Skip to Content

تابلۆیەک بەدیوارێکی بێدەلاقەوە.. عارف کوردە

تابلۆیەک بەدیوارێکی بێدەلاقەوە.. عارف کوردە

Closed
by ئایار 8, 2023 General, Poems

لەپشت دەلاقەیەکەوە
ڕیزێک تابلۆی،
ڕەنگاوڕەنگ هەڵواسراوە
باوڵێکی پڕ نهێنی..
نیشتیمانێک بەندکراوە..
خۆرەتاو بەگەردنی
گەردەلوولەوە نووساوە
پاساریەک کولەیەک،
بەدەنووکیەوەو
پێچوەکانیش دەمیان داپچڕاوە
ئەفسانەکان دووبارەدەبنەوە
حیکایەتخوانەکانیش،
بنێشتەکانیان دەجوونەوە
زەردەخەنەکان،
بەبەردەوامی وێنەدەکێشن
چەقۆکان زمان دەگەزن
بەفر.. لەکفن ئەچێ
تاریکی..،
بەکۆڵی شەوەوەیە
وەک دارێکی قرپۆک
قرچەقرچی دێ..
بەسەر جەستەیەکی شەکەتەوە
درەختێک، ڕووتاوەتەوەو
ڕەنگی پێوەنەماوە
لەو ژەنە ئەچێ..،
لەبییابانی مەرگ گەڕابێتەوە
ئومێدەکانی خڵتانی خوێنکراوە
کێلی ژوورسەری،
مێژوویەکی ڕەشی پێوەیە
گۆڕەکەی بۆنی سێوی لێدێ
لەگەڵ باراندا.. دەبارێ
ئاسمان، ئەو ئاسمانەی جاران نیە
خۆڵەمێشاوی لێدەچۆڕێ
خاچەکەی عیسا،
بەهەموو دیوارێکەوە داکوتراوە
مریەمەکان پاکیزەییان لەدەستداوە
مۆدێلی ئەم زەمەنەن
باهۆزی نێو هۆنراوەکانن
پەنجەکان ئەقیژێننو،
لەحەژمەتا دووکەڵیان لێبەرزدەبێتەوە
شەختە، کراسی ئاگری لەبەردایە
لەژێر تریفەی هەیڤێکی شارەوەدا
زستان.. گەڵایەکی وشکەوەبوە
ڕەوێ چۆلەکە هەڵدەفڕن
تابلۆیەکە بەسنگی هەورەوە
دەبنەوە بەتەرزەو
ملی گوڵەگەنمەکان دەپەڕێنن
مردووەکان.. هاوار هاوار دەکەن و
هەموومان، کوڕی مریەمەکانین
لەپێشانگایەکی بێناونیشان.

Previous
Next
Kurdish