
قەسیدەی جگە لە ئەوینی تۆ… ستیڤان شەمزینی
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو جەنگانەی
دەبنە زەریایەکی شەپۆلاویی خوێن
ئەو کورسییانەی
لەش لەسەریان کرمەڕێز دەبێت
ئەو خەڵاتانەی پادشا
لە کیسەی نەداران دابینیان دەکا
ئەو ماڵە کریستاڵییەی
دڵ تێیدا دەبێتە پارچەیەک پۆڵا
ئەو گۆپاڵانەی
لە پشتی ئازادیی دەوەشێنرێن
ئەو چرایانەی
ناپاکییان لە رووناکی کرد
ئەو یادەوەرییانەی
دەستیان ناوەتە قورگی ئێستاوە
ئەو تارماییە رەشانەی
چۆلەکەی شەوق شەوارە دەخەن
ئەو چەقۆیانەی
لەشی بیرکردنەوە قاش دەکەن
ئەو سەربەستییەی
بیرکردنەوە لەناویدا زیندانی هەتاهەتاییە
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم
ئەوینی هەمیشە داگیرساوی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو دەریایانەی
جگە لە سەراب هیچی تر نەبوون
ئەو بەلەمانەی
بەنێو چۆمی وەهمدا رێگایان دەبڕی
ئەو پشکۆیانەی
زمانی خەیاڵ دەچزێنن
ئەو غەڵبەغەڵبانەی
سەری بێدەنگی پان دەکەنەوە
ئەو شەوە دڵڕەقانەی
خەون دەکەنە دەرەوە
ئەو قەفەزانەی
بۆ بولبولی روانین ئامادەکراون
ئەو گوێیانەی
لەبەردەم هەقیقەتدا کاس بوون
ئەو لووتانەی
ناتوانن بۆن بە خۆشەویستییەوە بکەن
ئەو دەستانەی
نەیانتوانی باخی جوانی ئاو بدەن
ئەو قاچانەی
سڵ لە پیاسەی نێو ئاگر دەکەنەوە
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم،
زایەڵەی عەشقی ئەبەدیی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو خودایانەی
لە کارگەی ئاینەکاندا دروستکراون
ئەو گۆڕە قووڵانەی
بۆ هەتاو هەڵکەنراون
ئەو بۆشاییانەی
دەبوو بە فرمێسک پڕ بکرێنەوە
ئەو قوڕانەی
لەشی باڵندەی غروریان سواغ دا
ئەو مەرکانە خەفەتبارانەی
ئومێدیان لێ ناچۆڕێت
ئەو کەنارانەی
پێشوازیی لە رێبواران ناکەن
ئەو نیشتمانەی
بووەتە سۆزانی پیاوانی سیاسەت
ئەو غوربەتەی
ختوکەی بن باڵی خۆکوشتن دەدات
ئەو تەنهاییانەی
ئاوس نین بە شێتێتی خۆم
ئەو کۆڵانانەی
ماڵێکیان تێدا نییە بۆ عەشق
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم،
قەدەری خۆشەویستی تۆ بوو
وا هێمن هێمن
بە ناو رۆحما رۆدەچێ
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو شەقامە قەرەباڵغەی
ئەوسەری لە تەنهاییەوە دەردەچێ
ئەو دەرگایانەی
گێژەڵوکەی ماتەم لێیانەوە دێتە ژوورەوە
ئەو قومارانەی
ئەڵماسی گەنجیی تێدا ئەدۆڕێنرێت
ئەو غەزەلانەی
لەنیوەی رێدا بە هەنسکەوە هەڵدەوەرێن
ئەو پیاوانەی
بەختی سپی ژنان رەش رەش دەکەن
ئەو ژنانەی
نیگای پیاو پڕ دەکەن لە ژەهری دڵڕەقی
ئەو شێوەکارانەی
پۆرترێتی پەرتبوونی گەڵا دەکێشن
ئەو مۆسیقارانەی
نغرۆبوونی پێکەنین دەکەنە سەمفۆنیا
ئەو سەربازانەی
فیشەک دەنێن بە مێژووی مۆمەوە
ئەو بازرگانانەی
لە هەموو وەرزەکاندا مردن دەفرۆشن
ئەو شیعرانەی
ناتوانن برینی پەروانەیەک ساڕێژ بکەن
ئەو چیرۆکانەی
خوێنەر قایل ناکەن بە هەڵاتنی خۆر
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم
گەردەلولی هەڵکردووی دڵی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
دوای رەتکردنەوەی هەموو شتێک
وەک زریانێکی شپرزە و
سەرلێشێواو هاتم
لە باوەشی میهرەبانی تۆدا
هێور بوومەوە
وەک کۆمەڵێک
وشەی پەرش و بڵاو هاتم
لە ئامێزی تۆدا
بوومە کتێبی خۆشەویستی
18-5-2019
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی