
نەخوێندەواریی جاران و نەخوێندەواریی ئێستا.. نەوزاد بەندی
نەخوێندەواریی بە نەتوانینی خوێندنەوەی پیت و ووشە و ڕستەکان پێناسه کراوە.
ئەم پێناسەیه هەمووان لەسەری کۆکن و .. نەخوێندەوار بەو کەسانە دەڵێن کە ناتوانن کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بخوێننەوە.
لە راستیدا ئەم پێناسەیه بۆ نەخوێندەواریی، پێناسێکی کلاسیکە، یاخود زوڵملێکردنێکی ئاشکرای تێدایە بەرامبەر کەسانێک ڕۆژگار و بار و دۆخی خێزانی و ئابووریی و جوگرافیا هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساندوون بڕۆنە فێرگەکان و لە دار و داراوە هەتا لۆگاریتم و یاساکانی نیوتن و ئانیشتاین بخوێنن.
بەڵام ئەو نەخوێندەوارەی جاران کە توانای خوێندن و نوسینی پیتەکانی نەبوو، توانای خوێندنەوەی گەلێک شتی تری هەبوو، بۆ نمونە توانای خوێندنەوەی باری دەروونیی و دڵتەنگیی هاوسێکانی هەبوو کاتێ توشی پرسەیەک دەبوون، ئەمیش تەلەفزیۆنەکەی ئەکوژاندەوە، مناڵەکانی لە ماڵەوە دادەنا و نەیدەهێشت بچنە کۆڵان و قاو قیژ و یاری و پێکەنین بڵاوبکەنەوە، تەنانەت ڕادیۆکەی ئەکوژاندەوە، چونکە توانای خوێندنەوەی دڵ و دەروونی هاوسێ کۆستکەوتووەکەی هەبوو.
هەر هەمان نەخوێندەوار، کاتێک کەسێکی بەدڕەوشت و بەدکردکار و مافیا ئەهاتە کۆڵانەکەیان، خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی ڕەوشت و ئاکاری ماڵ و مناڵ و سومعەی کۆڵانەکەی هەبوو، هەڵدەستان بە دەرکردنی ئەو بەدڕەوشتە لە کۆڵانەکەیان، ئەمە پێی دەووترا مەزبەتە.. واتا هەموو کۆڵان کۆدەبوونەوە و بڕیاری مەزبەتە و دەرکردنی ئەو خێزانە بەدڕەوشتەیان دەدا و جێبەجێیشیان دەکرد، چونکە خوێندنەوەیان بۆ ڕەوشت و ئاکاری گشتی کۆڵانەکەیان هەبوو، بە کردار جێبەجێ و داکۆکییان لێدەکرد… خەرمانی ئاغای زاڵمیان ئەسوتاند وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ دزینی سامانی گشتی و کۆیلەکردنی جوتیارەکان.
هەمان خەڵکی نەخوێندەوار کە بار و دۆخی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی هەلی چونە فێرگە و فێربوونی دار و لۆگاریتمی پێ نەدابوون، لەگەڵ بینینی ستەمکارێک، خوێندەوارییەکی تەواویان هەبوو بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی میللەتەکەیان و .. لەگەڵ سەرهەڵدانی داگیرکەرێک، ئاغایەک، هەلپەرستێکدا، شۆڕشیان هەڵدەگیرساند و چەکیان دەکردە شانیان و گیانی خۆیان بەخت دەکرد. شۆڕشی 1920 ی عێراق لە دژی ئینگڵیزەکان، زۆرینەیان ئەلف و بائیان نەخوێندبوو، بەڵام خوێندنەوەیان بۆ دزینی ماڵ وسامانی ووڵات هەبوو لەلایەن داگیرکەرانەوە، هەر بۆیه چەکیان کردە شان و نیشتمانەکەیان ئازاد کرد.
هەر هەمان مرۆگەلی نەخوێندەواری جاران، کاتێ هەژارێکیان دەبینی لە کۆڵانەکەیاندا، بارودۆخی سەختی ئەو هەژارەیان ئەخوێندەوە و .. دەستگرۆییان ئەکرد و،کاریان بۆ دابین دەکرد و لە هەژاریی ڕزگاریان دەکرد .. کاتێ کەسێکی لاواز و کەمعەقڵیان دەبینی، خوێندنەوەیان بۆی هەبوو، ماڵ و حاڵ و خێزانیان بۆ دروست ئەکرد و کاریان بۆ دابین دەکرد و ئەیانهێنایە ڕیزی خۆیان.. کاتێ دوژمنایەتییەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ ئاسایش و ئارامیی هەردوو لا هەبوو، پێکیان دەهێنانەوە و ئاوێکیان ئەکرد بەو ئاگرەدا .. کاتێ دوو کەس شەڕی دەستەویەخەیان دەکرد، دەیان نەخوێندەوار خوێندنەوەیان بۆ ئەو بارگرژییە هەبوو، ئەکەوتنە نێوانیان و ناوبژییان دەکردن و نەیاندەهێشت زیان بە یەکتری بگەیەنن.
ئەو نەخوێندەوارانەی جاران، کاتێ مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک ڕەوانەی گوند یان شارۆچکەکەیان ئەکرا، خوێندنەوەیان بۆ ئەو ساڵانەی خوێندنی هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ غەریبیی و دووریی لە خێزان و بنەماڵەکەی هەبوو، ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت و داوەت و دیاریی و هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکرد و ..ئەگەر کچێکی ئاواییەکەیشیانی بە دڵ بووایه لێیان مارە دەکرد.
تا ئێرە، ڕوون و ئاشکرامان کرد کە مەرج نییە کەسێک نەتوانێ دار ودارا بخوێنێتەوە، ئیتر توانای خوێندنەوەی هیچ شتێکی نەبێ، به پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە خۆیان داوە و فێری دارا و ساین و کۆساین نەبوون، کەسانێکی خوبەختکەر و خۆنەویستن و ..تەواوی شتەکانی تر ئەخوێننەوە.
بە دیوەکەی تردا، ئەو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە بەرزانەی ئەمڕۆ، توانای خوێندنەوەی بار و دۆخی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی گشتییان نییە.. لەبەر ئەوەی بڕوانامەیان هەیە، هیچ شتێکیان پێ عەیب نییە، پێشێلکردنی داب و نەریت و کولتوور و ئاینیان پێ ئاساییە، توانای خۆنەویستییان تێدا نییە، قوربانیدان لە فەرهەنگەکانیاندا نییە، ئەڵێن شۆڕش کردەیەکی کۆنە و بە هیچ جۆرێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ ناگونجێ..نیشتمان و بیر و باوەڕ و ئایین و هەموو بەها کۆمەڵایەتیی و ڕەوشتییەکان ئەخەنە خزمەتی خۆیان و گیرفانی تایبەتیی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان ..
دوو بنەماڵە شەڕ بکەن، کێشەی ئەمانی خوێندەوار نییە، یان لە باشترین حاڵەتدا کەسانێکی ڕیس سپی وا پەیدا بوون بە پارە سوڵحی عەشایەریی بۆ دوو بنەماڵە یان دوو خێزان دەکەن.
کەتێ دوو کەس شەڕێکی لەناکاو ڕوو دەدا لە نێوانیانیادا، سەدان خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تەماشایان دەکەن و چێژ لە شکاندنی دەم و لوتەکان ئەبینن، شتێک نییە لە لایان بە ناوی ناوبژیی و پێکهێنان، چونکە لەو ڕووەوە نەخوێندەوارن.
نەخوێندەواریی ئەم خاوەن بڕوانامانە، ترسناکترین نەخوێندەوارییە، چونکە وەک کۆمەڵێ خانەی شێرپەنجەیی تەنها خانەکانی خۆیان زیاد ئەکەن و بەهێز ئەبن و ..زیانیان بۆ چواردەوریان هەیە، بە حوکمی بڕوانامە، وەک پێشەنگی کۆمەڵگا ناسراون، کاتێ پێشەنگیش ببێتە پارچەیەک لە خۆپەرستی و ترسنۆکیی و بێ وەفایی، ئیتر هەم زانست و خوێندن بێ بەها ئەبن و .. هەم خەڵکەکە نازانن گوێ لە کێ بگرن و کێ بکەن بە سەرکردە و پێشەوا..
شایانی باسه ئێستا کۆمەڵگا پڕپڕە لە خوێندەوار و پڕۆفیسۆر لە هەموو بوارەکاندا، بە بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ کۆستکەوتنی دراوسێکەیان هەبێ. . به بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ هەژاریی خزمەکانیان هەبێ.. بە بێ ئەوەی بتوانن ئەو کەمتوانایە بخوێننەوە کە لەسەر شەقام به برسێتیی، ئەنوێ ..ناتوانن گڵاسێ ئاو بکەنە ژێر درەختێک کە درەختی خۆیان نییە،چونکە بەرامبەر تینوێتی درەختی ئەوانی تر، خوێندنەوەیان نییە، نەخوێندەوارن بەرامبەر ئازاری ئەوانی تر. ناتوانن بار و دۆخی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بخوێننەوە، ناتوانن خوێندنەوە بۆ داگیرکردنی وڵات و سامان و داهاتی نیشتمانیی و کولتووریی و ئاینیی بکەن.. لەوەیش خراپتر پۆل پۆل ئەبنە دەمڕاست و قەڵەم بە دەست و زمانحاڵی حیزبه داگیرکارە تاکڕەوە نیشتمانفرۆشەکان، بە بڕوانامەیەکی دکتۆراوە، بۆ چنگێ پارەی حەرام، داکۆکیی له دز و جەرده و مافیا دەکەن..
یان لە باشترین حاڵەتدا، ووتارێک دەنوسن پڕ پڕە له پاڕانەوە و گریان و کڕوزانەوە کە میللەت مردووە له برسا و خوا هەڵناگرێ بەو دەردەی ئەبەن.. ئەوەی فکری شۆڕش و دژایەتییە لە ناخ و زمان و قەڵەمیاندا نییە، بەو جۆرە کۆمەڵگا ئەسوتێنن، وەک چۆن دائیرەیەکی کارەبایی ئەگەر خاڵی بەرگریی تێدا نەبێ، ئەسوتێت.
کەواتە ئەتوانین بڵێین ئەو نەخوێندەوارییەی خوێندەوارەکانی ئەمڕۆ بە دەستیەوە گیرۆده بوون، سەد قاتی ئەو نەخوێندەوارییەیە کە نەخوێندەوارانی جاران گیرۆدەی بوون بوون، کە بریتی بووە لە نەتوانینی خوێندنەوەی دارا کە دوو داری دووری بینیوە.