Skip to Content

بە هۆی منەوە بوو.. احمد مطر.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

بە هۆی منەوە بوو.. احمد مطر.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

Closed
by ئایار 8, 2023 General, Poems


(فیکرەی ئەم پەخشانە شیعرە شیعرێکی
شاعیری ناسراوی عەرەب”احمد مطر”ە )
“””””””””””””””””
خەڵکینا :
هەرچیەکتان لێ قەوماوە
وا لە ئەستۆی منا
ڕەز و بێستان و ئاوە ڕەشەکەی ژێرتانم دزیوە
خاک و ناموستانم ئەتک کردوە
هەرچی لای ئێوە گران بەهایە
هەموویم ئەتک کردوە و وا لە ئەستۆی منا
دەرپەڕاننتان لە هەموو شوێنێ
چرای دڵ و قودسەکەتانم فوو لێ کرد
بەڵێ ،،،وا لە ئەستۆی منا
كە من هاتم شار چۆڵ کرا
من بووم لەهەموو شەڕەکانا
فەرمانی پاشە کشەم یا
هێزەکانیشتان پاشەکشەیان کرد
من شکستم پێ هێنان
من ئاوارەم کردن
وەک”کا” و “قامیش” فرۆشتنم لە بازاڕا
من بووم هەرچی دەمی بکردایەوە
ئەمووت: زیاد لە پێویست قسە ئەکا
هەرچیەک ڕووی یا
بە هۆی منەوە بوو
جگە لەوەی من ووتومە
هەرکەسێ چی ووت درۆیە
کێ خاک و نانی ئێوەی بردوە
جگە لە “من”ێک
وەک چۆن ئەتکم کردن
خۆشم ئەتک کرا !!
بە هەموو جورئەتێکەوە
بە هەموو بێ ئەدەبییەکەوە
ئەڵێم :
هەرچیەکتان لێ دزرا
من بردومە و لە کەسیش ناترسم
ئەی من ، بەخۆشیتان بێ یا بە تاڵیی
سەرکردە هەڵبژێراوەکەتان نیم..!!
ڕەنگە کەس هەڵینەبژاردبم
بەڵام گەر داوایەکم هەبوو
كەس ئەڵێ: نا..!!
ئەیکوژم..لە خوێنی خۆی غەرقی ئەکەم
وەک ئەوەی کە “هەم” قبوڵم کەن ، یان
بچن ئاوی “ڕووبارێ خوێن” بخۆنەوە
دوای ئەوەی گیانی تووڕەیی و بەرنگاریم
تیاتانا کوشت
فەرموو تووڕە بن…
سەری خۆتان بکێشن بە دیوارا
دوای ئەوەی فێری گەعدە و دزی و سەرچۆپیم کردن
دوای ئەوەی قەناعەتم پێ کردن
ناڕەزایی جگە لە ئاژاوە گێڕی
هیچ نیە و دوورە لە مانا
كە فێرم کردن: سەرچاوەی بێ دەنگی ئاڵتونە
دوای ئەوەی کردمن
بە سەهۆڵ بەندان و تەختە و ئاسن
دوای ئەوەی هیلاکم کردن
تا ماندوو بوون و نیگەرانی
لەبەر یەک هەڵیتەکانن
ئێوە وەک بووکەشووشە و شەقشەقە
“یاری” ن لە دەستما
هەرچیەکتان بە سەرا هاتوە
وا لە ئەستۆی منا
بە ئارەززوی خۆتان لە ڕادیۆ و سەتەلایتەکانا
بڵێن : بە نەعلەت بێ وەک شەیتان
خیانەتم لێ کردن
مەلعون کوڕی مەلعونم
بە چی ئەچێ…!
كە هەر یەکەتان ئەیەوێ لە ماڵەوە
بە هاوار و جوێن و بۆڵە بۆڵ
لە ناوم بەرێ..!
من تا ئێستاش هەموو پلە و ناسناوەکانم لە گیرفانایە
وەک ” مار ” سەردەرئەهێنم
هەر کە” سەر”م وون بوو
تاوان نامێنێ لەبەر چاوا
ئێستا ئەزانن من کێم..؟
من سەرۆکتانم
هەرچیەکتان لێ بەسەر هات
…..وا لە ئەستۆی منا

Previous
Next
Kurdish