Skip to Content

دەربارەى شیعرێک… سروشت نەوزاد

دەربارەى شیعرێک… سروشت نەوزاد

Closed
by ته‌مموز 9, 2022 General, Poems


پێشکەش بە سەباح ڕەنجدەر

بە ناوی ونبووی خۆمەوە
هەموو ئەوەی کە دەمکرد جار لە دوای جار
تەنیا باوێشکدان.
تەرمێک پێڵاوەکانی بۆیاغ دەکات و بەسەر جەستەی سارد و سڕیدا باز دەدات
پاش‌ ئەوەی پەلەپیتکەکە ڕوو لە کەللــەی دادەگرێ
دواین زرمەی سامناک گوێیەکانی دەسمن.

زەمین دەلەرزێت

باڵندەی خۆش خوێن، ئەگەر چی لە ناکاو
بە نێو دارستانی وشک هەڵهاتوودا
لە دوێنێیەوە دەردەپەڕێ،
لێ هێلکەی هەڵنەهێنراو
هیچ ئاسەوارێک بە خاکەوە جێ ناهێڵێت،
کاتێک ئەوەی کە بایە بە باوە نایەت،
ئەوەشی کە بایە بە باوە ناڕوات:
بێ لەو درەختەی کە ڕاوەستاوە،
بە خۆیی و تەنانەت لقە ڕووتە درێژەکانی.

زەمین دەلەرزێت

بە دامێنی چیاکەوە
ئاپۆڕەی خەڵک بە ڕاکە ڕاک
وا دەنووێنێ تەرمێک بنێژرێت
منیش لێرەدام
لەم دێرەدا،
وەختێک لە بارەی کێڵگەیەکەوە دەدوێم
کاتێک هەنگەوان بە گۆچانەکەیەوە دەسووڕێتەوە و
ڕەنگە لە بیری بکات
نەختێک چاو لە شانەکان ببڕێت.

زەمین دەلەرزێت

بەلای ڕاستی دەروازەکەوە
ئەگەر چی زیندانییەکان لە نێو قەڵا دێرینەکەدا گۆرانی دەچڕن:
دزەکان/ وشەیەک کە دەرناپەڕێت/ لوولەی تفەنگ بە ناو چاوییەوە و
تەنیا خودی خۆی تاڵان دەکات/ دزەکان…/
یان ئەوانەی لەو دیو پەنجەرەکەوە
بە ڕووی کێڵگە دوورەکانی گوڵەبەڕۆژەدا
لە نێو زیندانی نهێنی خۆیانەوە سەر دەردەهێنن و
هاوار دەکەن:
دەیانەوێت وێنەیان بگرن.
ئەمە ڕووبەرێکە کاتژمێرەکە لە مەچەک دەکات
بە خۆی و چاودێر گەلێک بە بێ زار
کاتێک گەشتی ڕێبواران تێ دەپەڕن و
هەنگاوە گەرمەکانی خۆر دەژمێرن.
دەتوانم لە دووری چەندین کیلۆمەترەوە بتناسمەوە
تەنانەت بە نهێنی کە دێیتە دەر،
سەرەڕای ئەوەی قەڵاکە وا دەنوێنێت نامەیەکە ئابڵۆقە دراو
ئامبۆلانسەکانیش بەسەر قیرە تەڕەکاندا دەئاژوون
لێ
کاتێک بەفر پروشە دەکات
مێشەکان پیتە وردەکان دەخوێننەوە.

زەمین دەلەرزێت

دەزانم ئەمە وڵاتی منە
خاکێک بە جەستەیەکی ساوایەوە
ڕاکشاو لە ژێر کێوە زەبەلاحەکاندا.
دەزانم ئەمە وڵاتی منە و
بێگومان بست بە بستی
ئەو شەقامەش دەپێوم
ئەگەر چی دوودڵە لەوەی ناو لە خۆی بنێت
بە خۆی و گۆرانییە هەست بزوێنەکانی
کاتێک پیرە پیاوەکە کلێتەکەی لە سەر دەکاو تێ دەپەڕێت،
دەست لە دەستی منداڵێکدا.
گرنگ نییە، ئەوەی کە دێ و لە دایک دەبێ، یاخود دەمرێت گرنگ نییە.
خاکیش بە جەستەیەکی هەمیشەیییەوە
تەنانەت ڕاکشاو لە ژێر کێوە زەبەلاحەکاندا
باڵندەکانیش بەسەر لقی درەختەکانەوە دەخوێنن
وەک ئەوەی بیانەوێت سەرانسەر ستایشی ئەو گەرمییە بکەن
کە لە هاوینەوە دەڕژێت.

زەمین دەلەرزێت

ئەوەش تەنیا ڕووبەرێکە
لە قووڵاییدا تۆڕی ماسیگران سەرلێشێواو.

پاش وشکە ساڵی
ئەمەش تەنیا ڕووبەرێکە
جادووگەران دەپژمن و
ڕووی ڕووبارەکە دەلەرزێنن.

هەتاو پەیمانی خۆی نادۆڕێنێ
ئەمە تەنیا بستە خاکێکە
کە زستانیش دێت
جادووگەران لە دێڕێکدا
لە بەر هەتاوی هەڵدەخەن.

لە ونبوونی زۆرترە لەوەی ناوی بهێنرێت،
با دادەکات، چەشنی سەردێڕێک، ئەو کاتەی
لە ناکاو تەرمەکە لە بەر خۆی دادەکەنێ و
جادووگەرەکە گیرفانە پڕەکانی هەڵدەڕێژێت:

قوتوویەک بۆیاغ و جووتێک پێڵاوی قوڕاوی
گەراجێک وشە، پاسەوانان دەیشارنەوە و
پەککەوتەکان هیچیان بۆ حونجە ناکرێت.
سەبەتە گەلی پڕ لە ئەستێرە
لە نێو بۆدی پیکابێکی نەناسراو
وەختێک بە قاچاغ دەپەڕێتەوە.
دووکانی ڕازاوە بەو کراسانەی
چنراو لە داوی جاڵجاڵۆکە،
بە چاویلکەی تۆز گرتووشەوە
هاتنە ژوورەوە بۆ هەمووان نییە!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish