Skip to Content

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی (یادگارییەکانی خانەی مردووان).. نووسینی: شێنێ مشیر

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی (یادگارییەکانی خانەی مردووان).. نووسینی: شێنێ مشیر

Closed
by تەممووز 2, 2025 General, Literature

ڕۆمانی (یادگارییەکانی خانەی مردووان) لە نووسینی (دۆستۆیڤسکی)ە. لەلایەن (حەمە کەریم عارف) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (532) لاپەڕەدا و ساڵی (2021) لەلایەن ناوەندی ئاوێرەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

(ئازادی) ئەو دیاریەی کە هەندێک لە مرۆڤەکان بەهای نازانن، کاتێک دەبرێنە زیندانەوە لەپشت شیشەکانی بەندینخانەوە ئاهی بۆ هەڵدەکێشن.
بینینی ئاسمانی شین لەبەیانی دا ئەو هەستە تایبەتەت پێدەبەخشێت کە ئازادیت، بەڵام کاتێک لە زیندانیت و بەیانیان لەگەڵ دەنگی لێدانی شەیپوردا بە ئاگا دێیتەوە، بینینی ئەم ئاسمانەو چونە دەرەوە بۆ ئەودیوی دەرگای زیندانەکە دەبێتە گەورەترین خەونت. هەر ئەو خەون و ئاواتەت وات لێدەکات بەرگەی ساڵانێکی دوور و درێژی زیندان و ئیشی سەخت و زۆرەملێ بگریت. بەرگەی ئەو زنجیرانە دەگریت کە دەکرێتە پێیەکانت و بۆ کاتی خەویش لێت جیا نابنەوە. ئەو تەختە خەوە ڕەقەی کە هیچ لە جێگا خەوەکەی خۆت ناچێت، ئەو شۆربایەی کە پڕە لە کێچ و ئەسپێ و زیندانییەکان دەڵێن تامی شۆرباکە بەوانەوە خۆشە و ژیان کردن لەگەڵ کەسانێکدا کە هیچ ئامانجێکیان نییە و نازانن بۆچی دەژین دوورن لەهەموو خو و ڕەوشتێکی پەسەندی کۆمەڵگە. لەگەڵ کۆمەڵە کەسانێکدا سەروکارت تێکەڵاو دەبێت کە پیاو کوشتنیان لەلا ئاو خواردنەوەیە، هەندێکی تریان دز و چەتە و ڕێگرن، کۆمەڵێکی تریان درۆزنن و کاریان ڕاپۆرت دانە لە هاوڕێکانیان، کۆمەڵێکی تریان هێندە بەخت ڕەشن دەڵێی بۆ خزمەت کردنی کەسانی دیکە لە دایک بوون. ژیانکردن لەم ژینگەیەدا ئەگەر خەونێکی گەورەت نەبێت بۆ ئازادی بێگومان زۆر قورسە.

(ئەلکساندەر پترۆفیچ) زیندانی سیاسیە و سزای (١٠) ساڵ زیندانی دراوە بەسەریدا و دورخراوەتەوە بۆ بێگارە زیندانی سیبیریا.

دەڵێت(هەر لە یەکەم ڕۆژی زیندانمەوە،هەستم بەوە کرد کە هەندێ لە زیندانییەکان، بە ڕقەوە تەماشام دەکەن، و هەندێکی تریان بە پێچەوانەوە بە دەوروخولما دەهاتن، بەتایبەتی ئەوانەی پێیان وابوو، پارەیەکم پێیە. باوڵێکی بە قفڵ و کلیلیان بۆ پەیدا کردم تا کەلوپەلەکانمی تیا هەڵگرم، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی، دۆستە تازەکانم، هاوزیندانییەکانم، باوڵەکەیان لێدزیم و فرۆشتیانەوە بە پارەکەی ئارەقیان خواردەوە).

بەهۆی جیاوازی چینایەتییەوە کە ئەلکساندەر لە چینی خانەدانەکانە ڕووبەرووی ڕقی زیندانییەکان دەبێتەوە و هیچ کەسێک لەوانە ئامادەنین هاوڕێیەتی بکەن و کەمێک لە خەمی زیندانی لەدڵدا کەم بکەنەوە، بەڵکو بەهەموو شێوەیەک دەکەونە دوژمنایەتی کردنی. ئەو جوتیار و کرێکار و کەسانەی کە لەکاتی ئاساییدا لەبەردەستی خانەدانەکاندا کاردەکەن و خزمەتیان دەکەن، هەموو ئەو ناخۆشیانەی کەبەسەریاندا هاتووە. ئەگەر ڕۆژێک خانەدانێک خراپەی بەرامبەر کردبێتن، کاتێک لە زینداندا کەسێکی ئەشرافزادە دەبینن هەموو داخی دڵیان لەم کەسەدا بەتاڵدەکەنەوە و هیچ هەلێک لەدەست نادەن بۆ ئەوەی زیانی پێبگەیەنن و ئەگەر بە توانجێکیش بێت بەژداری دەکەن. لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەرەتایی دەسپێکی ژیانی ئەلکساندەر چەندە قورسە، هەموو کەسەکان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە کە بزانێت خوو ڕەوشتیان چۆنە. تا لەوێوە پەی بە تاریکترین بەشی ناخیان ببات، زۆر بە وردی ناخی ئەم کەسانەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە چەندە دڵڕەق و دەروون تاریکن، خراپە و خراپەکاری بووە بە بەشێکی قوڵی ناخیان، لەزەت لە ئازاردانی کەسانی دیکە دەبینن. ناتوانن ڕۆژێک بەبێ ئەنجام دانی تاوان بەسەر ببەن، و ئەگەر هیچ شتێکیان دەست نەکەوێت خۆیانی پێ خەریک بکەن ئەوا دەکەونە شەڕە قسە و توانج لەیەکدان و شکاندنەوەی یەکتری. بێگومان ژیان کردن لەم قاوشی زیندانەدا زۆر قورسە کە کەسانێکی زۆری تێدایە و هەرکەسه و خەڵکی ناوچەیەکە و سروشتێکی جیاوازیان هەیە کە کاتێکی زۆری دەوێ تا لێیان تێبگەیت.

ئەوەی لەزینداندا بایەخی نییە (پارە)یە بەجۆرێک سزادراوان هەموو ڕۆژەکانی ژیانیان خەریکی کاری زۆرەملێ و قورسن بەجۆرێک لە ڕۆژگاری درێژی هاویندا دەبێت بەرگەی کاری زۆر و تاقەت پڕوکێن بگرن، سەرەڕای هەموو ئەو ماندوبوونانە هەر کە پارەکەیان دەست دەکەوێت خێرا دەیدەن بە (مەی)ی و خۆیان سەرخۆش دەکەن. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆریان ماوە بۆ ئازادبوون و لەترسی هاوڕێکانیان کە لێیان دەدزن، لەگەڵ ئەوەی ئەو کەسانەی لەم ژینگەیەدا بەهۆی تاوانەوە کۆبوونەتەوە بەڵام کاتێک کە جەژن نزیک دەبێتەوە، هەموویان دەگۆڕێن و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی جەژن دەکەن هەموو ئامادەکارییەک دەکەن کەسیان قبووڵی ناکەن لەو ڕۆژەدا شەڕ دروست بێت هەر کەسێک بیەوێت ئاژاوە دروست بکات خێرا بێدەنگی دەکەن، سەرئەنجام بەیانی جەژن دێت و دوای ڕێکارەکان و پیرۆزبایی و خواردنی نانی جەژن هەمووان چاوەڕێن شتێکی تایبەت ڕووبدات. وەک ئەوەی ئازادببن یان سزاکەیان کەم بکرێتەوە بەڵام کاتێک تەواو نائومێد دەبن، دڵنیا دەبنەوە لەوەی هیچ شتێکی جیاواز ڕوونادات دەچنەوە سەر مەی خواردن و هەتا دەتوانن دەخۆنەوەو دوا کۆپیکی خۆیان لە مەیدا بەهەدەر دەدەن. ئەوانەی دیکەش دەست دەکەنەوە بە شەڕە قسە و توانجدان لەیەکتری.
زیندانەکان کەسانی تەمبەڵ دروست دەکەن، کاتێک بەزۆر دەبرێن بۆ کارکردن توانا و تاقەتی کاریان نییە ئەمەش لە ئەنجامی سزای ئەو تاوانەی کردوویانە کە سزای بێگاریان بۆ بڕیونەتەوە تا لە هەڵەکەیان پەشیمان ببنەوە.

(ئەلکساندەر پترۆفیچ) دەڵێت: ئەگەر بویسترێ مرۆڤێک لە مرۆڤایەتی بخرێ، لە ناو ببرێ، توندترین و ترسناکترین سزا بدرێ، و بەجۆرێ بچەوسێنرێتەوەو ژێر پێیان بنرێ، سزایەکی ئەوتۆی بۆ ببڕدرێتەوە کە دڵڕەقترین جەلاد و خوێنڕێژ لەبەری بلەرزێ، ئەوەندە بەسە کە بە تۆبزی کارێکی بێ ماناو بێهودە و بێسوودی بەسەردا بسەپێنرێ. بەڵام کار هەتا کار جیاوازی هەیە بۆ نموونە جوتیار کاتێک لەسەر زەوی خۆیەتی و خەریکی کشتوکاڵ کردنە جیاوازی زۆرە لەگەڵ زیندانییەک کاتێک کارێکی بێهودەی پێدەکەن وەکو ئەوەی ئاو لە پەرداخێکەوە
Hoshyar Jamal
بکاتە پەرداخێکی دیکە بەشێوەیەک کارکردنیان لەشان گرانە ئەوەی بە کاتژمێرێک دەتوانن بیکەن چەندین کاتژمێری تیا بەفیرۆ دەدەن ئەم تەمبەڵی و بێگارییە وایان لێدەکات کە گیانی تاوانکردن تێیاندا بگەشێتەوە.

ئەشکەنجەدانی زۆر و بڕینەوەی جەڵد و شەلاغ کارێکی زۆر خراپ دەکاتە سەر دەروونی زیندانییەکان، بەجۆرێک نەخۆشخانە خۆشترین شوێن دەبێت بۆیان، بەهۆی ڕەفتاری نەرمی دکتۆرەکان کە ڕۆڵی باوکێکی میهرەبان بۆ سزا دراوان دەگێڕن، و باری ئازار و خەمەکانیان بۆ ئاسانتر بکەن. زۆربەی کات زیندانیەکان خۆیان دەکەن بەنەخۆش بۆ ئەوەی لەدەست کاری قورس ڕزگاریان بێت و پشویەک بدەن، دکتۆرەکان دەزانن کە نەخۆش نین سەرەڕای ئەوەش ڕێگەیان پێدەدەن لە قاوشەکاندا بمێننەوە. زیندانییەکان هەرچەندە تاوانی گەورە و قێزەونیان ئەنجام دابێت و لە هیچ شتێک سڵ نەکەنەوە، بەڵام هێشتا لەناخیاندا جێگەیەک هەیە بەتاڵە و پێویستی بە پڕکردنەوە هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەوانیش وەک هەر مرۆڤێکی دیکە پێویستیان بە خۆشەویستییە. ڕاستە تاوانبارن بەڵام هێشتا هەر مرۆڤن.

لە درێژەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ئاشنای چەندین کەسایەتی دیکە دەبین کە هەریەکەیان چیرۆکێکی جیاوازیان هەیە، لەدوای یەک ساڵ ژیان کردن لەم ژینگەیەدا ئەلکساندەر پترۆڤیچ لەگەڵ کەش و هەوای زینداندا ڕادێت و چەندین هاوڕێی باش دەدۆزێتەوە کە بتوانێ کەمێک لە خەمەکانی دڵی باسبکات بۆیان.

ئەوەی گرنگە لەم شاکارەی (دۆستۆیڤسکی)دا ئەوەیە کە نووسەر زۆر بە وردی ناخی کەسەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات، ئەو ئازار و دەرد و ناخۆشیانەی دێتە ڕێی خانەدانێک لە زینداندا بەهۆی جیاوازی چینایەتیەوە، ئەو کەسانەی بە ڕواڵەت دەبنە هاوڕێت بەڵام لەپشتەوە دزیت لێ دەکەن بوختانت بۆ دروست دەکەن، بە جنێو و قسەی ناشرین بانگت دەکەن بە چاوی کەمەوە لە کەسانی چوار دەور دەڕوانن. ئەوانەی خێزانیان نییە بە تەواوی نائومێد بوون لەژیاندا بەجۆرێک ماوەی سزای تاوانێکیان تەواو نەبووە تاوانێکی دیکە ئەنجام دەدەن تا لە زیندان دەرنەکرێن چونکە لە دەرەوەی زیندان کەسێک نییە چاوەڕێی ئازادبوونیان بکات.

ئەو کەسانەی تاوانێک ئەنجام دەدەن، و سزای خۆیان وەردەگرن نابێت بە تەواوی لە کۆمەڵگەدا بسڕدرێنەوە و بە نەبوو هەژمار بکرێن، چونکە سزادراو کاتێک دەکەوێتە بەندینخانەوە پەشیمان دەبێتەوە لەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە و داخ دەخوات ئەگەر کات بگەڕێتەوە هەرگیز کارێکی ئاوا دووبارە ناکاتەوە. بۆیە گرنگە لەم کاتانەدا خێزانەکان پشت نەکەنە ئەم کەسانەوە و لە کاتی ئازادبوونیاندا باوەشیان بۆ بکەنەوە.

چونکە ئەوەی وا لە تاوانبار دەکات بەرگەی هەموو سەختی و سزاکان بگرێت ئومێدیەتی بە ئازادبوون، هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی ژیانیەتی دوای ئازادی لەزیندان کاتێک دەزانێت کەسانێک چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەو دەکەن.

نووسینی: شێنێ مشیر

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress