ئاسته‌كانی نووسین و گێڕانه‌وه‌ی زمان … نیهاد جامی
كاتێك زمان له ده‌ره‌وه‌ی سێنته‌ر نووسین بخوڵقێنێت، ئه‌وا تێكست نییه به‌بێ بوونی سێنته‌ر دێته بوون، به‌ڵكو تێكست ھه‌وڵێكه بۆ نووسینه‌وه‌ی بونیاد، ئه‌و تێگه‌یشتنه پێكھاته بونیادییه‌كه‌ی ڕۆمانی «ھاوزێ»ی دلاوه‌ر ڕه‌حیمی پێكدێنێت.
ئه‌و نووسینه كرده‌ی خوێندنه‌وه ناباته‌وه ئاستی ڕاڤه‌كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌واژه و ده‌نگی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو تێكست، ھێنده‌ی ھه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتنی ته‌ئویلكارییانه‌ی زمانی گێڕانه‌وه و ئاسته‌كانی نووسین بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌وه ده‌بێت بۆ ناو چه‌ندان دیدی فه‌لسه‌فی بگه‌ڕێینه‌وه، بۆ لای فه‌یله‌سووفانێك كه كاریان له‌سه‌ر ھه‌ردوو چه‌مكی زمان و نووسین بوو، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ لای، به‌شداریكردنی فه‌یله‌سووفه‌كانی وه‌ك ژاك دیریدا و ژۆلیا كریستیڤایه، ئه‌و چه‌مكانه‌ش كه له نێوان گێڕانه‌وه و زمان و نووسیندا ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه بریتین له «ده‌قناسی، گراماتۆلۆجیا -زانستی نووسین، ستراتیجی گوتار، گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵ، زھان»
كاتێك له‌سه‌ر ڕاڤه‌كردن نه‌وه‌ستاین مانای وایه، ئێمه مه‌به‌ستی نێو تێكستمان بۆ گرنگ نییه، ھێنده‌ی ده‌مانه‌وێت له ئاستێكی فراوانی زماندا مانا بنووسینه‌وه، نووسینه‌وه‌ی مانا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو گێڕانه‌وه و زمانی نووسین، ئه‌وه‌ش له‌بڕی دۆزینه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و رووخساری ده‌نگه‌كان، ده‌یه‌وێت یاده‌وه‌ری ده‌نگ له ده‌نگی تاكه‌وه بگۆڕێته سه‌ر كۆده‌نگی ئێمه.
ھه‌ڵبه‌ت كاتێك بمانه‌وێت ده‌نگێكی نێو زمان بناسین، نه‌ك ئه‌و تێكسته نایه‌ڵێت بیناسین، به‌ڵكو سیمای ئه‌ودیوی ده‌نگ ھیچ مه‌عریفه‌یه‌ك به‌كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه نابه‌خشێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئیش له‌سه‌ر كارێكی پووچگه‌رایانه ده‌كه‌ین.
بۆیه خۆمان به كارێكه‌وه سه‌رقاڵ ناكه‌ین كه له بنه‌ڕه‌تدا ھه‌ر ھه‌وڵێكی له‌و شێوه‌یه له‌بری زیندووڕاگرتنی تێكست، ده‌بێته بكوژی ئاسته جیاوازه‌كانی تێكستی ھاوزێ، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی گوتاری تێكست له‌ڕووی ڕۆنانه‌وه زمانی نه‌بردووه‌ته‌وه ناو گێڕانه‌وه‌یه‌كه‌وه كه سێنته‌رمان بۆ بخوڵقێنێت، به‌ڵكو له ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ره‌وه چه‌مكی گوتار ھه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه، له شوێنی‌دا بونیاده‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاماده‌بوونێكی نائاماده‌ن.
ئێمه له ژاك دیریدا ئه‌وه فێر بووین كه ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر، پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بونیاده، لێره‌دا زمانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی ڕه‌حیمی سێنته‌ر ھه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه بونیاده‌كانن به‌شدرای له نووسینه‌وه‌ی گێڕانه‌وه ده‌كه‌ن، بونیاده‌كان له‌ھیچ ئاستێكدا به‌شداری له خوڵقاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌زمانی دیریدا قسه بكه‌ین ده‌ڵێین «ئێمه ده‌توانین به‌بێ سێنته‌ر بمێنینه‌وه، من وای ده‌بینم كه‌سێنته‌ر وه‌زیفه‌یه، نه‌ك بوون بێ یا واقیع، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌زیفه‌یه” التفكیك: المركز و اللعب, الطلیعه الادبیه, العدد(5-6)1990 ص 64.
دلاوه‌ر دركی ئه‌و ڕاستییه ده‌كات، بۆیه ئه‌و وه‌زیفه‌یه به‌گێڕانه‌وه نابه‌خشێت، ئه‌و بوونه‌وه ده‌داته‌وه به بونیاده‌كان، ئه‌وه بونیاده‌كانن دێن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه نێو زه‌مه‌نی له‌یادكراو، زه‌مه‌نێك ھێنده دوور نییه، ئه‌ده‌بیاتی ئێمه ویستوویه‌تی وه‌ك خۆی ھه‌میشه له‌ڕێی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ناو یاده‌وه‌رییه‌وه، له‌و كاته‌شدا تێكسته‌كان نوقمی دۆخێكی ده‌روونشیكاری ده‌بنه‌وه، به‌ڵام له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه یاده‌وه‌ری كاره‌كته‌ره‌كان نییه، ھێنده‌ی یاده‌وه‌ری زمانه، زمان یاده‌وه‌ری تاك كه‌سێتی له نه‌بوونی سێنته‌ر گۆڕیوه‌ته‌وه ناو كۆیادی گشتی، كه یاده‌وه‌ری كولتووریی نه‌وه‌یه‌كه خه‌ونی بینیبوو، ئێسته زمان یاده‌وه‌ری خۆی ده‌كات به یاده‌وه‌ری نه‌وه‌یه‌ك، كه ھه‌رگیز نه‌وه‌ی ڕه‌حیمی نییه، به‌ڵكو نه‌وه‌ی پێش ئه‌ویشه.
لێره‌دا یاده‌وه‌ری زمان گومان ده‌خاته سه‌ر لۆجیكه ده‌رونشیكارییه‌كه‌ی فرۆید كه ھۆكاری نه‌خۆشبوونی مرۆڤ بۆ یاده‌وه‌ری ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، لێره‌دا گێڕانه‌وه له ئاستی ده‌روونشیكارییه‌وه یاده‌وه‌ری ناكاته به‌شێكی ئه‌و مرۆڤه، به‌ڵكو ئه‌و دیده تێكده‌شكێنێت و ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه‌شی یاده‌وه‌ری زمانه، بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری نه‌خۆشبوونی كاره‌كته‌ر نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نووسینه‌وه ئازادبوونی ده‌نگی كۆیادی ئێمه‌یه له‌ناو گێڕانه‌وه، ئه‌وه ڕۆچوونه به‌ناو نھێنی چیرۆكه چه‌پێنراوه‌كانمان. بۆیه زمان یاده‌وه‌ری خۆی نه‌ك كاره‌كته‌ر ده‌گێڕێته‌وه.
یاده‌وه‌ری زمان نھێنی شه‌وانی سێكس وھه‌ستی چه‌پێنراوه، فڕێدانی ئه‌و ده‌مامكه ئه‌خلاقییه فڕێدانی ئه‌و ڕووبه‌نده‌ی سه‌ر مانایه كه پۆل ریكۆر به‌ته‌ئویلی مانا ده‌یناسێنێت، كه «بابه‌ته‌كه لێك ناداته‌وه، به‌ڵكو ڕووبه‌نده‌كان لا ده‌با و شیكردنه‌وه‌یه‌كه ڕووپۆشه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه» هرمینۆتیك: زیندووبوونه‌وه‌ی مانا یان كه‌مبوونه‌وه‌ی گومان/ پۆل ڕیكۆر، وه‌رگێڕانی: په‌یمان، بیری نوێ ژ(22).
بۆیه ئه‌وه كاره‌كته‌ر نییه به‌شه‌رمه‌وه یاده‌وه‌ری بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو زمان له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ده‌مامكی ئاخاوتنی كاره‌كته‌ر فڕێ ده‌دات و وه‌ك خۆی ئازادانه ده‌ینووسێته‌وه، لێره‌دا دلاوه‌ر لاكانیانه سه‌یری ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌كات، به‌وه‌ی بنیاتنانی زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌كترین.
درككردن به‌و حاڵه‌ته كه زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌ك بن، لێره‌دا له قسه‌كردن له گێڕانه‌وه ده‌بێت بچینه سه‌ر پرسیاری: گێڕه‌ره‌وه كێیه؟ خودی زمانی ناو چیرۆكه كه نادیاره؟ یا حاڵه‌تی نه‌ستی نووسه‌رێكه له‌ناو چیرۆكه‌كه‌ماندا خه‌یاڵ ده‌كات و له‌گه‌ڵ كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م به گه‌یشتنی ئیمێلێك به‌ئاگا ده‌ھێنرێته‌وه؟
زمان و نه‌ست دوو بونیادی وه‌ك ھاوشێوه‌ی یه‌كتری به‌شداری له گێڕانه‌وه ده‌كه‌ن، نووسه‌ر ته‌نانه‌ت وه‌ك بوونی واقیعیش له ده‌ره‌وه‌ی سێنته‌ره، مادام وه‌ك دیریدا گوتی سێنته‌ر بوونێكی واقیعی نییه، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ی ئێمه‌ش له‌ناو بونیاد به‌شداری زمان و نه‌ست ده‌كات، به‌ڵام به‌شدارییه‌ك وه‌ك كه‌سێكی زھانی ده‌یخاته ڕوو.
له نێوان زھان و لاكانییه‌تدا به‌واتای تێگه‌یشتنی كریشتیڤا و ژاك لاكان بۆ زمان، بابه‌تێكه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته كۆمه‌كێكی زۆرمان پێ ده‌كات، گێڕه‌ره‌وه كاره‌كته‌رێك نییه، به‌ڵكو یاده‌وه‌ری زمانی كۆیادی نه‌وه‌یه‌كه له خه‌ونه‌وه به‌ره‌و نائومـێدی ده‌ڕۆن، له ڕوونترین تێگه‌یشتندا ده‌توانین یاده‌وه‌ری زمان به كۆیادی نائومێدی ناو به‌رین، به‌ڵام سه‌ره‌تا ھه‌وڵ ده‌ده‌ین له نێوان دیدی لاكانیانه و زھان وه‌ك چه‌مكێك بۆ تێگه‌یشتن له ئاستی گێڕانه‌وه، مانا فه‌رھه‌نگییه‌كه‌ی ئه‌و دوو چه‌مكه بخه‌ینه ڕوو، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی زھان وابه‌سته‌ی ئه‌و دیده لاكانییه، بۆیه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ لاكان ناتوانین زھان وه‌ك چه‌مكێكی كریستیڤا مانایه‌ك ڕوون ناكاته‌وه.
لاكان میتا زمان وه‌ك ھه‌وڵێكی بێھووده‌یی ده‌بینێت، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه زمان بۆ خۆی له شێوه‌ی نه‌ست بنیات نرابێت، كه‌واته میتا زمان وه‌ك ئه‌وه‌یه میتا نه‌ست بخوڵقێنین، بۆیه میتا زمان بۆ لاكان شتێك نییه جگه له بێھووده‌یی، كه‌چی كریستڤا ده‌یه‌وێت زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فی و ئاماژه‌ناسی به میتا زمان ببه‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه لای زمانه‌وانێكی وه‌ك سۆسێر، له جیاكردنه‌وه‌ی نێوان زمان و ئاخاوتن.
لێره‌وه میتا زمان له‌ڕێی زھان وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی نھێنییه‌كانی ئه‌ودیو زمان ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وابه‌سته‌ی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵێكه كه زمان بنیات ده‌نێت، لێره‌وه جیاوازی كریستیڤا له لاكان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی لاكانی چه‌نده زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌ك ببینێت، به‌ڵام زمان زۆربه‌ی كات مه‌حكوومه به‌سنوور و بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵ نه‌ك نه‌ست، ئه‌وه وا ده‌كات میتا زمانه‌كارێكی بێھووده‌یی لاكانیانه بۆ كریستیڤا ببێت به كردنه‌وه‌ی كۆده ده‌لالییه‌كانی زمان.
ئه‌وه‌ش میتا زمان له‌رێی زھان وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی وێنا ده‌كات، زھانی كاره‌كته‌رێكه له‌ڕێی چونه ناو میتا زمانییه‌وه حه‌قیقه‌تی شاراوه‌ی عه‌قڵ به‌رجه‌سته ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ش كریستیڤا نموونه به ھاملێتی شكسپیر دێنێته‌وه كه كاره‌كته‌رێكی زھانییه.
ئه‌و پانۆراما خێرایه ھه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له زھان تا بزانین گێڕه‌ره‌وه چ پێوه‌ندی به زھانه‌وه ھه‌یه؟ گێڕه‌ره‌وه‌ی ھاوزێ مرۆڤێك نییه كه تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی ھاتبێت، به‌ڵكو ئه‌وه زمان خۆیه‌تی وه‌ك زھان ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌نگی ناو یاده‌وه‌ری زمان كه له بنه‌ره‌تدا ئاخاوتنه له‌ناو زمان، له‌ڕێی یاده‌وه‌رییه‌وه ڕابردوو ناگێڕێته‌وه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی شاراوه‌ی زمان ده‌باته ئه‌ودیوی زمانی شاراوه، له‌ڕێی كردنه‌وه‌ی كۆده ده‌لالییه‌كانی زمان، ئه‌وه‌ش له وێنه‌ی ڕه‌مزی جه‌سته به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌و ھۆیه‌ی زمان بۆ خۆی جه‌سته ده‌شارێته‌وه و میتا زمان له‌ناو ڕۆمانه‌كه دێت ده‌مانباته ئاستی زھانی گێڕانه‌وه تا سێكسكردن و یاریی سێكسكردن له‌ڕێی پیشه‌ی پزیشكی و گه‌مه‌ی ژن و مێرد كه زھان له بنه‌ڕه‌تدا ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وه ده‌مامكی ئه‌خلاقی عه‌قڵه و له نه‌ستدا له پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گۆڕێت بۆ گه‌مه‌ی چێژبه‌خشین به جه‌سته.
ھه‌ڵبه‌ت میتازما، زمان به‌ره‌و ئاستی خه‌یاڵبردنه‌وه ده‌بات، ئه‌و تێگه‌یشتنه سۆسێرییه‌ی كه پێی وایه زمان له ده‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته، بۆ خۆی ئیشكردنه‌وه‌یه له چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی شاراوه، ئه‌وه فرۆید بوو وای له لاكان كرد زمان بگه‌یه‌نێته ئاستی نه‌ست، كه به‌بڕوای كریستیڤا ڕه‌خنه له لاكان له‌وێوه سه‌ر ھه‌ڵده‌دات، به‌وه‌ی له گوێگرتنی له زھانییه‌كان موباله‌غه‌ی نه‌ستی تێدا كردوون، كه ناوی ده‌بات به‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌ك به‌وه‌ی «داخستنی ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی به‌ره‌و نادیاری بردووه، به‌ره‌و هاودژبوون به‌و مانایه‌ی كه پاڵنه‌ری سێكسین، كه لای فرۆید كرانه‌وه‌ی هه‌نووكه‌ییه»
اسم موت أو حیاه / جولیا كریستیفا، (ترجمه) د. صبحی البستانی، الفكر العربی المعاصر، العدد (23) كانون الپانی 1983/ص72.
لێره‌وه مرۆڤه‌كان له‌ناو زماندا شوناسی كاره‌كته‌رێكیان نییه، نه‌ك به‌ھۆی ئه‌وه‌ی دلاوه‌ر ناتوانێت كاره‌كته‌ر بخوڵقێنێت، به‌ڵكو پێوه‌ندی به‌و ڕاستییه‌ی گێڕانه‌وه ھه‌یه كاره‌كته‌ره‌كان ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نین، ھێنده‌ی نوێنه‌رایه‌تی گوتارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وه جه‌سته‌ی ئه‌وان نییه ئازاده، به‌ڵكو جه‌سته‌ی ئه‌وان وابه‌سته‌ی بونیاده عه‌قڵییه‌كه‌ی زمانه، لێره‌وه گێڕانه‌وه رۆماننووس ده‌كات به مرۆڤێكی لاكانی كه زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌ك ڕوانین ده‌بینێت، كه‌چی زمان بۆ خۆی له‌ناو ڕۆمانه‌كه له ڕۆمانه‌كه جیا ده‌بێته‌وه و وه‌ك پرۆسه‌ی میتازمان ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، سه‌ره‌نجام راستییه‌كه‌ش لای ڕۆماننووس نییه، ھێنده‌ی حه‌قیقه‌ت له دیده كریستیڤییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، ھه‌رنا یاده‌وه‌ری زمان كۆیادی برینداری كوردییه، كه بیركردنه‌وه وه‌ك گوتارێكی عه‌قڵانی ئه‌و كولتووره وابه‌سته‌ی چه‌پاندن بووه، بۆیه زمان له‌ڕێی گێڕانه‌وه ده‌چێته ئه‌ودیوی زمانه‌كه و ئاخاوتن كه حه‌قیقه‌ت ده‌شارێته‌وه، له‌ڕێی نه‌گوتراو، ئه‌وا میتا زمانی گێڕانه‌وه دۆخی زھانییه‌كه تیایدا نووسین دێته بوون و كۆی ڕۆمانی ھاوزێ ده‌بێته ڕووبه‌رێكی كۆمه‌ڵناسییانه‌ی زمان بۆ كوشتنی خود و له‌دایكبوونه‌وه‌ی له‌ناو ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ش قسه‌كردنه له نووسین وه‌ك زانست و تێكست وه‌ك زانستی ئه‌و نووسینه.
چه‌مكی تێكستناسی وه‌رگیراوی ناو دنیای فه‌لسه‌فی ژۆلیا كریستیڤایه، ئه‌و كاته‌ی تێكست وه‌ك زانست سه‌یر ده‌كه‌ین، به‌واتای تێكست ده‌بێته ڕووبه‌رێكی زمانه‌وانی بۆ نووسینه‌وه‌ی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ی ئاماژه زمانه‌وانییه‌كان كه كریستیڤا به سیمانالیزا ناوی ده‌بات.
كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ی ھاوزێ ڕووبه‌ڕووی پرسیاری زه‌مه‌نیمان ده‌كاته‌وه، نه‌ك دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان، ئێمه له‌و تێكسته‌دا ناكرێت چێژ له‌وێوه وه‌ده‌ست بێنین كه چۆن تێكست وه‌ڵام به‌و پرسیاره خودییانه‌ی ئێمه ده‌داته‌وه، به‌ڵكو ڕێك به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و ڕۆمانه زیاده‌ڕه‌ویمان بۆی نه‌كردووه ئه‌گه‌ر بڵێین به‌مانا كریستیڤییه‌كه‌ی تێكست ڕووبه‌رێكی زانسته بۆ ناو دیدی كۆمه‌ڵگا، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی خوێنه‌ر نییه له ساته‌وه‌ختی ئێسته‌دا، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگای تێكست گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو مه‌عریفه‌ی ده‌نگه پچڕاوه‌كانی نێو یاده‌وه‌ری ئه‌وانه‌ی ئه‌و ئاماژه زمانه‌وانییانه‌ن كه ده‌یان بیستین، ئه‌وسا تێده‌گه‌ین كۆمه‌ڵگای نووسه‌ر «تێكست» و كۆمه‌ڵگای خوێنه‌ر «ئێسته‌ی ئێمه» یه‌ك كۆمه‌ڵگان، به‌ڵام دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر مۆتیڤه‌كانی ده‌نگ له یاده‌وه‌ری، ئه‌و ده‌نگانه‌ی فیگورێكیان نییه، ته‌نیا له‌ڕێی ده‌نگی ناو زه‌مه‌نی ئه‌رشیفكراو ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو ژیانمان.
لێره‌وه زه‌مه‌نی ئێسته زه‌مه‌نی نادیاری تێكسته، زه‌مه‌نی ئێمه‌ی خوێنه‌ره، زه‌مه‌نێك ھه‌رگیز ھی ڕه‌حیمی نییه، چونكه ئه‌و له‌ناو یه‌كێك له ده‌نگه‌كانی تێكست تواوه‌ته‌وه، وه‌ك چۆن ده‌نگی ئێمه‌ش بووه‌ته بونیادی ده‌نگی ناو تێكست و به‌ھه‌موویان گوتارێكی كه‌ڕنه‌ڤالیان خوڵقاندووه، ئه‌وه‌یان له‌لاپه‌ڕه‌كانی داھاتوو له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین.
بۆچی ئێسته‌ی ئێمه له‌ناو تێكست ونه؟ ئه‌وه ونبوونی ئێسته نییه، ھێنده‌ی تێكست ئێسته ده‌باته‌وه ناو ڕابردوو، بردنه ناو ڕابردوو، نه‌ك ھه‌ر پێوه‌ندی به نۆستالۆجیاوه نییه، به‌ڵكو گه‌مژه‌ییه وا تێبگه‌ین ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نۆستالۆجیا.
ئه‌وه چوونه ناو دوو زه‌مه‌نه، لێره‌دا ئێسته‌ی خوێنه‌ر و یاده‌وه‌ری تێكست خوڵقاندنی مه‌عریفه و مێژووه، ھه‌ردووكیان له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه، مێژوو له یاده‌وه‌ری ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و یاده‌وه‌رییه له‌ناو تێكست بووه به یاده‌وه‌ری زمان، لێره‌دا زمان نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌كان ده‌كات، ئێسته‌ش چه‌نده ساتی زه‌مه‌نی خوێنه‌ره، ھێنده‌ش زه‌مه‌نی تێكسته، كه به‌دوای چڕبوونه‌وه‌ی سێ به‌شی ڕۆمانه‌كه ئه‌وسا تێده‌گه‌ین گێڕانه‌وه یاده‌وه‌ری ده‌كات به مه‌عریفه‌ی تێكست.
وێنه و شته‌كان پێوه‌ندی خوێنه‌ره به تێكسته، پێوه‌ندییه‌ك زمانی بینین ده‌یخوڵقێنێت، له ده‌ركه‌وتنی گوێچكه و چاو وه‌ك دوو ئاماژه بۆ گریمانه‌ی ئه‌فڵاتوونی كه پێوه‌ندییه‌كی هاوبه‌شی به‌وێنه و شته‌كان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “ئه‌فڵاتوون به جه‌نگێك هه‌ڵسا كه مه‌به‌ستی سه‌پاندنی تێزه‌كانی بوو له‌باره‌ی زمانه‌وه، وه‌ك ئامرازێكی گوزارشت كه مه‌به‌ستێكی فێركاری هه‌بوو” علم النص/ جولیا كریستیفا، ترجمه (فرید الزاهی) دار التوبقال/ الگبعه الاولی1991
ئه‌وه‌ی به‌شێك له خوێنه‌ری ئه‌و ڕۆمانه نا‌ئومێد ده‌كات، ئه‌و لۆجیكی رووداوه‌یه كه له ئاستی تیۆریی ئێمه به نه‌بوونی سێنته‌ری تێكست ناوی ده‌به‌ینه‌وه، كاتێك سێنته‌ر بوونی نه‌بوو، ئه‌و ده‌مه گرنگترین پرسیار پێوه‌ندی نییه به كاره‌كته‌ر و ڕووداو، به‌ڵكو پرسیار له چیه‌تی نووسین ده‌بێته خاڵی گومان له نێوان مه‌عریفه‌ی ئێمه‌ی خوێنه‌ر و مه‌عریفه‌ی تێكست.
گرفتی ئێمه خوێنه‌ر له ھاوزێ ئه‌وه‌یه ناتوانین گومان له مه‌عریفه‌ی خوێنه‌ریمان بكه‌ین، بۆیه گومان له مه‌عریفه‌ی تێكست ده‌كه‌ین، مه‌گه‌ر ته‌نیا له ساتێك‌دا ئه‌گه‌ر تێكست به‌رھه‌مێكی وه‌رگێڕدراو بێت بۆ زمانی كوردی، ئه‌وسا گومان له مه‌عریفه‌ی خوێنه‌ریمان ده‌كه‌ین، ئه‌و ڕۆمانه له ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌روانییه‌وه شتێكی ترمان پێ نیشان ده‌دات، بۆیه له‌لای زۆربه‌مان خێرا به‌لۆجیكی مه‌عریفی خۆمان ده‌بێت ره‌خنه‌ی ئاراسته بكه‌ین، مه‌گه‌ر ته‌نیا له ساتێك‌دا بتوانین میكانیزمی تێگه‌یشتن له تێكست و گومان له مه‌عریفه و پرسیاره‌كانمان بكه‌ین.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ژاك دیریدا سه‌یری نووسین و ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر بكه‌ین، ئه‌وا پرسیاری منی خوێنه‌ر له ھاوزێ ده‌گرێت به‌گومان له مه‌عریفه‌ی خودییانه‌م بۆ ڕۆمان، له‌و كاته‌دا پێویستم به‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر مه‌عریفه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر، به‌ڵام ئایا ئێمه ئه‌وه ده‌كه‌ین؟ ئه‌وه كێشه‌كه‌مانه كه نه‌مانكرد، نا‌ئومێد ده‌بین و حوكمی ڕه‌ھا به‌سه‌ر تێكست ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له تێكست تێبگه‌ین كه ئه‌و رۆمانه‌ی دلاوه‌ره پێویسته بچینه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی دیریدا كه پرسی “له كوێوه نووسین ده‌ست پێ ده‌كات، له كوێ و كه‌ی شوێنه‌واری كه‌م ده‌بێته‌وه؟ كه دایده‌نا به ڕه‌گێكی هاوبه‌ش بۆ ئاخاوتن و نووسین, بۆ نووسین به مانا باوه‌كه‌ی؟ له كوێ و كه‌ی له نووسینه‌وه بۆ ئه‌ویتر ده‌په‌ڕینه‌وه بۆ نووسین به مانا فراوانه‌كه‌ی, بۆ نووسین به‌مانا ته‌سكه‌كه‌ی؟” الشكل و الخگاب/محمد الماكری, المركز الپقافی العربی(بیروت)1991 ص82.
ئه‌و پرسیارانه ده‌رگایه‌كی گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له نووسین وه‌ك پرسێكی ناو ئه‌و ڕۆمانه، چونكه سه‌ره‌تای نووسین پێوه‌ست نییه به زه‌مه‌نی كڕنۆلۆجی به‌شه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر سه‌رسامی رووداو داینه‌گرێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری كۆیاد داگیری بكات، پێویستی به‌مۆنتاجكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كان نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی شوێنه‌واری توندوتیژی و وێناكردنه‌كانی ئه‌و دۆخه سادییه‌ی زمان له‌رێی ده‌ستبردن بۆ جه‌سته‌ی ئه‌ویتر و جنێودان وه‌ك توندوتیژی ڕه‌مزی، ئه‌و دوو وێنه به‌رجه‌سته‌كراو و ڕه‌مزییه دۆخێكی سروشتی ناو ژیانی كولتووریمانه، كه پێوه‌ندی نێوان نووسینی تێكست و ئاخاوتنی خوێنه‌ر له‌ته‌ك تێكست ساتی بیركردنه‌وه‌یه له توانه‌وه‌ی چه‌مكی ئێمه له‌ناو زمانی تێكستدا، ئه‌وه پرسیاره گرنگه‌كه‌ی خۆدۆزینه‌وه‌مانه له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئاخاوتنی ئێمه له‌ناو په‌راوێزی نووسین نه‌مێنێته‌وه، ئه‌و دۆخه دریدا به فارماگۆن ناوی ده‌بات، كه ئاماژه‌یه بۆ ژه‌ھرخواردنه‌كه‌ی سوكرات، ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ی نه‌ینووسی و ته‌نیا قسه‌ی كرد، له‌رێی فارماگۆنه‌وه ئیتر ئاخاوتن ده‌مرێ و نووسین دێته بوون، ئه‌وه‌ش ده‌مانباته سه‌ر ئاراسته‌ی دووه‌م كه زانستی بووسینه و دیریدا ئه‌وه‌یان به گراماتۆلۆجیا ناو ده‌بات.
ره‌خنه‌ی ئێمه و قسه‌كردنمان له تێكسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سنووری كۆمێنت و نامه‌ی ھاوڕێیه‌تی و قسه‌كردنی زاره‌كی به‌جێ بێڵێت، پێویسته له پێش دۆخی فارماگۆن خۆی ڕزگار بكات و به‌م ژه‌ھره سوكراتییه بێته ناو نووسینه‌وه، تا نووسین وه‌ك گراماتۆلۆجیا گفتوگۆ له ئاخاوتنه‌وه بكات به‌تێكستێكی ده‌لالی بۆ نووسینه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێی تێكست.
چه‌مكی گێڕانه‌وه به‌و فۆڕمه ناته‌بایه‌ی ده‌یخاته ڕوو، به‌ته‌نیا تێكشكاندنی زه‌مه‌نی و یه‌كه‌ی شوێنكات نییه، به‌ڵكو گێڕانه‌وه له ئاست رووداوێك و یه‌ك گێڕه‌ره‌وه ده‌رباز ده‌كات، ئه‌وه‌ش ستراتیجی گوتاره له رۆمانی ھاوزێ، گوتاره ئه‌ده‌بییه‌كه خوڵقاندنی دیدێكی تره بۆ گێڕانه‌وه، كوشتنی گێڕه‌ره‌وه‌ی حیكایه‌ت خۆی و نووسینه‌وه‌یه‌تی له‌ناو حیكاته‌كانی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ش واده‌كات ھاوزێ له‌ته‌ك ڕۆمانی «مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م»ی به‌ختیار عه‌لی به‌دوو نموونه‌ی جیاوازی گێڕانه‌وه له ئه‌ده‌بی ئێمه ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و دوو تێكسته ستراتیجی گوتار تیایدا گۆڕینی شێوازی گێڕانه‌وه‌یه له‌ناو ڕۆمانی كوردیدا، به‌و پێیه‌ی زمان و كاره‌كته‌ر و شوێن به‌ته‌واوی سه‌ره‌وژێر ده‌بنه‌وه و له‌ناو فره‌گێڕانه‌وه‌یدا گێڕانه‌وه گوتارێكی تر به‌تێكست ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ش زه‌وینه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێت بۆ چۆنیه‌تی فره‌گێڕانه‌وه‌یی له دنیای تێكستی ئێمه‌دا.
ئه‌وه‌ش دیالۆگكردنێكی ھه‌میشه‌یی نێوان ده‌نگه‌كانه، كه ژۆلیا كریستیڤا به گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی ناوی ده‌بات، ئه‌وه ژه‌ڕنه‌ڤالێكی ھاوبه‌شی نووسه‌ر وخوێنه‌ره له‌ناو ده‌نگه‌كانی تێكستدا، ئه‌و حاڵه‌ته ھاوبه‌شه‌ی ئێمه له رۆمانه‌كه‌دا چه‌نده پێوه‌سته به ستراتیجی گوتار، ھێنده‌ش ئه‌و ستراتیجه بۆ خۆی ده‌بێته‌وه به گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی، ئه‌و ئاگایی گێڕانه‌وه‌یه به‌مه‌به‌ستی خوڵقاندنی كه‌ڕنه‌ڤاڵه وه‌ك گوتار كه گێڕانه‌وه و بوونی ده‌نگه‌كان ده‌یخوڵقێنێت، كه كاتێك خوێنه‌رانێك ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ئاراسته‌ی ھاوزێ بكه‌ن، كه ئه‌و زمانه به‌ره‌و زمانی شیعری ھه‌نگاو ده‌نێت و دوور ده‌كه‌وێته‌وه له زمانی گێڕانه‌وه، لێره‌دا كێشه‌كه وابه‌سته‌ی كێشه‌یه‌كی بونیادی و گوتاره‌كه‌یه، ئه‌و ڕه‌خنه‌یه له‌ھه‌ر كاتێكدا سه‌ری ھه‌ڵدا گوزارشت له بێئاگایی ده‌كات، بۆچی؟
ئێمه كاتێك باس له گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی ده‌كه‌ین، ده‌بێت بزانین ئه‌وه دلاوه‌ر ره‌حیمی نییه زمانی شیعری ده‌باته ناو گێڕانه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه وابه‌سته‌ی گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵییه، له نێوان میخائیل باختین و ژۆلیا كریستیڤا، به‌و پێیه‌ی پڕۆژه سیمیۆلۆجییه‌ی كریستیڤا ئیشكردنه‌وه بوو له‌سه‌ر باختین، ئه‌وه‌ش وایكرد گوتاره‌كه بگه‌یه‌نێته لۆجیكی شیعریی، بۆچی لۆجیكی شیعری؟ «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێسایی كۆدی زمانه‌وانی تێده‌په‌ڕێنێت, هه‌روه‌ها ڕێسای ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تیش, كه‌لۆجیكی خه‌ونی له‌سه‌ر بنیات نراوه” الكلمه و الحوارو الروایه/ جولیا كریستیفا, ترجمه (حسن المودن) الاداب الاجنبیه العدد (104) 2000/ ص80.
لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت زمانه شیعرییه‌كه و لۆجیكه‌كه‌ی كه لۆجیكی خه‌ونه وابه‌سته‌ی گوتاره كه‌ڕناڤاڵییه‌كه‌یه، نه‌ك ھه‌ڕه‌مه‌كیه‌تی ڕۆمانووسه‌كه، به‌تایبه‌ت كه گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی وابه‌سته‌ی ڕۆمانی فره‌ده‌نگه، ئه‌وه‌ش وه‌ك له سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان بۆ كرد كه گێڕانه‌وه له‌ھاوزێدا یاده‌وه‌ریی زمانه، ئه‌ویش ئاسته‌كانی نووسینه له‌ناو فره‌ده‌نگیدا، كه كۆمه‌ڵه ئاماژه‌یه‌كی زمانه‌وانین به‌ناو ڕووداوه‌كان تێده‌په‌ڕن و كۆ چیرۆكی یاده‌وه‌ری زمان ده‌گێڕنه‌وه.