
لە بن تنۆکی ڤیانی ماڵۆچکەیەکی درەوشاوەدا.. هۆمەر نۆریاوی
(لە پەراوێزی پەردەلادان لە کتێبی لەدایکبوونێکی تر)
زێد،نیشتمانە گچکەی ئادەمزادە کە مرۆ لەوێوە پێی بەم جیهانە بەرفرەوانە دەکرێتەوە و دواتر دەیگوێزێتەوە بۆ ڕووبەرێکی هەراوتر.لێ لە ناخی مندا نیشتمانە گەورەکە هەمان کوردستانی دایکە کە بەدرێژایی ئەم تەمەنەم هەمیشە وەک لاولاوێک لە دەوری گیانم ئاڵاوە و لە کوێندەر بووبم،هەر خۆشەویستیی زێدە گەورەکە،پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ بڕینی ئەم ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە.
57ساڵ پێش نها،هەر لێرەوە(زێدی بچووک)میهر و سۆزی نیشتمانێک لە قووڵایی گیاندا چەکەرەی کرد و تا ئێستایش بۆ چرکەساتێک نەمتوانیوە دەستبەرداری ببم. سەرەتا زمان بوو بە پەرۆشێکی هەرەقەتیم و هەر زوو بە زوویش وێژە و ئەدەب پەلکێشیان کردم و دواتر ڕووبەرێکی دیکەم تاقی کردەوە کە ناودێرە بە دنیای ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن. کەچی ئەم سەرە سەودایییە بەرەو ژووری دیکەی بردم و بە دنیای وەرگێڕانی ئاشنا کردم. ڕۆژێکی ژیانم پێ شک نایە توانیبێتم خۆ لە خەم و پەرۆشی زمان و چاندی کوردی بدزمەوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،بەرانبەری خەمسارد و کەمتەرخەم بووبم.
پاش گەشتێکی درێژی ئەم تەمەنە و سووڕانەوە لە بن ئەم گەزە ئاسمانەی ڕاسەردا،هاوینی ئەمساڵ(2725)یەک لە بەرهەمەکانم(لەدایکبوونێکی تر)کەوتە بەردیدەی خوێنەری زمانەکەم. هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە،جارێکی تر و دوای ڕۆژگارێکی درێژ درێژ گەڕامەوە یەکەم وێستگە و کۆنە هەڤاڵانی گوند کە سەردەمێک پێکەوە خەباتی چاندییمان هەر لێرەوە دەست پێکرد و تا هەنووکەیش هەر درێژەی هەیە،گەورەییان پێ بەخشیم و لە ماڵۆچکە پڕ میهرەکەی کتێبخانەی نۆریاودا مەزنایەتییان بە خۆ و چاند و زمانی کوردی بەخشییەوە. پۆلە مەلێکی شەیدا و سەوداسەری فەرهەنگ و زمانیان لە دەوری یەکدی گلێر کردەوە و هەر کەسە و بەگوێرەی دەرفەت و کاتی بەردەم،چەند گوڵوشەیەکیان بە کۆڕە نازەنینەکە بەخشی. لە ڕووناکبیر و دڵسۆزانی فەرهەنگ و زمانی کوردی لە نۆریاویش هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکرا نەک تەنێ بۆ گوندەکەی خۆ بگرە بۆ هەر هەموو ناوچەکە و واوەتریش،گوڵاوی زمان و تۆرەی کوردی بگوێزنەوە و هەلەکە بە شیاوترین شێواز بۆ گەیاندن و گوێزتنەوەی پەیامێکی گەورەتر بقۆزنەوە.
ڕۆژی 23ی ڕەزبەری2725 (15ی ئۆکتوبەری 2025)کتێبخانەی نۆریاو بوو بە مەکۆ بۆ گلێربوونەوەی کۆمەڵە مرۆیەکی زانستوەر،نووسەر،شاعیر و تۆرەوان و داژداری کولتوور و زمانی کوردی لە دوور و نزیکەوە.
کتێبخانەکەی نۆریاو ئەمجارە بە شێوازێکی دی دەیان سیمای زانستیی و ڕووناکبیری کوردی لە نێو خۆدا بینییەوە کە ئەم پرسە مژدەبەخشی ڕووداوی گەورەتر بۆ سبەی دەبێت. ڕاستە پەردەلادان لە کتێبێک و ڕێزنان لە ڕۆڵەیەکی هەر ئەم خاکە بوو بە هۆکار بۆ ئەم جڤینە خنجیلانەیە بەڵام ڕووبەرێکی فرەوانتری لە خۆدا جێ کردەوە کە هەر هەموو زمان و چاندی کوردی دەگرێتەوە.
ئامادەبوون و ئاخاوتنی دەیان سیما و کەسایەتی ناسراوی کورد هەر وەک حەمەڕەشید ئەمینی،دوکتۆر شابەختی ڕۆستەمی،ئارام مستەوفی،دوکتۆر محەممەدباقر پیری،دوکتۆر ئارام وڵەدبەگی،کەیهان عەزیزی،داوود غەففاری،دوکتۆر سەعدی حاجی،مۆئمین نووری،دوکتۆر فەرەیدوون نووری،ئەسعەد زوهرابی،ڕێبین نووری،دوکتۆر شەهریار مەولوودی،بەکر حسێنی،نەزیر مەنووچەری،عەبدوڵڵا کاکەبرایی،دوکتۆر حەمەمین وڵەدبەگی،دوکتۆر جەهانبەخش وڵەدبەگی،مەعسووم سەفیعی،فریشتە یۆسفی،ئەنوەر وڵەدبەگی،موحسین وڵەدبەگی،نەجمەدین لوتفی و … لەسەر ئەم ڕێبوارە ئاشقەی زمان و تۆرەی کوردی،نۆریاوی وەک چەقی ڕێگا بە سنوورێکی بەرفرەوانترەوە گرێ دا.
لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا کە مرۆ لە پێناو دەستخستنی پارووەنانێک ژیانی بۆ مەزات دادەنێت،لێرەوە کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەر،ژینیان بە کولتوور و زمانی کوردی بەخشیوە و بە بێ مز و مووچە لە دووی ڕێبوار دەگەڕێن و لە گیرفان و ژینی خۆ بە ئاشقانی ئەم بەستێنە دەبەخشن.
بەخشینی کۆڕێک بە زمان و فەرهەنگی کوردی لە هەندێک سنووردا خەمخۆری تایبەتی گەرەکە و پڕ ڕوونە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. کۆسپ و لەمپەر و گیر و گرفت و تیر و شیر،ورە و هیممەتی واڵای پێویستە کە هیچ سڵ لەو بەربەستانە نەکاتەوە و پێشەوائاسا شان وەبەر ئەو بارە گرانە بدات و لەسەر بڕینی ڕێی ئامانج مکوڕ بێت. بۆ گەلێک ساڵ دەچێت هەر لێرەوە،لە گوندی نۆریاوەوە،کۆمەڵە مرۆیەکی ورەبەرزی پەرۆشی زمان و کولتووری کوردی لە بن چەتری کتێبخانەیەکی نەخشیلانەدا لەسەر فێرکردن،بارهێنان و پەروەردەی زارۆکی کورد کار دەکەن و سەرباری هەموو کەند و لەندەکانی سەرڕێ،هەر جارە و کۆڕێکی نازەنینیش بە کورد و فەرهەنگەکەی دەبەخشن. ئەم مرۆ نازەنینانە تەمەنێکە خۆبەخشانە ژیانیان بەم بوارە هەستیارە بەخشیوە و دەرەنجامەکەیشی پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرچاوڕوون و وشیارە کە دەیەوێت پەتە دەستکردەکان لە پێناو ئامانجێکی بەرزتردا بپسێنێت. لێرەوە ئەرگە گرانەکەی ئەم هەڤاڵانە سەد هێندە زێتر خۆ دەنوێنێت. بۆیە هەر هەموومان قەرزباری خەباتەکەیانین و ئارەقەی سارد و گەرمی نێوچاوانیان بە گوڵوشەی زمانی کوردی دەسڕینەوە.
دەوری دڵسۆزانی وەک سەنا وڵەدبەگی،پژمان وڵەدبەگی،موزەفەر وڵەدبەگی،وریا وڵەدبەگی،ناسیح مەحموودی،نەوید مەولوودی،جەمشید وڵەدبەگی و هەر هەموو ئەندامانی کتێبخانەی نۆریاو خاسما بەڕێزان باران،سەمانە،چنوور،مریەم،هەتاو،مەدینە لەم پێوەندییەدا لە کەس شاراوە نییە کە ڕۆژانێکی فرەی خۆیان بەم کۆڕەوە سەرقاڵ کرد و خۆبەخشانە کاروبارەکانیان ڕاپەڕاند.
هەمیشە وتوومە و دیسان ژی پاتەی دەکەمەوە کە تا ئەو ڕۆژەی دەستم پێنووس بگرێت،لەسەر ڕاژە و خزمەتکردنی زمان و چاندی کوردی بەردەوام دەبم چونکە وشەی کوردی،هەناسەمە.
جێی ئاماژەپێدانە کە گوندی”نۆریاو”له 2کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای شاری پاوه(ڕۆژهەڵاتی کوردستان)و بناری چیای سهرکهشی شاهۆدا ههڵکهوتووه. نۆریاو،مهکۆیهکی تایبهت بۆ توێژی خوێندهوار له ئاستی ناوچهی ههورامان دێتە ئەژمار و ئەم گوندە ئێستا چهندان ڕهوتی ڕۆشنبیریی تێدا بهرچاو دهکهوێت که ههر کامه ههڵگری دنیابینی تایبهت به خۆن. خاوەنی کتێبخانەیەکی خشپیلانەیشە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 60ساڵ لەمەوپێش.
هۆمەر نۆریاوی


