Skip to Content

کامەیە ئیسلامیی میانڕەو؟.. ستیڤان شەمزینی

کامەیە ئیسلامیی میانڕەو؟.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 21, 2021 General, Opinion

هەمیشە ئەشکالم هەبووە لەگەڵ ئەو پۆلێنەی، رەوتە ئیسلامییەکانی دابەشکردووە، بەسەر دوو ئاڕاستەی، توندڕەو و میانڕەو. چوون لە بناغەدا هەردوو رەوتەکە لە دوا وێستگەدا بە یەک دەگەنەوە، ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینیی و سەپاندنی بیروڕا تایبەتییە ئیسلامییەکانی خۆیانە. دەتوانم بڵێم ئەو پۆلێنە هەڵەیەکی میتۆدییە. ئەگەر بۆ ناسینەوەی خودی رەوتەکانیش بێت، بۆ لەمەودوا پێویستمان بە تەسمیەیەکی تر هەیە، لەبەرئەوەی یەک ساڵ حوکمی “ئیخوان” لە میسر کە بە رەوتە میانڕەوەکە ناسراوە. بۆی سەلماندین ئەوەی بە هەڵەدا چووە لەم مەسەلەیەدا، ئێمەی عەلمانییەکانین، چوونکە “ئیخوان” هەر ئەو خەونەی هەیە پێشتر “بن لادن” یان “عەلی بلحاج” یان “سەید قوتب” هەیانبوو.

ئەگەرچی هێشتا خەڵکانێک هەن، مکوڕن لەسەر ناوزەدکردنی ئیخوان وەک رەوتی میانڕەو، بەڵام بە دیقەتدان لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم رەوتە لە 1928ەوە تا نووکە، پانۆرامایەکە و راستییەک نیشان دەدات: ئیخوان نەک ریفۆرمخواز و میانڕەو نییە، بەڵکو دایکی کۆی رێکخراوە ئیسلامییە تیرۆریستی و جیهادییەکانە. هەر خودی “حەسەن بەننا”ی دامەزرێنەی ئیخوان، پێشتر ئەندامی گروپێک بووە بە ناوی “کۆمەڵەی نەهی عەن مونکەر” کاری ئەم گروپەش ترساندن و هەڕەشەکرن بووە لەو کەسانەی گرنگیان بە ژیانی ئاینیی نەداوە. تەنانەت ئەوانەی وەک خۆی بیریان نەدەکردەوە، بە “خەواریج” پێناسەی دەکردن کە کاریان دروستکردنی ناکۆکییە لە ناو ئیسلامدا، بۆیە لە بەرامبەر ئەوانەدا دەیووت “هەرچی تەفرەقە بنێتەوە، بە شمشێر لێی بدەن”.

هەر “بەننا” داوای لە مەلیک “فاروق” دەکرد، رێگریی بکات لە چالاکیی حزبە سیاسییەکان لە میسر، بەو پێیەی دەبێتە هۆی ناکۆکی، ئەوەش پێچەوانەی شەرعی ئیسلامە. جیا لەمەش لە “پەیامی جیهاد”دا بە راشکاوانە دەڵێت “جیهاد فەرزێکی پێویست و ئاشکرایە، هەر دەبێ بکرێت”. مەبەست لە جیهاد لێرەدا جەنگانە لە دژی ناموسڵمانەکان، نەک رووبەڕووبوونەوەی دەروون. چوونکە بەننا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر بە سەحیح نازانێت کە دەڵێت گەورەترین جیهاد، جیهادی نەفسە. دواتر لە هەناوی “ئیخوان”دا کەسێکی وەک “سەید قوتب” لە دایک دەبێت، کە باوکی رۆحی ئیسلامییە جیهادییەکانە، ئەم پیاوە لە کتێبی “مەشخەڵەکانی رێگا”دا هەموو جیهان رەتدەکاتەوە و دەڵێت “ئەمڕۆ هەموو جیهان لە جاهیلییەتدا دەژی”. قوتب پێیوابوو ئیسلام بە زەبری شمشێر دەچەسپێت، بۆیەکا پێویستە موسڵمانی راستەقینە شمشێرەکەی لە کێلان هێنابێتە دەرەوە بۆ جیهاد.

بەشێوەیەکی گشتیی ئیخوان کە بە حساب باڵە میانڕەوەکەیە، بە درێژایی مێژووی خۆی نەیتوانیوە بیسەلمێنێ رەوتێکی میانڕەوە و درێژە بە خەتی ریفۆرمخوازانەی “ئەفغانی و محەمەد عەبدە” دەدات. بەڵکو وەک “د.ماهر شەریف” دەڵێ “ئیسلامی سیاسیی کە گروپی ئیخوان موسلمین نوێنەری بووە، لە رەهەندی ریفۆرمە دینییەکەی ئەفغانی و عەبدە دابڕاوە و کاری بەسەرەوە نییە.. ئەو دابڕانە هەموو بەهرەکانی ریفۆرمی دینی وەک رەهەندێکی سەرەکیی ئەندێشە لە باربرد و دەشێ بە بەڵگەی شکستخواردنی بەرچاو روونیی فیکری عەرەب بژمێردرێت”.
وەلێ ئیخوان هەندێک جار و لەو قۆناغانەی هیچ دەسەڵاتێکیان نەبووە پڕۆژەی ئیجابیان هەبووە، وەک ئەوەی ساڵی 2004ی میسر، کە دڵی چەپڕەوێکی وەک “سادق جەلال ئەلعەزەم”ی خۆشکرد بوو، تا ئەو راددەیەی وتی “لەم پڕۆژە چاکسازییە هیچ شوێنێک بۆ گووتارە کۆنەکەی ئیخوان نەماوە، بگرە کۆمەڵێ فیکری لیبرالی مودێرنی دەوڵەتی مەدەنی لە خۆگرتووە”. کەچی دوای 8 ساڵ کە ئیخوان لە میسر دەچێتە سەر دەسەڵات ئەم پڕۆژە بەناو چاکسازیخوازانە دەبنە بڵقی سەر ئاو و ئیخوان بۆ ماکە رەسەنەکەی دەگەڕێتەوە کە بریتییە لە توندڕەویی ئاینیی.

من پێموایە ئیسلامی سیاسیی بە گشتیی، بە “ئیخوان”یشەوە ناتوانن لەگەڵ کرۆکی سیستمی دیموکراتی و لیبرالیزم و مودێرنە هەڵبکەن، ئاخر بە هەڵەکردنیان لەگەڵ دیموکراسیدا، ناتوانن وەک حزبی ئاینیی بمێننەوە، شێوەکەیان دەگۆڕێت بۆ شتێکی دیکە. هەروەک “هاشم ساڵح” بۆی چووە: لێرەوە ئەو پرسیارەی رووبەڕووی (میانڕەوەکان) دەکرێتەوە ئەمەیە: ئایا ئەوان رازی دەبن پرۆگرامەکانی خوێندنی ئاین بگۆڕدرێت، تاکو لە فقهی تەکفیرەوە بگوێزرێتەوە بۆ فقهی بیرکردنەوە؟ یاخۆ لە فقهی سەدەکانی ناوەڕاستەوە بگوێزرێتەوە بۆ فقهی سەدەکانی مودێرنە؟. ئایا دەتوانن عەقڵیان فراوان بکەن و دەستبەردای دۆگماکانیان بن و تێبگەن کە پێشکەوتن شتێکە دەکرێت جێبەجێ بکرێت، بگرە پێویستە جێبەجێ بکرێت تەنانەت لە کاروبای ئاینیشدا؟.
وەک خۆم لەو بڕوایەدام، ئیسلامییەکان ناتوانن ئەمە بکەن، چوونکە ئەو بنەما فکریی و ئایدۆلۆجییەی دەستی بە باڵای ئەوانەوە گرتووە، لەسەر نەفیکردنی بەها مودێرنەکانی سەردەمی دیموکراسیی و لیبرالیزم راوەستاوە. ئیسلامی سیاسیی هەموویان بزافێکن بۆ پێشگیریی لەو سیستمە رۆژئاواییانە دروستبوون، تا ئەوەی کۆمەڵگە لە زەمەنی بیرکردنەوەی سەدەکانی ناوەڕاست رابگرن.
لەوانەیە، کەسانێک هەبن، ئەم بیرکردنەوەی من بە پەڕگیریی یان بێویژدانی و بێ ئینسافى لە قەڵەم بدەن، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ناکەم، چی دەوترێت، لەبەرئەوەی ئەو ئەزموونە تاقیکراوانەی ئیسلامی سیاسیی کە تا ئێستا بینیوومانە، بە زمانێکی راشکاوانە تەرجومەی ئەوەی بۆ کردووین، “میانڕەو و توندڕەو” تەنیا تەسمیەیەکی نائەقڵانی و نامیتۆدییە، چوونکە هەموو ئیسلامی سیاسیی توندڕەو و سەلەفین “سەلەفی بەو مانایەی خەونی گەڕانەوەیان هەیە بۆ پێشین”. هەروەک لێرەدا قسەیەکی زۆر جوانی “راشد غەنوشی” گەورە ئیسلامیستی تونسی زۆر گونجاوە بۆ پاڵپشتی هزرینەکەی ئێمە کە دەڵێ “کاری خومەینی و حەسەن بەننا و مەودودی هەر یەک شتە”.

ستۆکهۆڵم – سۆلنا

Previous
Next
Kurdish