Skip to Content

حزبی ڕابەری شۆڕش هەیە… حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی لەفارسیەوە: کاوە عومەر

حزبی ڕابەری شۆڕش هەیە… حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی لەفارسیەوە: کاوە عومەر

Closed
by ته‌مموز 9, 2022 General, Opinion


وتاری کردنەوەی حەمید تەقوای لە ٥٥هەمین پلینۆمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران
پلینۆمەکەمان لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت. ئەو بارودۆخەی کە دەکرێ بڵێین کۆمەڵگای ئێران لە پێناو رزگاربوون لە شەڕی کۆماری ئیسلامی پێکەوە ڕاپەڕیون. ئەگەر تەنها ڕووداوەکانی یەک مانگی ڕابردوو لەبەرچاو بگرین، دەبینیت کە یاخی بوون و ناڕەزایی خەڵک لە زۆرێک لە شارەکان، ناڕەزایەتی بەردەوامی خانەنشینان لە ڕۆژانی یەکشەممەی ناڕەزایەتیدا، و لە هەفتەی کۆتاییدا هەموو ڕۆژێک، گردبوونەوەیەکی گەورەی مامۆستایان لە زیاتر لە ٢٠٠ شاردا، مانگرتنی کرێکارانی نەوت، کرێکارانی کۆمپانیای یەکەیی(شرکتی واحد)، شۆفێری بارهەڵگرەکان و هتد و هتد، ڕۆژانە ڕژاون و هەموو ئەمانە کۆمەڵگایەکی بێ ئۆقرە و زیندوو دەخاتە بەردەم چاومان. کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە وەها دۆخێکدا کۆبونەوەیەکی هەیە، لەم کۆبوونەوەیەشدا، باسێک هەیە لەسەر چۆنیەتی یەکگرتوکردن و ڕێکخستنی خەڵک و ڕابەرایەتی کردنی تێکۆشانەیان لە دڵی ئەم بارودۆخە پڕ ئاڵگۆڕەو، بەسەرکەوتن گەیاندنی.
ئەمڕۆ ئەو پرسیارەی کە بەڕاستی کەوتوەتە بەردەم هەمووان -ئەوەیە کە نەک تەنها بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو بۆ چالاکوانان و تا ڕادەیەکی زۆر تەنانەت بۆ جەماوەری خەڵک- پرسی ڕابەرایەتیە. هەمووان باسی ئەو ڕاستییە دەکەن کە لاوازی ئێمە نەبوونی ڕابەرایەتییە؛ بۆشایی ڕابەراایەتی هەیە. من دەمەوێت لەم پلینۆمەدا ڕایبگەیەنم کە ئەم ڕابەرایەتییە بوونی هەیە. ئەمە ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانە و ئەمە تەنیا ئیدیعایەک نییە. من ئەمە دەڵێم بەپشت بەستن بەو هەموو جووڵانەوە و مانگرتن و ناڕەزایەتی و تێکۆشانانەی کە نەک تەنها لە چەند مانگی ڕابردوودا بەڵکو ساڵانێکە لە دڵی کۆمەڵگەدا دەگوزەرێت. بەپشت بەستن بە دروشمی كۆماری ئیسلامی، پێویستە لەناوببرێت، بەپشت بەستن بە خەباتی خەڵك لەدژی هەژاری و دژ بە گرانی نرخەكان، بەپشت بەستن بە دروشمی مەلاكان، بڕۆن و ون ببن، كە ئەمڕۆ لە شەقامەكاندا دەوترێتەوە، بەپشت بەستن بە دروشمی بمرێ دیکتاتۆر، بمرێ خامنەیی و بمرێ بۆ ڕەئیسی، بۆ بەپشت بەستن بە دروشمی دژ بە نەهامەتی گشتیی وموچەزەبەلاحەکان، ڕەوایەتی ئەو لافیتەی کە مامۆستایانی خەباتکار لە گردبوونەوەکانیاندا لە دژی دابەشبوونی چینایەتی و دژی هەڵاواردنی چینایەتی بەرزی دەکەنەوە ، ڕەوایی دروشمی کەرامەت و بژێوی مافی بێ ئەملاولای ئێمەیە، بەپشت بەستن بەو دروشمە لە ژێر باری چەوسانەوەدا ناژین، شەرمەزاری بۆ ئەم کۆیلایەتییە کە ئەمڕۆ، خانەنشینان لە شەقامەکاندا هاواری دەکەن، بەپشت بەستن بەوتێکۆشانی ژنان لە دژی مەلاکان، دژی حیجاب، و دژی ئاپارتایدی سێکسی، بەپشت بەستن بەو شەڕەی کە هەموو کۆمەڵگا ئەنجامی دەدات لە پێناو ڕزگاربوون لە شەڕی زاڵبوونی دەسەڵاتی ئایین بەسەر حکومەت و یاساکاندا، بەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، و تەنانەت بەسەر ژیانی تایبەتی تاکەکاندا ، بەپشت بەستن بە و داواکارییە بۆ چارەسەر و پەروەردەی بێبەرامبەر کە ئەمڕۆ خانەنشینان و مامۆستایان هاواری دەکەن، و بەپشت بەستن بە دروشمی ئیدارەی شورایی کە کرێکارانی هەفت تەپە هەیانەو ئاڵاکەیان بەرزکردۆتەوە. من لەسەر بنەمای هەموو ئەمانە ڕایدەگەیەنم کە حیزبێکی پێشەنگی شۆڕشی ئێران هەیە. ئەم حیزبە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە.
ئەم دروشم و داخوازیانەی کە ئەمڕۆ لە شەقامەکاندا دەوترێتەوە، دروشم و داخوازی حیزبی ئێمەن و ساڵانێکە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە ئەم ئاڵایەمان بەرز کردووەتەوە و خەباتمان کردووە بۆ بەدیهێنانی. ئیدارەی شورایی و بەشێکە لە خواست و ئاواتی ئێمە، کە لە بەرنامەی دونیایەکی باشتردا وەک بناغەکانی حکومەتی سۆسیالیستی کە دەمانەوێت لە ئێران دامەزرێنین، ڕاگەیەندراوە. ئێمە بەردەوام شوراکانمان خستوەتەروو و بانگەشەمان بۆکردوە و پشتگیریمان لێکردووە. ئێمە بەردەوام باسمان لە کۆبوونەوەی گشتی و بزووتنەوەی شورایی کردووە، ئەمڕۆش شورای هاوئاهەنگی سەندیکاکانی مامۆستایان، شورای ٥ هەزار ئەندامی هەفت تەپە، شورای کرێکارانی نەوت، کە کۆبوونەوەی گشتی شکۆدار خۆی لە هێفەشجان بەڕێوە برد، و… بزووتنەوەی کۆبونەوەی گشتی کە لە کۆمەڵگادا پەرەی سەندوە، هەمان ئاڵایان بەدەستەوەیە. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ تا ئەمڕۆ كۆمەڵگەی ئێران ئازادیی بە شوراکانەوە ناسراو و بە شوراکان پێناسەی كردووە و ئەم حیزبە ڕابەرایەتی شۆڕش دەكات، حیزبی شوراكانە. حیزبێک کە شوراکان بەشێکن لە بەرنامەکەی و بەشێکن لە ئایدیاڵەکەی. ئازادی و ڕزگاری و هەر ناوێک کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بخەنە سەر ڕزگاری، لە ڕوانگەی ئێمەوە و لە ڕوانگەی جەماوەری خەڵک و ئەو بەشە پێشکەوتنخوازەی کۆمەڵگا کە هاتووە، هیچ مانایەکی نییە جگە لە ئیدارەی شورایی. ڕزگاری و ئازادی بە بەشداری راستەوخۆی خەڵک لە سیاسەت و کاروباری کۆمەڵایەتی و لە بڕیاردانی شوراکاندا بەدی دێت و ئەم ئاڵایە لە یەکەم ڕۆژەوە لەلایەن حیزبەکەمانەوە هەڵکراوە.
ئێمە نوێنەری ئەو خەباتە بەربڵاوەین کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەدا لەئارادایە. ئەوە حیزبی ئێمەیە کە جیابوونەوەی تەواوەتی ئایین لە حکومەت و لە یاساکان و لە پەروەردە و لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ڕاگەیاندووە. ئەوە حیزبی ئێمەیە کە ڕایگەیاندووە کە ئێمە ئایینێکی فەرمیمان ناوێت، کۆماری سۆسیالیستی ئایینی فەرمی نییە.
ئەوە حیزبی ئێمەیە کە ڕای گەیاندووە کە لە قوتابخانەکاندا، لە بەڵگەنامەی لەدایکبوون، لە یاساکان، لە بەڵگەنامەکانی حکومەت، لە ڕیکلامەکانی دامەزراندن و لە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکاندا ئاماژەکردن بە ئایینی خەڵک قەدەغەیە. وە نابێت هاوڵاتیان تووشی هیچ جۆرە هەڵاوێر و جیاکارییەک بن بە پشتبەستن بە پەیوەندییە ئایینییەکان و بیروباوەڕەکانیان کە لەوانەیە هەیانبێت یان نەیان بێت.
ئەوە حیزبی ئێمەیە کە ڕایگەیاندووە کە لە بنەڕەتدا دژایەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی و زوڵم و ستەمی نەتەوەییە، لە دژی دەجەنگێت و داوا دەکات هەمووان بتوانن لە ئێرانێکی ئازاددا، لە کۆمارێکی سۆسیالیستی ئێراندا، وەک هاووڵاتییەکی خاوەن مافی یەکسان بژین.
ئەوە حیزبی ئێمەیە کە ئاڵای خەباتی دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی لە هەموو ئاستەکاندا بەرز دەکاتەوە و خوازیاری یەکسانی تەواوی ژن و پیاوە لە ئابووری و سیاسەت و کۆمەڵایەتی و پەیوەندی بنەماڵەیی و لە فەرهەنگ و ئەخلاقدا. ئه‌وه‌ حیزبی ئێمه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئێراندا ئایین وه‌ک پایه‌کی سه‌ره‌کیی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان ده‌بینێت و ده‌یه‌وێت له‌ کۆمه‌ڵگا ڕایماڵێت.
ئەوە حیزبی ئێمەیە کە فەرهەنگی پێشکەوتنخوازی مۆدێرن و هاوچەرخی بۆ هەموو کۆمەڵگای ئێرانی دەوێت. و لەگەڵ هەموو ئەو جیاکارییە دواکەوتووانەی کە لە کولتوری کۆنەپەرستانە و فەرهەنگی ئایینی و کولتوری ناسیۆنالیستی و پیاوسالاریدا هەیە و خاک پەرستی و نیشتمان پەرستی و خوداپەرستی هەیە، بەردەوام و بەردەوام خەباتی کردووە و خەبات دەکات.
بەڵێ پێویستە کۆمەڵگا ڕابەراایەتی خۆی هەڵبژێرێت. ئەم ڕابەرایەتییە تا ئێستا لە ڕاستیدا هەڵنەبژێردراوە، بەڵام حیزبێک هەیە دەتوانێت ئەم کورسییە بەدەست بهێنێت، دەتوانێت بەرەو پێگەی ڕابەرایەتی بەرزبێتەوە و بتوانێت کۆمەڵگا بەرەو ڕزگاری و ئازادی و دادپەروەری و ئاوەدانی بجوڵێنێت. ئامادە و چالاکە.
ئەمڕۆ دەتوانن لە تەلەفزیۆنێکی ٢٤ کاتژمێری لە سێ مانگی دەستکردی ڕاستەوخۆوە چالاکییەکانی حیزب ببینن. بوونی ئەم حیزبە و شوێنەواری ئەم حیزبە لە دروشمەکانی مامۆستایان و کرێکارانی نەوت و کرێکارانی هەفت تەپەدا دەبینن. دەتوانن لە سۆشیال میدیا بوونی ئەو حیزبە ببینن. لەو چالاکییە بەرفراوانەدا کە لە دەرەوەی وڵات بۆ بایکۆتی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێن و لەو چالاکییانەی کە دژی ئیسلامی سیاسی ئەنجام دەدرێن، بە ڕوونی بوونی دیار و بەرچاوی حیزب و کادیرەکانی دەبینن، کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا هەیە.
حیزبێکی وا شایەنی ڕابەرایەتی شۆڕشی خەڵکە. وەرنە ناو حزبی خۆتان، حزبی کۆمۆنیست کرێکاری.
سوپاس
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish