Skip to Content

تاتۆکەی سەر قۆڵی عەزە.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

تاتۆکەی سەر قۆڵی عەزە.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by كانونی دووه‌م 14, 2025 General, Poems

عەزە تا ئەوڕۆژەی کوژرا هەر عاشق بوو
هەموو شەوێ تا درەنگان لەگەڵ ئەرپە و هاوڕێکانی
لەسەر فلکەی گوزەرەکە دەوەستان و بەدەم جگەرە کێشانەوە
باسیان لەو خەونانە دەکرد، کە بۆی دەژیان
ناوی ئەو ئەمنانەیان یەک یەک دەهێنا کە تا ئەودەم شەقی مزریان بەرکەوتبوو
عەزە زوو زوو قۆڵی کراسەکەی هەڵدەکرد و باڵەکانی دەکردنەوە
سەیرێکی تاتۆکەی سەر قۆڵی چەپی خۆی دەکرد و ئاخ لەسەر ئاخ دەیدایە با
(عەزە حەیاتەک عەزاب) نەک هەر تاتۆیەکی سادە، بگرە چیرۆکێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو
تاتۆکەی چەند خوار و خێچ بوو، خۆی سەد ئەوەندە سەرڕاست و بەهەڵویست بوو
موختارەکان لێی دەترسان
ئەمنەکان دوو دوو یان سێ سێ نەبوونایە نەیاندەدواند
حکومەت چەندجار خستییە پشت شیشی زیندان و سەرەنجام ئازادی دەکرد
عەزە دڵی بە (قەدە)ی میم پیرۆزەوە بوو. ئەو تاقە کچەی بە هەتیویی بەخێوکرابوو
عەزە دەیزانی باوکی قەدە تێکۆشەر بووە و گیانی خۆی بەخت کردووە.
بۆیە قەدەی لەهەموو کچەکانی گەڕەک زیاتر چووبووە دڵەوە.
سوێندی بۆ قەدە خواردبوو کە لەسەر ڕێگەی باوکە گیانبەختکردووەکەی لا نەدات و تۆڵەی بکاتەوە.
زۆرجار عەزە ئێواران تاریک کە دەگەڕایەوە ماڵ
لەسەر ڕێوە عەلاگەیەک میوە یان سەوزەی لەگەڵ دەستی خۆیدا
بەدزی دەر و جیران دەدایە دەستی میم پیرۆز
قەدەش لە هەیوانەکەوە کە گوێی لە دەنگی عەزەی عاشقی دەبوو
بزەیەکی بۆ دەکرد و بە لچکی لەچکەکەی سەری پێکەنینە پڕ لە نازەکەی دەشاردەوە.
شار ئەوکات نە هێندە قەرەباڵغ بوو و نە پڕیش بوو لە ڕووخساری نامۆ
کەم کەس دەیوێرا زستانان دوای سەعات شەشی ئێوارە لە چەمی خاسە بدات و بپەڕێتەوە بە تەنیا
ئەوە عەزە بوو لەو شەوانە دەبووە تارمایی و دەچووە خەونی ئینسانفرۆشەکانی شار و
خەوی لە چاو ڕاپۆتنووسەکان دەتۆراند.
تاکو ڕۆژێک عەزە لەماڵ میمکە حورمەت دێتە دەرێ کە تازە ناوی قەدەی لەسەر باسکی چەپی کوتابوو
دوو دەمامکداری دڵڕەق هەژدە فیشەک دەنێن بە جەستەی عەزەوە و هەر لەو شوێنە
لەو کۆڵانە باریکەی شار
لەبەردەم قاپی میم حورمەت عەزە دەکوژرێ و دەبێتە کەسەری سەر دڵی خەڵکی سادەو هەژار
بۆ سبەینێ وەختێ ڕاپۆرتنووسەکانی گەڕەکە خێرلەخۆ نەدیووەکانی شار ئاهەنگی مردنی عەزەیان دەگێرا
قەدەش بە بوتڵێ نەوت و شقارتەیەکەوە هاواری عەزە دەکات و
گڵپەی ئاگر دەئاڵێتە باڵای قەدە و ئەویش دەبێت بە سووتماک و قەرەبرووت.


ئێستا گۆڕی عەزە و قەدە وەک جووتە گۆڕی مەم و زین
لە گۆڕستانە بێنازەکەی شێخ محێدین دان
هەژارانی شاری ترس و فیداکاری و بیروباوەڕ
لەڕۆژانی هەینی هەفتە سەر لەو گۆڕستانە دەدەن
بەدەم یادی ئازیزانی خۆیانەوە
یادی عەزە و قەدە و عاشقە خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەم شارە دەنێنە دڵ
سوێندیان خواردووە بەسەرهات و چیرۆکی مەرگی ئەم عەشقە؛
بەسۆزی مەقامی قەتار بۆ دڵدارە غەمبارەکان بگێڕنەوە و
نەیسپێرن بە کۆستی فەنا و بە تاریکستانی ژێڕگڵ.

شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٤

ژێرنووس :
(١)ئەرپە ناوی ئەحمەد غەریب ئەحمەد زەنگنە ساڵی ١٩٤٦ لەشاری کەرکووک لەدایک بووە و پیاوێکی جەربەزە و ئازا بووە و هەڵوێستی دژە حکومەتی هەبووە. تا لە سەرتاشخانەیەک لەکاتی سەرچاککردندا لە ٢٢ ی شوباتی ١٩٧٢ لەلایەن پیاوانی حکومەتەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا.
(٢)خاسە؛ چەمێکە بەناوەڕاستی شاری کەرکووکدا تێدەپەڕێت.
(٣)میم یان میمک یانی پوور یان پلک.
(٤)گۆڕستانی شێخ محێدین؛ گۆڕستانی پشت تەکیەی تاڵەبانییە و کەوتۆتە بەری باکووری گەڕەکی ئیمام قاسم لە پشت بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress