 
	کەڵەشێر شیعری … نزار قەبانی
وەرگێڕانی بەدەستکاریەوە : پشکۆ ناکام
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێکی خوێن رێژ هەیە
پەڕی هەمو
مریشکەکانی گەڕەکی دەرهێناوە
بەیانیان
بەر دەنوکیان ئەیا
راویان ئەنێ
سواریان ئەبێ
       و
دوایی بێ ئەوەی
ناوی یەکێکیان بزانێ
جێیان ئەهێڵێ …
***
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێک
وەک رۆستەمی زاڵ
هەمو بەیانیەک
بەدەنگێکی زوڵاڵ
ئەقیڕێنێ
بەڕیشە سورەکەیەوە
شەوو رۆژ
دامان ئەپڵؤسێێ
ئەو کەڵەشێرە
تاک و تەنیایە
….. نەمرە
دەسەڵاتێکی
زەبەلاح و بەزەبرە
     ***
لەگەڕەکەکەمان
کەڵەشێرێکی دوژمنکاری
      فاشیستی
هەڵگری .. بیری .. نازی ..
         هەیە
کەکاتی خۆی
     بەدەبابە
دەسەڵاتی دزی
ئازادی و ئازادی خوازانی
دەست بەسەرکرد
نیشتیمانێکی سڕیەوە
گەلێکی سڕیەوە
زمان و فەرهەنگێکی
            سڕیەوە
یادی لەدایک بوونی
مناڵانی سڕیەوە
ناوی هەمو گوڵەکانی
            سڕیەوە
***
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێک هەیە
لە بۆنە نەتەوەییەکانا
بەرگی ژەنراڵ
ئەپۆشێ …!!
سێکس ئەخوا
سێکس ئەخواتەوە
بەسێکسیش
سەرخۆش ئەبێ
سواری پاپۆڕێکی
پڕلە “لاشە “ئەبێ
       و
سوپایەک لە  “گۆی مەمک “
    ئەبەزێنێ
***
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێکی بەناو
رەسەنی کوردی
     هەیە
بەهەزار پیاو
هەمومانی داگیر کردوە
***
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێکی نەخوێنەوار
       هەیە
سەرکردەی یەکێک
لە میلشیاکانی
ئەم ووڵاتەیە
جگە لە راونان و وێرانەکاری
هیچ فێر نەبوە
جگە لەساختەکردن لە
    دراوەکان
هیچ فێر نەبوە
بۆی بکرێ
موڵکی باوکی ئەفرۆشێ
ئەڵقەی دەستی ئەخاتە
     مەزادەوە
         و
دانی مردوەکانیش
      ئەدزێ … !!
***
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێک هەیە
هەمو بەهرەی
گوللەیە
    و
بینێ بەسەری
هەرچی ووشەوە هەیە
***
لەگەڕەکەکەمانا
کەڵەشێرێکی شێتی توڕە هەیە
وەک حاجیەک
قسە ئەکا
    و
وەک خەلیفەیەک
خۆی بائەیا
    و
لەسەکۆی مزگەوت
هاوار ئەکا
خوای گەورە، خوای گەورە
        منم دەوڵەت
            و
        منم یاسا
***
کێ بەدەنگمانەوە دێ
          و
دەغڵ و دانمان
چؤن پێ بگا !؟
       و
خێرو بەرەکەت
بەئێمەش بگا!
ئەم وڵاتە
خوا تیا حاکم نیە
” کەڵەشێر” ەکەیە
چۆنی بوێ
وا حوکم ئەکا
***
لەلای ئێمە
کەڵەشێرێک یەت و
کەڵەشێرێک ئەڕوات
داپڵؤسێنەر
هەر یەکەو
نابێ بەدوان
دەسەڵاتێکی چەپ ئەڕوخێت
             و
دەسەڵاتێکی راست
پەلامار ئەدرێت
        و
ئەوەی کە تیا ئەچێ
پێ ی ئەڵێن ، ئینسان
***
کاتێک
کەڵەشێرەکە
بەپەڕی پوخت و رەنگاو ڕەنگ
         ئەڕوات
سەرشانی رازاوەتەوە
           بە
خەڵات وئەستێرەی
رزگارکردن و جەنگ
هەر مریشکەو هاوارێتی
جەنڕاڵی ناو جێ و
قارەمانی مەیدان
تۆ خۆشەویستی لامان
کۆیلەیەکت ناوێ ؟
نۆکەرێکت ناوێ ؟
پشت شێلانێکت ناوێ
گەورەی هەموان !
***
کاتێک حاکم
چیرۆکەکەی بیست
فەرمانی سەبڕینی
کەڵەشێرەکەی دەرکرد
بەدەنگێکی پڕ لەتوڕەیی
       هاواری کرد
چۆن ” کەڵەشیرێک ” ی گەڕەک
دەسەڵاتی منی ” حاکم ”
ئەبا بۆ خۆی ؟!
چۆن جورئەتی کرد !
لەکاتێکا
تەنیاو بێ شەریکم
منی “حاکم ”
شوبات 2018


 
			 
			 
			