Skip to Content

یارییه‌كانی جیهانایه‌تی.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

یارییه‌كانی جیهانایه‌تی.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2023 General, Opinion

(… ئه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌زن!
تۆ چ به‌ختیارییه‌كت ده‌بوو
ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بان
بۆیان ده‌دره‌وشێیه‌وه‌.. )
نیتچه‌

دونیا ئه‌مڕۆ كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی (جیهانایه‌تی)دا ، به‌هه‌موو ڕووه‌ ئاكتیڤ و نێگه‌تیڤه‌كانی ڕاگیر بووه‌.. پێشهات و گۆڕانكارییه‌ خێراكان ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ئه‌و ئاقارانه‌ی پرسی ناسنامه‌مان به‌بیر ده‌هێننه‌وه ‌؛ كه‌ ئایا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئێمه‌ی به‌كۆمه‌ڵێك یاده‌وه‌ری كاره‌ساتاویی گرێدراو چ ده‌توانین به‌و ئاست و باره‌ی خۆمان كه‌ كه‌س خۆزگه‌ی بۆ ناخوازێ ، له‌ناو هه‌ڵلای جیهانایه‌تیدا بۆ پاراستنی ناسنامه‌كه‌مان بكه‌ین؟
داخۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتووماندا ، نه‌خشه‌ی چ ستراتیژیه‌تێكمان پێ ده‌كێشرێ، بتوانین له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر دوورنا ؛ ئامرازه‌ پێویسته‌كانی سه‌ره‌تای به‌جێهێشتنی دواكه‌وتوویی پێ ده‌ست بخه‌ین؟.. بڵێی كه‌شوهه‌وایه‌ك بۆ ڕووناكبیران هه‌ڵبكه‌وێ دوور له‌ ناچاربوونی هه‌ڵه‌گۆیی ، تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو كلیلی ده‌رگا داخراوه‌كانمان نه‌داته‌ ده‌ست ، كاتێ به‌مۆدی كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی بریقه‌دار سه‌رخۆش كرابووین ، به‌ڕاده‌یه‌ك ماوه‌یه‌كی كه‌م نه‌بوو وای لێهاتبوو باسكردنی قه‌ومایه‌تی و ناسنامه‌ و تایبه‌تایه‌تی خاك و زێد ، شتێك بوو نزیك له‌ عه‌یبه‌!!

ئێستاش به‌هه‌مان پێودانگ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ ته‌وژمی بێ ئامانی، سه‌روبن نادیاری جیهانایه‌تی )له‌گه‌ڵ جیاوازی ئاراسته‌كان)، له‌ نه‌داریمان بێ یا له‌ ڕوون نه‌بوونه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌ریكه‌ بێ په‌روا و بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕابردوو و سه‌یركردنی ئاینده‌، وه‌ك له‌وه‌ خاترجه‌م بووبین بۆ كوێ ده‌چین ، بێ ئه‌وه‌ی تێشوویه‌كی نیمچه‌ تێرمان پێ بێ له‌گه‌ڵیدا كه‌وتووینه‌ڕێ..

ڕاستی پرسی ناسنامه‌ له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا كه‌ هێشتا كه‌له‌به‌ره‌كانی ڕووناك نه‌بوونه‌ته‌وه‌، ده‌خوازێ به‌له‌تركزه‌یی و به‌هه‌ستی به‌ژیان و به‌ئاینده‌وه‌نووسان ، به‌ڕه‌چاوكردنی مه‌ودا مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافییه‌كان ته‌ماشا بكرێ، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ زه‌مینه‌یه‌كی پته‌و له‌ چه‌سپاندن و جێگیركردنیدا ، به‌تایبه‌تی لای نه‌وه‌ی ئێستای بۆ بڕه‌خسێنین ، وه‌ك خاڵی ده‌سپێك له‌ بنیاتنانی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ ، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ وه‌كو شكڵ له‌ چ حاڵێكی سیاسی و یاساییدا ده‌بێ، با گریمان ڕووخساری یه‌كگرتنێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یش بێ له‌گه‌ڵ گه‌لانی ده‌رودراوسێ كه‌ ساڵه‌هایه‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین.. ئه‌مه‌ وا نابینرێت دژ به‌ كراوه‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی شارستانی بێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بوونی هه‌موولایه‌ك ده‌پارێزێ له‌ ڕێگای پاراستنی ناسنامه‌ و به‌هه‌ندگرتنی تایبه‌تایه‌تی هه‌رلایه‌ك ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌و باره‌دا دێته‌دی كه‌ ئیتر وا به‌ئاسانی ڕێگایه‌ك نه‌گرینه‌به‌ر نه‌زانین ده‌گاته‌ كوێ ، بام ئه‌و ڕێگایه‌ گریمان قیرتاوبێ و ڕێبواری زۆریشی له‌سه‌ربێ ..
با هه‌وڵ بده‌ین نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی (جیهانایه‌تی)ش وه‌ك مۆدێكی سه‌رده‌م كه‌ سه‌رپرایزی له‌ زۆربه‌ی بواره‌كانی ژیانی سه‌رزمینی له‌ هه‌ناودایه‌ وێنه‌ی گۆڕانكارییه‌ هه‌ستپێنه‌كراوه‌كانی مێژوو به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌ و كێڵگه‌ ستراتیژییه‌كانی دی له‌دوورڕا سه‌یر بكرێ و چیتر نا!

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress