Skip to Content

خوێندنەوەیەک بۆ سەردانەکەی ئەم دواییەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێڕاق وکوردستان*.. عەبدوڵا ساڵح

خوێندنەوەیەک بۆ سەردانەکەی ئەم دواییەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێڕاق وکوردستان*.. عەبدوڵا ساڵح

Closed
by ئازار 29, 2021 General


لەژێر دروشمی، (ئێوە هەموتان بران، کەووتەیەکی ئینجیلە)، ڕۆژی (٥-٣-٢٠٢١) پاپای ڤاتیکان، فرانسیسی یەکەم، بەسەردانێکی فەرمی بۆ ماوەی (٤) ڕۆژ گەیشتە عێڕاق، ئەمەش یەکەم جارە لەمێژوودا پاپێک بێتە ئەم ووڵاتە، هەروەها یەکەم سەردانی پاپایە بۆ دەرەوەی ڤاتیکان دوای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا.
پاپ لەم سەردانەیدا، جگە لە بەغدا و دیداری گەورە بەرپرسانی عێڕاق، سەردانی مەرجەعی شیعەکان، عەلی سیستانی کرد لە نەجەف، و چووە کۆنە شاری ئوور لە پارێزگای زیقار، کە گوایە مەڵبەندی “برایم پەیامبەر” بووە و هەرسێک ئایینەکە؛ جولەکە، کریستیان و موسڵمان بە “باوکە گەورەی پەیامبەران”ی خۆیانی دەزانن، هەربۆیە مەبەستی بوو بایەخی مێژوویی و شارستانیەتی ئەو ووڵاتە دەرخا و پەیامێک بدا کە سەرچاوەی هەرسێک ئایین یەکە. دواتر سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد، کە لەسەر دەستی داعش بەشێکی زۆری وێران کرابوو، ئەمجا هاتە کوردستان و لە یاریگای فرانسوا حەریری لە هەولێر ڕێوڕەسمێکی نزا و نوێژی بەرپاکرد بە بەشداری نزیک لە دە هەزار کەس و دواتر عێڕاقی جێهێشت.
ئەم سەردانە لە کاتێکدا بوو کە بە بەردەوامی باری ئاسایش و ئارامی عێڕاق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچوو ئێستاشی لەگەڵ بێ، ڤایرۆسی کۆرۆنا تا دێت زیاتر بڵاو دەبێتەوە، بەغدا بەهۆی زاڵ بوونی دەسەڵاتی میلیشیا شیعەکان، شوێنێکە مەترسیدار و ئاسایشی تیا نیە، ناوچەی سەوز لەژێر موشەک باراندایە، داعش خەریکی سەرهەڵدانەوەیە، بەڵام هەموو ئەو مەترسیانە نەیانتوانی ببنە بەربەست بۆ ڕێگری لەم سەردانە.
کەواتە پاپ بۆ لەم بارودۆخەدا ئەم سەردانەی ئەنجامدا؟! ئایا نێردراوە بۆ عێڕاق؟ یاخود ئارەزوومەندانە خۆی ملی لە چەقۆ خشاندوە و بەرەو مەترسیەک هەنگاوی ناوە کە ڕەنگ بوو لەم سەردانەیدا بۆی بێتە پێش؟ تەنانەت شێخی ئەزهەر (أحمد الطيب) ئەم سەردانەی وەک هەنگاوێکی بوێرانەی پاپا باس کرد! ئەمە ئەو بابەتە و ئەو پرسیارەیە کە هەوڵ دەدەم لەم باسە کورتەدا تیشکێکی بخەمەسەر و وەڵامەکەی وەرگرمەوە.
دەزگا زەبەلاحەکانی میدیای نێودەوڵەتی، بەر لەو سەردانە، ویستیان پڕوپاگەندەیەکی وا بکەن کە گوایە سەردانێکی “ڕوحیە” و دوورە لە سیاسەت، بەڵام پەیامەکانی پاپا، لە یەکەم هەنگاویدا لە ناو خاکی عێڕاق، پێچەوانەی ئەم ئیدعایە دەرچوون، مەبەست و مەرامی سەردانەکە، کتومت سیاسی بوو، بەڵام لە قاوغێکی “ڕوحی”دا، سیاسی بوونی ئەم سەردانە لە یەکەم پەیامی پاپادا دەردەکەوێ کە دەڵێ: (با تفەنگەکان بێدەنگ بن)، (با ئایین لەپێناو ئاشتی و برایەتیدا بێ)، (وەستانەوەی کۆمەڵگای بەشەری دژی نایەکسانی ئابوری)، (بەرەو ڕوبونەوەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات)، ئەمجا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکا بۆ کۆمەگ لەپێناو (بەرقەراری ئاشتی لە عێڕاق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست).
ئەم ڕاستیە، ئەگەرچی بەشێک لە کریستیانەکان دانی پێدانانێن، بەڵام ناکرێ بڵێیین پاپ تەنیا بۆنوێژێک یا نزایەک و بەسەرکردنەوەیەک ئەم گەشتەی کردوە وخۆی توشی ئەم مەترسیە کردوە. شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە پاپا، جگە لە پێگە ئایینیەکەی، سەرۆکی دەوڵەتێکیشە کە باڵوێزخانەی لە زوربەی زۆری ووڵاتانی جیهاندا هەیە، بۆیە ئامانجە سییاسیەکانی ئەو سەردانە، ناتوانێ تەنیا لەژێر قاوغی (ڕوحی)دا پەردەپۆش بکرێ. لە ڕاستیدا ناوبراو لەو سەردانەیدا بە شوێن کۆمەڵێک ئامانجەوە بوو کە دەکرێ ئاوا کورتیان بکەینەوە:
یەکەم، هاتوە مۆری کریستیانەتی لە عێراق و کوردستان بدا و مێژوو بخاتەوە بەر چاوی هەمووان و بیریان بهێنێتەوە کە ئەوان؛ (کلدان، ئاشوری و سریانی)، کۆنترین پێکهاتەی نەک تەنیا ئەم دوو شوێنە، بگرە هی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشن، هەر بۆیە ساحیب ماڵن و کەس ناتوانێ وەک میوان حیسابیان بۆ بکا و نابێ جێپێیان لەق بێ و هەر هەنگاوێک بنرێ بۆ داڕشتنەوەی دووبارەی نەخشەی سیاسی عێڕاق دەبێ ڕۆڵ و نەخشی ئەوان، جێگای دیار و بەرچاوی هەبێ. بەکورتی گیان بخاتەوە جەستەی کریستیانەتی، بەتایبەت کە لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا گورزێکی دڕندانەی بەرچاوی بەرکەوت.
دووەم، پاپا، وەک “گەورە مەرجەعی کریستیانەکان” دانی نا بە “مەرجەعیەتی شیعە” لە نەجەف وەک مەرجەعێکی باوەڕ پێکراو، وە بە ڕەسمی دەریخست (نەجەف) لای ئەوان زیاتر بەهادارە تا (قوم)، کە سیاسەتەکانی ڕووەو پاوانخوازیە و بەرەو پێکهێنانی هیلالی شیعی ملدەنێ، ئەمەش دەکرێ وەک داکوتانی بزمارێک لە نێوان هەردووک مەرجەعیەتدا هەژمار بکرێ، شایانی باسە هەمان پاپا لە شوباتی ساڵی (٢٠١٩)دا نامەیەکی لەگەڵ “گەورە مەرجەعی سونیەکان”، شێخی ئەزهەر، مۆر کرد لەژێر ناونیشانی (نامەی برایەتی مرۆڤایەتی لەپێناو ئاشتی جیهانی و پێکەوە ژیان).
سێیەم، پاپا بەم سەردانەی، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ عێڕاقی کردە خۆراکێکی بەرچاو و کەم وێنە لە دەزگا کانی ڕاگەیاندندا، لانی کەم لای زیاتر لە ملیارێک ئینسان کە پەیڕەوی ڤاتیکان دەکەن، ئەمەش بۆخۆی وەک پشتیوانیەکی بەرچاو بۆ دەسەڵاتدارانی عێڕاق و کوردستان هەژمار دەکرێ، هەر بۆیە بەم بۆنەوە، یەکسەر، دوای کۆتایی سەردانەکە، وە بەمەبەستی دروێنە کردنی دەستکەوتە سیاسیەکانی ئەم سەردانە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، بانگەوازی کۆبونەوەی بەرفراوانی هێزە “نیشتمانیەکانی” ڕاگەیاند بۆ ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان، هەردووک بارزانیش “لەببەیک”یان بەم پەیامە گوت! ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دەرباز بوون لەو تەنگژە قوڵە ئابوریە، سیاسیە، کۆمەڵایەتیەی هەردووک دەسەڵات تێی کەوتون لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە بەر فروانەی کە ڕۆژ بەڕۆژ دژی هەردووک دەسەڵات لە برەو دایە.
دامەزراوە ئایینیەکان، بەدرێژایی مێژوو؛ یا خۆیان دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر بوون، وە یا لە خزمەت دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکاندا بوون، بەمەبەستی پارێزگاری لە تەختوتاراجی ئەو دەسەڵاتانە، لەو ئاڕاستەیەشدا ڕۆلی سەرەکیان گێڕاوە وەک یەکێک لە سێکتەرەکانی سەرخانی کۆمەڵ کە بەردەوام سیاسەتەکانیان لە خزمەت مانەوەی سیستمی زاڵی ئابوری دا بووە کە ژێرخانی کۆمەڵگەیە، مێژووی هیچ کام لەو ئایینانە ئەوەمان پێناڵێ کە ئەوان، وەک ئەوەی لافوگەزافی پێوەلێدەدەن، لە خزمەت ئارامی و ئاسایش و پێکەوە ژیاندا کاریان کردبێ. ئەگەر بانگەوازێکی لەم جۆرەشیان ڕاگەیاندبێ، ئەوە تەنیا بەمەبەستی فریودانی خەڵک بووە. بەردەوامیش، تا ئەو شوێنەی دەسەڵاتیان بڕی کردبێ، کوتکی دەستی چەوسێنەران بوون وە یا خۆیان چەوسێنەر بوون. دامەزراوەی ئایینی ئەمڕۆی ڤاتیکانیش میراتگری ئەو مێژووە خوێناویەیە کە کەنیسە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەنجامیداوە، ئەوەی ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتە ئایینیەی خزاندۆتە ڕوبەرێکەوە کە لە کیلۆمەترێکی دووجا کەمترە و دانیشتوانەکەی لە چەند سەدێک تێپەڕ ناکەن، ئەگەرچی هەژمونی فیکریشی بەربڵاو بێ، ئەوە خەبات و تێکۆشانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادی خوازی ئەو وڵاتانە بووە کە تەوقی ئاینیان لە ملی خۆیان داڕنیوە و بەرۆکی ئاینیان گرتوە و فڕیان داوەتە ناو شوێنە ئاسایەکەی خۆی کە کەنیسە و دەسەڵاتی ئەویان لە ناو کۆمەڵدا تا ئەندازەیەکی بەرچاو کۆتا کردوە، ئەمە جگە لە پێشکەوتنی زانست و زانیاری کە بەردەوام بۆتە مایەی پوچەڵکردنەوەی خوڕافاتی ئایینی و پاشەکشەکردن پێی.
ئەگەرچی دامەزراوەی ڤاتیکان لە ئێستادا لە ژێر پەردەی “مرۆڤ دۆستی” پەیامی خۆی ڕادەگەیەنێ و پاپا وەک ئاشتیخوازێک خۆی وێنا دەکا، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانەی ئەم دەزگایە، لە دوا شیکردنەوەدا، بەردەوام لە خزمەت مانەوەی سیستمی زاڵمانەی سەرمایەداری دایە و لەهەوڵی برەودانە بەم شێوازە لە دەسەڵات و ژیان و گوزەران.

(١) ڤاتیکان بچوکترین دەوڵەتی جیهانە، دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ڕۆما پایتەختی ئیتاڵیا. ڕووبەرەکەی (٠،٤٤) کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتوانەکەی، بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی (٢٠٠٤)، تەنیا (٩٢١) کەسە. لەساڵی (١٩٢٩)دا لە ئیتاڵیا جیابۆتەوە و بۆتە قەوارەیەکی سەربەخۆ. زمانی ڕەسمی ڤاتیکان لاتینیە، خاوەنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە خۆیەتی. [لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی (ویکیپیدیا)وە وەرگیراوە].
ناوەڕاستی ئازاری ٢٠٢١

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish