زه‌مه‌نی وێنه … به‌ختیار محه‌مه‌د
((هیچ یادگارییه‌ك به‌بێ ئه‌و بوومه‌له‌رزه زه‌مه‌نییه، به‌بێ ئه‌و هه‌سته زیندووه بوونی نییه))… ((ئێمه له زه‌مه‌نه‌وه فێر ده‌بین)).(1)
وێنه (فۆتۆ) هه‌رچه‌نده تازه بێ (تازه گیرابێ)، به‌ڵام هه‌میشه به‌شێكه له ڕابردوو: وێنه هی زه‌مه‌نی ڕابردووه، نه‌ك هی ئێستا و ئاینده. ئێمه هه‌میشه له‌ناو وێنه‌كانه‌وه ته‌ماشای ڕابردووی خۆمان ده‌كه‌ین، نه‌ك ئێستا و ئاینده: وێنه ڕابردوومان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كا و پێشمان ده‌ڵێ، كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئێستا و داهاتووی كهسمانهوه نییه. وێنه وه‌ك نووسین نییه، كه ئێستا و ئاینده‌شی هه‌بێ (من لێره باسی وێنه‌ی فۆتۆگرافی ده‌كه‌م، نه‌ك شێوه‌كاری)؛(2) نووسین ده‌شێ له‌ناو هه‌موو زه‌مه‌نه‌كاندا بژی: ئێمه له پرۆسه‌ی نووسیندا، له ڕێگه‌ی وشه‌وه، به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌ست و سۆز و فیكرمان هه‌یه، نه‌ك شتێكی ماددیی به‌رجه‌سته (له‌شی مرۆڤ و وێنه‌ی شته‌كان). به‌كورتی وشه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نازهمهنیهتی وشه (ڕۆح) دا ده‌كا، هه‌رچی وێنه‌ی فۆتۆگرافه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ساته‌وه‌ختێكی زۆر كورتی جه‌سته و شته ماددییه‌كاندا ده‌كا (واته زه‌مه‌نێكی زۆر دیاریكراوی مردوو؛ زه‌مه‌نێك، كه ده‌شێ بڵێین زه‌مه‌نێكی به‌به‌ردبووه): وشه وه‌زیفه‌ی ئه‌وه‌یه، كه وێنه‌ی ناوه‌وه‌ی شته‌كانمان بۆ بگرێ، به‌ڵام هه‌رچی وه‌زیفه‌ی وێنه‌ی فۆتۆگرافه، وێنه‌ی ڕوواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی شته‌كانمان بۆ ده‌گرێ. ئا لێره‌وه وێنه هه‌میشه به‌نده به زه‌مه‌نی ڕابردووه‌وه (واته له ڕابردووه‌وه بۆ ڕابردوو: له ڕابردوودا قه‌تیس و جێگیر ده‌بێ)، به پێچه‌وانه‌ی نووسین و وشه‌وه، كه ئه‌وان باسی ڕابردوو ده‌كه‌ن بۆ ئێستا و ئاینده: وشه هه‌میشه خاوه‌ن زه‌مه‌نێكی بێ سنووری جیوه‌ییه. وشه هه‌ر هه‌موو زه‌مه‌نه‌كان له خۆیدا كۆ ده‌كاته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی وشه (زمان) ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌ردوونانه‌ی هه‌یه. ئه‌و له ئێستادا قسه ده‌كا، به‌ڵام بۆ ڕابردوو و بۆ ئاینده‌شه. ئه‌و ئێستایه، به‌ڵام هه‌میشه ئێستایه‌كی ڕابردووه و هه‌میشه‌ش له ئێستا و ئاینده‌دا له‌دایك ده‌بێته‌وه: خوێندنه‌وه هه‌میشه منداڵدانی له‌دایكبوونه‌وه‌ی ده‌قه له ئێستا و ئاینده‌دا. دایكی ده‌ق خوێندنه‌وه‌یه. هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی خوێندنه‌وه، دووباره له‌دایك بوونه‌وه‌ی ده‌قه له ئێستای واقیعی خوێندنه‌وه و له داهاتووی گریمانه‌ی خوێندنه‌وه‌دا. لێره‌وه ده‌ق ته‌نها وه‌ك وێنه‌یه‌كی ئه‌بستراكت به چاوێكی ئه‌بستراكت ته‌ماشای ناكرێ، به‌ڵكو ده‌ق به‌رله‌هه‌ر شتێك له رێگه‌ی واتاوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حه‌ز و خواست و پێشبینییه‌كانی زه‌ین و خه‌یاڵ و ڕۆحی خوێنه‌ردا ده‌كا ((خوێندنه‌وه كارێكی ڕۆحی مه‌عنه‌وییه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا جه‌سته‌ییشه)). (3) نابێ له‌بیر بكه‌ین: وشه (ده‌ق) زمانه، وه‌لێ وێنه چاوه؛ ساته‌وه‌ختێكی زۆر كورتی نیگایه‌كه، كه وێنه‌كه‌ی گیراوه و تازه ئیدی كۆتایی پێ هاتووه و ته‌واو بووه و ناتوانێ هیچ گوزارشتێك له پڕۆژه‌كانی ئێستا و ئایندهی تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا بكا؛ وه‌لێ وشه زیندووه: له ئێستادا وه‌سفی ڕابردوو ده‌كا و له‌هه‌مان كاتدا وه‌سفی ئێستا و ئاینده‌ش ده‌كا.
به‌كورتی وشه ده‌لاله‌ت و زه‌مه‌نێكی دیاریكراوی نییه، هه‌رچی وێنه‌یه ته‌نها گوزارشت له یاده‌وه‌ریمان ده‌كا. پاشان ئه‌و وه‌زیفه كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌ی وشه هه‌یه‌تی، هه‌رگیز وێنه نییه‌تی. ئێمه له وێنه‌دا واقیعی جه‌سته و ڕوخسار ده‌ناسین؛ به‌ڵام له ده‌ق و وشه‌دا ڕۆحی نه‌مری شته‌كان ده‌ناسین. ده‌ق جه‌سته‌یه‌كی مردووشمان پێ نابه‌خشێ، به‌ڵكو له چوارچێوه‌ی وه‌سفێكی شیعرانه‌دا، جه‌سته‌یه‌كی زیندوومان پێ ده‌به‌خشێ؛ ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی، كه وشه له‌ناو وه‌سفی ئازادانه‌ی خۆیدا، ئازادییه‌كی ته‌واوی پێ ده‌به‌خشێ. وشه وه‌ك وێنه له چوارچێوه نادرێ و چوارچێوه‌ی نییه: چوارچێوه‌ی ماددی و چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نی. لێره‌وه وشه كوڕی هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانه.
وشه پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنێ، به‌ڵام وێنه كاری ته‌ماشاكردن. له‌میاندا فیكر و خه‌یاڵ مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌ڵام لهویاندا فیكر و خه‌یاڵ، ته‌نها حه‌سره‌تی یاده‌وه‌ری به‌رهه‌م ده‌هێنن (هه‌ڵبه‌ته ده‌شێ وێنه یاریده‌ده‌رێكی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه بێ، به‌ڵام خۆی له خۆیدا مه‌عریفه به‌رهه‌م ناهێنێ: ده‌شی بڵێین وێنه شوناسی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نمانه؛ ئێمه هه‌رچه‌ند وێنه‌ی ساڵانی ته‌مه‌نی خۆمان بگرین، هێنده‌ش له یاده‌وه‌ریماندا ئاشنای قۆناغه جیاوه‌زه‌كانی ئه‌م ته‌مه‌نه‌مان ده‌بین. له‌مه‌وه وێنه ڕاسته‌وخۆ وێنه‌ی واقیعمان بۆ ده‌گرێ و فۆتۆكۆپی ده‌كا، به‌ڵام ده‌ق (وشه) واقیعمان بۆ ده‌خوڵقێنێ و كه‌شف ده‌كا ((كاری ئه‌ده‌بی – وه‌ك كه زۆر كه‌س گریمانه‌ی ده‌كا – لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه نییه، كه پێشتر هه‌یه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌ده‌ب دۆزینه‌وه و خوڵقاندنی جیهانێكی نوێیه، كه به فیعلی ته‌واوكه‌ری جیهانه ههبووهكهیه، جیهانێك له‌سه‌ر جیهان، یاخود واقیعێك، كه واقیع تێده‌په‌ڕێنێ. ئه‌و جیهانه نوێیه‌ی، كه ئه‌ده‌ب ده‌یخوڵقێنێ، خستنه‌سه‌ری جیهانه ئهسڵهكهیه؛ خستنهسهرێك، كه جێی ناگرێته‌وه، به‌ڵكو ته‌واوی ده‌كا)).
(4) ئایا ئه‌مه به وێنه‌ی فۆتۆگراف ده‌كرێ؟ ئه‌سته‌مه. له‌مه‌وه به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه ئه‌ده‌ب وه‌زیفه‌ی گۆڕین و جوانكردنی واقیعیشه؛ به‌ڵام وێنه‌ی فۆتۆگراف له هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌توانێ ئه‌م وه‌زیفه‌یه ببینێ؛ به‌نموونه كه وێنه‌ی هه‌ندێك ڕووداوی تراژیدیی، یان كۆمیدیی و جوانكاریی ده‌گرێ كار له زه‌ین و ڕۆحی بینه‌ر ده‌كا (دیاره هه‌موو كارلێكردنێك ده‌شێ دنه‌ی گۆڕانكاریی یان له‌ززه‌ت و چێژبه‌خشین بن)(5) وێنه‌ش له‌م وه‌زیفانه به‌ده‌ر نییه. لێره‌وه وێنه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جیاوازن له وێنه شه‌خسییه‌كان (ته‌نانه‌ت له وێنه سروشتییه‌كانیش): ئه‌وان ده‌لاله‌تی بابه‌ته‌كی – مه‌عریفیان له پشته؛ به‌ڵام ئه‌مان ده‌لاله‌تی چێژی – خودی: خود له‌وێ خودێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام لێره خودێكی نه‌رجسییه: خودێكی نه‌رجسی به‌ڕاده‌ی خۆویستی و خۆپه‌رستی؛ به‌ڵام له‌وێدا خود ئه‌م دۆخانه تێده‌په‌ڕێنێ: ده‌بێته خودێكی هۆشیار له‌ناو واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. خودێك، كه خۆی ده‌ناسێ و ئه‌وی دیكه‌ش ده‌ناسێ. خودێك، كه خه‌مه‌كانی ئه‌وی دیكه به خه‌می خۆشی ده‌زانێ. خودێك، كه ته‌نها خۆی خۆشناوێ، به‌ڵكو ئه‌وانی دیكه‌شی خۆشده‌وێ. خودێك هه‌روه‌ك چۆن به‌بایه‌خه‌وه سه‌یری وێنه‌كانی خۆی ده‌كا، به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌بایه‌خه‌وه سه‌یری گرته و وێنه‌ی ئه‌وانی دیكه ده‌كا. ئا ئه‌م خوده - ده‌كرێ بڵێین – خودێكی داهێنه‌ره؛ به‌ڵام خوده‌كه‌ی دیكه خودێكی كۆڵه‌واره: كۆڵه‌وار به‌و مانایه‌ی نوقمی ناو خه‌مه‌كانی خۆیه‌تی؛ خودێكی كۆڵه‌وار تا سه‌ر ئێسقان خۆپه‌رست و نه‌رجسی؛ به‌ڵام ئێمه لێره له‌خۆمان ده‌پرسین: ئایا نهرجسییهتیش جۆرێك نییه له خۆشه‌ویستی، خۆشه‌ویستی له ڕێی خوده‌وه بۆ ئه‌وی دیكه؟ دیاره خۆشه‌ویستی ئه‌وی دیكه‌ش له خۆشه‌ویستی خود دانابڕێ.
(6) با به‌واتایه‌كی دیكه بڵێین: ئێمه وێنه‌ی فۆتۆگرافی هونه‌رییمان هه‌یه، كه جیاوازه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی فۆتۆگرافی ته‌قلیدیی (ئاسایی و شه‌خسی؛ واته ئه‌و وێنانه‌ی ته‌نها وێنه‌ی واقیعی ڕووتی كه‌سه‌كان ده‌گرن). وێنه‌ی فۆتۆگرافی هونه‌ری ئامانجێكی هونه‌ری له پشته، كه مه‌به‌ستیه‌تی ڕووداوێكی خۆش یان ناخۆشی مرۆیی، دیمه‌نێكی تراژیدیی، یان ڕووداو و دیمه‌نێكی ئیستاتیكی و ڕۆمانتیكی، یانیش كۆمیدی… به بینه‌ر بگه‌یه‌نێ. ئه‌م ته‌رزه وێنه‌یه هه‌مان وه‌زیفه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری دراما و سینه‌ما و شێوه‌كاری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌یان ڕاسته‌وخۆ واقیع (واقیعی ئینتیقائی) بۆ بینه‌ر ده‌گوازێته‌وه. له‌مه‌وه وێنه‌ی فۆتۆگراف هه‌رچه‌نده نه‌مر بێ، به‌ڵام هه‌رده‌م ده‌لاله‌ت له زه‌مه‌نی ڕابردوو ده‌كا و هێمایه‌كی ڕه‌های ئه‌م زه‌مه‌نه‌یه ((له فۆتۆگرافیادا پێكگه‌یشتنێكی نالۆژیكی له نێوان ئێره و ئه‌وه‌ی لێره‌دا تێپه‌ڕی به‌رهه‌م دێ….)).(7) ئێمه ناتوانین له‌م وێنه‌یه‌دا هیچ شتێك (ئاسه‌وارێك) له ئێستا و ئایندهی كه‌سه‌كان و دیمه‌نه‌كان و دیارده و حاڵه‌ت و شته‌كاندا ببینین: وێنه‌ی فۆتۆگراف (به لایه‌نه مادییه‌كه‌ی) ته‌نها ڕابردوومان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كا؛ تاكه لایه‌نێكی مانای ڕۆحیی له وێنه‌ی فۆتۆگرافیدا هه‌بێ، ته‌نها لایه‌نی یاده‌وه‌ری و بیره‌وه‌رییه (ئه‌مه نه‌ك هه‌ر بۆ مرۆڤ، به‌ڵكو بۆ شوێنیش ڕاسته: ئه‌و شوێنه جوگرافییانه‌ی، كه مرۆڤ ڕاسته‌وخۆ تێیاندا ده‌ژی). ئێمه له ڕێگه‌ی وێنه‌ی فۆتۆگرافه‌وه هه‌میشه بۆ قووڵایی زه‌مه‌نی ڕابردوو شۆڕ ده‌بینه‌وه. ته‌نها ئه‌م زه‌مه‌نه ده‌پشكنین، ناتوانین هیچ زه‌مه‌نێكی دیكه بپشكنین؛ ته‌نها تاكه شتێكیش، كه به زه‌مه‌نی داهاتووی ببه‌ستێته‌وه، پرسی به‌راوردكردن و به‌راوردكارییه. واته ئێمه ئه‌م زه‌مه‌نه (زه‌مه‌نی ڕابردوو) پتر له‌ڕووی زه‌مه‌نی بایۆلۆژییه‌وه به زه‌مه‌نی (ته‌مه‌نی) ئێستا و داهاتوومانی به‌راورد ده‌كه‌ین.
ئه‌م زه‌مه‌نه بۆ وێستگه‌كانی ژیانی سه‌ره‌تاییمان (منداڵیی، لاویی… مان) ده‌گێڕێته‌وه. ئا ئه‌مه به‌های (ده‌لاله‌تی) سه‌ره‌كی وێنه‌ی فۆتۆگرافییه: ده‌لاله‌ت و به‌های بیره‌وه‌ریی و یادگاریی؛ به‌ڵام وێنه‌ی فۆتۆگرافی هونه‌ری ته‌نها ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ی نییه (وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا)، به‌ڵكو ئه‌و وه‌زیفه‌یه‌كی هونه‌ری هه‌یه. واته وێنه‌گرتن و دۆزینه‌وه‌ی دیوه شاراوه‌كانی واقیع، ئه‌و واقیعه‌ی ساته‌وه‌ختی ده‌گمه‌نی خۆی هه‌یه. به‌نموونه وه‌ك گرتنی وێنه‌ی ته‌رمی (ئالان كوردی) له كه‌نار ده‌ریای ئیجه، كه ویژدانی هه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی هه‌ژاند؛ یان وێنه‌ی دیمه‌نێكی ده‌گمه‌نی سروشت، كه چێژی جوانی به ڕۆحی هه‌ر هه‌موومان ده‌به‌خشێ؛ یانیش گرته‌یه‌كی ناوازه‌ی ڕۆمانتیكی له وێنه‌ی دڵبه‌ر و دڵدارێك… تاد.
دیاره وێنه (له هه‌موو بارێكدا، كه ئه‌مه سیفه‌تێكی جه‌وهه‌ریی خۆیه‌تی) هه‌رچه‌نده كۆن بێ، هێنده‌ش سۆز و حه‌سره‌تی یادگاریی به‌هێز ده‌كا (ئه‌مه به تایبه‌تی له وێنه كه‌سیی و دۆكیۆمێنتارییهكاندا زیاتر به‌ده‌رده‌كه‌وێ). وێنه كه زۆر كۆن ده‌بێ له چوارچێوه‌ی پرسی یادگارییدا نامێنێ و ده‌بێته پرسێكی مێژوویی و ده‌چێته چوارچێوه‌ی گوتاری مێژووه‌وه. واته وێنه خۆی له خۆیدا ده‌بێته مێژوو و به زمانی گوتاری مێژوو قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كا: مێژووی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی، كه وێنه‌كه‌ی تێدا گیراوه. له‌م حاڵه‌ته‌دا وێنه‌كه ڕه‌هه‌ندی مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافیی و ئابووری و سه‌ربازیی و تاد… له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێ (ئه‌مه جگه له ڕه‌هه‌نده تایبه‌تییه شوێنیی و كه‌سییه‌كه‌ی خۆی: وێنه خۆی له خۆیدا هه‌م ڕه‌هه‌ندی شوێنیی – سروشتیی هه‌یه، هه‌م ڕه‌هه‌ندی كه‌سیی. ئه‌م حاڵه‌ته هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاریش ده‌گرێته‌وه).
له وێنه‌ی فۆتۆگرافیدا دیاریكردنی زه‌مه‌ن (واته تۆماركردنی مێژووی ساته‌وه‌ختی گرتنی وێنه‌كه) گرنگه؛ چونكه زه‌مه‌نی (ساته‌وه‌ختی گرتنی) وێنه‌كه ته‌نها به تۆماركردنی ئه‌و زه‌مه‌نه‌وه ده‌ناسرێته‌وه. ئێمه ده‌زانین، كه وێنه‌كه له زه‌مه‌نێكی ڕابردوودا گیراوه، به‌ڵام گرنگه كه زه‌مه‌نه‌كه له كاتی خۆیدا و وه‌ك خۆی تۆمار بكرێ. ئه‌مه ده‌بێته مێژوویه‌كی دۆكیۆمێنتاریش. هه‌ڵبه‌ته بۆ خۆشبه‌ختی ئێستا ئامێره نوێیه‌كانی وێنه‌گرتن (كامێرا، مۆبایل، ڤیدیۆ) خۆیان كات و مێژووی ساته‌وه‌ختی گرتنی وێنه‌كه له‌سه‌ر وێنه‌كه تۆمار ده‌كه‌ن. دیاره ئێمه كه ته‌ماشای وێنه‌كان ده‌كه‌ین، به‌لاشمانه‌وه گرنگه، كه مێژووی ساته‌وه‌ختی گرتنی وێنه‌كه بزانین: زانینی ئه‌م مێژووه ئۆخژنییهكی زۆرمان پێ ده‌به‌خشێ و له نیگه‌رانیی و دڵه‌ڕاوكێی نه‌زانینی كاتی گرتنی وێنه‌كه ڕزگارمان ده‌كا (ئه‌مه جگه له كار و مه‌به‌ستی ئه‌رشیف)؛ چونكه ئێمه كاتێك ته‌ماشای وێنه‌كانی ڕابردوو (به‌تایبه‌تی دوور) ده‌كه‌ین، گرنگترین شت به‌لامانه‌وه ئه‌وه‌یه، كه كات و ساته‌وه‌ختی ته‌واوی مێژووی گرتنی وێنه‌كه بزانین: كاته‌كه‌ی، ڕۆژه‌كه‌ی، ساڵه‌كه‌ی. ڕاستییه‌كه‌ی كات شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی ناسینه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری وێنه‌یه.
ئێمه له ڕێگه‌ی دیاریكردن و تۆماركردنی وردی كاته‌وه، یاده‌وه‌ریشمان (وه‌ك مه‌له‌كه‌یه‌كی فیكرمان) باشتر كار ده‌كا (ته‌نانه‌ت له وێنه‌ی شێوه‌كاریشدا تۆماركردن و نووسینی ڕێكه‌وت گرنگه، به‌ڵام ده‌لاله‌ته ده‌روونییه‌كه‌ی وه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگراف نییه: له وێنه‌ی فۆتۆگرافدا هه‌موو شتێك به‌نده به خه‌یاڵ و ویستی یادگارییه‌وه؛ وه‌لێ له وێنه‌ی شێوه‌كاریدا – هه‌روه‌ك ڕۆحی ئه‌ده‌ب – زمانی ڕه‌نگ و ده‌لاله‌ت و واتاكانی پشت ئه‌م زمانه گرنگن. لێره‌دا ئه‌و ڕاستییه به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه هونه‌ری شێوه‌كاریش وه‌ك ئه‌ده‌ب هونه‌ری خه‌یاڵه. به‌هه‌مان شێوه له تهلهڤژن و سینه‌ماشدا دراما و فیلمه‌كان به‌های مێژوویی خۆیان هه‌یه. ئێمه چێژ له كۆنی فیلم و دراماكان {زانینی كاتی به‌رهه‌مهێنانی دراما و فیلمه‌كان} ده‌كه‌ین. دراما و شانۆ و فیلمه ڕه‌ش و سپییه‌كان، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ندن به ته‌مه‌نی ڕابردووی ئێمه‌وه؛ واته هاوكات له قۆناغێكی زووی ته‌مه‌نی ئێمه {منداڵیی، گه‌نجاتی…} ده‌رهێندراون و به‌رهه‌مهێندراون ).
پێده‌چێ بیره‌وه‌ری و بیركردنه‌وه پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان به‌یه‌كه‌وه هه‌بێ. واته بیره‌وه‌ری چالاك ده‌لاله‌ت له بیركردنه‌وه‌یه‌كی چالاكیش بكا؛ به‌و پێیه‌ی ئێمه هه‌میشه له بیركردنه‌وه‌ماندا ڕابردوو به ئێستا و به ئاینده‌وه ده‌به‌ستینه‌وه. لێره‌دا هه‌ر بیركردنه‌وه چالاك نابێ، به‌ڵكو خه‌یاڵیش (خه‌یاڵی شیعرییش) چالاك ده‌بێ. ئایا زۆربه‌ی جار یاده‌وه‌ری بنه‌مای خه‌یاڵی داهێنانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و شیعر نییه؟ ئایا گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب گه‌نجینه‌ی ڕابردووی ژیانی ئه‌دیب و شاعیر و نووسه‌ر نییه؟ كامه ڕۆمانی مه‌زن هه‌یه، كه وه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگراف، ڕووداوه‌كانی زه‌مه‌نی ڕابردوومان (هه‌ڵبه‌ته له چوارچێوه‌ی خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌دا) بۆ تۆمار نه‌كا و بۆ نه‌گێڕێته‌وه؟ ته‌نها لێره‌دا ئه‌وه هه‌یه، كه كامێرا و كامێرامانه ڕاسته‌قینه‌كه خه‌یاڵ و زمانی شیعریی ئه‌ده‌بن. هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕۆمان (یان به‌گشتی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه) ده‌یانگێڕێته‌وه له ڕابردوودا ڕوویان داوه؛ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی نووسه‌ریش له شێوه‌ی ((كاتی ڕانه‌بردوودا)) دایانده‌هێنێ، ئه‌وه بنه‌ما و تارماییه‌كه‌ی له زه‌مه‌نی واقیعی ڕابردوودا هه‌یه و له‌وێدا به‌دی ده‌كرێ. به‌ڵام ئه‌م ڕابردووه له چوارچێوه‌ی خه‌یاڵی وشه‌دا، واته له چوارچێوه‌ی گوتاری ئه‌ده‌بدا، ڕابردوویه‌كی نه‌مره: ڕابردوویه‌كه هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانی تێدایه: هه‌م زه‌مه‌نی ڕابردووه؛ هه‌م زه‌مه‌نی ئێستا و ئاینده‌شه.
ئا ئه‌مه سیفه‌تی داهێنانه: داهێنان له ڕابردووه‌وه له‌دایك ده‌بێ و دێ و زه‌مه‌نی ئێستا و ئاینده‌ش داگیر ده‌كا و تێیانده‌په‌ڕێنێ. هه‌موو ده‌قه ئه‌ده‌بییه نه‌مره‌كان ئه‌م سیفه‌ته‌یان هه‌یه: هه‌ر له ته‌ورات و ئینجیل و قورئانه‌وه بگره، تا ده‌گاته ئه‌لیاده و ئۆدیسه و … تا ڕۆمانه هاوچه‌رخه‌كانی وه‌ك تاوان و سزا و برایانی كارامازۆفی دیستۆڤسكی و خۆشه‌ویستی له سه‌رده‌می كۆلێرا ی ماركیز و هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ش. (له ئه‌ده‌بدا – به گشتی له پرۆسه‌ی نووسیندا- ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی بۆ پێشبینی و گریمانه‌ی گێڕانه‌وه و تۆماركردنی ئاینده‌ش بنووسرێ، به‌ڵام فۆرمه ماددییه‌كه‌ی: ده‌ق، كتێب، بڵاوكراوه…تاد، ئه‌وه هه‌ر له چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نی ڕابردوودا ده‌مێنێته‌وه. واته ڕۆحه‌كه‌ی، كه بریتییه له فیكر و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و زمان، ئه‌وه بۆ هه‌ر هه‌موو ئێستا و هه‌ر هه‌موو ئایندهكان ده‌نووسرێ. ئا ئه‌مه خه‌سڵه‌تی ده‌قی داهێنه‌ره: هه‌موو ئه‌ده‌بێكی باش سنووری سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان ده‌به‌زێنێ و به‌ناویاندا گوزه‌ر ده‌كا. لێره‌وه ئه‌م ئه‌ده‌به ئه‌ده‌بی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه).
دیاره وێنه‌ی فۆتۆگراف دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه: ڕه‌هه‌ندی تاك، ڕه‌هه‌ندی كۆ. واته ئه‌و وێنانه‌ی تاكه‌كه‌سێك بۆ خۆی ده‌یانگرێ و ئه‌و وێنانه‌ش، كه به كۆمه‌ڵ هاوڕێ و خزمه‌كان پێكه‌وه ده‌یگرن (ئاشكرایه وێنه‌ی فۆتۆگراف زیاتر وێنه‌ی شه‌خسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاسایین). له حاڵه‌تی یه‌كه‌میاندا وێنه مۆركێكی كه‌سیی (شه‌خسیی) ڕه‌های هه‌یه. واته ته‌نها خودێك له‌ناو ئه‌م وێنه‌یه‌دا بوونی هه‌یه. خودێك، كه له‌حاڵه‌تی نه‌رجسیه‌تی خۆیدا ده‌ژی و وێنه‌ی كه‌ینوونه‌ی خۆی ده‌گرێ، ئه‌و كه‌ینوونه‌یه‌ی، كه له‌ساته‌وه‌ختی خۆئامادهكردندا بۆ گرتنی وێنه‌كه له ڕووخساری كه‌سه‌كه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێ. ئێمه له وێنه‌دا هه‌ر ڕوخساری خۆمان نابینین، به‌ڵكو كه‌ینوونه‌ی خۆشمان ده‌بینین. ئه‌و كه‌ینوونه‌یه‌ی ساته‌وه‌ختی گرتنی وێنه‌كه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كا. ئێمه له وێنه‌كاندا وه‌ك ئاوێنه‌ی ته‌مه‌ن هه‌ر هه‌موو كه‌ینوونه‌ی خۆمان ده‌بینین. ئێمه بۆیه وێنه‌ی خۆمان ده‌گرین، تا ئه‌م كه‌ینوونه‌یه له‌بیر نه‌كه‌ین. له وێنه شه‌خسییه‌كاندا ئێمه ده‌مانه‌وێ باشتر خۆمان ببینین و باشتر خۆمان بناسین.
ئایا ئێمه له‌ناو وێنه‌كاندا حه‌قیقه‌تی كه‌سایه‌تی خۆمان به‌دی ناكه‌ین؟ له وێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا ده‌مانه‌وێ ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی كه‌سایه‌تی خۆمان بسه‌لمێنێن: ده‌مانه‌وێ (له چوارچێوه‌ی مۆركی نه‌مریی وێنه‌دا) پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا (ئه‌ندامانی خێزان و خزم و دۆست و هاوڕێكانمان) نه‌مر كه‌ین. ئێمه لێره ده‌مانه‌وێ ژیان بخه‌ینه ناو ته‌كنۆلۆژیای یادگارییه‌وه، تا حه‌زی نه‌رجسییه‌ت و نهمرییمان به‌رجه‌ست بكه‌ین و بپارێزین. هیچ سه‌رده‌مێك هێنده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه مرۆڤ حه‌زی له خه‌ونی نه‌مریی نه‌بووه، بۆیه هیچ سه‌رده‌مێكیش هێنده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه مرۆڤ نا‌ئومێد نه‌بووه و هه‌ستی به نائومێدیی نه‌كردووه: ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتوو هه‌ردوو حاڵه‌ته دژبهیهكهكهمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كا: حاڵه‌تی ئومێد و حاڵه‌تی نائومێدیی. باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ سه‌رده‌مێك هه‌بێ هێنده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه مرۆڤ له‌ناو نائومێدیدا ژیا بێ؛ له‌هه‌مان كاتدا هیچ سه‌رده‌مێكیش نه‌بووه، كه هێنده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه هیوای پێ به‌خشیبێ. ئه‌مه ناودژه (پارادۆكسه) گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. دیاره مرۆی هاوچه‌رخیش له‌ناو دژایه‌تییه‌كاندا (پارادۆكسه زۆره‌كاندا) ده‌ژی. ئه‌و پارادۆكسانه‌ی سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانییه زۆره‌كانی مرۆڤی هاوچه‌رخن.
ئێمه له زه‌مه‌ن و سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیای وێنه‌كاندا ده‌ژین: وێنه‌ی زیندوو و وێنه‌ی مردوو (ئه‌گه‌ر بشێ ئه‌م ناوانه‌یان لێ بنێین). واته وێنه‌ی جووڵاو و وێنه‌ی نه‌جووڵاو (سینه‌ما و تیڤی و فۆتۆگراف). لێره‌دا هه‌ردوو جۆره وێنه‌كه یه‌ك چییه‌تییان هه‌یه: چییه‌تیی ڕابردووی مردوو؛ به‌ڵام جیاوازی وێنه جووڵاوه‌كان ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وان هه‌م خاوه‌ن زه‌مه‌نێكی ماقووڵی درێژترن، هه‌م وێنه‌ی زیندوویی كهسهكهشمان (گیانلهبهرهكهشمان) پێ نیشان ده‌ده‌ن (كه دیاره ئه‌مه له وێنه‌ی فۆتۆگرافدا هه‌رگیز به‌دی ناكرێ). ئا ئه‌مه جیاوازی نێوان وێنه‌ی (وێنه‌گرتنی) سینه‌مایی و وێنه‌ی (وینه‌گرتنی) فۆتۆگرافه.
جیاوازییه‌ك، كه به دوو شێواز دیمه‌ن و ڕووداوه سروشتی و ده‌ستكرده‌كانی ڕابردوومان بۆ ئه‌رشیف ده‌كا (له وێنه‌ی جووڵاودا هه‌میشه هه‌ست به زیندوویی ئه‌به‌دیی كه‌سه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك بڵێی ئێستا له‌م ساته‌وه‌خته‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا زیندوون و ده‌جووڵێن، ته‌نانه‌ت با كه‌سایه‌تییه‌كان له‌مێژیش بێ مردبن. (8) دیاره ئه‌م حاڵه‌ته له وێنه‌ی فۆتۆگرافدا به‌دی ناكرێ؛ مه‌گه‌ر خۆمان به یادگاریی و خه‌یاڵ ئه‌م حاڵه‌ته بخوڵقێنین. هه‌ڵبه‌ته وێنه‌ی فۆتۆگرافیش زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه؛ ئه‌و زمانه‌ی، كه ته‌نها ئێستا و حه‌زی ژیان تێی ده‌گه‌ن. كێ هه‌یه كه ته‌ماشای وێنه‌كانی خۆی ده‌كا، یه‌كسه‌ر عه‌شقی ژیانی له‌لا نه‌ورووژێ؟ عه‌شقێك كه هه‌موو بوونمان به‌خۆیه‌وه گرێ ده‌دا. له‌مه‌وه وێنه هێمای عه‌شقی هه‌موومانه بۆ ژیان: ئایا خۆشه‌ویستی ژیان، مانای له‌بیرنه‌كردن و ناسینه‌وه‌شی نییه؟ وێنه‌ی فۆتۆگراف یه‌كێكه له‌و ئامرازه هاوچه‌رخانه‌ی، كه مرۆڤی سه‌رده‌م ده‌یه‌وێ به‌هۆیانه‌وه باشتر خۆی بناسێ، ئه‌مه‌ش له جه‌وهه‌ردا واتای خۆشه‌ویستی ژیانه).
ئه‌وانه‌ی ده‌شنووسن (وه‌ك وێنه‌گره‌كان) ژیاندۆستن. نووسین له وێنه‌ش زیاتر ده‌لاله‌تی ژیاندۆستی هه‌یه. نووسین زمانه، بۆیه ده‌توانێ ڕاسته‌وخۆ له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا قسه بكا: سه‌دان و هه‌زاران ساڵه ده‌قه‌كانی وه‌ك ئه‌لیاده و ئۆدیسه و ته‌ورات و ئینجیل و قورئان و دۆنكیشۆته و … تاد، قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و باسی نه‌مریی و ژیاندۆستیمان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ته نووسین و ئه‌ده‌بیش هه‌روه‌ك وێنه دوو ڕه‌هه‌ندیان هه‌یه (دوو ڕه‌هه‌ندی مه‌عریفی و ئیستاتیكی):ڕه‌هه‌ندی تاك (نووسه‌ر)، ڕه‌هه‌ندی كۆ (خوێنه‌ر). ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی له‌نێوان نووسه‌ر (ده‌ق) و خوێنه‌ردا (خوێندنه‌وه‌دا) هه‌یه، به‌ته‌واویی پێوه‌ندییه‌كی مه‌عریفی ژیاندۆستییه. نووسین هه‌میشه باس له ژیان ده‌كا: ژیانی نه‌مر. نووسین هه‌رده‌م نه‌مریی به شته‌كان ده‌به‌خشێ (ده‌بێ له‌بیر نه‌كه‌ین نووسین به‌رهه‌می فیكر و زمانه).
ئایا ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی نه‌مریی به محه‌مه‌د و زه‌رده‌شت و عیسا و مو‌سا… ده‌به‌خشێ، ته‌نها ده‌قه مه‌زنه مێژووییه‌كانیان نین؟ ئه‌ی بۆ خوا له ڕێی وشه‌وه (زمانه‌وه) نه‌ك وێنه‌وه خۆی به ئێمه ده‌ناسێنێ؟ ئایا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ، كه وشه باشتر ده‌توانێ له مانای كه‌ینوونه و بوونمان تێ بگا؟ ئه‌و كه‌ینوونه و بوونه‌ی هه‌میشه له‌ناو زمان و وشه‌دا ئاماده‌ن و بوونیان هه‌یه؛ كه‌واته زمان بوونمانه؛ هه‌روه‌ك چۆن ورده‌كاری بوونیشمان له‌ناو زماندا (ده‌سه‌ڵاتی وشه‌دا) به‌ده‌رده‌كه‌وێ: ئێمه ئه‌گه‌ر زمانمان نه‌بێ چۆن وه‌سفی بوونی خۆمان ده‌كه‌ین؟ ئایا پێوه‌ندی نێوان خواوه‌ند و مرۆڤیش هه‌ر زمان و هه‌ر له‌رێگه‌ی زمانه‌وه نییه؟ لێره‌وه زمان ناسنامه‌ی بوونمانه: بوونی سیاسی و مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و… هه‌ر هه‌موو بوونهكانمان؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ر له‌هه‌ر شتێك زمان ناسنامه‌ی مرۆییمان نه‌بوو، ئه‌وه ده‌شێ ببێته فاكته‌رێكی وێرانكه‌ر؛ ببێته فاكته‌ری جه‌نگ و داگیركاری و ڕه‌گه‌زپه‌رستیی، وه‌ك له زمانی گوتاری داگیركه‌ران و دیكتاتۆره‌كاندا ئه‌مه به‌دی ده‌كرێ: زمان لێره نه‌ك بوونی مرۆییمان بینا ناكا، به‌ڵكو بوونی مرۆییمان وێران ده‌كا. زمان لێره كۆیله‌یه: كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌ڕانگێزیی. لێره‌وه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بێ، پێویستی به زمانێكی ئازاد هه‌یه؛ ئه‌و زمانه‌ی كه‌ینوونه و بوونمان وه‌سف ده‌كا و بینا ده‌كا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، كه هایدگه‌ر ده‌ڵێ: ((زمان ماڵی بوونه)).
ژێده‌ر و په‌راوێزه‌كان:
1- غاستون باشلا‌ر, جدلية الزمن, ت: د. خليل احمد خليل (الطبعة الرابعة 2010م), ص 46- 47.
2- ده‌شێ كامێرای فۆتۆگرافی ببێته ئامرازێكی هونه‌ری داهێنه‌ری گه‌وره؛ واته ده‌شێ كامێرا وه‌ك فڵچه‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری به‌كار بهێندرێ و دیمه‌نه واقیعییه ههماههنگهكان مۆنتاژ بكا و تابلۆیه‌كی (وێنه‌یه‌كی) فۆتۆگرافی هونه‌رییان (له شێوه و مه‌غزای نیگارێكی شێوه‌كارییان) لێ پێك بهێنێ. لێره هونه‌ر زمانی ئیستاتیكای باڵای هه‌یه و چێژێكی نموونه‌ییمان پێ ده‌به‌خشێ؛ چێژێك، كه ڕۆحی مرۆییمان شكۆمه‌ند ده‌كا.
3- ج. هيليس ميلر, عن الادب, ت: سمر طلبة (المركز القومي للترجمة, الطبعة الاولى 2015), ص 42.
4- هه‌مان ژێده‌ر، ل 39 – 40.
5- له‌م باره‌یه‌وه دووپرێل ده‌ڵێ: ((هیچ پهرهستاندنێك بوونی نییه له ڕێگه‌ی كارلێككردنهوه نه‌بێ)). بڕوانه: غاستون باشلا‌ر, جدلية الزمن, ت: د. خليل احمد خليل (الطبعة الرابعة 2010م), ص 102.
6- د. پیار دیسویانت ده‌ڵێ: ((خۆشه‌ویستی خود سه‌ره‌تای هه‌ر خۆشه‌ویستییه‌كه)). بڕوانه: د. بيار ديسويانت, النرجسية, ت: اسكندر جرجي مصعب (الطبعة الاولى 2015), ص 28.
7- رولان بارت, قراءة جديدة للبلاغة القديمة, ت: عمر أوكان (الطبعة الاولى 2011), ص 176.
8- ته‌نانه‌ت ئێمه كه ته‌ماشای فیلمی كارتۆنیش ده‌كه‌ین، هه‌ست به زیندوویی كه‌سایه‌تییه كارتۆنییه‌كانی وه‌ك (تۆم و جێری، مسته‌ر بین، سه‌ندرێللا، عه‌دنان و لینا و… تاد) ده‌كه‌ین.