ئەویش بەجۆرێک تێی دەخووڕێت و دەریدەکات، کەئیدی هیچ هیوایەکی بۆ نامێنێتەوە، جگە لەمەرگ و بۆیە دەمرێت و پاش مردنیشی دەبێتە تارمایی ئەکاکی ئەکاکیڤیچ و پاڵتۆ لەبەر بنیادەمان دادەکەنێت و تا دەگاتە ئەوەی حەقی خۆی لە –کەسایەتییە گرنگەکە-ش دەکاتەوەو پاڵتۆکەی بەری دادەکەنێت.

هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-وە هاتووینەتەدەر!؟


یەکێکە لەو گوزاشتە زۆر کاریگەرو دێرینانەی کەئەوەی خوێنەری ئەدەبیاتی ڕوسی بووبێت، بێشک گوێ بیستی بووە، بەڵام ساغکردنەوەی ئەسڵی بێژەرەکەی، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، جێگەی مشتومڕ و قسەوباسە و هەر بۆیە کەسایەتییەکی شارەزاو پسپۆڕ لەئەدەبیاتی ڕوسیدا وەک دکتۆر؛ جەودەت هۆشیار-٥-، پاش قووڵبوونەوەی لەنێو کۆمەڵێک سەرچاوەی کۆن و نوێدا، دەگاتە ئەو ڕاستییەی کەهیچ کام لە(ڤیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئیڤان تۆرگنێف و دیمتری گریگۆرڤیچ) خاوەنی ئەو گوزارشتە نین و پێی وایە نووسەر و دیپلۆماسی فەڕەنسی – یۆژین میلکبۆر دی فۆگۆ-ی سەفیری فەڕەنسا لەپترسبۆرگی پایتەختی ئەو دەمی ڕوسیای تزاری و لەمیانی وتار و نووسین و کتێبەکانییەوە، ئەو گوتەزایەی کەدەڵێت هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-ەوە هاوتووینەتە دەرێ، داویەتە پاڵ نووسەری ڕۆمانی –لانەوازان- بەبێ ناوهێنانی ئەوەی کەنووسەرەکەی دۆستۆیڤسکی-یە و لەڕاستیشدا دۆستۆیڤسکی فیکرەی ڕۆمانەکەی لەپاڵتۆ-ەوە وەرگرتووەو بەشێوازێکی جودا مامەڵەیەکی داهێنەرانەی لەگەڵ کردووەو لەدیمەنێکیدا کاراکتەری –لانەوازان- دیفوشکین، نێرەیتیڤ-ی پاڵتۆ دەخوێنێتەوە.
یۆژین میلکبۆر دی فۆگۆ، لەنیسانی ١٩٠٩ لەیادی سەد ساڵەی لەدایک بوونی گۆگۆڵ لەمۆسکۆ لەوتارێکیدا دەڵێت:
{ هەموو ئەم نەوانەی ئەدەبیات؛ لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ هاتوونەتەدەر، پاڵتۆکەی ئەکاکی ئەکاکیڤیچ،….}-٦-
بۆ زیاتر ناسینی دنیای ئەدەبیاتی، ناوازەی ئەو گێڕەڕەوە بەنامێیەش؛ لەجوانترین گوزارشتێکیدا – ئەمیل سیۆران- سەبارەت بەگۆگۆڵ وتویەتی:
{ واقیعییەتەکەی هێندە گەورەیە تا ئەو ڕادەیەی ئەو کەسایەتییانەی کەهەڵیان دەسووڕێنێت دەبنە نەبوو، بەڵکو دەبنە ڕمووزاتی جووڵاو کەبەتەواویی ئێمەی تێداین، کەسایەتییەکانی ئەو شکست ناهێنن و ناکەون، چونکە لەسەرەتاوە شکستیان هێناوەو کەوتوون… ئەوەی ئێمە لەودا خۆشمان دەوێت؛ ئەو ڕکەیەتی بۆ خەڵکی.. توندو تیژییەتی.. چەشنی بینینیەتی بۆ دنیایەکی تاوانبار} -٧-

———————————–

سەرچاوەکان:
١-لاپەڕە١٥٣ /وەهم و شوناس/یوسف عزەدین/ چاپخانەی یاد/سلێمانی ٢٠١٢
٢- https://kitabat.com/2013/05/21/%D8%BA%D9%88%D8%BA%D9%88%D9%84-%D9%88%D8%A8%D9%88%D8%B4%D9%83%D9%8A%D9%86/
٣- هەمان سەرچاوەی پێشوو
٤- المعطف و الانف/ ترجمة الدکتور محمد الخزاعی/بحرین ٢٠١٣
٥- https:/www.facebook.com/jawdat.heshyar
٦- هەمان سەرچاوەی پێشوو
٧- لاپەڕە ١٥٤/ وەهم و شوناس/ چاپخانەی یاد/٢٠١٢
سەرنج: لەئەدەب و هونەری/ کوردستانی نوێ/ژ:٨٢٢٦/١٩/١١/٢٠٢٠بڵاوبۆتەوە.
E.mail/izadyusf@gamil.com

Previous
Next